سەرەکی » مانشێت » راستکردنەوەی رێڕەوی ئیدارە

راستکردنەوەی رێڕەوی ئیدارە

بەشی هەواڵ و بەدواداچوون

بەو پێیەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان حزبێکی حکومڕانە، ئیتر دەبێت میتۆدی کاری حزبی و خیتابە ئیعلامییەکەشی میتۆدێکی حکومڕانانە بێت، چونکە خیتابێک کە هەر بە میتۆدی رەخنە و لەهجەی ئۆپۆزسیۆن بوون بێت بۆ حزبێکی فەرمانڕەوا و شەریک لە ئیدارە تاسەر جائیز و مومکین نییە، لەکاتێکدا یەکێتی پێداگریی لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە شەریک و پێکهێنەری سەرەکیی حکومەتە، دیارە شەراکەت لە حکومڕانیش تەنها ئیمتیازات نییە بۆ کارەکتەرەکانی بواری ئیدارە، بەڵکو جێبەجێکردنی ئەرکیشە کە رەنگە ئەگەر هەنگاوە پراکتیکییەکان بارتەقای حزبێکی فەرمانڕەوا نەبێت، ئەوا هێز و سەنگ و دەسەڵاتی ئەو حزبە لە کایە ئیدارییەکەشدا دابەزێت و لەکایە حزبییەکەشدا لە پاشەکشە بدات.

هاووڵاتی سادە جا حزبی بێت یان بێلایەن چاوەڕوانی ئەوەیە ئەو حزبەی فەرمانڕەوایە لانیکەمی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی پێشکەش بکات، هەر بۆیە هەمیشە کە حزبێک براوە دەبێت لە وڵاتێکدا، لە یەکەم راگەیاندنیدا تەئکید لەوە دەکاتەوە کە ئەوان نوێنەری هەموو دەنگ و رەنگەکانن بە یەکسانی کە لەپێش هەموویانەوە دابینکردنی ئارامی و ئازادیی و نانە لە یەک ئاستی هاوسەنگدا و لاسەنگی لە هەریەکێکیش لەوانەدا دەکاتە لاسەنگبوونی ئەوانی تر، دیارە دابینکردنی عەمەلییانەی ئەو دروشمانەش بە ئیدارەدانێکی تۆکمە و بوێر و نەهێشتنی لاسەنگییەکان دەبێت لە هاوکێشەی حکومڕانیدا.

بڕیارەکانی ئەم دواییەی قوباد تاڵەبانی وەک جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئەو زنجیرە گۆڕانکارییەی کە دەستی پێکردووە لە کایەکانی کارگێڕیدا چ بۆ رێکخستنەوە و گەڕانەوەی هەیبەتی یاسا و هەستکردن بە هاووڵاتیبوون لە بەرامبەر یاسا و کۆکردنەوەی دۆخی شپرزە لەزۆر بواری ئیداریی و کۆمەڵایەتیی تر و چەند هەنگاوێکی عەمەلی کە ئێستا بێگومان بۆتە هۆی بێزاربوونی هەندێک ناوەند و مایەی مشتومڕە، بەڵام بە گشتی خەڵکی ئەم ناوچانە پێی دڵخۆشن، چونکە گومانی تێدا نییە ژمارەیەکی کەم لە کەسانی بەرژەوەندیخواز لە چاکسازیی زەرەرمەند دەبن، بەڵام ئەنجامی چاکسازیی ئەگەر بە میتۆدە راستەکە کاری لەسەر بکرێت، زۆرینەی هاووڵاتیان بە حزبی و ناحزبییەکانیشەوە لێی سوودمەند دەبن و ئەمەش ئەرکی نوێنەرانی حزبێکی حکومڕانە لەوەی کە خزمەتگوزاریی و کێبڕکێی تەندەر و بواری بازرگانی قۆرغ نەکرێت و بۆ هەمووان بێت و هێزی چەکدار ئەرکی پاراستنی ئەمنییەت لە ئەستۆ بگرێت و دەست لە کایەی سیاسی و بازاڕ وەرنەدات، واتە هاووڵاتییان لە هەموو دەنگ و رەنگ و چین و توێژەکان لەبەردەم یاسادا یەکسان بن.

ئەگەر بڕیاربێت کە حزبایەتی بۆ گرتنەدەستی دەسەڵاتی سیاسی بێت وەک لە هەموو جیهانی دیموکرات و سیستمێکی دیموکراتدا باوە، ئەوا حزبی حکومڕان نابێت لە چاکسازیی بنەڕەتی سڵ بکاتەوە، چونکە ئەرکی ئەو گروپەی دەچنە کایەی کارگێڕییەوە جیاوازە لە کایە حزبییەکە، ئەو گروپە دەبێت پێداگریی لەسەر جێبەجێکردنی ئەو بەرنامەیە بکەنەوە کە بەپێی میتۆد و بەرنامەی هەڵبژاردن دەنگی پێ کۆکردۆتەوە و بەڵێنی بە کۆمەڵانی خەڵک داوە کە کار بۆ ئەو ئامانجانە دەکات، کە دیارە ئامانجی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پێکهێنانی حکومەتدا (ئارامی… خزمەت .. هەلی کار) بووە، ئەمەش دروشمێکە بۆ هەموو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و هاووڵاتیان نەک تەنها بۆ لایەنگرانی لایەنێکی سیاسیی دیاریکراو.

دەشێت ئەم هەنگاو و بڕیار و جووڵە گەرموگوڕە بە ئاراستەی راستکردنەوەی رێڕەوێک بێت کە ئیدارەی لەم زۆنەدا تووشی داهێزران کردبوو.

بەدیوێکی تردا کاریگەریی لەسەر دەزگا حکومییە جێبەجێکارەکان دەبێت کە بەگوێرەی یاسا و رێنماییەکان کاربکەن و هی هەمووان بن و هەست بە دڵنیایی بکەن لەوەی کەس ناتوانێت بە رەمەکی و چاوسوورکردنەوە و بەدەر لەیاسا بڕیاریان بەسەردا بسەپێنێت.

لێرەوە ئیدی دەنگی کارەکتەرەکانی ناو کایەی فەرمانڕەواییش لەبەرامبەر هەر گروپ و دەستە و تاقمێک زوڵاڵتر دەبێت و دەتوانن جەسوورانەتر پێداگریی لەسەر هەنگاوەکانی چاکسازیی لە کۆی کایەکاندا بکەن و لایەنەکانی تری بەشدار لە حکومەتیش ناچاردەبن دەست بۆ چاکسازیی ببەن و هەمان رێچکە بگرنەبەر لەو رێوشوێنی راستکردنەوەی رێڕەوە ئیدارییەشدا هەموو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان سوودمەند دەبن، جگە لەو کەمینەیەی کە نانیان لە بازاڕی شێواودایە.

 313 جار بینراوە