سەرەکی » وتار » گۆران فه‌تحی » هه‌ڵبژاردنێكی چاره‌نووسساز بۆ كورد…

هه‌ڵبژاردنێكی چاره‌نووسساز بۆ كورد…

هه‌ڵبژاردنێكی چاره‌نووسساز بۆ كورد له ‌ناوچه‌ جێناکۆکەکان

گۆران فەتحی

ره‌نگه‌ به‌شێك له‌ هاووڵاتیان هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی‌ عیراق به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرن، یان بەلایانەوە ئاسایی بێت کە به‌شداریی تێدا نەكه‌ن، له‌به‌ر نیگه‌رانیان له ‌ئاستی ئیداره‌دان و سیاسه‌ت و خزمه‌تگوزاریی له ‌هه‌رێم به‌گشتی، بۆ ناوچه‌ جێناکۆکەکانیش ئه‌و نیگه‌رانییه‌ زیاتره‌ له‌به‌ر بێزارییان له‌و دۆخەی لەو ‌ناوچانەدا لەئارادایە، كه‌ ئێستا له ‌ده‌ره‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستانه‌ و له‌بری پێشمه‌رگه‌، هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراقی تێدایه‌ و بۆ كه‌ركوكیش كه‌سێكی عه‌ره‌بی شۆڤێنی وه‌كو پارێزگار بە وەکالەت دیاریكراوه‌.

نیگه‌رانییه‌كان چه‌نده‌ بن، گله‌یی خه‌ڵكی چه‌نده‌ بێت له‌ حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی كوردستان، ئه‌وه‌ مافێكی ره‌وا و ته‌واوه‌، به‌ڵام نابێت له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا ره‌نگ بداته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن بۆ كورد به‌گشتی له ‌عیراق گرنگ بێت، ئه‌وا هه‌ر ده‌نگێكی كورد و هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك ‌بۆ ئێستا له‌و ناوچانه‌ بكرێت، زۆر زۆر گرنگتره‌ هه‌م بۆ خه‌ڵكی كه‌ركوك و ناوچه‌ جێناکۆکەکان و هه‌میش بۆ هه‌موو كورد له ‌عیراق، بگره‌ ئه‌نجامی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ و هه‌ر هه‌ڵبژاردنێكی تر له‌و ناوچانه‌، مه‌سه‌له‌یه‌كی‌ چاره‌نووسسازه‌ و كاریگه‌ریی‌ له‌سه‌ر تاكی كورد له ‌هه‌موو عیراقدا ده‌بێت له ‌ئاینده‌دا.

ئێمه‌ ئه‌گه‌ر چاوێك به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشووی عیراق و دوای پرۆسه‌ی‌ ئازادیدا بگێڕێن، ده‌بینین له‌ 2005ه‌وه‌ هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك كرابێت، كورد ده‌نگی زۆرێنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌رێمی (ناوچه‌ جێناکۆکەکان)ی به‌ده‌ستهێناوه‌، ئه‌وه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر سه‌نگ و قورسایی كورد له‌و ناوچانه‌ هه‌بووه‌، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی عیراق به‌گشتی ده‌نگی كورد و كورسییه‌كانی له ‌په‌رله‌مان كه‌می كردووه‌.

ئه‌مه‌ش نموونه‌ی‌ كورسییه‌ به‌ده‌ستهاتووه‌كانی كورده‌ له‌ یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ كه‌ له‌ یه‌نایه‌ری‌ 2005 به‌ڕێوه‌چوو.

له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی‌ 2005، كه‌ عیراق حكومه‌تی كاتی به‌ڕێوه‌ی‌ ده‌برد، په‌رله‌مان 275 كورسی بوو، هاوپه‌یمانی كوردستانی 75 كورسی په‌رله‌مانی به‌ده‌ستهێنا.

له ‌هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی‌ سێپته‌مبه‌ری 2005، كورسییه‌كانی په‌رله‌مان 275 كورسی بوو، ئه‌نجامی كورد به‌مجۆره‌ بوو، هاوپه‌یمانی كوردستان 53 كورسی په‌رله‌مانی به‌ده‌ستهێنا، یه‌گكرتووی ئیسلامی كوردستان 5 كورسی په‌رله‌مانی به‌ده‌ستهێنا، كه‌ 11 كورسی كورد له ‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان به‌ده‌ستهات، كه‌ 5 یان له‌كه‌ركوك بوو.

له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی‌ 7ی‌ مارسی 2010 ، كه‌ ژماره‌ی‌ كورسییه‌كان په‌رله‌مان كرا به‌ 325، ئه‌نجامی كورد به‌مجۆره‌ بوو، هاوپه‌یمانی كوردستان 43 كورسی په‌رله‌مانی به‌ده‌ستهێنا، كه‌ 15 كورسییان له ‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان به‌ده‌ستهات و له ‌كه‌ركوك 6 كورسی بوو.

له ‌هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 30ی ئه‌پریلی 2014، ئه‌نجامی كورد به‌مجۆره‌ بوو، یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان 19 كورسی په‌رله‌مانی به‌ده‌ستهێنا و یه‌كه‌م بوو له ‌كه‌ركوك، پارتی دیموكراتی كوردستان 19 كورسی به‌ده‌ستهێنا، گۆڕان 9 كورسی په‌رله‌مانی به‌ده‌ستهێنا، یەکگرتووی ئیسلامی كوردستان 5 كورسی په‌رله‌مانی به‌ده‌ستهێنا، له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ یه‌كێتی له ‌كه‌ركوك 6 كورسی به‌ده‌ستهێنا، پارتی 2 كورسی و توركمان و عه‌ره‌بیش 4 كورسی.

له ‌هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی‌ 12ی ئایاری 2018 كه‌ كورسییه‌كانی په‌رله‌مان 329ی بوو، ئه‌نجامی كورد به‌مجۆره‌ بوو، یه‌كێتیی نیشتمانیی 21کورسی، پارتی 26 كورسی، گۆڕان 5 کورسی، نه‌وه‌ی‌ نوێ 4 كورسی، كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی كوردستان 2، یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان 2.

له‌كه‌ركوك یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان 6 كورسی و 6 كورسیش بۆ عه‌ره‌ب و توركمان.

وه‌كو ده‌بینین، له ‌ئه‌نجامه‌كاندا تا هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2018یش، كورد له ‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان به‌تایبه‌تی له ‌كه‌ركوك و نه‌ینه‌وا، ده‌نگی زۆر و تا راده‌یه‌ك باشیان به‌ده‌ستهێناوه‌، هه‌رچه‌ند ئه‌و ناوچانه‌ له‌ژێر ده‌ستی سوپا و حه‌شدی شه‌عبیدا بوون‌، ئه‌وه‌ش ره‌وایه‌تی‌ زۆرینه‌ی‌ كورد له‌و ناوچانه‌ ده‌رده‌خات، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و گوشارانه‌ی‌ له‌سه‌ر كورد هه‌بوون، هه‌م له‌لایه‌ن ئیداره‌ی‌ ئه‌و چوار پارێزگایه‌ی‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان له‌خۆ ده‌گرێت له‌ (كه‌ركوك، نه‌ینه‌وا، دیاله‌، سه‌ڵاحه‌دین)، هه‌میش له‌لایه‌ن حكومه‌تی به‌غدا و حزبه‌ توندڕه‌وه‌ عه‌ره‌بییه‌كانەوە.

بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ش هەندێک لە حزب و لایەنە توندڕه‌وەکانی عه‌ره‌ب و توركمان له ‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان، هیوایه‌كی زۆریان له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ هەڵچنیووه‌، بۆئه‌وه‌ی‌ ده‌نگی زۆر به‌ده‌ستبهێنن، بۆ ئه‌وه‌ی‌ بڵێن له‌ رووی ئه‌نجامی ده‌نگدانه‌وه‌ زۆرێنه‌ن و هێزی‌ گه‌وره‌ن، دوای ئه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازیی خۆیان له‌و ناوچانه‌ سه‌پاندووە، ئه‌وه‌ش مه‌ترسییه‌كی‌ گه‌وره‌یه‌ بۆ كورد به‌گشتی و له ‌ناوچه‌ جێ ناكۆكه‌كان به‌تایبه‌تی‌.

 287 جار بینراوە