سەرەکی » راپۆرت » دۆخی ئەفغانستان لە دوای كشانەوەی هێزە نێودەوڵەتییەكان

دۆخی ئەفغانستان لە دوای كشانەوەی هێزە نێودەوڵەتییەكان

ئا/ دیاری سابیر

دوای راگەیاندنی كشانەوەی هێزە بیانییەكان لە ئەفغانستان، شەڕ و پێكدادانی نێوان سوپای ئەو وڵاتە ‌و بزوتنەوەی تالیبان بەچڕی دەستیپێكردۆتەوە ‌و چەكدارانی تالیبان چەندین شوێنیان كۆنترۆڵكردووە. لە تازەترین پێشهاتیشدا، ئاژانسەكانی هەوڵ باس لەوە دەكەن، كە دوای شەڕێكی سەخت، چەكدارانی تالیبان هەرێمی بانجۆ-یان لە باشووری هەرێمی قەندەهاری باشوور كۆنتڕۆڵكردووە، كە نزیكەی 15 كیلۆمەتر لە شاری قەندەهاری سەنتەری هەرێمەكەوە دوورە ‌و پێشتر ‌و بۆ ماوەیەكی زۆر، مۆڵگەی چەكدارە توندڕەوەكان بووە.

پەلامار ‌و هێرشەكانی چەكدارانی تالیبان دوای چۆڵكردنی بنكەی باگرام لەلای هێزە سەربازییەكانی ئەمریكاوە، كە گەورەترین بنكەی ئاسمانیی ئەفغانستانە لە باكووری شاری كابولی پایتەخت، زیادیكردووە ‌و سوپای ئەفغانستانیش لە پاشەكشەدایە، تەنانەت راپۆرتە هەواڵییەكان ئاماژە بەوە دەدەن، كە تالیبان یەك لەسەر چواری خاكی ئەو وڵاتەی كۆنتڕۆڵكردووە، بە چەند ناوچەیەكی هاوسنووری پاكستان ‌و تاجیكستانیشەوە.

ئەمریكا: ناهێڵین ئەفغانستان ببێتەوە بە مۆڵگەی تیرۆریستان
دوای كشانەوەی هێزەكانیان لە بنكەی باگرام ‌و تەسلیمكردنەوەی بە هێزەكانی ئەفغانستان، جۆن كێربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پەنتاگۆن)، رایگەیاند: هێزەكانیان لە پاراستنی حكومەتی ئەفغانستان بەردەوام دەبن و تەنانەت دوای كشانەوەشیان لەو وڵاتە، ئەو دەسەڵاتەیان هەیە. جەختیشیكردەوە: ناهێڵن ئەفغانستان ببێتەوە بە مۆڵگەی تیرۆریستان ‌و ئەو توانایەیان هەیە كە لە ناوچەكەدا رووبەڕووی تیرۆر ببنەوە.

بنكەی باگرام، بە گەورەترین بنكەی ئەمریكا لە ناوچەكە دادەنرێت ‌و لە ساڵی 2001 ەوە لە جەنگی دژ بە بزوتنەوەی تالیبان، سەنتەری بڕیاردانی هێزەكانی ئەمریكا بووە ‌و تا ئێستا دوو هەزار و 500 سەربازی ئەمریكا لە ئەفغانستان ماون و ئەڵمانیا و ئیتالیاش هەموو هێزەكانیان لەو وڵاتە كشاندۆتەوە.

بایدن: حكومەتی كابول توانای پاراستنی ئەفغانستانی هەیە
چەند رۆژێكیش پێش كشانەوەی هێزە سەربازییەكانی وڵاتەكەی لە بنكەی باگرام، جۆ بایدن سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان رایگەیاند: لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا و بەپێی ئەو خشتەیەی دایانناوە، هێزەكانیان لە ئەفغانستان دەكشێننەوە. وتیشی: حكومەتی كابول هەموو توانایەكی هەیە بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەكەی.

چارەنووسی هەزاران ئەفغانی
ماوەیەكیش بەر لە كشانەوەی تەواوی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان، ئیدارەی كۆشكی سپی داوای لە چەند وڵاتێكی ئاسیای ناوەڕاست كردبوو، بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی كاتی، نزیكەی 18 هەزار لەو هاووڵاتییە ئەفغانییانە داڵدە بدەن، كە هاوكاری سوپای ئەمریكا بوون، تا ئەو كاتەی ڤیزایان دەدرێتێ ‌و بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكان سەفەر دەكەن.

لەو چوارچێوەیەشدا، حكومەتی واشنتۆن وتوێژی لەگەڵ تاجیكستان ‌و كازاخستان ‌و ئۆزباكستان كردووە، تا پێشوازیی لەو كەسانە بكەن، كە لە سەردەمی جەنگی 20 ساڵەی ئەمریكا لە ئەفغانستان، هاوكاری هێزە سەربازییەكان ‌و دیپلۆماتكارانی ئەمریكا بوون.

پاكستان چاودێری دەكات
هەر سەبارەت بە دۆخی ئەمنیی ئەفغانستان ‌و پێشڕەوییەكانی تالیبان، حكومەتی پاكستان رایگەیاند: ئەگەر چەكدارانی بزوتنەوەكە دەست بەسەر ئەفغانستاندا بگرن، ئەوا ئەگەری داخستنی سنووری وڵاتەكەی لەگەڵ ئەفغانستان بە دوور نازانرێت.
وەزیری دەرەوەی پاكستان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: وڵاتەكەی سێ ملیۆن ‌و 500 هەزار پەنابەری ئەفغانی لەخۆگرتووە ‌و چیتر پێشوازی لە پەنابەران ناكات، چونكە دەبێت بەرژەوەندییەكانی خۆی بپارێزێت. وتیشی: لەپێناوی بەدیهێنانی ئاشتی لە ئەفغانستان، پاكستان لە هەوڵە دیپلۆماسییەكانی بەردەوام دەبێت ‌و هەروەك پێشوازی لە حكومەتێكیش دەكات كە لە رێی دیموكراسییەوە هەڵبژێردرابێت.

160 هەزار خێزان ئاوارە بوون
چەند رۆژێك لەمەوبەریش، حكومەتی كابول رایگەیاند: بەهۆی بەردەوامبوونی شەڕی نێوان هێزەكانیان لەگەڵ چەكدارانی تالیبان، زیاتر لە 160 هەزار خێزان لە گوند ‌و شارۆچكەكانەوە بەرەو شارە گەورەكان هەڵاتوون ‌و ئاوارە بوون.

سەرچاوە/ ئاژانسەكان

 180 جار بینراوە