سەرەکی » وتار » بورهان شێخ ڕەئوف‌ » هه‌ڵبژاردنی‌ تشرین به‌ری‌ شۆڕشی‌ تشرین

دەر و دراوسێ

هه‌ڵبژاردنی‌ تشرین به‌ری‌ شۆڕشی‌ تشرین

مانگی‌ تشرینی‌ ساڵی‌ 2019 به‌غدای‌ پایته‌خت و دواتر شاره‌كانی‌ باشووری‌ عیراق، بوونه‌ گۆڕه‌پانی‌ خۆپیشاندانی‌ هێمنانه‌ و شارستانیانه‌، وه‌كو وەڵام و كاردانه‌وه‌ی‌ هاووڵاتیان سەبارەت بە گه‌نده‌ڵی‌ و نادادپه‌روه‌ری‌ و چه‌كی‌ میلیشیاكان و نه‌بوونی‌ خزمه‌تگوزاریی‌ سه‌ره‌تایی له‌ وڵات، وه‌كو ئاو و كاره‌با و داو ده‌رمان و ئاسایش و زۆر شتی‌ تر.

ئه‌وه‌ی‌ سه‌روه‌رییه‌كی‌ گه‌وره‌بوو بۆ خۆپیشانده‌رانی‌ تشرین و تشرینییه‌كان، ئه‌وه‌بوو ناوه‌ڕۆك و ئامانج و داخوازییه‌كان هێمنانه‌ بوون و دوور بوون له‌ توندوتیژی‌، سه‌ره‌ڕای‌ هه‌وڵی‌ تاقم و گروپه‌ چه‌كداره‌كان بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئاڕاسته‌ی‌ خۆپیشاندانه‌كان بگۆڕن به‌ره‌و به‌ریه‌كه‌وتن و په‌لاماردان، ئه‌ویش به‌ كوشتن و رفاندنی‌ زۆرێك له‌ چالاكوانانی‌ گۆڕه‌پانه‌كان، به‌ڵام نه‌یانتوانی‌ و سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون له‌و هه‌وڵه‌یان، كه‌ ئه‌مه‌ش خاڵی‌ به‌هێزی‌ ئه‌و جووڵه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ مه‌ده‌نییه‌ بوو، كه‌ نه‌چووه‌ ژێرباری‌ كاردانه‌وه‌ی‌ توند و خوێنڕشتن.

دروشمی‌ سیكۆلار و دژبه‌ تایفیی
یه‌كێك له‌ رووه‌ گه‌ش و پرشنگداره‌كانی‌ شۆڕشی‌ تشرین ئه‌وه‌بوو كه‌ داوای‌ سه‌روه‌ربوونی‌ یاسا و ده‌وڵه‌تی‌ هاووڵاتی‌ و دامه‌زراوه‌ییان ده‌كرد، ده‌بێت چه‌ك به‌ ده‌ست ده‌وڵه‌ته‌وه‌ بێت و ئازادی‌ بۆ هه‌مووان بێت، دین له‌ ده‌وڵه‌ت جیا بێت، تاوانبارانی به‌ فیڕۆدانی‌ ماڵی‌ گشتی‌ سزابدرێن.

ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ كابینه‌ی‌ عه‌بدولمهدی‌
له‌ ژێر گوشاری‌ خۆپیشانده‌راندا، حكومه‌ته‌كه‌ی‌ عادل عه‌بدولمهدی‌ ده‌ستی‌ له‌ كاركێشایه‌وه‌ و چه‌ندین كه‌سایه‌تی‌ كاندید كران بۆئه‌وه‌ی‌ كابینه‌ی نوێ پێكبهێنن، به‌ڵام نه‌یانتوانی‌ و شكستیان هێنا، هه‌ر له‌ عیدانی‌ تا محه‌مه‌د توفیق عه‌لاوی‌ و عه‌دنان زه‌رفی‌، دواتر لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌سه‌ر مسته‌فا كازمی‌ سازان تاوه‌كو كابینه‌یه‌كی‌ راگوزه‌ر پێكبهێنێت بۆ خۆسازدان و زه‌مینه‌خۆشكردن بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌خته‌ له‌ وڵات، كازمیش سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌راندا هیچ پشتیوانییه‌كی‌ به‌هێزی‌ نه‌بوو، كۆسپ و ته‌گه‌ره‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ بۆ دروستكرا، به‌ تایبه‌تی له‌لایه‌ن میلیشیاكانه‌وه‌، هه‌موومان بینیمان و له‌ بیرمانه‌ كه‌ گروپه‌ چه‌كداره‌كان هه‌ڕه‌شه‌ی‌ توند و نمایشی‌ سه‌ربازییان دژبه‌ كازمی‌ له‌ شه‌قامه‌كانی‌ به‌غدای‌ پایته‌ختدا كرد، به‌ڵام كازمی‌ پابه‌ند بوو به‌ به‌ڵێنه‌كانییه‌وه‌ و خوشی‌ كاندید نه‌كرد بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كەی‌ تشرینی 2021.

هه‌ڵبژاردنی‌ تشرین به‌رهه‌م و ئاكامی‌ بزاوتی تشرین
هه‌ڵبژاردنی‌ گشتی‌ پێشووه‌خته‌ له‌ عیراق له‌ 10-10-2021 به‌ڕێوه‌ده‌چێت، هه‌رچه‌نده‌ زه‌مینه‌ زۆر له‌بار نییه‌ بۆ هه‌موو لایه‌نه‌كان، به‌ تایبه‌تی كه‌ زۆرێك له‌ چالاكوانانی‌ تشرین خۆیان شاردۆته‌وه‌ و نه‌یانتوانی‌ خۆیان كاندید بكه‌ن، یان شاره‌كانی‌ خۆیان به‌جێ هێشتووه‌ و هه‌ڵاتوون، ئومێدی‌ گه‌وره‌ بۆ گۆڕانكاری‌ و چاكسازی‌ جدی‌ زۆر لاوازه‌ و ئامانجه‌كانی‌ بزاوتی تشرینی 2019 به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان له‌بار براون و دوور خراونه‌ته‌وه‌ له‌ رێڕه‌وی‌ راسته‌قینه‌ی‌ خۆیان‌، چالاكوانانیش له‌نێوان چه‌ند به‌ره‌یه‌كی‌ جیاوزدا په‌رت و بڵاوبوون ‌و ئێستاش هەندێک لە هێز و لایه‌نه‌ ته‌قلیدی‌ و تاقیكراوه‌كانی‌ پێشوو له‌ ململانێدان بۆ ئه‌وه‌ی‌ جارێكی‌ تر ده‌سه‌ڵات‌ بگرنەوە دەست.

له‌ كۆتاییدا به‌ڕێوه‌بردنی‌ عیراق به‌ شێوه‌ و ستایلی‌ پێشوو كارێكی‌ ئه‌گه‌ر ئه‌سته‌م نه‌بێت، ئه‌وا زۆر قورسه‌، به‌تایبه‌تی كه‌ چالاکوانانی تشرین و کەسوکاری قوربانییه‌كانی بزاوتەکە نه‌یانتوانی‌ گۆڕانكاریی‌ ریشه‌یی‌ له‌ عیراقدا به‌ خه‌باتی‌ مه‌ده‌نی‌ و هێمنانه‌ بهێننه‌دی‌، بێگومان ئه‌ڵته‌رناتیفی‌ ئه‌مه‌ش توندوتیژیی‌ و به‌ریه‌كه‌وتن و شه‌ڕ و ئاژاوه‌ و له‌ گرێژه‌نه‌ ده‌رچوونی‌ ئاسایش و ئارامی‌ وڵات ده‌گه‌یه‌نێت، نابێت و ناكرێت له‌ وڵاتێكی‌ ده‌وڵه‌مه‌ندی وه‌كو عیراقدا خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ هه‌ژار و نه‌دار بن، ناكرێت لاوه‌كانی‌ سه‌ری‌ خۆیان هه‌ڵبگرن بۆ هه‌نده‌ران، نابێت كار نه‌بێت، ناكرێت خزمه‌تگوزاریی‌ نه‌بێت، ناكرێت ئاسایش و سه‌قامگیریی‌ نه‌بێت، له‌ كاتێكدا عیراق له‌ سه‌ره‌وه‌ تا خواره‌وه‌ی‌ پڕه‌ له‌ سامانی‌ سروشتی‌ نه‌وت و غاز و ده‌یان و سه‌دان جۆر كانزای‌ گرانبه‌ها، جگه‌ له‌ كه‌شوهه‌وای‌ گونجاو بۆ كشتوكاڵ و گه‌شتیاری‌ سروشت و گه‌شتیاری‌ ئایینی‌ و کەلەپووری، توانای‌ بێ ئه‌ژماری‌ مرۆیی كه‌ سەدان هه‌زاران ده‌رچووی‌ زانكۆ و كادری‌ به‌توانا هه‌ن حكومه‌تی‌ عیراق خه‌رجی‌ زۆری‌ تێداكردوون، بەڵام سوود له‌ تواناكانیان وه‌رناگیرێت و به‌خۆڕایی ده‌ڕۆن و وڵاتانی‌ تر كه‌ڵك له‌ توانا و شاره‌زاییه‌كانیان وه‌رده‌گرێت.

 224 جار بینراوە