سەرەکی » راپۆرت » گۆڕینی مۆڵه‌تی شۆفێرانی تەكسی و لێدانی لۆگۆ درێژكرایه‌وه‌پەڕە 2

هیچ كه‌سێ غه‌رامه‌ ناكرێت

گۆڕینی مۆڵه‌تی شۆفێرانی تەكسی و لێدانی لۆگۆ درێژكرایه‌وه‌

راپۆرتی: رێزه‌ حسێن

به‌پێی بڕیارێكی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان، دوا واده‌ بۆ گۆڕینی مۆڵه‌تی شۆفێری و لۆگۆدان له‌ تەكسی له‌ سه‌رتاسه‌ری كوردستاندا، 1ی مانگی ئاب دیاریكرابوو، به‌ڵام وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار تایبه‌ت به‌ كوردستانی نوێ ئاشكرایكرد، بڕیاره‌كه‌ تا 15 رۆژی تر درێژكرایه‌وه‌ و ئێستا هیچ كه‌سێك سزا نادرێت و غه‌رامه‌ ناكرێت.

به‌پێی زانیارییه‌كان، له‌ ماوه‌ی رابردوودا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی هاتوچۆی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ عیراق له‌سه‌ر گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێل رێككه‌وتن به‌ مه‌به‌ستی یه‌كخستنی ژماره‌ی ئۆتۆمبێل، به‌ شێوه‌یه‌ك دیزاین ده‌گۆڕدرێت كه‌ ناوی پارێزگاكان له‌سه‌ر تابلۆ دانانرێت به‌ڵكو به‌ پیت ناوی پارێزگاكان ده‌نووسرێت، هاوكات تایبه‌ت به‌ ئۆتۆمبێله‌كانی ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، تابلۆی ئۆتۆمبێله‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری كوردستان، كورتكراوه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی له‌سه‌ر ده‌بێت، هه‌روه‌ك ره‌نگی تەكسییه‌كان سپی ده‌بێت و ته‌نها گۆشه‌یه‌كی سوور بۆ تەكسی و زه‌رد بۆ بارهه‌ڵگری له‌سه‌ر ده‌بێت.

جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ به‌رده‌وامه‌
سه‌ره‌تای مانگی ئاب وه‌ك دوا واده‌ دیاریكرابوو بۆ لێدانی لۆگۆی تەكسی و گۆڕینی مۆڵه‌تی شۆفێره‌كان بۆ مۆڵه‌تی تەكسی، هه‌روه‌ك به‌پێی رێنمایه‌كانی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار له‌ حكومه‌ت، ئه‌گه‌ر شۆفێران پابه‌ندی جێبه‌جێكردنی رێنماییه‌كانی لێدانی لۆگۆی تەكسی نه‌بن، سزای ماددی ده‌درێن، به‌ڵام به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی ده‌ست كوردستانی نوێی كه‌وتوون، تا ئێستا زیاتر له‌ 20 هه‌زار خاوه‌ن تەكسی ماون كه‌ نه‌یانتوانیوه‌ مامه‌ڵه‌كانیان ته‌واوبكه‌ن، بۆیه‌ واده‌كه‌ بۆ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ درێژكراوه‌ته‌وه‌.

عه‌قید شیلان عوسمان مه‌جید به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی مۆڵه‌ت له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی بۆ رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێی ئاشكراكرد، گۆڕینی مۆڵه‌تی شۆفێری تەكسی و لۆگۆدان له‌ تەكسی تا 15ی مانگی ئاب درێژكرایه‌وه‌، وتیشی: له‌ هه‌مانكاتدا له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆ، لۆگۆدان له‌ تەكسی و مامه‌ڵه‌ی گۆڕینی مۆڵه‌تی شۆفێری به‌رده‌وام ده‌بێت و رۆژانه‌ له‌ كاتژمێر 8 و 30 خوله‌كی به‌یانییه‌وه‌ تا 1ی پاشنێوه‌ڕۆ مامه‌ڵه‌ی هاووڵاتیان له‌وباره‌یه‌وه‌ رایی ده‌كه‌ین.

ته‌نها 15% لۆگۆ دراوه‌ له‌ تەكسییه‌كان
له‌ ماوه‌ی رابردوودا، وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی هه‌رێم رایگه‌یاندبوو له‌ دوای ئه‌و واده‌یه‌ی بۆ شۆفێران دیایكراوه‌ كه‌ 1ی مانگی ئاب بوو، هه‌ر شۆفێرێك پابه‌ند نه‌بێت به‌جێبه‌جێكردنی، رووبه‌ڕوی رێكاری یاسایی ده‌كرێته‌وه‌ به‌ بڕی 500 هه‌زار دینار سزاده‌درێت، هاوكات به‌پێی زانیاری وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زیاتر له‌ 77 هه‌زار تەكسی له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ و تا ئێستا ته‌نها 15% خاوه‌ن تەكسییه‌كان لۆگۆ و له‌زگه‌یان له‌ ئۆتۆمبێله‌كانیان داوه‌.

22 هه‌زار تەكسی هیچیان نه‌كردووه‌
به‌پێی زانیاری كوردستانی نوێ، سه‌رجه‌م شۆفێرانی تەكسی له‌ سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان له‌ ترسی دیاریكردنی غەرامه‌ كردنیان به‌ بڕی 500 هه‌زار دینار بۆ سه‌رپێچیكاران و ئه‌وانه‌ی رێنمایه‌كان جێبه‌جێناكه‌ن، جموجۆڵی گۆڕینی مۆڵه‌تی شۆفێری و لێدانی لۆگۆی تەكسیان ده‌ست پێكردووه‌، حاجی مه‌ریوان كه‌ بژێوی له‌سه‌ر كاری تەكسی بوو به‌ كوردستانی نوێی راگه‌یاند: له‌ یه‌كی ئابه‌وه‌ واز له‌ شۆفێری تەكسی ده‌هێنم، چونكه‌ فه‌رمانبه‌رم له‌ یه‌كێك له‌ فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كودرستان، وتیشی: ئه‌گه‌ر حكومه‌ت، به‌بێ لێبڕین و دواكه‌وتن هه‌موو مانگانه‌ مووچه‌ دابه‌شبكات، زۆر ئاساییه‌، منیش واز له‌ كاری دووه‌م بێنم كه‌ شۆفێریی تەكسییه‌.

به‌پێی زانیاریی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی، له‌ سنووری شاره‌كه‌ و ده‌وروبه‌ری تا ئێستا نزیكی 2 هه‌زار هاووڵاتی كه‌ خاوه‌نی تەكسین لۆگۆیان داوه‌ له‌ ئۆتۆمبێله‌كانیان، هاوكات زیاتر له‌ 6 هه‌زار هاووڵاتی مامه‌ڵه‌یان پێشكه‌شی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی سلێمانی كردووه‌ و ته‌واو نه‌بووه‌، هه‌روه‌ك نزیكه‌ی 20 هه‌زار هاووڵاتی خاوه‌ن تەكسی له‌ كۆی 27 هه‌زار تەكسی تا ئێستا ماون لۆگۆ بده‌ن له‌ تەكسییه‌كانیان و هاوكات مۆڵه‌ته‌كانیان بگۆڕن.

 282 جار بینراوە