سەرەکی » ئابووری » چارەسەری كێشەی كارەبای ئیدارەی راپەڕین و دەوروبەری دەكات

بەردی بناغەی پڕۆژەیەكی كارەبا لە‌ رانیە دانرا

چارەسەری كێشەی كارەبای ئیدارەی راپەڕین و دەوروبەری دەكات

راپۆرتی: جێگر خدر – رانیە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەردی بناغەی پڕۆژەی راكێشانی هێڵی 132 كەی ڤی (بازیان – رانیە)ی دانا و رایگەیاند، ئەم پڕۆژەیە رۆڵێكی گرنگ دەبینێت لە كەمكردنەوەی ئەو رێژە كارەبا زۆرەی رۆژانە بەهۆی كۆنبوونی تۆڕەكانی گواستنەوەوە بەفیڕۆ دەچێت.

هاوكات، سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین رایدەگەیەنێت، ئەم پڕۆژەیە یەكێكە لە پڕۆژە گرنگ و پڕ بایەخەكانی حكومەتی هەرێم و دەبێتە بەشێك لە تۆڕی كارەبای نیشتمانیی سەرجەم هەرێم.

لای خۆیەوە، بەڕ‌ێوەبەر‌ی بەڕێوەبەرایەتیی دابەشكردنی كارەبای راپەڕین دەڵێت: «بڕی 31 ملیار و 600 ملیۆن دینار بۆ ئەو پڕۆژەیە تەرخانكراوە، كە بەهۆیەوە دەرفەتی وەبەرهێنان لە سنوورەكە دەڕەخسێنێت».

ئاراستەی راستكردنەوەی رێڕەوی حكومڕانی
رۆژی 26ی 8ی 2021، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران لە میانەی وتارێكدا لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی راكێشانی هێڵی 132 كەی ڤی بازیان – رانیە رایگەیاند، كاتێك دەتوانین وڵات پێشبخەین و كێشەی كارەبا و كێشەی خزمەتگوزارییەكانی دیكە چارەسەر بكەین، كە رێڕەوی حكومڕانی و خواروخێچییەكانی رابردوو راست بكەینەوە.

باسی لەوەشكرد، پڕۆسەی بایۆمەتری و دروستكردنی حكومەتی ئەلیكترۆنی كە ماوەی چەند ساڵێكە دەستیپێكردووە، هەنگاوێكی گرنگی حكومەتە بە ئاراستەی راستكردنەوەی رێڕەوی حكومڕانی.

هانی زیاتری وەبەرهێنان دەدات
لای خۆیەوە، هیوا قەرەنی سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: ئەم پڕۆژەیە یەكێكە لە پڕۆژە گرنگ و پڕ بایەخەكانی حكومەتی هەرێم كە لەلایەن كۆمپانیای (هێرۆ)وە جێبەجێدەكرێت و دەبێتە بەشێك لە تۆڕی كارەبای نیشتمانیی سەرجەم هەرێم، بۆ ناوچەی راپەڕین-یش توانای كارەبا بۆ 500 مێگاوات بەرز دەكاتەوە، لەكاتێكدا تاوەرەكانی پێشوو كە بۆ ئەو سنوورە راكێشرابوون، تەنیا 170 مێگاواتیان رادەكێشا.

وتیشی: «بەپێی گرێبەستی كۆمپانیاكە، لە ماوەی ساڵێكدا پڕۆژەكە بەكۆتا دێت، بە تەواوبوونیشی خزمەتێكی گەورە بە دانیشتوانی سنووری ئیدارەی راپەڕین دەكات و لە توانایدا دەبێت ڤۆڵتییەی كارەبا بەشێوەیەكی باش بەرز بكاتەوە و كارەبای پێویستیش بگەیەنێت».

سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، لەگەڵ تەواوبوونی پڕۆژەكە، تا (10 – 15) ساڵی دیكە، ناوچەكە پێویستی بە راكێشانی هیچ هێڵێكی دیكەی كارەبا نابێت.

وتیشی: «كارەبا لایەنێكی گرنگی بووژانەوەیە، ئەو پڕۆژەیە هانی زیاتری وەبەرهێنان دەدات لە دەڤەرەكەدا، دەرفەتی زیاتر دەڕەخسێنێت تا كارگەی گەورە بونیادبنرێت و بواری پیشەسازیی گەشە بكات، كە لە ماوەكانی رابردوودا بەشێك لە وەبەرهێنەران كەمی توانای كارەبایان وەك رێگری لە بەردەم كارەكانیاندا دەبینی.

پڕۆژەیەكی ستراتیژییە
ئەندازیار عەلی محەمەد، بەڕ‌ێوەبەر‌ی بەڕێوەبەرایەتیی دابەشكردنی كارەبای راپەڕین، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: پێشتر چەندین جار تیمێك لەژێر چاودێری و بە پشتیوانیی سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی و وەزیری كارەبامان كرد، دواجار خۆشبەختانە پڕۆژەی راكێشانی هێڵی 132 KV بازیان – رانیە (دەبڵ لاین، دەبڵ كۆندێكتەر، توێن تێل) خرایە بواری جێبەجێكردنەوە و لەلایەن قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانەوە بەردی بناغەكەی دانرا.

راشیگەیاند، ئەو پڕۆژەیە پڕۆژەیەكی ستراتیژیی گرنگی كارەبایە بۆ هەرێمی كوردستان و بە دیاریكراوی بۆ ئیدارەی راپەڕین و چەند ناوچەیەكی دیكە، كە دەبێتە هۆی چارەسەركردنی كێشەی كەمیی توانای گواستنەوەی وزەی كارەبا لە وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەباوە بۆ ناوچەكەی ئێمە و ئەو ناوچانەشی كە پەیوەستن بەو سنوورەوە.

بەوتەی بەڕ‌ێوەبەر‌ی بەڕێوەبەرایەتیی دابەشكردنی كارەبای راپەڕین، بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیە، كێشەكانی كەمی توانای گواستنەوە و كێشەی «لۆد فلۆ» لە سیستەمی كارەبای هەرێم و كەمی « ڤۆڵتییە» چارەسەر دەكات، كە كێشەیەكی كۆنی كارەبای هەرێمە.

دەرفەتی كار دەڕەخسێنێت
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، ئەندازیار عەلی محەمەد جەختی لەوە كردەوە، پڕۆژەكە لە رووی ئابوورییەوە سوودێكی زۆر بەو ناوچانە دەگەیەنێت كە پڕۆژەكەی لێوە تێدەپەڕێت، هەلی كاری زۆر دەڕەخسێنێت، بەوپێیەی بودجەیەكی گەورەی بۆ تەرخانكراوە كە گوژمەی تەرخانكراو بریتییە لە 31 ملیار و 600 ملیۆن دینار.

 531 جار بینراوە