سەرەکی » وتار » لەشکر حەمە ساڵح » یاسایەكی جیاواز بۆ هەڵبژاردنێكی تایبەت

وتەیەک

یاسایەكی جیاواز بۆ هەڵبژاردنێكی تایبەت

هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كە لە 10ی مانگی داهاتوو بەڕێوەدەچێت، بایەخێكی تایبەتی هەیە و پێچەوانەی هەڵبژاردنەكانی تری ئەم وڵاتەیە لە دوای ساڵی 2003.

لەم هەڵبژاردنەدا یاسای نوێی هەڵبژاردن كاری پێدەكرێت كە بازنەكانی دەنگدان لەسەر ئاستی پارێزگاكان بچووك كراوەتەوە بۆ ئاستی قەزا و ژمارەی دانیشتوانی تێدا رەچاو دەكرێت.

ئەم یاسا نوێیە، هەرچەندە كاری پێدەكرێت، بەڵام هێشتا جێگەی مشتومڕە، یەكێك لە بۆچوونەكان لە بارەیەوە ئەوەیە كە لە بەرژەوەندیی لیست و قەوارە گەورەكاندایە، دەرگاش دەكاتەوە بۆ هاتنە پێشەوەی كەسانێك كە شارەزای یاسا و كێشەكان نین، ئەوەش ئەنجومەنی داهاتوو تووشی كێشەی پسپۆڕی و شارەزایی دەكات.

هەڵبژاردنی ئەمجارە هەڵبژاردنی پێشوەختە، پێش ئەوەی خولی ئاسایی ئەنجومەنەكە كۆتایی بێت كە لە رووی بابەتییەوە پێویستیی ئەم قۆناغەیە، بەڵام ئەگەر تەماشای هاوكێشەكان و فەزای گشتیی دەمارگیریی ئایینی و مەزهەبی بكەین چاوەڕوانی ئەنجامێكی دڵخۆشكەری لێناكرێت، لەبەرئەوەی بۆچوونێكی یەكگرتوو لە ئارادا نییە لە بارەی هەڵبژاردنەكەوە.

باری ئەمنی و ئاسایش لە هەندێك ناوچەی گرنگی عیراق لەبار نییە بە تایبەتی لە ناوەڕاست و باشووری وڵاتەکە، هاوكات مەسەلەی كشانەوەی هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكاش هەنگاوێكی تر چۆتە پێشەوە.

ئەو شڵەژانە ئەمنییە، ئەو دۆخە خراپەی ناوچەكان لە خزمەتی هەڵبژاردنێكدا نییە كە شایستەی چاوەڕوانییەكان بێت، بەڵكو ئەو هەڵبژاردنە لەبری ئەوەی دۆخێكی باشتر بهێنێتە كایەوە، ئەگەرێكی زۆر لە ئارادایە كە گرژی و نائارامی زیاتر بهێنێتە كایەوە.

لایەنە مەدەنییەكان، واتە ئەوانەی پێچەوانەی رەوتی ئایینی و مەزهەبین، لە راستیدا جووڵێنەری خۆپیشاندانەكانی پایزی 2019 بوون و هەر ئەوانیش هاندەری سەرەكی ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختەن، لاواز و بێ بەرنامەن. ئەوەش ئەوەندەی تر زەمینە خۆش دەكات بۆ ئەوەی لایەنە نەریتییەكان كە هەستی كوێرانەی ئایینی و مەزهەبی بەسەریاندا زاڵە، كۆنترۆڵی بارودۆخەكە بكەن.

بە لایەنی كوردەوە ئەم هەڵبژاردنە تایبەتمەندیی هەیە چونكە یاسای كارپێكراو هەلومەرجێكی تازە دەهێنێتە ئاراوە بە تایبەتی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كە زۆربەیان لە بارێكی نا ئاساییدان.

هەر بە لایەنی كوردەوە، گۆڕانكارییەك لە شێواز و قەبارەی بەشداریكردنی كورد روویداوە كە ئەویش لیستی هاوبەشی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بە ناوی «هاوپەیمانی كوردستان» كە چاوەڕوانی ئەنجامێكی جیاوازی لێدەكرێت.

 162 جار بینراوە