سەرەکی » راپۆرت » تێچووی رواندنەوەی قژ لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەرزانترە

تێچووی رواندنەوەی قژ لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەرزانترە

ئەسرین محەمەد

قژ یەکێکە لە نیشانەکانی جوان دەرکەوتن کە هەندێکجار ئاڕاستەی تەمەنیش دەگۆڕێت و باش نەخشاندنی سیمای مرۆڤ نوێ دەکاتەوە.

مانای چەمکی جوانی و جوان دەرکەوتن بەردەوام لە گۆڕاندایە ئەوەش وایکرد نەشتەرگەری قژ رواندنەوە ببێتە شتێکی بەربڵاو و ئاسایی لەناو خەڵکدا بەبێ جیاوازی لە تەمەن و رەگەز ئەو کەسانەی گەنجن و قژیان هەڵوەریوە دەڵێن بۆ گەنجتر دەرکەوتن قژیان دەڕوێننەوە ئەوانەشی کە بە تەمەنن مەبەستیانە لەو رێگەیەوە بگەڕێنەوە تەمەنی گەنجی، لە ساڵانی رابردوو دا هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان روویان لە وڵاتانی ئێران و تورکیا و لوبنان دەکرد بۆ رواندنەوەی موو، بەڵام لەگەڵ زۆربوونی سەنتەرەکانی رواندنەوەی موو بە کوالیتی باش لە هەرێمی کوردستان نەک تەنها هاووڵاتیان بەڵکو خەڵک لە ناوچەکانی دیکەی عێراقیشەوە بۆ رواندنەوەی موو رووی تێدەکەن، هێژا غازی ماوەی ساڵێکە لە هەرێمی کوردستان قژی رواندووەتەوە زۆر لێی رازییە و دەڵێت، ئێستا کەسێکی ترم و هەموان پێم دەڵێن بە قژەوە قۆزتری.

تێچووی قژ رواندندنەوە لە 500 دۆلارەوە دەستپێدەکات
بە وتەی پسپۆڕانی بواری جوانکاری و رواندنەوەی موو ئەو سەنتەرانەی لە هەرێمی کوردستان رواندنەوەی قژ دەکەن، هەمان رێگەکانی دەرەوەی کوردستان بەکاردەهێنن و هیچ جیاوازییەک لەنێوان رواندنەوەی قژ لە کوردستان و دەرەوە دا نییە.
لە هەرێمی کوردستان بڕی تێچووی نەشتەرگەری قژ رواندنەوە لە 500 دۆلارەوە دەستپێدەکات تا هەزار و 500 دۆلار و بەپێی جۆر و ژمارەی تاڵە مووەکان کە بۆ کەسەکە دەکرێت دەگۆڕێت.

پسپۆڕێكی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری باس لەوە دەکات قژ هەڵوەرین گرفتێكی بەربڵاوە و چەندین جۆری جیاوازی هەیە بۆماوەیی هۆکارێكی سەرەکی قژهەڵوەرینی ئێستایە، بەڵام لەگەڵیدا گرفتی دەروونی، نەخۆشییە سەختەکان، دووگیانی و هەندێكجار نەخۆشییە درێژخایەنەکان هۆکاری گرفتەکەن.

بەشێکی قژ هەڵوەرین بە دەرمان چارەسەر دەکرێت
هێمن ئەحمەد پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری دەڵێت، زۆرێكی هۆکارەکانی قژهەڵوەرین دەتوانرێت بە دەرمان و پلازما چارەسەربکرێن و قژەکە بەهێزبکرێتەوە، بەڵام ئەو قژهەڵوەرینەی هۆکارەکەی بۆماوەییە تەنیا بە رواندنەوە چارەسەری بنبڕی بۆ دەکرێت و دەرمان و پلازما تەنیا هەڵوەرینەکە دوادەخەن.

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم لە رێگەی لیژنەی تایبەتەوە چاودێری سەنتەرەکانی رواندنەوەی موو دەکەن بۆ ئەوەی دڵنیاببنەوە لە بە دروستی کردنی نەشتەرگەرییەکان لە بواری زانستی و تەندروستییەوە و ئێستا زیاتر لە 20 سەنتەری رواندنەوەی موو لە هەرێمی کوردستاندا هەیە کە لەلایەن پزیشکی پسپۆڕی پێست و نەشتەرگەری جوانکارییەوە بەڕێوەدەچن و لە رووی زانستی و یاسایشەوە مافی ئەوەیان هەیە ئەو کارە بکەن.

لە سەرجەم وڵاتان نەشتەرگەریی رواندنەوەی قژ دەکرێت
مێژووی رواندنەوەی قژ دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی 19 و زیاتر لە ساڵی 1930 دا لە ژاپۆن پێشکەوتووە و برەوی پێدراوە، بەڵام رووداوەکانی جەنگی جیهانی دووەم رێگربوون لە بەردەم ئەو پێشکەوتنە، لە کۆتایی ساڵی 1950 دا دووبارە هەوڵی پسپۆڕەکان دەستیان پێکردەوە و ساڵی 1980 بوو بەخاڵی دەستپێک و دۆزینەوەی رێگەچارەی نەشتەرگەری رواندنەوەی موو دواتر لە ساڵی 2000 دا هەوڵی پسپۆڕەکان بۆ رواندنەوەی تاڵە مووەکان سەرکەوتنێکی گەورەی تۆمارکرد و ئەو جۆرە جوانکارییە هەموو دنیای گرتەوە.

لە سەرجەم وڵاتان نەشتەرگەرییەکانی جوانکاری و لە ناویشیاندا رواندنەوەی قژ دەکرێت، بەڵام لەبەرئەوەی تێچووەکەی زۆرە و لە دەرەوەی سیستمی بیمەی تەندروستیدایە لە وڵاتانی ئەوروپا هەموو کەس بە ئاسانی ناتوانێت ئەو نەشتەرگەرییە بکات و هەر ئەوەشە وایکردووە لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت تورکیا و ئێران و لوبنان کردنی نەشتەرگەری رواندنەوەی قژ زیاتر برەوی هەبێت و خەڵک لە وڵاتانی ترەوە بۆ ئەو جۆرە نەشتەرگەرییە سەردانیان بکەن.

کامەران کەریم هاووڵاتیەکی هەرێمی کوردستانە و لە وڵاتی ئەڵمانیا نیشتەجێیە، دوو ساڵ لەمەوبەر هاتووەتە تورکیا و نەشتەرگەری رواندنەوەی قژی کردووە و دەڵێت، لەبەرگرانی نرخ نەمتوانی لە ئەڵمانیا نەشتەرگەرییەکە بکەم و لە تورکیا کەمتر کەوتووە لەسەرم.

لە نەشتەرگەرییەکی چەند سەعاتدا رەگی مووەکان زیاتر لە بەشی خوارەوەی پشتەسەر وەردەگیرێت و دواتر لە مادەی تایبەتدا هەڵدەگیرێن بۆ ئەوەی بپارێزرێن لە کەشێکی سارد دا هەڵدەگیرێن و پاشان دەستدەکرێت بە دانانیان لەو شوێنانەی کە پێویستن وپاش رواندنەوەیان لە شوێنی مەبەستدا تاڵە قژەکان لەو رەگانەوە دەڕوێنەوە.

پێش رواندنەوەی قژ دەبێت کەسەکە چەندین پشکنینی تاقیگەیی بکات
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری رونیدەکاتەوە پێش نەشتەرگەری رواندنەوەی قژ دەبێت کەسەکە چەندین پشکنینی تاقیگەیی بکات و دوای دڵنیابوونەوە لە تەندروستی پاشان نەشتەرگەرییەکەی بۆ دەکرێت کە پێویستە کارەکە لەلایەن پزیشكانی پسپۆڕی پێست پزیشكانی نەشتەرگەری جوانکاری بکرێت، بۆ ئەوەی مەرجە تەندروستی، جوانکاریی و سەلامەتییەکانی تێدابێت.

ئاوات عەلی لە سلێمانی قژی چاندووەتەوە، خۆی کەشخەتر لە جاران دەبینێت و دەڵێت، تەنک بوونی قژم تەواو بێزاری کردبووم بۆیە بریاریمدا قژم بچێنمەوە ئێستا زۆر ئاسودەم و نەشتەرگەرییەکەش سەرکەوتوو بووە و لێی رازیم.
جیاوازی لەنێوان رەگەزدا نییە بۆ ژنانیش و پیاوانیش نەشتەرگەرییەکە دەکرێت لە پیاواندا زیاتر بۆ سەر و ریش و سمێڵ دەکرێت و ژنانیش زیاتر بۆ برۆیان رواندنی موو دەکەن.

تەمەنێکی دیاریکراو نییە بۆ رواندنەوەی موو هەرکەسێک لە هەر تەمەنێكدا بێت کە مووەکانی روتانەوەو سوودی لە چارەسەرەکانی تر وەرنەگرت دەتوانرێت رواندنەوەی مووی بۆ بکرێت.

بە وتەی پسپۆڕەکانی بواری جوانکاری نەشتەرگەری رواندنەوەی موو هەمیشەییە و رەنگە وەرین تەنها لەو کەسانەدا رووبدات کە لەبیستەکانی تەمەنیدا رواندنەوەی موو بکات و دواتر لە ساڵەکانی کۆتاییدا بەشێک لە مووەکانی بوەرێت ئەوکاتە دەتوانێت بۆ جاری دووەم موو بڕوێنێتەوە.

 266 جار بینراوە