سەرەکی » وتار » تاقیکردنەوەکان تەنها پێوەرنین بۆ زیرەکی

لە پەنجەرەی پەروەردەوە

تاقیکردنەوەکان تەنها پێوەرنین بۆ زیرەکی

مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان*

ئایا تاقیکردنەوەکانی قوتابخانە تاکە بڕیاردەری زیرەکی و لێهاتوویی خوێندکارانن؟ رەنگە بەداخەوە زۆرێک لە خێزان و تەنانەت مامۆستایان و خودی خوێندکارانیش بڵێن بەڵێ، کە لەڕاستیدا وەڵامێکی دروست نییە و تاقیکردنەوەکان، تاکە پێوەر نین بۆ زیرەکی و دەستنیشانکردنی لێهاتوویی و کارامەیی خوێندکاران!

هەریەکە لە کتێبەکانی قوتابخانە کۆمەڵێ بابەتی هەڵبژێردراون، بەپێی پرۆگرام و ستراتیژێکی ئامانجدار و ئامادەکراو بۆ ئەوەی لەهەر بابەتێکدا بڕی لەباری زانیاری و شارەزایی بە خوێندکاربدرێت بۆ ئایندەی فێربوونەکانی و یارمەتی خوێندکاربدات تا رێگای خۆی لەنێو هەڵبژاردەی خۆی لەو کۆمەڵە بابەتانە بدۆزێتەوە و پەرە بە لێوەشاوەیی خۆی لە هەڵبژاردەکەی بدات و زانیاری گشتیشی لە بابەتەکانی دی هەبێت، تاقیکردنەوەکانیش هەڵسەنگاندنی خوێندکارانن لەو بڕە زانیارییە دەستنیشانکراوانەی هەربابەتێک کە پێشتر خوێندوویەتی و کۆششی تێداکردووە، کە رەنگە خوێندکار بتوانێ نمرەی بەرزی تێدا بهێنێت یان بەئاستی کەمترو جیاواز تاقیکردنەوەکان تێببپەڕێنێت، بەڵام ئایا نمرەی بەرز واتای زیرەکی خوێندکارە و دەکرێت تەنها نمرە پێوەربێت بۆ دەستنیشانکردنی زیرەکی؟ دیسان بێگومان نەخێر! زیرەکی تاک، مەودایەکی فراوان و هەمەچەشنەیە، ناکرێت بەتەنها لە قوتابخانەدا وەک نازناو بەو خوێندکارانە بدرێت کە لە تاقیکردنەوەکاندا نمرەی بەرز یان بەرزترین نمرە بەدەست دەهێنن و سەرجەم تواناو کارامەیی و لێهاتوویی خوێندکارانی تر لە بوارە جیاوازەکاندا پشتگوێ بخرێت.

هەر تاکێک لە بوارێک لە بوارەکاندا لێهاتوویی هەیە، یاخود بەشێوازێکی تر بڵێین هیچ مرۆڤێک نییە کە هیچ نەبێت لە جۆرێک لە جۆرەکانی زیرەکی لێهاتوویی نەبێت، بۆیە ناکرێت هەموو تواناکانی مرۆڤ تەنها لە تاقیکردنەوەکانی قوتابخانەدا کۆبکرێتەوە و جۆرێک لە نائومێدی و بێمتمانەیی بەخود لای خوێندکار دروستبکرێت کەوا تێبگات ئەگەر نەیتوانی نمرەی بەرز لە خوێندن بەدەست بهێنێت ئیتر کەسێکی شکستخواردووە و ئاڕاستەی خۆی بۆ خۆی و کۆمەڵگەش بۆ ئەو بە لاوازبینین بێت.

بەپێی تیۆری (هووارد گارنەر) کە یەکێکە لەو تیۆرانەی تواناو لێهاتووەکانی مرۆڤی بە هەشت جۆر لە تواناو لێهاتووی دەستنیشانکردووە، دەشێت هەر مرۆڤێک لە جۆرێکیاندا باڵابێت و جۆرەکانی تریشی بەشێوەی جیاواز لە ئاستدا تێدا دەستەبەربێت، گرنگە خوێندکار لێی بەئاگا بێت و خۆی لە تواناکانی خۆیدا بدۆزێتەوەو پەرەی پێبدات و بنیاتی ئایندەی خۆی لەسەر بنێت، لەم تیۆرەدا بەم جۆرە زیرەکییەکانی مرۆڤ خراونتەڕوو:

1- زیرەکی ژمێریاری(بیرکاری) ئەوانەن کە توانای ژماردن و بیرکاری و لێکدانەوە ژماردنییەکان وسەرژمێرییەکانیان بەهێزە.

2- زیرەکی زمانەوانیی: ئەم جۆرە لەزیرەکی لای ئەو کەسانەیە کە کارامەیی و لێهاتوویی زمانییان بەهێزەو وتوانای ئاخاوتن و تێگەیشتن و نووسین و خوێندنەوەیان زۆر باشەو دەتوانن بێژەرییەکی باش بە توانایەکی دروستی وشە و دەربڕینەکانیان هەبێت.

3- زیرەکی جووڵەیی: وەک توانا وەرزشییەکان و کارامەییەکانی ماسولکە و دەستو پەلەکان.

4- زیرەکی موزیکی: واتا تواناداری لە ئاواز ودەنگ و بەکارهێنانەکانیاندا.

5- زیرەکی کۆمەڵایەتی: کارامەیی دروستکردنی پەیوەندییەکان و گونجان لەگەڵ هەلومەرجە کۆمەڵایەتییە جۆربەجۆرەکان.

6- زیرەکی سروشتی: خۆشەویستی بۆ سروشت و هەرچی لە سروشتە بە ئیحساس و سەرسامبوون تیایدا.

7- زیرەکی بوار(بۆشایی) : ئەو لێهاتووییەیە کە خۆی لە وێناکردن و نەخشەو بیناناسازی و فرۆکەوانیدا خۆی دەبینێتەوە.

8- زیرەکی دەروونی: هەستی شاعیرانە و فەلسەفی وجوانیبینی و کاریگەری لە ئاڕاستەکردندا دەگرێتەوە.

 500 جار بینراوە