سەرەکی » ئەدەب و هونەر » دەربارەی کۆمەڵەچیرۆکی- ئەو ژنەی دەمی ون بوو

دەربارەی کۆمەڵەچیرۆکی- ئەو ژنەی دەمی ون بوو

محەمەد کەریم

کۆمەڵەچیرۆکی -ئەو ژنەی دەمی ون بوو- نوێترین کۆمەڵە چیرۆکی ماهروخ غوڵامحسێنپورە، دەمەوێت لێرەدا رای خۆم سەبارەت بە یەک بە یەکی چیرۆکەکانی ئەم کۆمەڵەیە بنووسم:

*رەنگی موو:
ئەم چیرۆکە زیاتر لە واقیعەوە نزیکە و چەند چیرۆکێکی لەخۆگرتووە، کارەکتەرە جیاوازەکانی هەریەکەیان چیرۆکی خۆی هەیە، بەڵام گێڕەرەوەی کەسی یەکەم زۆر جوان چیرۆکەکە دەگێڕێتەوە و خوێنەر رادەکێشێت.

*ئەو قوتابخانەیەی کە ناوی پیرۆز بوو:
بەڕای بەندە ئەم چیرۆکە جوانترین چیرۆکی ئەم کۆمەڵەیەیە و زیرەکانە گێڕدراوەتەوە. وێنەی زۆر سەرنجڕاکێش لەم چیرۆکەدا هەن کە وێنەی ناخۆشی جەنگی عیراق- ئێرانن، وێڕای عەشقی پەنهانی نێوان دایک و باوکی گێڕەرەوە، هەڵبەتە ئەگەر نووسەر زیاتر لەسەر ئەم چیرۆکە ئیشی بکردایە و گەشەی پێبدایە دەیتوانی رۆمانێک بنووسێت و زیاتر نەفرەت لەو جەنگە بێمانایە بکات. جەنگ بە شێوەیەکی ترسناک لەم چیرۆکەدا ئامادەگی هەیە کە خوێنەر نازانێ بۆچی هەڵگیرساوە و لە قازانجی کێیە؟ بەڵام دەزانێت کە هەڕەشە لە هەموان دەکات و ژیانی گەڕاندۆتەوە بۆ چاخی بەردین. ئەم چیرۆکەش لە رێگەی کەسی یەکەمەوە دەگێڕدرێتەوە.

*ئەوانی دی:
ئەم چیرۆکە حیکایەتی عەشقێکی بێهوودە دەگێڕێتەوە، گێڕەرەوە دوای کۆمەڵێ خەیاڵی رەنگاوڕەنگ دواجار رووبەڕووی ئەو راستییە دەبێتەوە کە ئەو کەسەی ئەم عاشقی بووە چەند ساڵێکە مردووە. ئەم چیرۆکە بە شێوازی چیرۆکی موپاسانی نووسراوە کە لە کۆتایی چیرۆکەدا خوێنەر تووشی شۆک دەبێت و بەو ئەنجامە دەگات کە چاوەڕێی نەکردووە. بەڵام چیرۆکێکی سەرنجڕاکێش و جوانە، ئەم چیرۆکەش لە رێگەی کەسی یەکەمی تاکەوە گێرڕدراوەتەوە.

*ئەو پیاوەی پاسکیلێکی کۆنی هەیە…
ئەم چیرۆکەش لە رێگای کەسی یەکەمەوە گێڕدراوەتەوە، حیکایەتی بلیمەتێكی نەگبەت دەگێڕیتەوە کە کۆمپانیا بەهرە دزەکان وەکو مانگا سوودی لێ دەبینن و پاشان بەرەڵای دەکەن و بەهرەی ئەم کەسە نەک هەر ناتوانێت دۆخی خێزانە هەژارەکەی باش بکات، بەڵکو بەدبەخت تر دەبن. چیرۆکێکی جوانە و زۆر جوان گێڕدراوەتەوە، ئەگەر نووسەر لەسەر ئەم چیرۆکەش زیاتر ئیشی بکردایە رۆمانێکی لێ دەردەچوو، هەڵبەتە بە پلۆتێکی جیاوازتر لەم پلۆتە، چونکە پلۆتی کورتە چیرۆک و رۆمان جیاوازە.

*ئەو ژنەی دەمی ون بوو:
هەتا ئێستا ئەمە یەکەم چیرۆکی ئەم کۆمەڵەیەیە کە گێڕەرەوەکەی ژن نییە و پیاوە، هەڵبەتە ئەمیش بە کەسی یەکەمی تاک گێڕدراوەتەوە. ئەگەر نووسەری چیرۆکەکە ژن نەبوایە زۆر زەحمەت بوو پیاوێک ئاوا وردەکاریی دانانی مێز و رازاندەوەی کۆمەڵێ خواردن لەسەری بزانێت. چیرۆکەکە هاوڕێیەتی نێوان دوو ژن دەگێڕێتەوە کە سەرەڕای هاوڕێیەتی و خۆشەویستی نێوانیان، ناکۆکیان هەیە. ئەمەش ئەو راستییە باس دەکات کە ژنان هەمیشە ناکۆکن لەگەڵ یەکتری سەرەڕای ئەوەی هاوڕێ بن و لە یەکیشەوە نزیک بن، بەڵام ئەوەش راستە ئەم چیرۆکە زۆر جوان گێڕدراوەتەوە و بەلای خوێنەرەوە سەرنجڕاکێشە.

*میوانداری:
ئەم چیرۆکە لە رێگای کەسی سێیەمەوە دەگێردرێتەوە و بریتییە لە حیکایەتی ئەو کارەساتە ئاسمانییانەی کە ئێستا کەم نین. چیرۆکەکە حیکایەتی مرۆڤە مۆدێرن و شارستانییەکان دەگێڕێتەوە کە لە ترسی لە برسا مردن و نەبوونی خواردن گۆشتی یەک دەخۆن و دەبن بە دڕندە. هەڵبەتە ئەم چیرۆکە لێرەدا تەواو خەیاڵییە، بەڵام رەفتاری کارەکتەرەکە لە سروشتی مرۆڤ بەدوور نییە. مردووخۆرەکانی ستالینگراد لە دووەم جەنگی جیهاندا نزیکترین نموونەی سروشتی مرۆڤە کاتێک کە هیچی دەستناکەوێت بۆ خواردن. (ئەم چیرۆکەم کردووە بە کوردی)

*رەشید:
چیرۆکی رەشید بەڕای بەندە دووەم سەرنجراکێشترین و جوانترین چیرۆکی ئەم کۆمەڵەیەیە. ئەم چیرۆکەش لە رێگای کەسی سێیەمەوە گێڕدراوەتەوە، حیکایەتی ئەفغانییەکی بەدبەختە کە لە ترسی مەرگ هەڵاتووە بۆ ئێران و پاشان بۆ تۆڵە سەندنەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەفغانستان و نازانین چارەنووسی چی دەبێت. لەلایەکی ترەوە کارەکتەری «مەتین»ە کە پیاوێکی ئیهمالە و خۆی پێ بەخێو ناکرێت، لە حیکایەتی رەشیدەوە ئاگامان لە دڕندەییەکانی تالیبان و ئیسلامییەکانی تر و چنگی خوێناویی یان دەبێت، ئەم چیرۆکەش ئەگەر بە پلۆتێکی تر و ستایلێکی تر بنووسرایە رۆمانێکی جوانی لێ دەردەچوو.

*نەفرەتی مارتینا:
ئەم چیرۆکە دووەم چیرۆکی ئەم کۆمەڵەیەیە کە لە رێگەی کەسی یەکەمی تاکەوە دەگێردرێتەوە کە پیاوە. حیکایەتی پیاوێکە بەدوای هەوەسبازییەکانی خۆیدا رادەکات و نازانیت خۆشەویستی و عەشقی راستەقینە چییە. کاتێک پەی بە راستی مەسەلەکە دەبات کە ئیتر درەنگە و مایەپووچ بووە و سامانەکەی بەهەدەر چووە. هەڵبەتە باسی زرنگی ژنانی ئەوروپاش دەکات کە چۆن وەکو مانگا پیاوانی خۆرهەڵاتی دادەدۆشن. لەم چیرۆکەدا کەمتر سەبارەت بە سەر و سیمای ئەم کارەکتەرە دەزانین و زیاتر ئاماژە بۆ سروشتی کراوە کە پیاویکی هەوەسبازە.

* چەتری داخراو. چەتری کراوە:
ئەم چیرۆکە لە رێگەی کەسی سێیەمەوە گێڕدراوەتەوە. چیرۆکی ئەو ژنانەیە کە باوەڕیان بە جادوو و پڕوپووچی کەسانێک هەیە کە بە مەبەستی کۆکردنەوەی پارە ئەم ئیشانە دەکەن و جگە لە فێڵ و فریودان شارەزای هیچ شتێک نین. هەڵبەتە قاوەگرتنەوە یەکێکە لەو رێگایانە. لەلایەکی دیکەوە ساویلکەیی ئەو ژنانە باسدەکات کە لە جیاتی خۆشەویستی و متمانە بە مێردەکانیان وەکو سیخوڕ بە دوای مێردەکانیانەوەن و نازانن ژیانیکی ئارام بۆ خۆیان دابین بکەن.

*لە کۆتاییدا دەمەوێت بە شێوەیەکی گشتی چەند خاڵێک بڵێم:
-ماهڕوخ چیرۆکنووسێکی بە توانایە و هیچ گومانی تێدا نییە کە هیچی کەمتر نییە لەو نووسەرە ئێرانیانەی من چیرۆکەکانیانم خوێندۆتەوە یان تەرجەمەم کردوون.

-بەکارهێنانی کەسی یەکەمی تاک بۆ گێڕانەوە و بەکارهێنانی زەمەنی حاڵی حازر نیشانەی زیرەکی نووسەرە، چونکە کەسی یەکەمی تاک زیاتر خوێنەر بۆ خوێندنەوەی چیرۆک یان رۆمان رادەکێشێت. بەکارهێنانی زەمەنی حاڵی حازر لە چیرۆک و رۆماندا خوێنەر لە چیرۆک و رۆمانەکەدا بەشداری پێدەکات و بەلایەوە سەرنجڕاکێش دەبێت.

-تێگەیشتن لە زمانی ئەم کۆمەڵە چیرۆکە بۆ خوێنەرێک کەمتری خوێندبێتەوە و لە پێچ و پەناکانی زمانی فارسی شارەزا نەبێت ئاسان نییە، لەبەر ئەوە باشتر وایە نووسەر سادەتر بنووسێت، چونکە سادەنووسین رێگایەکی ئاسانترە بۆ گەیشتن بە خوێنەر بە شێوەیەکی فراوان، هیوای سەرکەوتن بۆ نووسەر دەخوازم.

سەرنج:
* ئەم بابەتەم بە فارسی نووسیووە و ناردوومە بۆ ماهڕوخ کە لە ئەمریکا دەژی.

*ناونیشانی کتێب و ناوی چیرۆکەکانم کردووە بە کوردی چونکە بەلامەوە ناونیشانەکانیان جوان بوون.

سەرچاوە:
زنی کە دهانش گم شد
انتشارات: مروارید، چاپ اول 1389

 

ماهڕوخ

 110 جار بینراوە