سەرەکی » ئابووری » ״قەرزی حكومەتی هەرێم گەیشتۆتە 31 مـلیار و 637 مـلیـۆن دۆلار״

״قەرزی حكومەتی هەرێم گەیشتۆتە 31 مـلیار و 637 مـلیـۆن دۆلار״

ئا: ئەركان جەبار

سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ئاشكرایدەكات، بڕی ئەو قەرزەی كە لەسەر حكومەتی هەرێم كەڵەكەبووە، گەیشتۆتە 31 ملیار و 637 ملیۆن دۆلار.

گۆڕانكاری بەسەر قەرزەكاندا هاتووە
لە میانی بەڕێوەچوونی دانیشتنی تایبەت بە داهاتی گشتی و دۆسێی مووچە و پرسی نەوت لە پەرلەمانی كوردستان، د.ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم وتی: «گۆڕانكاری بەسەر قەرزەكاندا هاتووە و تا رۆژی 30ی 3ی 2021، قەرزەكانی سەر حكومەت گەیشتوونەتە بڕی 31 ملیار و 637 ملیۆن دۆلار».

ئاماژەی بەوەشكردووە، حكومەتی هەرێم قەرزی نەكردووە، بەڵام پارەی پێشەكی لە كۆمپانیاكانی نەوت وەرگرتووە، بەشێكی دیكەیشی بریتییە لە مووچە پاشەكەوتكراوەكانی مووچەخۆران.

بەوتەی د.ئامانج رەحیم، بەشێك لە هۆكاری زیادبوونی قەرزەكان دەگەڕێتەوە بۆ دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار و بڕی 12 ملیار دۆلاریش بریتییە لە پارەی پاشەكەوتكراوی مووچەخۆران. ئەمە جگە لەوەی بەشێكی دیكەی قەرزەكان پەیوەندیدارە بە قەرزی بانكی (TBI) كە ئەویش نزیكەی چوار ملیار دۆلارە و بڕیارە بە خشتەیەك چارەسەر بكرێت.

قەرزی كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت
هەر لەو دانیشتنەی پەرلەماندا، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران ئاشكرایكردووە، پابەندییە داراییەكانی حكومەت، هەشت ملیار دۆلار و 703 ملیۆن دۆلارە، بەشێكیان پارەی بەرهەمهێنانی كارەبا و دابینكردنی سووتەمەنییە، بەشێكیان پارەی بانكە ئەهلییەكانە، بەشێكیشی قەرزی كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی نەوتە. ئەوەشی پەیوەندیی هەیە بە پارەی پێشەكی كە وەرگیراوە نزیكەی چوار ملیار و 300 ملیۆن دۆلارە كە لە كڕیارانی نەوت وەرگیراوە.

وتیشی: «ئەنجومەنی وەزیران بەردەوام خشتەی قەرزەكان دەدات بە دیوانی چاودێری دارایی و ئەوانیش سێ راپۆرتیان لەوبارەیەوە ئامادەكردووە».

5.22 ملیار دۆلار
هاوكات، حكومەتی هەرێم دوایین راپۆرتی كۆمپانیای دیلۆیتی سەبارەت بە وردبینیـی هەناردەكردن، بەكارهێنانی ناوخۆیی، داهات و خەرجییەكانی نەوت و غاز لە هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2020 بڵاوكردەوە.

بەپێی راپۆرتی كۆمپانیای دیلۆیت، حكومەتی هەرێم لە ساڵی 2020دا 158 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە و هەشت ملیۆن بەرمیلیشی داوەتە پاڵێوگەكان، بۆ ئەوەی بیكەنە سووتەمەنی بۆ وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان. هەروەها 98 هەزار بەرمیل نەوت، فرۆشراوە بە پاڵێوگەكانی نەوت لە ناوخۆی هەرێم.

بەپێی راپۆرتی كۆمپانیاكە، حكومەتی هەرێم لە رێگەی فرۆشتنی 158 ملیۆن بەرمیل نەوتەوە، 4.45 ملیار دۆلاری بەدەستهێناوە. جگە لەو پارەیە، 357 ملیۆن دۆلار پارە لەسەر حسابی كڕیارانی نەوتی هەرێم لە كۆتایی ساڵدا ماوەتەوە. هەروەها لە كۆی ساڵی 2020 بڕی 415 ملیۆن دۆلار پارەی پێشەكی لە كڕیارانی نەوت وەك قەرز وەرگرتووە كە لە داهاتوودا بە پێدانی نەوتی خاو دەیگەڕێنێتەوە یان وەك قەرز مامەڵەی پێوە دەكات كە سوودی بانكی دەكەوێتە سەر. بەم جۆرەش لە ساڵی رابردوودا كۆی داهاتی فرۆشتنی نەوت و پارەی پێشەكی وەرگیراو و پارەی ماوە لە حسابی بانكیی هەرێم بەپێی راپۆرتەكەی دیلۆیت، دەكاتە 5.22 ملیار دۆلار.

 160 جار بینراوە