سەرەکی » ئاراستە » مووبڕە،گوندی مێوبڕەکان

مووبڕە،گوندی مێوبڕەکان

هه‌ردی شێخ ئیسماعیل موبڕه‌یی

مووبڕە یەکێکە لە گوندە دێرینەکانی کوردستان، لە رووی کارگێڕییەوە سەربە ناحیەی (زەلان)ی قەزای چوارتایە لە پارێزگای سلێمانی‌‌‌، دەکەوێتە دووری (11) کیلۆمەتر لە خۆرهەڵاتی قەزای چوارتاوە.

لەبارەی ناوی گوندەکەوە چەند راو بۆچوونێکی جیاواز هەیە، پیاوە بە تەمەنەکانی گوندەکە پێیانوایه‌ لەبەرئەوەی ناوچەکە شاخاوییە و دەوڵەمەندە بە رەز و باخە مێوی زۆر و ساڵانە لە وەرزی مێوبڕیندا مێوەکانیان بڕیوە و وەستای مێو بڕی زۆریان هەبووە، هەر بۆیە گوندەکەیان بە مێوبڕە یان مووبڕە ناسراوە.

لەبەرئەوەی لە ناوچەکەدا چەند ناوێکی تورکی دیکە هەن، وەک ناوی چیاکانی (جاناڵی، قەمڕاڵی، حەسەناڵی) بۆچوونێک هەیە کە دەڵێت: ناوی گوندی مووبڕە تورکیە و دەگەڕێتەوە بۆ رۆژگاری حوکمڕانی عوسمانیەکان لە ناوچەکەدا، هەندێک دەڵێن: کە ناوی (مووبڕە) بەمانای (موغ پلە، پردی موغەکان) دێت، هەندێکی دیکە پێیانوایە کە ناوی موبڕه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ (مبرئ)ی عەرەبی، كه‌ به‌مانای پاك دێت.

جوگرافیای مووبڕە:
ئەم گوندە بە چەند گرد و چیایەکی بچووک دەورە دراوە، لە سێ رێگەی سەرەکییەوە دەچێتەوە سەر گوندەکە، هاو سنوورە لەگەڵ گوندەکانی (گۆڕەدێم، مامەخەلان، بڵنگە، ره‌شکی، گۆماو، مایانان، کەوانەدۆڵ، بیانێ)، سەرچاوەی ئاوی بریتییە لە کانی و کارێز و بیر لەناو گوند و دەرەوەی گوند، بەنزیکەیی سی کانی و کارێزی هەیە.

مێژو و شوێنەوارە دێرینەکانی مووبڕە:
مێژووی ئاوەدانکردنەوەی بە وردی نازانرێت، بەڵام لە رووی شوێنەوارییەوە خاوەنی چەندان شوێنەوارە کە فەرمانگەی شوێنەواری سلێمانی کنە و پشکنینی بۆ هەندێک لە شوینەکان کردووە لە ئەنجامدا چەندین پارچە شوێنەواری گرنگ و پڕ بایەخ دۆزراونەتەوە کە میژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ (1000-2000)ساڵ پ.ز و ئێستا لە مۆزەخانەی سلێمانی پارێزراون، هەروەها خاوەنی چەند گۆڕستانێکی زۆر کۆنە گرنگترینیان گۆڕستانەکانی شێخ محەمەد ناسراو بە (مام تاتە)، شێخ سۆفی مەحمود و گۆڕی چەندین کەسایەتی و پیاو چاکی لێیە کە بە (پیر) ناویان هاتووە.

ناوی هەندێک لە پیرەکان:

1 – پیر خەیر(خدر)

2 – پیر میکایل

3 – پیر ئیلیاس

4 – شێخ عەوڵڵا

5 – پیر فەتاح

زاناو مەلایانی ئەم گوندە چەند دەستنووسێکیان هەیە مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ (150-500) ساڵ پێش ئێستا، لەوانە: شەجەرەی بنەماڵە، حوکمی میری، هەندێک سەنەد و تاپۆ، بەشێک لە تاپۆی رەشی عوسمانی، قورئانه‌ ده‌ستنووسه‌كه‌ی شێخ سۆفی مه‌حمود، چەندانی دیکە.

دەستڕەنگینی لە گوندی مووبڕە:
ئەم گوندە ژمارەیەکی زۆر لە پیاو و ژن کەسی حەکیمی تێدا هەڵکەوتووە، لە رۆژگاری خۆیاندا چارەسەری نەخۆشیان کردووە، چ لە ناو گوند چ لە دەرەوەی گوندەکەدا، لەوانە: حاجی محەمەد کە ناسراوە بە (حەمە کوردە) كه‌ ده‌ستێكی باڵای هه‌بووه‌ له‌ چاره‌سه‌ركردنی سروشتیدا، لە رووی دەستڕەنگینی و ئیشوكاری رۆژانە و دابینکردنی بژێویی خۆیانەوە، هەموو پێداویستییەکانی رۆژانەی خۆیان دروستکردووە و کەسانی پیشەگەر لە دەرەوەی گوند هاتوون و ماونەتەوە و کاریان کردووە وەکو پیشەکانی (ئاسنگەری، جۆڵایی، دارتاشی).

بۆ یەکەمجار لە ساڵی (1951ز) قوتابخانەی تێدا کراوەتەوە، هەندێک لەو مامۆستایانەی کە وانەیان تێدا وتۆتەوە: مامۆستا عومەرە فەنی، مامۆستا ئەحمەدە فەنی، مامۆستا کەمال تاماس، مامۆستا ع.ع. شەونم، لە ساڵی (1953ز) بنکەی تەندروستی تێدا کراوەتەوە لەو دکتۆرانەی کە خزمەتیان تێدا کردووە (د.سدیق).

ئاین و زانایان و کەسایەتیەکانی مووبڕە:
گوندی مووبڕە هەر لە کۆنەوە مزگەوت و حوجرە و مەلای وانەبێژی تێدابووە، مزگەوتێکی گەورە و ناوازەی هەبووە، لەم گوندەدا لە کەسایەتییە ناسراوەکانی: شێخ سۆفی مەحمود، شێخ سۆفی هەمزە، شێخ سۆفی رەسول، مامۆستا مەلا شێخ حەسەن، مامۆستا مەلا شێخ عەباس، مامۆستا مەلا شێخ عوسمان، مامۆستا مەلا شێخ ئەحمەد، فەقێ ئیسماعیل، فەقێ محمود، فەقێ عەبدوڵڵا، قادر ئاغا، فەقێ کەریم، چەندانی دیکە.

لە دوای راپەڕینی ساڵی (1991) ئەم گوندە لەلایەن دانیشتوانەکەیەوە ئاوەدانکراوەتەوە، لەلایەن حکومەت و رێکخراوەکانەوە چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاریی بۆ کراوە، لەوانە: قوتابخانە و پڕۆژەی رێگەوبان و مزگەوت و کارەبای نیشتمانی و پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی بۆ دابینکراوە.

سه‌رچاوه‌كان:

1 _ هه‌گبه‌ی شارباژێڕ هه‌ندێك بابه‌تی لێره و له‌وێ، ئاماده‌كردنی: شاهۆ غه‌فور حسێن ساڵی 2016.

2_ شیكردنه‌وه‌ی جوگرافی دابه‌شبوونی نشینگه‌ دێهاتییه‌كان له ‌قه‌زای شارباژێڕ، ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د ساڵح ساڵی 2008.

3_ بناغه‌ی ناوه‌كان، عبدالكریم مدرس ساخكردنه‌وه و لێكۆڵینه‌وه‌ی پ.د.عیرفان ره‌شید شه‌ریف ساڵی 2021.

4_ گۆڤاری دوانگه،‌ بابه‌تێك له‌سه‌ر ژیاننامه‌ی عارف و خواناس م.مەلا شەریفی موبڕه،‌ له‌ نووسینی هه‌ردی شێخ ئیسماعیل موبڕه‌یی ساڵی 2021

5_ چاوپێكه‌وتنی نووسه‌ر له‌گه‌ڵ عەلی عومەر و عەزیز قادر و ئیسماعیل موبڕه‌یی لە رۆژی (15/2/2019).

 162 جار بینراوە