سەرەکی » دۆسێ » باڵێوزخانەی ئەمریكا دەبرێتە قودس

ترەمپ قسەی خۆی بردەسەر

باڵێوزخانەی ئەمریكا دەبرێتە قودس

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بڕیاریدا لە مانگی ئایاریی داهاتوو، باڵێوزخانەی وڵاتەكەی لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس بگوازێتەوە، ئەوادەیەش هاوكات دەبێت لەگەڵ حەفتا ساڵەی دامەزراندنی دەوڵەتی عیبری.
سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لای خۆیەوە خۆشحاڵی دەربڕی بەرانبەر بەو بڕیارەی ئەمریكا، لە هەمان كاتدا فەلەستینییەكان بە «گێچەڵكردن بە هەستی عەرەب و مسوڵمانان و مەسیحییەكان» وەسفیان كرد.

بڕیارەكەی ئەمریكا
هیدز ناورت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە 23ی شوباتی 2018 رایگەیاندبوو، بارەگای باڵێوزخانەی ئەمریكا لە ئیسرائیل، لە مانگی ئایاری 2018 بە رەسمی لە تەلئەبیبەوە دەگوازرێتەوە بۆ شاری قوس، ئەو وادەیەش هاوكاتە لەگەڵ حەفتا ساڵەی دامەزراندنی دەوڵەتی عیبری.
ناورت لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندبوو»ئێمە زۆر خۆشحاڵین بەرانبەر بەو پێشكەوتنە مێژووییە، بە ئارامیشەوە چاوەڕوانی كردنەوەی باڵێوزخانەكە دەكەین لە قودس لە مانگی ئایاری داهاتوو».
ئەو بڕیارە و كاتی كردنەوەی باڵێوزخانەكە لە قودس لە مانگی ئایاری داهاتوو كە یادی دازراندنی دەوڵەتی ئیسرائیلە، بووە مایەی توڕەكردنی فەلەستینییەكان و بڕیارەكەیان بە «گێچەڵ» وەسفكردبوو.
پێدەچێت ئەو بڕیارە بەرجەستەكردنی لایەنگیریی ئەمریكایی بێت بۆ ئیسرائیل، لەكاتێكدا نیكی هایلی باڵێوزی ئەمریكا لە نەتەوە یە یەكگرتووەكان رۆژێك بەر لە بڕیارەكە رایگەیاندبوو، پلانی ئاشتی نوێی ئەمریكایی بۆ كۆتاییهێنان بە ناكۆكی ئیسرائیل و عەرەب، بەمزوانە ئامادە دەبێت.
فەلەستینییەكان ساڵیادی «النكبە» دەكەنەوە، واتا دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە 14ی ئایاری 1948 كە لێوەی سەدان هەزار فەلەستینی ناچاركران شار و گوندەكانی خۆیان بەجێبهێڵن و ئاوارەی وڵاتانی عەرەبی دەوروبەر ببن.
بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، خۆشحاڵی بەرانبەر بە راگەیاندنەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەربڕیبوو، سوپاسی «سەركردایەتی» و «هاوڕێیەتی» دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكایشی ئەكردبوو.
لەو بارەیەوە نەتانیاهۆ رایگەیاندوو»ئەو بڕیارە، یادی حەفتا ساڵەی سەربەخۆیی ئیسرائیل دەكاتە ئاهەنگێكی نیشتمانی گەورە» سەركردە فەلەستینییەكانیش، دەستبەجێ‌ بڕیارەكەی ئەمریكایان بە «گێچەڵكردن بە عەرەب» دانابوو، ئیدارەكەی «ترەمپ»یشیان وەك بە بوونە ئاستەنگ لەبەردەم «پرۆسەی ئاشتی» لەقەڵەمدابوو.

فەلەستینییەكان توڕەن
سائیب عورەیقات ئەمینداری رێكخراوی رزگاریخوازیی فەلەستینی بە فرانس پرێسی راگەیاندبوو»بە توندترین شێوە بڕیارەكەی ئیدارەی ئەمریكا بۆ گواستنەوەی باڵێوزی وڵاتەكەی لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس مەحكوم دەكەین كە هاوكاتە لەگەڵ یادی ئەو نەهامەتییەی بەسەر گەلی فەلەستیندا هات».
بە گوتەی عورەیقات»ئەو بڕیارە سەرپێچییەكی روونە بۆ یاسای نێودەوڵەتی و شەرعیەتی نێودەوڵەتی، لەباربردنی تەواوەتی هەموو ئەو رێكەوتنانەی ئاشتی دەگەیەنێت كە لەگەڵ ئیسرائیلدا ئیمزاكراون»، بڕیارەكەیشی بە گێچەڵكردن بە هەستی عەرەب و مسوڵمانان و مەسیحییەكان وەسفكرد.
ئەو بەرپرسەی رێكخراوی رزگاریخوازیی فەلەستینی دەڵێت»ئیدارەكەی ترەمپ بەو هەنگاوە، بە تەواوەتی خۆی گۆشەگیركرد و بووە بەشێك لە كێشەكە، لەبری ئەوەی ببێتە بەشێك لە چارەسەر».
دوای ئەوەی لە مانگی حوزەیرانی 1967 قودسی شەرقی داگیركرد، ئیسرائیل ئەو شارە پیرۆزەی بە «پایتەختی تا هەتایی خۆی كە شیاوی دابەشكردن نییە» دانا، بەڵام كۆمەڵی نێودەوڵەتی دانی بەو واقیعەدا نەنا.

خێراتر لەوەی چاوەڕوان دەكرا
پرۆسەی گواستنەوەی باڵێوزخانەی ئەمریكا لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس، خێراتر بوو لەوەی چاوەڕوان دەكرا.
ریكس تیلرسۆن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە مانگی كانوونی یەكەمی 2017 رایگەیاندبوو»پرۆسەی گواستنەوەكە پێناچێت تا دوو ساڵی تر بێتەدی»، بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلیش پێوابوو كە گواستنەوەكە «لە ماوەی ساڵێكدا دەبێت».
هیدز ناورت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە 23ی شوباتی 2018 رایگەیاندوو، باڵێوزخانەی داهاتوو، لە چوارچێوەی كۆمەڵگەیەكی گەورەدا دەبێت كە خۆی لە شارەكەدا بوونی هەیە، چالاكییەكانی كونسوڵگەریی گشتی ئەمریكایی لە ئیسرائیل لەخۆدەگرێت و دەكەوێتە گەڕەكی ئەرنۆنای نێوان قودسی شەرقی و غەربی».
بە گوتەی ناورت»لە قۆناغی یەكەمدا، باڵێوز دێڤید فریدمان كە بەرگریكارێكی سەرسەختی پرەنسیپی گواستنەوەی باڵێوزخانەكەیە بۆ قودس، لەگەڵ تیمێكی بچوكدا دەچنە باڵێوزخانەكە».
ناورت دەڵێت»نیازمان هەیە، بەشێكی نوێ‌ لە كۆمەڵگەی ئەرنونا لەگەڵ كۆتایی ئەمساڵدا بكەینەوە، تا باڵێوز و تیمەكەی ئۆفیسی فراوانترییان هەبێت».
وەك وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاماژەی پێدەكات، لەگەڵ ئەوەدا دەستییان كردووە بە گەڕان بەدوای شوێنێكدا تا بكرێتە باڵێوزخانەی هەمیشەیی، بەڵام «بنیاتنانی بارەگاكە كاتی دەوێت».
لای خۆیەوە، ئیسرائیل كاتز وەزیری هەواڵگری ئیسرائیلی خۆشحاڵی خۆی بەرانبەر بە بڕیارەكەی ئەمریكا دەربڕیوو، لە ئەكاوتنی خۆیشی لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی «تویتەر» نوسیبووی:»سەرۆك ترەمپ ناكرێت چاوەڕوانی دیارییەكی لەوە گەورەتر بین. ئەوە دادپەروەرترین و حەكیمانەترین دەستپێشخەری بوو. سوپاس بۆ هاوڕێكەمان».

ناساندنی قودسی بە پایتەختی ئیسرائیل
لە سەرەتای مانگی كانوونی یەكەمی 2017، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، شاری قودسی بە پایتەختی ئیسرائیل ناساند و بڕیاریدابوو «لەچەند ساڵی داهاتوودا باڵێوزخانەی وڵاتەكەی لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس بگوازێتەوە»، ئەوەش تەوژمێكی ناڕەزایی توندی لەنێو جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا لێكەوتەوە.
لەم ماوەیەی دواییشدا، مەحمود عەباس سەرۆكی دەسەڵاتی فەلەستینی، جارێكی تر رەتیكردەوە وەك ناوبژیوانی نێوان فەلەستینییەكان و ئیسرائیل، مامەڵە لەگەڵ ئیدارەكەی سەرۆكی ئەمریكادا بكات، جەختیشی لەسەر بەردەوامبوونی فەلەستینییەكان لەسەر ئاشتی و پەنانەبردنە بەر توندوتیژی و تیرۆر كردبۆوە.
عەباس، داوای لە عەرەب و مسوڵمانان و مەسیحییەكان كردبوو، سەردانی قودس بكەن وەك وەڵامێك بۆ واشنتۆن كە شارەكەی بە پایتەختی ئیسرائیل راگەیاندووە، شاری قودسیشی وەك دەروازەی ئاشتی و لە هەمان كاتدا وەك دەروازەی جەنگ وەسفكردبوو،داوایشی لە سەرۆكی ئەمریكا كردبوو، لەنێوان ئەو دوانەدا یەكێكیان هەڵببژێرێت.
عەباس لە میسر لە «كۆنگرەی ئەزهەری جیهانی» و لەبەردەم وەفدەكانی وڵاتە عەرەبی و ئیسلامییەكان رایگەیاندبوو»هیواخوازین لەپاش بڕیارەكەی ترەمپ بە تەنیا جێماننەهێڵن، سەردانی عەرەب و مسوڵمانان و مەسیحییەكانیش بۆ قودس، سەرخستنی ئەو شارە دەگەیەنێت و بۆ پاراستن و پارێزگاریی لە شوێنە پیرۆزەكانە، نەك بۆ رێكەوتن لەگەڵ داگیركاریی ئیسرائیلی، داگیركاران خۆش حاڵ دەبن كەس سەردانی شارەكە نەكات».
جگە لە میسر و ئوردن كە ئیمزایان لەسەر بەڵێننامەی ئاشتی كردووە لەگەڵ ئیسرائیل، هیچ وڵاتێكی عەرەبی بەشێوەی رەسمی پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتی عیبریدا نییە، بۆیە هاوڵاتیانی ئەو وڵاتانە سەردانی قودس ناكەن».
وڵاتە عەرەبییەكان بەهەموو شێوەیەك رەتیدەكەنەوە لەگەڵ ئیسرائیل پەیوەندی دروست بكەن، بە تایبەتیش سەردانی بكەن،
چونكە نێو شاری قودس، پێویستی بە ڤێزای چونە نێو ئیسرائیل هەیە، ئەوەش بە بۆچوونی عەرەبەكان مانای ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكان دەگەیەنێت لەگەڵ تەلئەبیب.
عەباس لە وتارەكەیدا لە كۆنگرەی ئەزهەر، ئاماژەی بە بڕیارەكەی ترەمپ نەكرد بۆ «هەڵپەساردنی» نیوەی ئەو پارانەی بۆ ئاژانسی بەهاناوەچوون و كارپێكردنی فەلەستینییەكان (ئۆنروا)ی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان تەرخان كراوە كە خۆی لە خۆیدا پەیامێكی نوێیە بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان و گورزێكی بەهێزیشە لە فەلەستینییەكان وەشێنراوە.
پێشنیازی ئێستای ولایەتە یەكگرتووەكان بۆ چارەسەری ململانێی نێوان عەرەب- ئیسرائیل، خۆی لەوەدا دەبینێتەوە كە فەلەستینییەكان دەستبەرداری قودسی شەرقی ببن و شارۆچكەی ئەبودیس كە دەكەوێتە دەوروبەری شارەكە، بكەنە پایتەختی دەوڵەتی ئایندەیان، ئەم پێشنیازەی واشنتۆن لەكاتێكدایە كە هەموو رەوتە سیاسییەكانی فەلەستین، بڕیارەكەی ترمپیان رەتكردبۆوە و بە هەنگاوێكی نەشیاو لەقەڵەمیاندابوو.
تەمموزی 2006 لەپاش هێرشێكی حزبوڵڵا لەنێو خاكی ئیسرائیل كە كوژرانی 4 سەرباز و رفاندنی 2 سربازی ئیسرائیلی لێكەوتەوە، دەستیپێكرد.
ئەو هێرشەی حزبوڵڵا بۆ رفاندنی دوو سەربازەكەی ئیسرائیل، بە ئۆپەراسیۆنی (الوعد الصادق) لەلایەن میدیاكانی حزبوڵڵاوە ناودەبرا، ئۆپەراسیۆنی سەربازیش بۆ رزگاركردنی دوو سەربازەكە لەلایەن ئیسرائیلەوە ناوی «پاشداتی دادپەروەرانە»ی لێنرابوو.
میدیاكانی ئیسرائیل رووداوەكەیان بە «دووەمین جەنگی لوبنان» ناودەبرد، میدیا عەرەبی و ئیسلامییەكانیش هێرشەكەی ئیسرائیلیان بە دەستدرێژی بۆسەر لوبنان وەسف دەكرد.
ئەنجومەنی ئەوروپا و هەندێك لە ئەندامانی گروپی هەشت، پەرسەندنی ئەو رووداوانەیان بە زۆر نیگەرانبەخش و هەڕەشەیەك بۆ سەقامگیری رەوشی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەقەڵەمدەدا، هەرچەندە مافی ئەوەیان دەدایە ئیسرائیل بەرگری لە هاوڵاتیانی خۆی بكات.
بە بۆچوونی رەوتە چەپەكانی ئیسرائیل، بەرپەرچدانەوەی ئیسرائیل زیادەڕەوی تێداكراوە، كۆفە ئەنان سكرتێری گشتی ئەو دەمەی نەتەوە یەكگرتووەكانیش، راگەیاندبوو»گەر ئیسرائیلییەكان لە رابردوودا كارییان بۆ دروستكردنی ناوچەیەكی ئەمنی یان رێكەوتنێكی دەكرد، ئەوا لەئێستادا لەڕێی هێزی سەربازییەوە ئەو ناوچە ئەمنییەیان بۆخۆیان دروست كردووە، بەڵام ئەو كارە بۆ ئەوانی تر داگیركارییە و رووبەڕبوونەوەكان چڕ دەكاتەوە».
بەپێی لێدوانە رەسمییەكانی ئەو دەمەی حكومەتی ئیسرائیل، تەلئەبیب لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەیدا لە باشووری لوبنان، خواستی نەبووە بەشێوەیەكی فراوان بچێتە نێو خاكی لوبنان، وێڕای ئەوەی سوپا داوای سەربازانی یەدەگ و بڵاوكراوەی لەباشووری لوبنان بڵاوكردبۆوە كە تێیدا داوای لە مەدەنییەكان كردبوو، ناوچەكە چۆڵ بكەن.
حكومەتی ئیسرائیل رایگەیاندبوو كە هەڵمەتەكەی لە دژی چەكدارانی حزبوڵڵایە نەك حكومەتی لوبنانی.
لە سەرەتای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەوە ژمارەی كوژراوانی لوبنان گەیشتنە زیاتر لە 1300 كەس كە زۆربەیان مەدەنی بوو، لەبەرانبەردا 103 سەرباز و 44 مەدەنی ئیسرائیلی كوژران.
هەڵوێستی خۆرئاوا لەو دەمەدا یەكگرتووە نەبوو بەرانبەر بە رووداوەكان، شانشینی عەرەبی سعودیەش رفاندنی دوو سەربازە ئیسرائیلییەكەی لەلایەن حزبوڵڵاوە بە «سەركێشییەكی نابەرپرسانە» وەسفكردبوو.
سعودیە لەو دەمەدا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندبوو»هەندێك لایەنی لوبنانی بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی شەرعی وڵاتەكەیان، و بەبێ‌ هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتە عەرەبییەكان، سەركێشییەكی نابەرپرسانەیان ئەنجامدا».
لەكاتی رووبەڕبوونەوە سەربازییەكاندا، ژمارەیەكی زۆر لە لوبنانییەكان ئاوەربوون كە بە نیو ملیۆن ئاوارە مەزەندە دەكران، تەنیا شاری سەیدا پێشوازیی لە سەد هەزار ئاوەرە كردبوو، هەندێكی لە ئاوارەكان چوبونە نێو خاكی سوریا.
هەر بەهۆی ئەو شەڕەوە، نزیكەی 2000 بیانی لە لوبنانەوە روویان كردەوە سوریا، لەكاتی تەوژمی ئاوارەبوونی لوبنانییەكانیشدا، بەهۆی بۆردومانێكی ئیسرائیلەوە 18 مەدەنی كوژران.
ئیسرائیل لەو شەڕەدا لەلایەن ولایەتە یەكگرتووەكانەوە پشتیوانییەكی تەواوەتی لێكرا، رۆژنامەی «نیویۆرك تایمز»ی ئەمریكایی لەو دەمەدا باسی لەوەكردبوو كە واشنتۆن هەوڵەكانی چڕكردۆتەوە تا ئەو بۆمبانە بۆ ئیسرائیل رەوانە بكات كە بە وردی ئامانجەكانیان دەپێكن، كۆندۆلیزا رایس وەزیری دەرەوەی ئەو كاتەی ئەمریكاش، هەموو ئەو بانگەشە نێودەوڵتیانەی رەتكردبۆوە كە داوای دەستبەجێ‌ ئاگربەستیان دەكرد لە لوبنان.

 

شاری قودس لە چەند دێڕێكدا

رەوتەكان

بە شارێكی پیرۆز بۆ مەسیحی و مسوڵمان و جولەكەكان دادەنرێت و ناوجەرگەی یەكێك لە دوورودرێژترین ململانێیە لە جیهاندا.
لەچەند سەد مەترێكدا لەنێوان دیواری شارە كۆنەكە، چەند شوێنێكی تێدایە كە بە پیرۆزترین بۆ چەندان ملیار باوەڕدار لە جیهاندا دادەنرێن.
قودس پێگەیەكی ئاینی گەورەی هەیە بۆ مسوڵمانان، بەوو هۆیەی حەرەمی قودسی تێدایە كە مەسجیدی ئەقسای پیرۆز و قوبەی سەخرە لەخۆدەگرێت.
جولەكەكان «دیواری مەبكا» یان دیواریی خۆرئاوا (بوراق) كە دەكەوێتە خوار حەوشەی مەسجیدی ئەقسا، بە دوایین شوێنەواری پەرستگای جولەكە دادەنێن (هەیكەل) كە لە ساڵی 70دا لەلایەن رۆمانەوە وێران كرا، ئەوەش پیرۆزترین شوێنە بۆ ئەوان.
هەروەها كڵێسای قیامەی تێدایە كە پیرۆزترین شوێنە سەبارەت بە مەسیحییەكان و بە گرنگترینیش لە جیهاندا بۆ شوێنكەوتوانی ئەو ئایینە دادەنرێت.
نزرگەیەكی تێدایە مێژووەكەی بۆ سەدەی نۆزەدەیەم دەگەڕێتەوە، لەو شوێنەدا دروستكراوە كە بەپێی ئینجیل پێیانوایە گۆڕی مەسیحی تێدایە.

هەردوولا چی دەڵێن؟
جولەكەكان دەڵێن، قودس بۆ 3000 ساڵ دەچێت، پایتەختی مێژوویی ئەوانە، ئەوەش هۆكاریی ئاینی و سیاسی لەپشتەوەیە.
بەپێی گێڕانەوە كۆنەكانی جولەكە، قودس لەگەڵ ئەوەی هەیكەل لەخۆدەگرێت كە دووجار روخێنراوە، پایتەختی مێژوویی شانشینی ئیسرائیل بووە كە لەلایەن مەلیك داودەوە حوكمڕانی كراوە لە سەدەی دەی پێش زایین، دواتریش شوێنی شانشینی حشنونییە جولەكەكان بووە.
دوای دامەزراندنی ئیسرائیل لە ساڵی 1948، قودسی غەربی پایتەختی بوو، بەشی شەرقیش لەژێر دەستی ئوردندا مایەوە.
دوای جەنگی شەش رۆژە لە ساڵی 1967، ئیسرائیل كەناری خۆرئاوا و كەرتی غەززە و قودسی شەرقی داگیركرد.
ئیسرائیل لە ساڵی 1980دا قودسی شەرقی خستە سەر قەوارەی خۆی و بە پایتەختی تاهەتایی و یەكگرتووی خۆی داینا، ئەو هەنگاوەش لەلایەن كۆمەڵی نێودەوڵەتییەوە دانی پێدانەنرا، بە ولایەتە یەكگرتوەكانیشەوە.
كۆمەڵی نێودەوڵەتی قودسی شەرقی بە شارێكی داگیركراو دادەنێت.

شوێنی تەنگژە بەردەوامەكان بووە
سەبارت بە ئیسرائیلی و فەلەستینییەكان، قودس واتایەكی نەتەوەیی و نیشتمانی بەردەوامی هەیە، بۆ فەلەستینییەكان كە خەون بە سەربەخۆییەوە دەبینن، بەگریكردن لە قودس و ئەقسا ئەو خواستەیە كە یەكیان دەخات و كۆیان دەكاتەوە.
حەرەمی قودسی پیرۆز، یەكێكە لە هۆكارە سەرەكییەكانی تەنگژە بەردەوامەكان. تائێستاش لەبەر هۆكاریی مێژوویی لەژێر سەرپەرشتی ئوردندایە، بەڵام هەموو دەروازەكانی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئیسرائیلەوە كۆنترۆڵ كراون.
حەرەمی قودسی، مەسجیدی ئەقسا و قوبەی سەخرە لەخۆدەگرێت، كە یەكێكە لە دوو قیبلەكە و بە سێیەمین هەرە شوێنە پیرۆزەكان لای مسوڵمانان دادەنرێت.
دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل رێگەدەدەن جولەكەكان لە كاتی دیاریكراودا و لەژێر چاودێرییەكی تونددا سەردانی ئەو شوێنە بكەن، بەڵام بۆیان نییە لەوێ‌ نوێژ بكەن.
جولەكە توندڕەوەكان رێگەدانی پولیسی ئیسرائیلی بە سەردان و چوونەناوەوەی بیانییان بۆ نێو شوێنەكە لە دەروازی خۆرئاواوە دەقۆزنەوە، و دەچنە نێو مزگەوتی ئەقسا و رێوڕەسمی ئاینی خۆیان ئەنجام دەدەن و بە ئاشكرا دەڵێن كە بەنیازن هەیكەل لە شوێنەكەدا دروست بكەنەوە.
ئەو سەردانانە بونەتە جێگەی مەترسی بۆ فەلەستینییەكان، سەبارەت بە دابەشكردنی مەسجیدی ئەقسا (لەڕووی كات و شوێن)ەوە لەنێوان جولەكە و فەلەستینییەكان، بەجۆرێك كە چەند كاتژمێرێك لە بەیانیاندا بۆ جولەكەبێت و پاشماوەی رۆژەكە بۆ فەلەستینییەكان.
دۆخی ئێستا كە میراتی «جەنگی 1967»ە، رێگە بە مسوڵمانەكان دەدات بگەنە مەسجیدی ئەقسا لە هەموو كاتەكانی رۆژ و شەو، جولەكەكانیش بۆیان هەیە لەچەند كاتژمێرێكدا سەردانی شوێنەكە بكەن، بەڵام بۆیان نییە نوێژی تێدا بكەن.
حكومەتی ئیسرائیل بەردەوام جەختی لە هێشتنەوەی ئەو دۆخە دەكرد وەك خۆی لە مەسجیدی ئەقسا.
راپەڕینی دووەم لە مانگی ئەیلولی 2000 بەرپابوو كاتێك ئیرێیل شارۆن سەرۆك وەزیرانی ئەو دەمەی ئیسرائیل سەردانی گۆڕەپانی مەسجیدی ئەقسای كرد.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*