سەرەکی » مانشێت » یەكێتی و گۆڕان: هاوپەیمانێتییەكەمان بۆ دوای هەڵبژاردنیشە

«هاوپەیمانیی كوردستان بۆ یەكڕیزیی و خزمەتكردنی زیاتری كۆمەڵانی خەڵكە، بۆ سەقامگیریی سیاسی و ئابووری و سوودی گشتییە»

یەكێتی و گۆڕان: هاوپەیمانێتییەكەمان بۆ دوای هەڵبژاردنیشە

قوباد تاڵەبانی: ئێمە بەیەكەوە بەهێزترین و بەهێزتریش دەبین

ئەو دەمەی پێویست بكات یەكبگرین، یەكدەگرین. ئێمە بەیەكەوە بەهێزترین و بەهێزتریش دەبین. بەیەكگرتوویمان لەبەغدا دەستكەوتی باشتر و زیاتر بەدەست دەهێنین. لەكوردستانیش خزمەتی زیاتر دەكەین و لەئایندەدا ئەنجامەكەی دەبینین.

خۆشحاڵم هاوپەیمانیی كوردستان بەفەرمی راگەیەندرا.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان، تەئكیددەكەنەوە كە «رێكەوتنەكەیان بۆ یەكڕیزیی و خزمەتكردنی زیاتری كۆمەڵانی خەڵكە، بۆ سەقامگیریی سیاسی و ئابووری و سوودی گشتییە. بۆیە ئەركی هەمووانە هاوپەیمانیی كوردستان وەك بیلبیلەی چاویان بپارێزن و بیگەیەننە جێ».

رۆژی 20/6، دوای رێوڕەسمی ئیمزاكردنی رێكەوتن و راگەیاندنی هاوپەیمانیی كوردستان لەنێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان. د.سۆران جەمال تاهیر ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و د.دەرباز محەمەد ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا، جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە كە «رێكەوتنی یەكێتی و گۆڕان، هەنگاوێكە بۆ پاراستنی یەكڕیزیی و دەستەبەركردنی مافەكانی گەلی كوردستان لە بەغدا». ئومێدیشیان خواست «لایەنەكانی دیكە بێنەناو هاوپەیمانێتییەكەوە».

راشیانگەیاند: رێكەوتنەكە بە شێوازێكە، كە یەكێتی و گۆڕان یەك تیمی بانگەشە و هەڵبژاردنیان دەبێت و كاردەكەن بۆ سەركەوتنی كاندیدەكانیان لە سەرجەم ناوچەكاندا، هەروەها لە ناوچە كێشەلەسەرەكانیش لەگەڵ ژمارەیەك لایەنی دیكە لێكتێگەیشتنیان بۆ هەڵبژاردنەكان هەیە.

لەبارەی وردەكاریی رێكەوتنەكەوە، د.سۆران جەمال تاهیر، وتی: هاوپەیمانیی كوردستان، كە لە لیستی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان پێكدێت، رۆژی 30/4/2021، بەڕەسمی لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان هاوپەیمانێتییەكەمان تۆماركردووە، وتیشی: پێكهێنانی هاوپەیمانیی كوردستان، مەبەست لێی بۆ ئەوەیە هەنگاوێكی گرنگ بنرێت بۆ پاراستنی یەكڕیزیی گەلەكەمان، ئەوەش دەرفەتێكی باش دەبێت بۆ ئەوەی لایەنە سیاسییەكانی دیكەش بێنە ناو هاوپەیمانێتییەكەی نێوان یەكێتی و گۆڕان-ەوە، بەیەكگرتوویی لایەنە كوردستانییەكانیش دەتوانین مافەكانی گەلی كوردستان لەچوارچێوەی دەستووردا بەدەستبهێنین و

پاش هەڵبژاردنیش ئەو ئەركانەی لەسەرشانمانە، دەستپێدەكەین.
لای خۆیشییەوە، د.دەرباز محەمەد ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان، رایگەیاند: بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پێمانوایە پێكەوە بەهێزترین و پێكەوە دەتوانین خزمەتێكی زیاتری خەڵكی كوردستان بكەین و كێشەكانی میللەتەكەمان چارەسەربكەین، بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەندیی بە بەغداوە هەیە. وتیشی: بۆ ناوخۆی هەرێمی كوردستان پێمانوایە پێكەوە بە هەماهەنگی دەتوانین زیاتر خزمەت بكەین و كێشەكانی میللەتەكەمان چارەسەربكەین، ئەزموونی رابردووش ئەوەی بۆ روونكردووینەتەوە كە پێویستمان بە یەكگرتوویی و یەكدەنگییە و بەتایبەتیش لە بەغدا ئەو پێكەوەیی و یەكگرتووییە بۆ هەموو خەڵكی كوردستان پێویستە.

باسی لەوەشكرد كە پێیانوایە دەبێت دوای هەڵبژاردنیش ئەم یەكگرتوویی و یەكدەنگییە فراوانتربكەن و بەردەوامی پێبدەن.

فراكسیۆنی یەكێتی لە بەغدا: هاوپەیمانیی كوردستان هەنگاوێكی نوێیە بۆ بەهێزبوونی پێگەی كورد

لە پەیامێكدا، فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، تەئكیددەكاتەوە كە رێكەوتنی نێوان یەكێتی و گۆڕان، هەنگاوێكی نوێیە بۆ بەهێزبوونی پێگەی كورد لە بەغدا.
لە پەیامەكەدا، هاتووە: هاوپەیمانیی كوردستان، كە درێژكراوەی سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك مام جەلال و كاك نەوشیروان-ە، ئەو ئومێدەمان پێدەبەخشێت كە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، ببێتە هەوێنی كۆكەرەوەی هەموو هێزە كوردستانییەكان و بەهێزبوونی زیاتری پێگەی كورد، هەر ئەوەش هۆكاری راگرتنی هاوسەنگیی بڕیارە سیاسییەكانە لە هەرێم و عیراقیشدا.

فراكسیۆنەكانی یەكێتی و گۆڕان لە سلێمانی: دەستپێكێكی نوێی كاری هاوبەشە بۆ گەڕانەوەی ئومێد و هیوا بۆ خەڵكی كوردستان

هەروەها، فراكسیۆنەكانی یەكێتی و گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا، جەختدەكەنەوە كە هاوپەیمانیی كوردستان، دەستپێكێكی نوێی كاری هاوبەشە بۆ گەڕانەوەی ئومێد و هیوا بۆ خەڵكی كوردستان.

لە بەیاننامەكەدا، ئەوە خراوەتەڕوو كە رێكەوتنی نێوان گۆڕان و یەكێتی، لە روانگەی هەستكردنە بە بەرپرسیارێتی سیاسی و مێژوویی و مەبەستیش لێی زیاتر بەهێزكردنی پێگەی كوردە لە بەغدا و ناوچەكەدا.
لە بەیاننامەكەدا، هەردوو فراكسیۆن، داوادەكەن تەواوی دەنگ و رەنگە جیاوازەكانی كوردستان بە یەك لیست بەشداریی هەڵبژاردنی داهاتوو بكەن، هەر ئەوەش هۆكاری سەرەكیی مسۆگەركردنی مافە رەواكانی گەلەكەمانە.

لەكۆتایی، بەیاننامەكەدا جەختكراوەتەوە لەسەر ئەوەی كە ئامانجی سەرەكی لە هاوپەیمانیی كوردستان، خزمەتكردنی زیاتر و باشتركردنی ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستانە، بۆیە پێویستە هەموو هەوڵەكان لەوپێناوەدا چڕتربكرێنەوە.

 188 جار بینراوە