سەرەکی » دۆسێ » ئێران:خامنەئی داوای لێبووردن لە گەل دەكات

پەیوەندی بە دادوەرییەوە هەیە

ئێران:خامنەئی داوای لێبووردن لە گەل دەكات

لە هەنگاوێكی دەگمەندا، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران داوای لێبوردنی لە گەلەكەی كردبوو، ئاماژەی بە بوونی ئەو كەموكوڕییانەش كردبوو كە لە «بواری دادوەریی»دا هەن لە وڵاتەكەی.
خامنەیی لە 18ی شوباتی 2018 و لە وتارێكیدا لە تاران كە لەڕێی ماڵپەڕی تایبەتی خۆیەوە بڵاوكرابۆوە، بەپێویستی زانیبوو پێشكەوتن لە «بواری دادوەریی»دا بكرێت، لە هەمان كاتدا دانی بەو رەخنە فراوانەشدا نابوو كە لە سیستمی حوكمڕانی گیراوە لەماوەی چەند هەفتەی رابردوو.
رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران، بەپێویستی زانیبوو داوای لێبوردن لە گەلی ئێرانی بكرێت لەبەرانبەر ئەو كەموكوڕییانەدا.
ئەو لێدوانانەی خامنەیی لە یادی چل ساڵەی راپەڕینی شاری تەبرێز بوو كە ساتێكی گرنگی بۆ هەڵایسانی شۆڕشی ئیسلامی لە ساڵی 1979دا پێكهێنا.
خامنەیی دانی نابوو بە خۆیشاندانەكانی ناڕەزایی و پشێوییەكانی كۆتایی ساڵی رابردوو كە لە ساڵی نوێیشدا بۆ ماوەی هەفتەیەك لە ناوچە جیاجیاكانی ئێران بەردەوام بوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رایگەیاندبوو كە تائێستاش گەل بە نەبەردییەوە پشتیوانی لە شۆڕشی ئیسلامی دەكات و «كاتێك رووداوەكان پەیوەندییان بە شۆڕش و سیستمی وڵاتەوە دەبێت، خەڵكی دێنەپێش و بەرگری لێدەكەن».
رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ ئەو قسانەشدا، ئاماژەی بە رەخنەكانی خەڵك كردبوو بۆ هەندێك لە پرسەكان لە وڵاتەكەی كە بە گوتەی ئەو «ئاگاداری تەواوی هەموو ئەو سكاڵاو گلەییانەن».

خۆپیشاندانەكان
لە كۆتایی ساڵی رابردوو، تارانی پایتەخت و چەند شارێكی تری ئێران خۆپیشاندانی فراوانیان بۆ ناڕەزایی بەرانبەر بە دۆخی گوزەرانی هاوڵاتیان بەخۆوەبینی، سەرۆكی ئەمریكاش بە ئاشكرا پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران دەربڕی، وەك میدیاكانی خۆرئاواش ئاماژەی پێكردبوو، خۆپیشاندانەكانی ئەمجارە بە خراپترین تەوژمی توندوتیژی لەو وڵاتەدا دادەنرێت.
لە كۆتایی ساڵی رابردوو، بەهۆی خۆپیشاندانی ناڕەزایی بەرانبەر خراپی باری گوزەران، و دروستبوونی ئاژاوە و پشێوی، ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتیان لە شارەكانی ئێراندا كوژران و برینداربوون، وێڕای هۆشدارییەكانی حەسەن رۆحانی سەرۆكیش، خۆپیشاندەران لە سەرەتای ساڵی نوێوە جارێكی تر رژانەوە سەر شەقامەكانی تارانی پایتەخت، ئەوەش بەپێی ئەو هەواڵانەی لەلایەن میدیاكانی وڵاتەكەوە بڵاوكرابوونەوە.
لە شاری نەجەف ئاباد وەك پێگەیەكی رەسمی ئێران ئاماژەی پێكردبوو، چەند پۆلیسێك كوژرابوون و ژمارەیەكی تریش برینداربوون، ئەوەش بە یەكەم قوربانی لە ریزی هێزە ئەمنییەكاندا دانرا كە خۆی لە خۆیدا ئاماژەیەكی نەرێنی بوو بۆ دۆخی ناوخۆی وڵاتەكە.
لە سەرەتای دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكان كە لە كۆتایی ساڵی 2017وە دەستیانپێكرد، زیاتر لە 10 كەس كوژراون و سەدان كەسیش دەستگیركران، خۆپیشاندەران لەبەرانبەر خراپی دۆخی گوزەران، ناڕەزاییان بەرانبەر بە حكومەت دەربڕیبوو.
تەوژمەكانی خۆپیشاندانی ئەمجارە لە ئێران بە گەورەترین دانران، ئەوەش دوای خۆپیشاندانەكانی ناڕەزایی لە دژی هەڵبژاردنەوەی مەحمود ئەحمەدی نەژاد لە ساڵی 2009 كە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە سەركوتكران و تێیاندا بەپێی ئامارە رەسمییەكان، 36 كەس كوژرابوون، ئۆپۆزسیۆنیش ئاماژەی بە كوژرانی 72 كەس كردبوو.
هۆكاریی ئەو خۆپیشاندانانە بە گوتەی (ئەسفەندیار باتمانگیلیدج) دامەزرێنەری كۆڕبەندی ئەوروپایی ئێرانی» كێشە ئابورییە ئاساییەكان و هەستكردنە بە نائومێدی، بەهۆی كەمی هەلی كار و نەبوونی ئاسۆیەكی روون بۆ ئایندەی نەوەكانیان، وێڕای گرتنەبەری رێوشوێنەكانی سیاسەتی (سكهەڵگوشین) كە لەلایەن رۆحانییەوە گیراونەتەبەر، لەوانە كەمكردنەوەی بیمەكانی كۆمەڵایەتی، و بەرزكردنەوەی نرخی سوتەمەنی».
لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی ئەو خۆپیشاندانانەوە كە لە رۆژەكانی كۆتایی ساڵی 2017 دەستیان پێكرد و تارانی پاتەخت و چەندان شاری تری وڵاتەكەیان گرتەوە، وێڕای كوژراون و برینداربوونی دەیان كەس، سەدان كەسی تر دەستگیركران و راپێچی زیندانەكان كران.
ئەوەی مایەی سەرنج بوو لەو رووەوە، هەندێك لە دەستگیركراوەكان تۆمەتی پیلانگێڕی لەدژی سیستمی حوكمڕانی و سیخوڕییان رووبەڕبوو كرابۆوە.
رەخنە لە دادوەریی ئێرانی دەگیرێت

بەشێوەیەكی بەردەوام چالاكوانان و مافپەروەران، رەخنەیان لە سیستمی دادوەریی گرتووە لە ئێران كە موحافیزكارەكان دەستی باڵایان هەیە تێیدا و نەیارە سیاسییەكان دەكەنە ئامانج، وێڕای دەستگیركردنی فراوان و بەكارهێنانی توندوتیژی لە دژی زیندانیان، ئەوانەش هاوشانن لەگەڵ بەرزبوونەوەی رێژەی لەسێدارەدان لە وڵاتەكەدا كە لەئێستادا بەراورد بە رێژەی دانیشتوانی لەپلەی یەكەمدایە.
لەم ماوەیەی دواییدا، جارێكی تر مەسەلەی سیستمی دادوەریی ئێرانی سەریهەڵدایەوە، ئەوەش دوای ئەوەی دەسەڵاتداران ئاماژەیان بە «خوكوشتنی» كاوس سەید ئیمامی چالاكوانی ژینگەیی كردبوو لە زینداندا، پاش دوو هەفتە لە دەستگیركردنی بەتۆمەتەكانی پەیوەندیدار بە سیخورییەوە.
خانەوادەكەی ئیمامی، ئاماژەیان بەو هەڕەشانە كردبوو كە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە لێیان كراوە، گەر باسی كێشەكەیان بكەن.
ئەوەش هاوكات بوو لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەندێك لەو راپۆرتانەی باسیان لە مردنی دوو كەس دەكرد لە زینداندا لە مانگی رابردوو، پاش ئەوەی لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەرپەرچدانەوەی خۆپیشاندانەكانی ناڕەزایی وڵاتەكەدا دەستگیركرابوون.
لەبەرانبەردا دەسەڵاتداران رایانگەیاندبووـ دەستگیركردنی ئەو دوانە هیچ پەیوەندی بە خۆپیشاندانەكانەوە نەبووە و بە هەمان شێوە ئەوانیش خۆیان كوشتووە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*