سەرەکی » وتار » لەشکر حەمە ساڵح » مەترسییەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران

وردتر

مەترسییەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران

هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، كە بڕیارە لە مانگی 10ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، بایەخێكی تایبەتی هەیە و لە چەند روویەكەوە جیاوازە و پێچەوانەی هەڵبژاردنەكانی ترە، كە لە دوای 2003ەوە لەو وڵاتە ئەنجامدراون:

-لەم هەڵبژاردنەدا یاسای نوێی هەڵبژاردن كاری پێدەكرێت، كە بە پێچەوانەی هەڵبژاردنەكانی تر، بازنەكانی دەنگدان لەسەر ئاستی پارێزگاكان بچووككراوەتەوە بۆ ئاستی قەزا، كە رەچاوی ژمارەی دانیشتوانی تێدا دەكرێت.

ئەم یاسا نوێیە، سەرەڕای پەسەندكردنی لەلایەن ئەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، بەڵام هێشتا جێگەی مشتومڕە، چونكە لە بەرژەوەندیی لیست و قەوارە گەورەكاندایە، دەرگاش دەكاتەوە بۆ هاتنەپێشەوەی كەسانێك لە ناوچە دوورەدەستەكان كە شارەزای ئەوتۆی یاسا و كێشەكان نین و دەرچوون لە هەڵبژاردن وەك جۆرێك لە ئیمتیاز دەبینن، ئەوەش ئەنجومەنی داهاتوو تووشی كێشەی پسپۆڕی و شارەزایی دەكات.

-هەڵبژاردنی ئەمجارە، بە هەڵبژاردنی پێشوەخت دادەنرێت، واتە پێش ئەوەی خولی ئاسایی ئەنجومەنەكە (كە چوار ساڵە) كۆتایی بێت، ئەمەش بۆ یەكەمجارە لە عیراق شتێكی لەو جۆرە بكرێت.

هەڵبژاردنی پێشوەختە لە رووی بابەتییەوە لە عیراق پێویستی ئەم قۆناغەیە، بەڵام ئەگەر تەماشای هاوكێشەكان، لایەنە بەشدارەكان، فەزای گشتی، زاڵبوونی رەوتی دەمارگیریی ئایینی و مەزهەبی، چاوەڕوانی ئەنجامێكی دڵخۆشكەری لێناكرێت.

-باری سیاسی نییە بۆ ئەو پرۆسەیە، چونكە لانیكەمی بۆچوونێكی یەكگرتوو لە ئارادا نییە لە بارەی هەڵبژاردنەكە. رەوتی سەدر كە لایەنێكی گەورەی شیعەیە بەشداری ناكات، لایەنەكانی تریش بە مەرامی جۆراوجۆر مامەڵە لەگەڵ هەڵبژاردنەكە دەكەن.

رۆژ بە رۆژ لە هەڵبژاردنەكان نزیك دەبینەوە، بەڵام هێشتا گومان هەیە كە ئەو هەڵبژاردنە لە وادەی خۆیدا بكرێت، پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی ئەم وڵاتە لە خراپترین حاڵەتی دابەشبووندان و پڕۆژەیەك نییە زۆربەی لایەنەكان كۆبكاتەوە.

-باری ئەمنی و ئاسایشی عیراق لەبار نییە، هاوكات مەسەلەی كشانەوەی هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكاش هەنگاوێكی تر چۆتە پێشەوە، ئەگەر هەڵبژاردنیش بكرێت پێناچێت ئەنجامەكەی كاریگەریی پۆزەتیفی هەبێت.

ئەو شڵەژانە ئەمنییە، ئەو دۆخە خراپەی ناوچەكان لە خزمەتی هەڵبژاردنێكدا نییە كە شایستەی چاوەڕوانییەكان بێت، بەڵكو ئەو هەڵبژاردنە لەبری ئەوەی دۆخێكی باشتر بهێنێتە كایەوە، گرژی و نائارامی زیاتر دەهێنێتە كایەوە.

-لایەنە مەدەنییەكان، واتە ئەوانەی پێچەوانەی رەوتی ئایینی و مەزهەبین، كە لە راستیدا جوڵێنەری خۆپیشاندانەكانی پایزی 2019 بوون و هەر ئەوانیش هاندەری سەرەكی ئەو هەڵبژاردنە پێشوەختەن، بێ بەرنامەن.

ئەوەش ئەوەندەی تر زەمینە خۆش دەكات بۆ ئەوەی لایەنە نەریتییەكان، كە هەستی ئایینی و مەزهەبی بەسەریاندا زاڵە، كۆنترۆڵی بارودۆخەكە بكەن.
ئەوەی پەیوەندیشی بە كورد و هەرێمی كوردستانەوە هەبێت، ئەو چەند خاڵەیە:

-بە لایەنی كوردەوە ئەم هەڵبژاردنە تایبەتمەندیی هەیە، چونكە یاسای كارپێكراو هەلومەرجێكی تازە دەهێنێتە ئاراوە بە تایبەتی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، كە زۆربەیان لە بارێكی نائاساییدان.

مەرج نییە ئەم دۆخە بە باش یان بە خراپ لە قەڵەم بدرێت، چونكە ئەم یاسایەش هەندێك خاڵ و بڕگەی تیایە كە بردنەوەی مەحكوم كردووە بە گرتنەبەری هەندێك تەكنیك و تەكتیك بۆ ئەوەی سوود لە خاڵ و لایەنە پۆزەتیڤەكان وەربگیرێت.

-هەر بە لایەنی كوردەوە، گۆڕانكارییەك لە شێواز و قەبارەی بەشداریكردنی كورد روویداوە، كە ئەویش لیستی هاوبەشی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان بە ناوی «هاوپەیمانیی كوردستان» كە چاوەڕوانی ئەنجامێكی جیاوازی لێدەكرێت.

لە ساڵانی سەرەتای دوای 2003 (هاوپەیمانیی كوردستانی) هەبوو كە هەموو لایەنە كوردستانییەكانی كۆدەكردەوە، بەڵام لەو كاتەوەی ئەو هاوپەیمانییە نەماوە، ئەمە یەكەمجارە دوو لایەنی سەرەكیی كوردستان، كە ئەوانیش یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕانن پێكەوە بەشداری دەكەن، گەیشتوونەتە تێگەیشتنی هاوبەش لە بارەی كێشەكانی كوردستان لە عیراق و چۆنێتی چارەسەركردنی، هەروەك تێگەیشتنی باشتریان هەیە بۆ قەبارە و جەماوەری خۆیان لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان.

 284 جار بینراوە