سەرەکی » ئەدەب و هونەر » دوو كورتیلەچیرۆك

دوو كورتیلەچیرۆك

ئاكۆ كەریم مەعروف

ئەو پیاوەی كوژرا

بۆ تۆماس هاردی شاعیر
بەدەست خۆم نییە، شەیدای حیكایەتە دێرینەكان و هەڵدانەوەی لاپەڕەی كتێبە كۆنەكانم، ئارەزووم ئەوە بووە تەپوتۆزی زەمانە لەسەری نیشتبێت. خولیام لە گێژاوێكدا دەخولایەوە ئەو رۆژە هەر خۆم بم، بە رێكەوت كتێبێكی تۆماس هاردی شاعیرم بەرچاوكەوت، زۆر سەرنج راكێش بو، (كلێساكانی ئاسمان و زەنگەكانی ژێر زەمین) مێژووی نووسینەكەی زیاتر بۆ سەدوئەوەندە ساڵ دەگەڕێتەوە، لەگەڵ یەكەم بینیندا مەزەندەی ئەوەم دەكرد لە كتێبە قەدەغەكراوەكانی رۆژگاری خۆی بێت، زۆر بە ئاسانی و بە دڵخۆشییەوە بە نرخێكی هەرزان كڕیم و بەدەستمهێنا، دڵنیابووم خاوەنی ئەوانەی هەموو شتێك دەفرۆشن لە بەهای ئەم كتێبە نەزانێت، لەو دوكانەدا كە دەكەوتە سەر چوارڕێیانی سەنتەری شار هەموو شتێك بەسەریەكدا كەوتبوون، هەمیشە لە یادەمە بەرهەمی نەمران بۆنی عەتری ژیانە و هەرگیز لە بیرناكرێن، بۆ ئەبەد دەمێنێتەوە.

بەڵام دوای ئەوەی ئەو دڵخۆشییە كەم خایەنەم تا سەرنەبێت هەر ئەوەندەی گەیشتمە بەردەم شوقەكەم، سەركەوتن بە چەند پلیكانەیەكدا كەسێكم بینی دەستەوئەژنۆ دانیشتبووكت ومت لە خۆم دەچوو، سێوێكین و كراوین بە دوولەتەوە، یان دوو سێبەری هاوشێوە لەیەك جەستەدا، بەچاوەكانیدا بۆم دەركەوت كە چاوەڕوانم دەكات، ترسی ئەوەی لە خەودابم هەناسەم تووند بوو.

وردە، وردە هەنگاوم دەنا… كەمێكیتر نزیكتر… گەر لەبیرم مابێت ویستم بە تەنیشتیا تێپەڕم، بە خێراییەكی زۆر مەچەكی گرتم.

-تەنها تۆ دەتوانیت رزگارم بكەیت.
هەستم بەوە كرد لە گەروومدا پەڵە خوێنێكی مەیو هەیە، وەڵامم نەبوو

-دەزانیت بكوژەكەی تۆ لە ناو ئەو كتێبەدایە؟
وردە، وردە چواردەورم تاریك دەبوو، زەنگێكی ترسناك لە ناو قوڵایی رۆحمدا رووەوئاسمان هەڵدەكشا، ئای، خوایە گیان كێشان چەندە ئازار بەخشە.

-تكایە هەر شتێك دەكەیت ئەو چەند دێڕەی بە دەستوخەت نوسیووتە و نووسراوە مەیخوێنەرەوە.
ئەو لە ژیاندایە و من دەمێكە تارماییەكم، هاتەوە بیرم.

لە باڵخانەیەكی زۆركۆندا، من و ئەو بە یەكگەیشتین، هەر یەكەمان لە دۆخێكی جیاوازدا بووین ئەمەش بە ئامانجی ئەوەی هەردووكمان خاوبینەوە، هەردووكمان بڕیاری ئەوەماندابوو ئازاری یەكتر بدەین، بەڵام وێنەی دوو كۆنەقین بەرامبەر یەكتر وەستاین، هەردووكمان تەقەمان لە یەكتری كرد، هەردووكیشمان كەوتین بەڵام من هەڵنەسامەوە، ئەویش منی كوشت، چونكە ئەو دوژمنی من بوو، هەرچەندە ئەوە روون و ئاشكرابوو، یان لەوانەیە بەو شێوەیە بیری كردۆتەوە ئەو پیاوێكی سەرسەخت و بەدڕەفتار بوو وەكو من.

برینی ئاو
زۆربەمان ناچاردەبین برینەكانمان بە ئاو بشۆین، بە تایبەت رژانی دڵۆپێك خوین بەسەر جەستەمانەوە، بەڵام ئەو جیاوازی ناكات لە نێوان خوێنی پاك و خوێنی پیسدا، لەبیرت نەچێت لە ئاو كاڵفاممترم نەبینیوە هەر دەڕواو گوێ‌ ناگرێت.
لای ئەو… چەند دراوسێیەك هەیە خاك و درەخت و سەوزایی… جارجارێكیش ئاسمان.
كێ‌ دەڵێت ئاو برینی خۆی نییە؟

 128 جار بینراوە