سەرەکی » وتار » سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌ » 3ی ئاب، مەرگەساتێكی لەبیرنەكراو

3ی ئاب، مەرگەساتێكی لەبیرنەكراو

״قانوونی رزگاربوانی ئێزدی، هەنگاوێكی گرنگە بۆ ناساندنی تاوانەكە وەك تاوانی پاكتاوی رەگەزی״

حەوت ساڵ بەسەر جینۆساید و مەرگەسات و كاولكاریی شەنگالدا تێدەپەڕێت، ئەو مەرگەساتەی بووە هۆی كۆمەڵكوژكردنی هەزاران لە كوردانی ئێزدی و بەكەنیزەككردنی هەزاران و ماڵوێرانی و ئاوارەبوونی سەدان هەزار هاووڵاتی دیكەی خەڵكی ناوچەكە.

بەرەبەیانی سێی ئاب
بەرەبەیانی سێی ئابی 2014 چەكدارانی گروپی تیرۆریستیی (داعش) پەلاماری دڕندانەی شەنگال و سنونێ و سیبا شێخ خدر و گرعوزێر و تەل بەنات و ژمارەیەكی زۆر گوند و شار و شارۆچكەیاندا لە باكووری پارێزگای نەینەوا، كە زۆرینەی دانیشتوانەكانیان كوردانی ئێزدین. هێزێكی گەورەی پێشمەرگە لەناوچەكەدا بوون، بەڵام بێ‌ بەرگریی ناوچەكەیان چۆڵكرد، لە ئەنجامدا خەڵكی مەدەنی و ناوچەكە كەوتنە دەست چەكدارانی داعش. لەماوەی تەنها 10 رۆژدا مەرگەساتێكی جەرگبڕیان بەسەر خەڵكی ناوچەكەدا هێنا، كە ئازارەكەی هەرگیز ساڕێژنابێت.

بەپێی ئامارێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەهۆی ئەو پەلامارە دڕندانەی تیرۆریستانی داعشەوە سەرەتا 1293 كەس لە تاوانە جیاوازەكاندا شەهیدبوون، دواتر رێژەكە زیادبووە، بەڵام ژمارەی كۆتایی بەردەست نییە، هەروەها 6417 كچ و ژن و پیاو و منداڵی كورد بەكەنیزەك و كۆیلەكراون، تائێستا توانیویانە 3530 كەس رزگاربكەن، بەڵام 2887 كەس چارەنووسیان دیارنییە، 2745 منداڵیش بێ‌ دایك و باوك بوون. هەروەك 68 مەزارگەی ئێزدییەكان خاپوركراون. بەپێی ئامار و بەدواداچوونەكانی حكومەتی هەرێمیش 83 گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراوەتەوە. هەر بەپێی ئامارەكان زیاتر لە 360 هەزار كەس ئاوارەبوون، دوای ئازادكردنی شەنگالیش لە دوو ساڵی رابردوودا ژمارەیەكی زۆر ئاوارەی ئێزدی لە كەمپەكانی نزیك دهۆك و زاخۆ گەڕاونەتەوە ماڵ و حاڵیان، جگەلەوەش زیاتر لە 100 هەزار ئێزدی چوونەتە ئەوروپا و ئەمریكا و وڵاتانی دەوروبەر.

لە سەرەتای كارەساتی شەنگال و ئاوارەبوونی سەدان هەزار هاووڵاتی ئێزدی، خەڵكی كوردستان بەهەموو رەنگێكەوە زۆر بەخێرایی و بەپەرۆشەوە بەپیر لێقەوماوانی ئێزدییەوە چوون و لە هەموو شارو شارۆچكە و گوندێك كۆمەك كۆكرایەوە و هەموو دامودەزگا و پەرستگا و شوێنە گشتییەكان و تەنانەت كۆمپانیا و خێرخوازان پەناگە و خواردن و پێداویستیی ژیانیان دابینكرد.

چی كراوە بۆ شەنگال و لێكەوتەكانی مەرگەساتەكە
مەرگەساتی ئێزدییەكان و لێكەوتەكانی، مشتومڕی زۆری لێكەوتەوە. دیارترین ئەو پرسانە، بریتی بوون لە هۆكارەكانی دروستبوونی ئەو مەرگەساتە و لێپرسینەوە و دادگاییكردنی ئەوانەی بەرگرییان لەناوچەكە نەكرد و بوونە هۆكاری دروستبوونی ئەو مەرگەساتە. پرسی دووەمیش كە جێگەی گرنگی مشتومڕ بووە، ئەوەیە حكومەتی هەرێم چیكردووە و دەكات بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەو مەرگەساتە و هاوكات قەرەبووكردنەوەی مادی و مەعنەوی كوردانی ئێزدی». سەبارەت بە لێپرسرینەوە لەو كەسانەی بەرپرس بوون لە پاشەكشەی هێزی پێشمەرگە و بەرگرینەكردن لەناوچەكە، تائێستا لەلایەن حكومەتەوە هیچ لیژنەیەكی تایبەت یان بەدواداچوونێك نەكراوە و بێدەنگی لێكراوە. لەبارەی كاركردنی حكومەتی هەرێم بۆ بەجینۆساید ناساندن و گەیاندنی ئازاری ئێزدییەكان بەكۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، رەنگە وەك پێویست كارنەكرابێت، ئەوەی كراوە تەنها ئاماركردن و كۆكردنەوەی زانیاریی بووە. لەكاتێكدا پێویست بوو لە وڵاتان و یەكێتیی ئەوروپا و ئەمریكا لەنێو پەرلەمان و ناوەندەكانی بڕیارداندا لۆبی بۆبكرێت، تاوەكو بتوانرێت بەجینۆساید بناسێنرێت هەروەك پێویست بوو كۆمەڵگەی ئەوروپا و ئەمریكا لەو تاوانە ئاگاداربكرێنەوە.

״ئەوەی بەسەر ئێزدییەكاندا هێنراوە پاكتاوی رەگەزییە״
بەپێی ئەو پێناسە گشتییەی بۆ پاكتاوكردنی رەگەزیی كراوە، پاكتاوی رەگەزی (جینۆساید) برتییە لەكۆمەڵكوژكردن و لەناوبردنی گەلێك یان كەمینەیەك یاخود گروپێكی دیاریكراو و ریشەكێشكردنی لەهەموو لایەنێكەوە.

یاخود كوشتن و لەناوبردن و سڕینەوەی گروپێكی دیاریكراو. بەپێی یاسای دادگای نێودەوڵەتی تاوانەكان لە رۆما ساڵی 1998، هەروەها مادەی دووەم بڕگەی یەكەم لە قانوونی رێگریكردن لە پاكتاوی رەگەزیی ساڵی 1948 ئەوەی بەسەر ئێزدییەكاندا هێنراوە «پاكتاوی رەگەزییە». بەپێی شایەتی رزگاربوانی كارەساتی شەنگال كە لەلایەن نێردەی نێودەوڵەتی بۆ مافەكانی مرۆڤ تۆماركراوە، ئەوەی داعش كردوویەتی تاوانی پاكتاوی رەگەزییە لەڕێگەی لەناوبردنی جەستەیی و زیانگەیاندن بە تاكەكانی گروپێكی دیاریكراو. هەر بەپێی ئەو لێكۆڵینەوانەی نێردەی نێودەوڵەتی كردوویەتی، ئەو تاوانەی داعش تاوانی دژ بەمرۆڤایەتی بووە لە شەنگال و دەوروبەری، بەشێوازێكی تایبەت ئێزدییەكانیان لەناوبردووە و زیانی گەورەیان بە ناوچەكە گەیاندووە، هەروەك دەستدرێژییان كردۆتەسەر ژنان و كچانی ئێزدی و زیانی گەورەی كۆمەڵایەتییان پێ گەیاندوون.

هۆكارەكانی دادگایینەكردنی ئەنجامدەرانی تاوانەكە
لەدوای تاوانەكانی داعش لە ئابی 2014 خواستێكی زۆر هەبوو لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حكومەتی هەرێم تاوەكو دادگای نێودەوڵەتی كارێك بكات ئەوانەی تاوانیان دژ بەمرۆڤایەتی و ئێزدی گەیاندووە، دەستگیربكرێن و دادگایی بكرێن. لە 8ی نیسانی 2015 داواكاری گشتی لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی رەشنووسێكی ئامادەكرد بۆ ئەوەی بتوانرێت كار لەسەر ئەم كەیسە بكرێت و تاوانبارانی ئەم كۆمەڵكوژییە، كە مەبەست لێی لێپرسراوانی دەوڵەتی ئیسلامیی داعش بوو، دەستگیربكرێن و دادگایی بكرێن، بەڵام كارەكان وەستێنران بەبیانووی نەبوونی زەمینەی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بەهۆی نەبوونی ئاسایش لە عیراق و سوریادا. بیانوویەكی دیكەی دادگای نێودەوڵەتی ئەوەبووە كە عیراق و سوریا ئیمزای رێكەوتننامەی پێكهێنانی دادگای نێودەوڵەتییان نەكردووە. ئەم هەڵوێستەی دادگای نێودەوڵەتی لەكاتێكدایە تائێستا ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر مەرگەساتی ئێزدییەكان نەهاتۆتە دەنگ و رێكاری پێویستی لە دژی تیرۆریستانی داعش نەگرتۆتەبەر، ئەمە لەكاتێكدا بەپێی بڕیاری 2379ی ئەنجومەنی ئاسایش پێویستە سزای تیرۆریستانی داعش بدرێت دەرهەق بەو تاوانانەی كردوویانە. دەكرا ئەو بڕیارە ببێتە دەریچە و دەرفەتێك تا حكومەتی هەرێم یاخود نوێنەرانی هەرێم لە بەغدا كاریان لەسەربكردایە بۆ ناساندنی تاوانەكە بەتاوانی پاكتاوی رەگەزیی و دادگاییكردنی سەرانی داعش لەسەر ئەو تاوانانەی بەرامبەر كوردانی ئێزدی كردوویانە.

ئەنجومەنی ئاسایش بەكردار شتێكی ئەوتۆی نەكردووە
ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كە لە 21ی سێپتێمبەری 2017 دەرچوو، لەلایەن حكومەتی عیراق پێشوازیی گەرمی لێكرا، وەزیری دەرەوەی عیراق لەو كاتەدا، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی تا تیمەكانی ئەنجومەنی ئاسایش دەست بەلێكۆڵینەوە بكەن، بەڵام ئەنجومەنی ئاسایش بەكردار شتێكی ئەوتۆی نەكرد، جگە لە ئیدانەكردنی تاوانەكانی دژ بە ئێزدییەكان و تاوانباركردنی تیرۆریستانی داعش لەو تاوانە گەورەیە. رەنگە یەكێك لەو رەخنەیەی لە حكومەتی هەرێم و بەغدا بگیرێت ئەوەیە كە وەكو پێویست قەرەبووی ئێزدییەكانیان نەكردۆتەوە، تا بتوانن بگەڕێنەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆیان و تائێستا نزیكەی 17 كەمپی ئاوارەی ئێزدییەكان لە سنووری دهۆك و زاخۆ هەیە و بەهۆی خراپیی خزمەتگوزاری و نەبوونی ئەمنیەت هەزاران خێزان كە زۆرترینیان خەڵكی ناوچەكانی باشووری شەنگالن نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە و ژیان لە كەمپەكان بەڕێدەكەن، تاكە شتێك كە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە كرابێت دەركردنی قانوونێك بووە بەناوی قانوونی رزگاربووانی ئێزدی، كە لەلایەن چالاكوانێكی ژن لە هەولێر بەناوی (پەرێز عومەر) پێشكەشی ژمارەیەكی زۆر پەرلەمانتار و سەرۆكایەتیی كۆمار كرا و سەرئەنجام رێچكەی خۆی وەرگرت و لە سەرەتای ئەمساڵ لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە دەنگی لەسەردرا. ئەو قانوونە وەك دەستكەوتێكی مەزن بۆ كچان و ژنانی ئێزدی لێكدەدرێتەوە، چونكە دوو رەهەندی گرنگی هەیە. یەكەمیان قانوونەكە بەڕوونی دان بەتاوانی داعش دەنێت دژ بە كوردانی ئێزدی بەتایبەت كچان و ژنانی ئێزدی، دووەمیشیان داوای قەرەبووی مادی و مەعنەوی شایستە دەكات تا بتوانرێت بەشێك لە مەینەتییەكانیان كەمبكرێتەوە.

 211 جار بینراوە