سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » ئارەزووی گەنجانی هەولێر بۆ فێربوونی ئامێرەكانی موزیک زیادیكردووە

ئارەزووی گەنجانی هەولێر بۆ فێربوونی ئامێرەكانی موزیک زیادیكردووە

کاتێک گوێ لە مۆسیقا دەگریت، چەندین بەشی مێشکت چالاک دەبن، بەڵام کاتێک خۆت ئامێرێکی مۆسیقا دەژەنیت، ئەو چالاکییە وەک راهێنانێکی هەموو جەستەیی وایە بۆ مێشک. ئەنیتا کۆڵینس لێکۆڵەر و نووسەر لە بواری گەشەپێدانی مێشک و فێربوونی مۆسیقا دەڵێت: مۆسیقا یاری ئاگرییە لە مێشکی میوزیکژەنەکاندا دێت و دەچێت کاتێک مۆسیقا دەژەنن، کە ئەم کارە مێشکییە کاریگەری ئەرێنی هەیە بۆ سەر یادەوەری درێژ خایەنی مرۆڤ.

وەك خاوەن شوێنەكانی فرۆشتن ‌و فێركردنی ئامێرەكانی موزیک لە شاری هەولێر باسی دەكەن، ماوەیەكە حەز و ئارەزووی گەنجانی شاری هەولێر بۆ فێربوونی ئامێرەكان زیادیكردوە، ئاماژە بەوەشدەكەن رۆژانە كوڕان و كچان سەردانیان دەكەن، ئەوانیش جگە لە فرۆشتنی ئامێرەكان، لە رێگەی كردنەوەی خول و رێنمایی سەرەتاییەوە، فێری ژەنینی ئەو ئامێرانەیان دەكەن.

فرۆشتنی ئامێرەكان و فێركردنی موزیك
شێرزاد محەمەد وەك یەكێك لە خاوەن دوكانەكانی فرۆشتن و فێركردنی ئامێرەكانی موزیك، ئەو دوکانەکەی بەگیتار و ساز و عود و دەف داپۆشیبوو، بۆیە هەر لە دوورەوە دیاربوو کە شوێنەکەی تایبەتە بەو ئامێرانە.

کاتێک پرسیاری ئاستی فرۆشتن و داخوازی کڕیارانمان لێکرد، سەرەتا تیشكدەخانە سەر حەزوو ئارەزووی گەنجان و جۆری ئەو ئامێرانەی كە زیاتر خواستی لەسەرە، لەو بارەیەوە بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بەهۆی زۆربوونی ئامێرەكانی موزیک و هەرزانی نرخەكەی بەراورد بەساڵانی رابردوو، خواستنی گەنجان و ئارەزوومەندان لەسەر فێربوونی ئامێرەكان زیاتربووە، بەتایبەتی جۆرەکانی عودو ساز و گیتار و كەمانجە و تەپڵ و دەف و چەندانی تر.

ئەو ئامێرە موزیکییانەی هەڵوسرابوون دیمەنێکی جوانیان بە شوێنەکە بەخشیبوو، بۆیە دیاربوو لە لایەن کەسانی دەستڕەنگین دروستکرابن، بۆ ئەمەش خاوەنەکەی وتی: زۆربەی ئەو ئامێرانەی لە باكوری كوردستان دروستدەكرێن، نرخەكانی لە نێوان 50 تا 200 هەزار دینار دەبێت، لێرە جگە لە فرۆشتن، هەوڵی فێركردنی ئەو كەسانە دەدەین كە ئارەزووی فێربوون دەكەن، ئێستاش بەهۆی دەستبەتاڵی بە شێكی زۆر لەگەنجان خولیای فێربوون بۆ ژەنینی ئامێرەكان زیاتر بووە .

داوای گیتار و ساز و كەمانچە دەكەن
ئاماژەی بەوەشكرد: جگە لەوانەی دەیانەوێ فێربن، هەندێكیان تەنیا بۆ جوانکاری داوای گیتار و ساز و كەمانچە دەكەن، یان بۆ وێنەگرتن و بڵاوكردنەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەنتیەكان ئامێرەکان دەکڕن، لەگەڵ ئەوەش كەسانی زۆر هەیە بەهرەمەندن و فێردەبن.

ئەحمەد گۆران خاوەنی یەکێکی ترە لە شوێنی فرۆشتنی ئامێرەکانی موزیک، ئەو لە دەرەوەی دوکانەکەی وەستابوو، دیاربوو چاوەڕوانی هاتنەوەی کارەبای دەکرد، دوای دەربڕینی بێزاری لە گەرمای ئەمساڵ و خراپی ئاو و کارەبا، باسی لە دوکانەکەی بۆ کردین و بۆ کوردستانی نوێ وتی: بەڵێ خواست لەسەر ئامێرەکان زیادیکردووە، زۆر لە گەنجان حەزدەکەن یەکێک لەو ئامیرانە فێربن، ئەوانەشی خاوەن بەهرەیەکن و حەزێكی لەڕادەبەدەریان بۆ فێربوونی ئامێرەكانی موزیک هەیە، بەکاتێکی کەمتر فێری ژەنین دەبن، مەرجیش نییە ببنە ژەنیارێكی تەواو، بەڵكو حەزدەكەن چەند ئاوازێك بزانن و بۆ كات بەسەربردن و ئارامكردنەوەی دڵ و دەروونیان بەکاریدەهێنن، بەڵام ئەوە بەو مانایە نایەت کە ئەو گەنجانە میوزیكژەنێكی باشیان لێ دەرناچێت، بەڵكو هەیانە ئاستێكی بەرزیان هەیە و لە توانایاندایە لەگەڵ تیپەكانی موزیک كاربكەن.

پێویستە شتێك لە موزیک بزانن
خاوەنی ئەو شوێنە دیار بوو خۆی شارەزاییەکی باشی لە ئامێرەکان هەبوو، بۆیە وتی: لە هەولێر ژمارەیەكی زۆر لە دوكان و شوێنی فرۆشتنی ئامێرەكان موزیك هەیە، بەڵام ئەوەی ئەو فرۆشیارانە لە فرۆشیاری دیكە جیادەكاتەوە ئەوەیە، پێویستە ئەوانەی ئەو كارە دەكەن خۆیان شتێك لە موزیک بزانن، واتا ئەهلی كارەكەبن، بۆ ئەوەی بتوانن بەشێوەیەكی دروست مامەلە لەگەڵ خەڵك بكەن و تایبەتمەندیی ئەو پیشەیە بپارێزن.
ئاشکراشیکرد: راستە بەشی زۆری ئەوانەی سەردانمان دەکەن کوڕانن، بەڵام کچانیش بە رێژەیەکی باش داواکاریان هەیە و ئەوانیش بەهەرمەندیان تێدایە، بەتایبەتی بۆ ئامێرەکانی کەمانچە و گیتار.

هەر لە نێو بازاڕی گەورەی هەولێر چاومان بە شوێنێكی دیكەی شوێنی موزیك كەوت كە تایبەت بوو بە شمشاڵ، خاوەنەكەی پیشەكەی لە باوكییەوە بۆ ماوەتەوە و بە حەز و ئارەزوویەکی زۆرە باسی ئامێرەكەی كرد .

عیماد ئەبوبەكر خاوەنی ئەو شوێنەیە، ئەو کاتەی لێی نزیکبوینەوە لەسەر كورسیەك دانیشتبوو و ژمارەیەكی زۆر شمشاڵی لەسەر مێزێک ریزكردبوو، ئەو باسی لە پیشەكەی كرد و رایگەیاند: راستە بۆ كاسبی ئەو كارە دەكەین، بەڵام حەز و ئارەزوومان هەیە، بەتایبەتی بۆ من كە لەباوكمەوە بۆم ماوەتەوە، بۆیە بەدڵخۆشیەوە رۆژانە پێشوازی لە خەڵكی دەكەم، ئینجا كڕیاربن یان هەر بۆ خۆشی تاوێك رابوەستن و سەیرێكی ئامێرەکان بكەن.

نرخی شمشاڵ زۆر نییە
ئەو وتیشی: نرخی شمشاڵەکان زۆر نین، بەڵکو لە نێوان پێنج تا شەش هەزار دینارە، بۆیە زۆر كەس دەتوانێ بیكڕێت، سەبارەت بە ئامێرەكە زۆربەیان لە قامیش و دارحەیزەران دروست دەكرێن، فێربوونیشی ئاسانە، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی حەز و ئارەزووەیان بۆ شمشاڵ زۆرە، ئێستاش رۆژانە گەنجان تەنانەت بەتەمەنەکانیش سەردانمان دەكەن، چونكە شمشاڵ تاڕادەیەک مۆركێكی كوردەواری پێوەدیارە و پێشتر لە دێهاتەكان و لەكاتی شوانیدا زۆر بەكاردەهێندرا، بۆیە خەڵكی یادگاریان لەگەڵیدا هەیە.

فرۆشیارەکەی شمشاڵ کاتێک هاتەسەر چۆنیەتی ژەنینی ئەو ئامێرە، بەڵام پێش قسەکردنی وەڵامی چەند کڕیارێکی دایەوە، دیار بوو بیانی بوون و شمشاڵەکان سەرنجی راکێشاون، دواتر رووی لەمن کردەوە و ئاماژەی بەوەکرد: ژەنینی ئامێرەکانی موزیک پێویستی بە كات و سەلیقیكی تایبەت هەیە، لێرەش لەبەر ئەوەی گەنجان كارێكی ئەو تۆیان نییە، زۆرجار بۆ پڕكردنەوەی بۆشاییەكانیان سوود لەو ئامێرانە وەردەگرن، هەروەها لەبەر ئەوەی خەڵكێكی زۆر توانای ژەنینی شمشاڵیان هەیە و بەراورد بە ئامێرەكانی تر زووتر فێردەبن، بۆیە ژەنینی شمشاڵ بە هەموو جۆرەكانی فراوان بووە و داخوازیی زیاترد لەسەرە، ئەمە جگە لەوەی نرخەكەی هەرزانترە و ئاسانتریش دەستدەكەوێت.

«بەزەحمەتی دەزانم وابەئاسانی فێربم»
هەر لە تەنیشت ئەو شمشاڵژەنە چەند کەسێکی تر لە بەردەم ئەو مێزە وەستان کە شمشاڵەکانی لەسەر داندرابوو، لە یەکێکیانم پرسی رات چیە لەسەر ئەو ئامێرە لەوڵامدا وتی: لەبەر ئەوەی شمشاڵ دەنگێکی خۆشی هەیە حەزدەکەم فێری بم، ئێستاش هاتووم دانەیەک بکڕم بەڵام بەزەحمەتی دەزانم وابەئاسانی فێربم.

ئەو گەنجە دوای ئەوەی سەیری دەوروبەری خۆی کرد و بەزەردەخەنەوە دەستی بەقسەکانی کردەوەو وتی: ناڵێم دەبمە ژەنەرێکی باش بەڵام دەمەوێت شتێکی لێ بزانم، راستە دەڵێن ئاسانە، پێموایە بەراورد بە ئامێرەکانی تر ئاسانترە، هەر بۆیە منیش هاتووم بۆ لای ئەو شمشاڵژەنە و نەمتوانی خۆم لەقەرەی ئامێرەکانی عود و ساز و کەمانچە و گیتار و ئەوانی تر بدەم.

 278 جار بینراوە