سەرەکی » ئاراستە » گوندی کۆزەبۆرەپەڕە 3

گوندی کۆزەبۆرە

پێشەوا شێخ رەئوف

کۆزەبۆرە یەکێکە لە گوندەکانی كوردستان، لە رووى کارگێڕییەوە دەکەوێتە ناحیەى ئاغجەلەرى قەزاى چەمچەماڵەوە لە سنووری پارێزگاى سلێمانى، نزیکەى پێنج کیلۆمەتر لە ناوەندى ناحیەکەوە دوورە، لە بارەى ناوى گوندەکەوە راوبۆچوونى جیاواز هەیە، بەڵام ئەوەی لە هەموویان پەسەندترە، ئەوەیە وشەیەکى لێکدراوە لە هەردوو بڕگەى (کۆز) و (بۆر) پێکهاتووە، (کۆز) بە زمانى خەڵکى ناوچەکە بریتییە لە پەچەیەکى لە خشت و قوڕ یان بەرد و قوڕ دروستکراو، بەرزییەکەى لە باڵاى مرۆڤ نزمتر بووە و مەڕوماڵاتى تێکراوە، وەکو شوێنیک بۆ حەوانەوەى مەڕوماڵات، هەروەها (بۆر)یش ئاماژەیە بۆ رەنگى خشت و خاک و خۆڵ کە دیوارى پەچەکەى لێ دروستکراوە.

ئەوەی کە تائێستا روون و دیارە مێژووی ئاوەدانی ئەم گوندە دەگەڕێتەوە بۆ 500 ساڵ لەمەوبەر و دوو بنەماڵەی سەرەکی تێدا بووە و ئاوەدانیان کردۆتەوە، ئەوانیش بریتین لە(بنەماڵەی شێخەکان) کە دەگەڕێنەوە بۆ شێخانی بەرزنجەیی و لە نەوەی (شێخ بابا رەسوڵی گەورە)ن، بنەماڵەی (مسکێنەکان)یش کە مێژوویەکی دوور و درێژیان هەیە و لەگەڵ شێخەکاندا پێکەوە لەم گوندەدا ژیاون.

بەڵام بەپێی ئەو شوێنەوارە دێرین و گۆڕستانە کۆنانەی کە لە سنووری گوندەکەدا هەن، مێژووی ژیان و ئاوەدانی ئەم گوندە بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، دوو شوێنەواری دێرین لە کۆزەبۆرەدا هەن و تائێستا بەباشی ماونەتەوە، ئەوانیش شوێنەواری (باجگە) کە دەکەوێتە ناو کەلی گردی (باجگە) و پێکهاتووە لە چەندین ژوور و دیوارى پان و فراوان و شوێنى تەنوور و ئاگردان، ئەوەی دووەمیشیان شوێنەواری (غەزنە) یە، کە هاوشانی شوێنەواری باجگەیە و چەند سەد مەترێک لێیەوە دوورە، لەم شوێنەوارانەدا لە ساڵانی حوکمی پاشایەتیی عیراقدا، دەستشۆرێکی ئاڵتوونی لێ دۆزراوەتەوە کە ئێستا لە مۆزەخانەی بەغدا پارێزراوە.

جگە لەم دوو شوێنەوارە گرنگە کە بەپێی بۆچوونەکان بێت دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی ساسانی یاخود پێشتر، هەرچەندە لە ساڵی (1994ز) دا بەهۆی کارکردن لە رێگەی گوندەکە، لە شوێنەواری باجگەدا ژمارەیەک گۆزەی رەنگ سەوز دۆزرانەوە، کە بەپێى بۆچوونى شوێنەوارناسەکان مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتدارێتی ئیسلامیی.

جگە لەم دوو شوێنەوارە گرنگە، ژمارەیەک گۆڕستان و مەرقەدی کۆن هەن، بۆ نموونە لە زەوییەکانی (بانەبۆر) و گردی (قەشکە) ژمارەیەک گۆڕی کۆن هەن، هەتا ئێستا مێژووى ئەم گۆڕستانانە یەکلایی نەکراونەتەوە، بەپێى هەندێک بۆچوون مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش هاتنی ئایینی ئیسلام بۆ کوردستان.

هەروەها گۆڕی پیاوچاکێکیش لە گوندەکەدا هەیە پێی دەوترێت (مەرقەدی مامە شێخ مارف)، خەڵکی گوندەکە زۆر بە پیرۆزیی دەزانن و ساڵانی زوو بۆ نەخۆشی و وەرگرتنی شیفا سەردانیان کردووە، ئەم مەرقەدە لە دوو بەش پێکهاتووە و دوو گۆڕە، دەوترێت یەکێکیان گۆڕی کەلـلە سەری پیاوچاکەکەیە و ئەوی تریشیان گۆڕی لاشەکەیەتی، خەڵکی گوندەکە دەڵێن ئەم پیاوچاکە یەکێک بووە لە هاوەڵانی پێغەمبەر و سەرباز بووە لە سوپای ئیسلام و لە شەڕێکدا شەهیدکراوە و سەری لە لاشەی جیاکراوەتەوە و لە دووریی یەکتر دانراون، هەربۆیە ئێستاش دوو گۆڕی هەیە.

هەڵکەوتەى جوگرافی گوندی کۆزەبۆرە لە باکوورەوە هاو سنوورە لەگەڵ گوندەکانی داڵەواڕووتە و قەڵاچۆغەی شێخ کەریم و قەڵاچۆغەی شێخ سەلام، لە باشووریشەوە لەگەڵ گوندی کانی هەنجیری گوڵان و شێخ پاڵەوان، لە خۆرهەڵاتیشەوە لەگەڵ گوندی داڵەوا کوردان، لە خۆرئاواشەوە لەگەڵ بێدەر و تەکباسان و گوڵمکەوە و گەڕاو هاوسنوورە.

رووبەری گوندەکە بریتییە لە(1560) دۆنم و (700)مەتر، (518) مەتر لەرووى دەریاوە بەرزە. بەپێی ئاماری رەسمیی حکومەتی عیراق، لە ساڵی (1957)دا بەم شێوەیە بووە: ژمارەی دانیشتووانی 87 کەس بووە، ژمارەی نێر41 و ژمارەی مێ 46 بەپێی سەرژمێریی و ئاماری رەسمیی حکومەتی عیراق لە ساڵی1977دا، 23خانووی تێدا بووە، 22 خێزانی تێدا ژیاوە و ژمارەی دانیشتووانەکەی 109کەس بوون و ئێستا (6) خێزان لەو گوندەدا نیشتەجێن و سەرقاڵی ئاژەڵداریی و کشتوکاڵن.

بەهۆی بوونی چەم و ژمارەیەک کانی لە گوندەکەدا، ئەم گوندە خاوەنی رەز و باخێکی زۆر بووە، بەشێوەیەک یەکێک بووە لە گوندە هەرە جوان و ئاویژەکانی سنووری ناحیەی ئاغجەلەر، رەز و باخەکانی بەناوبانگ بووە، هاوکات مەرەزە و تووتن و پەموو و کونجی و شمڵی و تەماتە و سەوزەکانی تری لێ کراوە، شوێنێکی باش بووە بۆ ئەو بەرهەمانە، بەڵام بەهۆی وشکەساڵی و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە، ئێستا زۆربەی رەزو باخەکانی لەناوچوون و تەنها یەک دوو باخی تازە دروستکراوی تێدایە.

دانیشتوانی ئەم گوندە ساڵانە کاری کشتوکاڵ دەکەن و گەنم و جۆ و نۆک و نیسک و دانەوێڵەکانی تر دەچێنن.

لە گوندى کۆزەبۆرەدا هەر لەکۆنەوە مزگەوت هەبووە، بەو هۆیەشەوە ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی گوندەکە قورئان خوێن بوون، (شێخ مستەفا)ی باپیرە گەورەی شێخەکانی گوندەکە، قورئان خوێن و پیاوێکی ئایینی بەناوبانگ و لەخواترس بووە، قورئانێکی دەستنووسی لای بنەماڵەکەی بەجێماوە کە بەرگەکەى لە پێستەی ئاژەڵ دروستکراوە، (شێخ حامید)ی کوڕی (شێخ مستەفا)ش پیاوێکی ناودار و خوێندەوار و قورئان خوێن بووە، خانەدان و دڵفراوان و پیاوێکی دیاری سنووری ناحیەکە بووە، خەڵکی پرس و رایان پێ کردووە و بەقسەشیان کردووە، ژمارەیەک نامە و دەستنووسی لێ بەجێماوە و ئێستاش لای نەوەکانی پارێزراوە، مێژووی نامەکان بۆ نزیکەی (100ساڵ) لەمەوبەر دەگەڕێنەوە. یەکێک لە نووسراوەکان نووسراوێکی رەسمییە مۆری بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەری پێوەیە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (1929)ی زایینی، ئەوەش یەکێکە لەو بەڵگانەی ناحیەی ئاغجەلەر کە ئەوکات ناحیە بووە.

(رەعنا خانى) خوشکى (شێخ حامیدى شێخ مستەفا) قورئان خوێنێکى باشبووە و بەپێى ئامارى رەسمی ساڵى 1947 لە هەموو سنوورى ناحیەى ئاغجەلەردا تەنها پێنج کچ و ژن هەبوون کە خوێندەوارییان هەبووە، یەکێکیان خاتوو (رەعنا) بووە، سیانەکەی تر منداڵ بوون لە قوتابخانەى سەرەتایى ئەوکاتى ئاغجەلەر خوێندکار بوون.

لە ساڵانی ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی رابردوو، گوندەکە گوێزراوەتەوە بۆ پشتى گوندى کۆنەکە و لەلایەن حکومەتەوە بۆ دروستکردنى خانووەکانیان هاوکاریى کراون، لەو کاتەشەوە بینایەک بۆ قوتابخانە دروستکراوە و منداڵانی گوندەکە دەخرێنەبەر خوێندن.

لە گوندی کۆزەبۆرەدا، ئاشێکی ئاو هەبووە کە تا ساڵانی سەرەتای هەشتاكان کاری کردووە، ئێستاش شوێنەواری ئاشەکە ماوە، بوونی ئەو ئاشە رۆڵی هەبووە لە ئاوەدانیدا بەشێوەیەک خەڵکی لە دەیان گوندەوە روویان تێکردووە بۆ هاڕینى باراشەکانیان، لە نووسراوێکی رەسمیی ناحیەی ئاغجەلەردا، باس لەو ئاشە کراوە و نووسراوەکە گرێبەستێکی رەسمییە لەلایەن بەڕێوەبەری ناحیەی ئەو کاتەوە ئیمزاکراوە و پولیشی پێوەیە، ئاماژە بە دابەشکاریی و پشکی ئەو ئاشە دەکات لەنێوان چەند هاووڵاتییەکی گوندەکەدا، ئەو ئاشە زیاتر لە 100ساڵ کاریکردووە.

هاووڵاتیانی ئەم گوندەش بەشداریى شۆڕشەکانى کوردیان کردووە، لەو پێناوەشدا چەندین جار لەلایەن رژێمی عیراقەوە گوندەکە سووتێنراوە، لە تاوانی جینۆسایدی ئەنفالیشدا (21) هاووڵاتی ئەو گوندە ئەنفال و شوێنبزر کراون، نزیکەی (10) شەهیدیشیان هەیە لە پێناوی رزگاریی خاک و نەتەوەکەیاندا گیانی خۆیان بەخت کردووە.

لەدواى راپەڕینى ساڵى1991جارێکى دیکە گوندەکە ئاوەدانکراوەتەوە، لە ساڵی1994دا، لەلایەن رێکخراوی کرا(KRA) وە دوو پڕۆژەی گرنگ بۆ گوندەکە جێبەجێکراوە، کە بریتیبوون لە چاککردن و فراوانکردن و تێکەڵەڕێژکردنی رێگەی گوندە کە زیاتر لە دوو کیلۆمەترە، هاوکات دروستکردنی پردێکی پەڕینەوەی تۆکمە بوو لەسەر چەمی گوندەکە، کە جگە لە گوندی کۆزەبۆرە، زیاتر لە حەوت گوندی تر کەڵکی لێوەردەگرن. دواتریش لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، پڕۆژەی ئاوی خواردنەوە بۆ گوندەکە جێبەجێ کراوە، بەڵام ئێستا پڕۆژەکە فەوتاوە و نەماوە. لەگەڵ ئەوەی کۆزەبۆرە هەر لە زووەوە مزگەوت و قوتابخانەی تێدا بووە، بەڵام تائێستا رێگەکەی قیرتاو نییە و کارەباشی بۆ نەچووە. ئێستا تەنها یەک مزگەوت لە گوندەکەدا هەیە، ئەویش لەلایەن خەڵکی گوندەکە و خێرخوازانەوە دروستکراوە.

سەرچاوەکان:

1ــ كەريم زەند، جوگرافى كوردستان، چاپی يەکەم 2001. قسم البحوث واستطلاعات الرأي، مكتب الفكر والوعي في الاتحاد الوطني الكردستاني، كركوك بموجب احصاء عام 1957، السليمانية، 2008.

2ــ عەلى خەزنەدار، كەركوكنامە، بەدواداچونێکی مێژوویی سياسى لەبارەی مێژووی کەرکوکەوە، چاپى يەکەم، 2016.

3ــ دكتۆر عەبدوڵڵا غەفوور، گوندەکانی كوردستان- گوندەکانى باشوورى كوردستان لە سەرژمێری دانيشتوانى عيراقدا1957، بەرگى دووەم، چاپى دووەم.

4ــ دكتۆر عەبدوڵڵا غەفوور، كوردستان، پێڕستی گوندەکانی كوردستان، بەرگى دووەم، چاپى دووەم، سلێمانى، 2003.

5ــ سمكۆ بەهرۆز محەمەد (ئەژى)، مێژووی سەردەمە کارگێڕی و بەڕێوەبەرییەکانی پارێزگای کەرکوک، چاپی یەکەم، 2005.

6ــ  فاتیمە حامید مستەفا، لەدایکبووی 1927 ی گوندی کۆزەبۆرە. مێژووی چاوپێکەوتن: 2016

7ــ  رەئووف حامد مستەفا، لەدایکبووی1962ی گوندی کۆزەبۆرە، مێژووی چاوپێکەوتن تەمموزی 2021 .

 271 جار بینراوە