سەرەکی » ئاراستە » ئه‌و پیاوه‌ی له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی كۆرۆنادا گیانی به‌خشی

یه‌كه‌م ساڵیادی عه‌مید ئه‌فراسیاو

ئه‌و پیاوه‌ی له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی كۆرۆنادا گیانی به‌خشی

پشكۆ خاڵدانی

هاوڕێیه‌كی خۆشه‌ویست و خۆنه‌ویستم بوو، ئێمه‌و پۆلی هاوڕێیانی كه‌ وه‌كو په‌روانه‌ له‌ ده‌وری مۆمی وجودی كۆئه‌بوینه‌وه‌، ئێستا هه‌ست به‌ بۆشاییه‌كی گه‌وره‌ ده‌كه‌ین، هه‌رگیز بیرم له‌وه‌ نه‌كردبۆوه‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی ماڵئاواییمان لێبكات، بڕوات و بۆ تاهه‌تایه‌ نه‌توانین بۆ چركه‌یه‌كیش نه‌زه‌ری دیدارێكی بكه‌ین و جارێكیتر گوێمان به‌قاقاكانی نه‌زرنگێته‌وه‌.

هاوڕێم، تۆ به‌و كۆچه‌ له‌ ناكاوه‌ت ته‌می ماته‌مینی هه‌میشه‌ییت به‌سه‌ر هه‌موواندا كێشا، تۆ هه‌میشه‌ له‌ خه‌می خه‌ڵك و خه‌می خاكدا بوویت، له‌ پێناو پاراستن و سه‌لامه‌تیی گیانی هاووڵاتیانی كه‌ركوكه‌ خێر له‌ خۆنه‌دیوه‌كه‌ت به‌رده‌وام ڕێنمایی و ئامۆژگاری خه‌ڵكت ده‌كرد تا خۆیان له‌و ئافاته‌ نه‌فره‌تییه‌ ناگه‌هانه‌ بپارێزن، تۆ هه‌میشه‌ گره‌وت له‌گه‌ڵ مه‌رگدا ئه‌كردو چۆكت بۆ كه‌س دانه‌ئه‌دا، ئه‌فسووس ئه‌م كۆرۆنا نه‌گریسه‌ بۆ دواجار یه‌خه‌ی خۆتی گرت و ره‌وانه‌ی سه‌ر ته‌خته‌ی نه‌خۆشخانه‌ی كردیت، هه‌مووانیش ده‌م به‌ نزاو چاو له‌ رێگه‌ بووین بۆ هاتنه‌وه‌ت، به‌ڵام بۆ دواجار به‌م ئافاته‌ بێڕه‌حمه‌ به‌جێت هێشتین و ڕۆحت دایه‌ ده‌ستی په‌پووله‌.

هه‌رچه‌ند تۆ سه‌فه‌ری ئه‌به‌دیت كرد، وه‌لێ بۆ چركه‌یه‌كیش له‌ یادو بیره‌وه‌ریی ئێمه‌و ئازیزانتدا ناچییه‌وه‌، بۆ هه‌میشه‌ له‌دڵدا به‌زیندوویی ئه‌مێنیته‌وه‌.

له‌م نه‌بونیه‌تدا، هه‌مووان ره‌نگی بێ تۆییمان پێوه‌ دیاره‌و ناتوانین بیشارینه‌وه‌، ئاخر ساڵێكه‌ تۆ نه‌ ده‌نگێك، نه‌ ره‌نگێك، نه‌ زه‌نگێكت هه‌ر نه‌هات و هه‌ر نه‌هات، ئاخر كه‌ی بڕیاربوو تۆ بێده‌نگی ئه‌به‌دی هه‌ڵبژێریت؟.

ئه‌مێستاش كه‌ گوێم له‌زه‌نگی مۆبایله‌كه‌م ئه‌بێت رائه‌چله‌كم، وائه‌زانم ئه‌مڕۆی ساڵی پاره‌ كه‌ هه‌واڵی مه‌رگی تۆیان پێدام ، زۆر جاریش له‌به‌رخۆمه‌وه‌ ئه‌ڵێم: نا نا ئه‌وه‌ خه‌وه‌، هاكه‌ خۆی كرد به‌ژووراو ده‌ست به‌سڵاو، ده‌م به‌خه‌نده‌ وه‌ك هه‌میشه‌ له‌ ئامێزی گرتین.

به‌ دڵێكی شكاو و بێ‌ ئۆقره‌وه‌ ده‌ڵێم: بنوو ئارام بنوو پشتیوانه‌كه‌ی 82 و ئه‌فراسیاوه‌كه‌ی ئێستام، خــۆ زێڕ له‌گڵا ناڕزێت.

ژیاننامه‌كه‌ی
تێكۆشه‌ری كۆچكردوو عه‌مید ئه‌فراسیاوكامیل مه‌لاوه‌یس زه‌نگه‌نه‌، له‌ رۆژی 1/6/1968 له‌ بناری گل له‌دایكبووه‌، باوكی كه‌ تێكۆشه‌رێكی باڵی مه‌كته‌بی سیاسیی پ.د.ك و پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئه‌یلول بووه‌، ساڵی 1969 شه‌هیدكراوه‌، پاشان مامێكی به‌ناوی (جه‌میل) ئه‌ركی به‌خێوكردنی له‌ ئه‌ستۆده‌گرتووه‌.

قوناغه‌كانی خوێندنی سه‌ره‌تایی وناوه‌ندی و ئاماده‌یی پیشه‌سازی له‌ شاری كه‌ركوك ته‌واوكردووه‌.

ساڵی 1982 په‌یوه‌ندیی به‌ رێكخستنه‌كانی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستانه‌وه‌ كردووه‌و به‌ ناوی نهێنیی ( پشتیوان) له‌ ناو شاركاری كه‌ركوك كاری كردووه‌، هاوكارێكی به‌رده‌وامی تیپی 57ی سه‌گرمه‌ و به‌تایه‌بتیش كه‌رتی چواری جه‌باری

له‌ ئازادكردنی شاری كه‌ركوكدا له‌ ساڵی 1991 رۆڵێكی به‌رچاوی بینیوه‌و ئه‌ركی سه‌رپه‌رشتیكردنی نه‌خۆشخانه‌ی كۆماری ئه‌و شاره‌ی پێسپیردراوه‌ كه‌ سه‌رجه‌م پێشمه‌رگه‌ برینداره‌كان له‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كران.

ساڵی 1992 بووه‌ به‌فه‌رمانده‌ی تیپ له‌ به‌تالیوێنی زه‌نوور و له‌ زۆربه‌ی شه‌ڕه‌كانی دواتردا به‌شداریكردووه‌.

ساڵی 1995 بووه‌ به‌ به‌رپرسی ده‌سته‌ی پاسه‌وانانی پاراستنی پارێزگاری كه‌ركوك له‌ ده‌ربه‌ندیخان.

له‌ ساڵی 1996دا به‌شداریی له‌ یه‌كه‌مین خولی ئه‌فسه‌رانی پۆلیس كردووه‌ له‌ قه‌ڵاچوالان و دواتر بووه‌ به‌ ئه‌فسه‌ر له‌ بنكه‌ی پۆلیسی چه‌مچه‌ماڵ، ساڵی 1998 بووه‌ به‌ به‌ڕێوه‌به‌ری بنكه‌ی پۆلیسی ناحیه‌ی سه‌نگاو، پاشان به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌كه‌ به‌وه‌كاله‌ت.

دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆچه‌مچه‌ماڵ، به‌پله‌ی نه‌قیب به‌رده‌وام بووه‌ له‌ خزمه‌تكردن وه‌كو به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی چه‌مچه‌ماڵ و دواتریش پۆلیسی هاتوچۆی هه‌مان شوێن.

له‌ پڕۆسه‌ی ئازادی عیراق ساڵی 2003، وه‌ك پێشمه‌رگه‌ چۆته‌ ناوشاری كه‌ركوكه‌وه‌و ماڵه‌كه‌ی بردۆته‌وه‌ ئه‌و شاره‌و له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی هاتوچۆی كه‌ركوك خزمه‌تی كردووه‌، پله‌كانی ئه‌فسه‌ری بڕیوه‌و بۆته‌ به‌رپرسی به‌شی هونه‌ری بووه‌ هاتوچۆی كه‌ركوك.

ساڵی 2014 گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی كه‌ركوك وه‌ك لێپرسراوی به‌شی په‌یوه‌ندی و راگه‌یاندن، هاوكات وه‌ك وته‌بێژیش به‌رده‌وام بووه‌ له‌ خزمه‌ت.

دوای بڵاوبونه‌وه‌ی په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ شاری كه‌ركوك، له‌ پێناو پاراستن و سه‌لامه‌تیی هاووڵاتیانی شاری كه‌ركوك وه‌كو و ته‌بێژی پۆلیسی ئه‌وێ هه‌وڵێكی زۆریدا بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌ی هاووڵاتیان و له‌ هه‌ڵمه‌تی لیژنه‌ تایبه‌تییه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرنا به‌شداری چالاكانه‌نی هه‌بوو.

به‌ڵام مه‌خابن، دوای توشبوونی به‌ ڤایرۆسی كۆرۆناو 12 رۆژ مانه‌وه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌، له‌ رۆژی 11/7/2020 كۆچی دواییكرد.

 202 جار بینراوە