سەرەکی » وەرزش » قەتەر چۆن لە رێگەی بەخشینی رەگەزنامە بە بیانییەكان بووە ژمارەیەكی گەورە لە وەرزش

قەتەر چۆن لە رێگەی بەخشینی رەگەزنامە بە بیانییەكان بووە ژمارەیەكی گەورە لە وەرزش

ئا : ئارۆ سەنگەر 

قەتەر لە ئۆڵۆمپیادی تۆكیۆ مێژووی نووسییەوە كە توانی بۆ یەكەم جار 2 میدالی ئاڵتوونی بباتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لەماوەی ساڵانی رابردوو توانی نازناوی كیشوەری و جیهانی بباتەوە لەو پاڵەوانێتییانەی كە لە رابردوو خەونیشی بە بەشداری كردن تیایاندا نەدەبینی.

ئەمەی قەتەر لە وەرزش بەدەستهێناوە رەنگە دەستكەوتێكی زۆر مەزن بووایە، ئەگەر چەند وردەكارییەكی بچووكی لەگەڵ نەبووایە، ئەویش ئەوەیە تەواوی ئەوانەی لەژێر ئاڵای قەتەر ركابەری دەكەن هیچیان قەتەری نین و تەنها خاوەنی رەگەزنامەی قەتەرین و رەگەزنامەی وەرزشیان پێدراوە، بەجۆرێك لەو 39 وەرزشكارەی قەتەر كە بەشداری ئۆڵۆمپیادیان كرد بەلایەنی كەمەوە 23یان قەتەری نەبوون.

رەگەزنامەی وەرزشی جیاوازییەكی زۆری لەگەڵ ئەو رەگەزنامەیە هەیە كە ئەوروپیەكان بە پەنابەرانی دەبەخشن، چونكە لە ئەوروپا بە جێ بەجێ بوونی چەند مەرجێك بە هەموو كەسێك دەدرێت بەبێ گوێدانە كاری ئەو كەسە.

بەڵام لە قەتەر رەگەزنامەی وەرزشی كاری پێدەكرێت كە زۆر جیاوازە لەوەی تر، لەم راپۆرتەش باس لەو سیاستەی قەتەر و هۆكاری پەنابردن بۆی و كاردانەوەی یەكێتییە نێودەوڵەتیەكان دەكەین لەسەری لەگەڵ باس كردن لەو دەستكەوتانەی لە رێگەی رەگەزنامەی وەرزشی بەدەستهێناوە.

كاتێك ئەو هەموو ناوە بیانییە لە قەتەر دەبینرێت رەنگە لات وابێت بەدەستهێنانی رەگەزنامەی قەتەری زۆر ئاسان بێت، بەڵام بە پێچەوانەوە قەتەر هیچ یاسایەكی دیاری كراوی نییە بۆ بەخشینی رەگەزنامە بە كەسە بیانییەكان كە لەسەدا 90ی دانیشتوانی وڵاتەكە پێكدەهێنن، تەنانەت ئەگەر لە دایكێكی قەتەریش لە دایكبن.

مەرجی قەتەر بۆ بەخشینی رەگەزنامە زۆر قورسە كە پێویستە ئەو كەسە 25 ساڵ لەو وڵاتە ژیابێت و عەرەبی بزانێت و دواجاریش دەبێت ئەمیری قەتەر خۆی رازی بێت لەسەری.

بەپێی رۆیتەرز قەتەر زۆر توندە بۆ پێدانی رەگەزنامە تەنانەت بەو كەسانەی پزیشك و زانا و ئەندازیار و ئەكادیمی و هونەرمەندیشن، كەچی وەكو سەرچاوەیەك بۆ راكێشانی كەسە گرنگەكان بۆ وڵاتەكە بەكاری دەهێنێت.

ئەو رێكارە توندانەش دوو هۆكاری لە پشتە یەكەمیان زۆربوونی هاووڵاتی قەتەری دەبێتەوە هۆی ئەوەی رەنگە لە داهاتوو كاریگەری لەسەر سیستمی سیاسی دروست بكەن، دووەمیش قەتەر ساڵانە پارەیەكی زۆر خەرج دەكات بۆ بەخشینی خوێندنی بێ بەرامبەر و دڵنیایی تەندروستی بۆ قەتەرییەكان كە ژمارەیان 300 هەزار كەسە بۆیە زۆربوونی هاووڵاتی قەتەری دەبێتە هۆی زۆربوونی خەرجی.

قەتەر خاوەنی پارەیە بەڵام خاوەنی ئەو هاونیشتمانیانە نییە كە ئارەزووی زۆریان بۆ وەرزش هەبێت، ئەمەش لە كاتێكدایە بەرپرسانی ئەو وڵاتە پێیان وایە دەتوانن لە رێگەی وەرزشەوە پایەیەكی گەورە لە جیهاندا پەیدا بكەن و وڵاتەکە بخەنە سەر نەخشەی وەرزشی جیهانی.بۆیە ئەو پارە زۆرەی لە رێگەی نەوت و غاز دەستیدەكەوێت لە پێدانی رەگەزنامەی وەرزشی بە وەرزشكارانی بیانی لەسەرتاسەری جیهان خەرجی دەكات تا لە ژێر ئاڵاكەی ركابەری بكەن.

بۆ ئەمەش قەتەر رووی نەكردۆتە تەنها یەك بوار بەڵكو دەیەوێت لە زۆرترین وەرزش ركابەری بكات بۆیە رەگەزنامەی وەرزشی بە راكەرانی كینیا و سودان بەخشیوە و لە بەرزركردنەوەی قورساییش رووی كردۆتە بولگاریا و وڵاتانی تری خۆرهەڵاتی ئاسیا.

هەنگاوی یەكەم لە دروستكردنی ئەكادیمیای ئەسپایەر لە ساڵی 2004 دەستیپێكرد كە هەرچەندە ئامانجی یەكەمی پەرەپێدان بوو بە بەهرەی منداڵە قەتەرییەكان بۆ ئەوەی لە ئاستی نێودەوڵەتی ركابەری بكەن، بەڵام ئامانجەكە زوو گۆڕا كە دەیان بەهرەیان لەسەرتاسەری جیهان بۆ ئەكادیمیاكە هێنا و ژیانێكی خۆشیان پێبەخشین، ئەمەش بەهیوای ئەوەی كە گەورەبوون لە رێگەی یاریكردن بۆ قەتەر پاداشتیان بدەنەوە كە ئەمەش رووی دا.

بەپێی ئاژانسی ئەسۆشیەد پرێس قەتەر وەكو یانەی تۆپی پێ مامەڵە دەكات نەوەك هەڵبژاردە كە چاودێری پاڵەوانێتییە ناوخۆییەكانی وڵاتان دەكات لەهەموو وەرزشەكان و ئەگەر بەهرەیەك بەدی بكەن پەلكێشی قەتەری دەكەن.

ئەگەر بێت و بەهرەیەكیش لە وڵاتانی ترەوە بهێنن ئەوا زۆر كات ناوی عەرەبی پێدەبەخشن هاوشێوەی ستیڤن چیرۆنۆی كینی كە ناوەكەیان كرد بە سەیف سەعید شاهین.

قەتەر سیاسەتێكی سەركەوتوو جێ بەجێ دەكات كە رەگەزنامەی كاتیی بە وەرزشكارە بیانیەكان دەبەخشێت ئەگەر دەستكەوتێك بەدەست بهێنن دوو جۆر پاداشتیان پێشكەش دەكات، یەكەم پارەیەكی زۆر دووەمیش رەگەزنامەی قەتەری، بەڵام ئەگەر ئاستیان وەكو پێویست نەبێت رەگەزنامە كاتییەكەشیان لێدەسەنێتەوە.

هۆكاری رازی بوونی وەرزشكارانیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی قەتەر هەلی راهێنانی باشتر و پاداشتی زۆریان پێدەبەخشێت، لەپاڵ ئەوەش ئەگەر زۆرە بەهۆی زۆری ركابەری ئەو وەرزشكارانە هیوایەكی زۆریان نەبێت لە رێگەی وڵاتەكەی خۆیان بەشداری لە بۆنە جیهانیەكان بكەن.

چەند جارێك داواكراوە لێكۆڵینەوە لەگەڵ قەتەر بكرێت چونكە تەنها رەگەزنامەی كاتیی بە وەرزشكارە پەنابەرەكان دەبەخشێت، لەپاڵ ئەوەش ئەگەر بێت و یاریزانێك گومانی سەرپێچیەكی لێبكرێت بەتایبەت لە خواردنی مادەی وزەبەخش راستەوخۆ لێیان وەردەگیرێتەوە.

قەتەر بە پشت بەستن بە یاسای یەكێتییە وەرزشییەكان زیاتر گرنگی بە چەند وەرزشێكی دیاری كراو دەدەن یەكێك لەوانە تۆپی دەستە بەهۆیەوە 2015 بوونە دووەمی مۆندیال كە زۆرینەی یاریزانەكانی فەرەنسی و ئیسپانی بوون.

قەتەر لەمە هیچ سەرپێچییەكی نەكرد چونكە رەگەزنامەی قەتەریان هەبوو لە پاڵ ئەوەش لەدوای 3 ساڵ هیچ یارییەكیان بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەكانیان نەكردبوو.

بۆ تۆپی پێ قەتەر ساڵانێكی زۆرە كار لەسەر هێنانی یاریزانانی ئەمریكای باشوور دەكات، بەڵام مەرجی فیفا بۆ ئەوەی یاریزانێك بۆ وڵاتێكی تر یاری بكات كەمێك قورسترە و دەبێت بە لایەنی كەمەوە 5 ساڵ لەو وڵاتە ژیابێت، بۆیە قەتەر زیاتر گرنگی بە یاریزانی لاو دەدات بۆ ئەوەی دوای جێ بەجێ بوونی مەرجەكان رەگەزنامەیان پێ ببەخشێت و دواجاریش توانی جامی ئاسیای پێ بباتەوە.

 112 جار بینراوە