سەرەکی » وتار » گۆران فه‌تحی » پێگه‌ی‌ كه‌ركوك لای یه‌كێتی

پێگه‌ی‌ كه‌ركوك لای یه‌كێتی

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، له‌ دامه‌زراندنییه‌وه‌ له‌ 1975دا، كه‌ركوك له‌لای پێگه‌یه‌كی‌ تایبه‌تی هه‌بووه‌، ئه‌وه‌ش هه‌ڵقوڵاوی بیری سەرۆک مام جه‌لال بووه‌، هه‌ربۆیه‌ له‌هه‌موو ئه‌ده‌بیاتی یه‌كێتی و هه‌روه‌ها له‌ دانوستان و گفتوگۆ و مفاوه‌زاته‌كاندا له‌گه‌ڵ رژێمی به‌عس، گرنگی به‌م شاره‌ داوه‌، به‌رده‌وامیش هه‌وڵی ئازادكردنی ئه‌و شاره‌ و ده‌وروبه‌ری‌ و باشكردنی بارودۆخی داوه‌، ئه‌وه‌ش وایكردووه‌، ئه‌م حزبه‌ به‌رده‌وام جێگه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌نێو دڵ و ده‌روونی كه‌ركوكییه‌كاندا هه‌بێت، شاره‌كه‌ش به‌رده‌وام یه‌كێتی بوون و سه‌وزبوونی خۆیان پاراستووە، به‌تایبه‌تی له‌دوای پرۆسه‌ی‌ ئازادیی عیراقەوە، ئه‌وه‌ش له ‌سه‌رجه‌م هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌و شاره‌دا به‌رجه‌سته‌بوو كه‌ تێیدا یه‌كێتی تێیدا خاوه‌نی زۆرینه‌ی‌ ده‌نگی ده‌نگده‌رانی شاره‌كه‌ بووه‌.

مێژووی نه‌به‌ردیی كه‌ركوكییه‌كانیش له ‌سه‌رده‌می خه‌باتی شاخ و دواتریش خه‌باتی شار، شایه‌تی جێگه‌ و پێگه‌ی‌ یه‌كێتیین له‌لای هاووڵاتیانی ئه‌و شاره‌ گه‌وره‌ مێژووییه‌ی كوردستان. ئه‌گه‌ر ئێمه‌ باس له ‌شه‌هیدانی ئه‌و شاره‌ و ده‌وروبه‌ری‌ بكه‌ین، ئه‌وا هاوشانی شاره‌كانی تر ده‌یان و بگره‌ سه‌دان رۆڵه‌ی‌ خۆی‌ به‌خشیووه‌، له ‌شه‌ڕ و نه‌به‌ردییه‌كان به‌رامبه‌ر به ‌رژێمه‌ جیاجیاكانی عیراق، تا ده‌گات به‌ رژێمی به‌عس و دواتر شه‌ڕی‌ دژبه‌ تیرۆریزمی داعش.

هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و هۆكارانه‌ و هه‌روه‌ها پیرۆزیی و گرنگیی ئه‌م ناوچه‌یه‌، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به ‌سه‌ركردایه‌تی و كادرانی حزبه‌وه‌، هه‌رله ‌مام جه‌لال-ه‌وه‌ تا ده‌گات به‌ هه‌ڤاڵان (بافڵ تاڵه‌بانی) هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی و قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت، ئه‌و گرنگیدانه‌ به‌رده‌وامیی هه‌یه‌، ئه‌و شاره‌ش شوێن و پێگه‌یه‌كی‌ میحوه‌ری له‌ كوردستانی عیراق به‌گشتی و ناوچه ‌جێناكۆكه‌كاندا به‌تایبه‌تی له‌لای یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌یه‌، یه‌كێتی له‌دوای ئازادبوونی شاره‌كه‌ش له ‌ده‌ستی به‌عس له‌ ساڵی 2003 و ئیداره‌دانی له‌لایه‌ن كورد و و به‌رپرسانی یه‌كێتییه‌وه‌، خزمه‌تێكی گه‌وره‌ و گۆڕانكاریی و ئاوه‌دانییه‌كی‌ زۆری تێداكرد، كه‌ركوكییه‌كانیش دوای ده‌یان ساڵ نه‌هامه‌تی و ده‌ركردن و ئاواره‌كردن له ‌شاره‌كه‌یان، ئاهێكیان به‌به‌ردا هاته‌وه‌.

له‌ماوه‌ی‌ ئیداره‌دانی كورد و یه‌كێتیش له‌و شاره‌ و به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ زۆرینه‌ی‌ دانیشتوانی شاره‌كه‌ و پارێزگاكه‌ پێكده‌هێنن، ئه‌وا له ‌سه‌رجه‌م هه‌ڵبژاردنه‌كاندا كورد و له‌نێویشیدا یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان زۆربه‌ی‌ ده‌نگی هه‌ڵبژاردنه‌كانی به‌ده‌ستهێناوه‌، ئه‌وه‌ش هه‌م بۆ نه‌یارانی ناوخۆی‌ شاره‌كه‌ و هه‌م عیراق و وڵاتانی ده‌وروبه‌ریشی ده‌رخست، كورد زۆرینەی دانیشتوانە رەسەنەکەی ئەو شارە پێکدەهێنن، به‌ڵگه‌ش ئه‌نجامی ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌یه‌، كه‌ هه‌رده‌م ژمارە و رێژەی كورد له ‌پێشی پێشه‌وه‌ بوون‌.

ئێستا له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی واده‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌دا، نه‌یارانی كورد له‌ عیراق به‌گشتی و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان و شاری كه‌ركوك به‌تایبه‌تی‌، هه‌موو ماكینه‌ی‌ ئیعلامی خۆیان خستۆته‌گه‌ڕ بۆ بردنه‌وه‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، كورد و پێشمه‌رگه‌شیان كردووه‌ به ‌كه‌ره‌سته‌ی‌ ریكلامه‌كانیان و وه‌كو مه‌ترسی نیشانیان ده‌ده‌ن، ده‌یانه‌وێت دوای بردنه‌وه‌ مافه‌ ره‌واكانی كورد كه‌متربكه‌نه‌وه‌ و ده‌ستكه‌وته‌كانی ئه‌م میلله‌ته‌ش له‌بار به‌رن و رۆڵی كوردیش قاوبدەن، ئه‌مه‌ چ جای ئه‌وه‌ی‌ ده‌یانه‌وێت له ‌كه‌ركوك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كاندا، چۆن به‌هێز گه‌ڕانه‌وه‌ و سوپا و حه‌شدیان له‌و ناوچانه‌ جێگیركرد، به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ رووی ده‌نگدانیشه‌وه‌ بیبه‌نه‌وه‌ و ببن به ‌هێزی سه‌ره‌كی له‌و ناوچانه‌، ئه‌وه‌ش شتێكی مه‌حاڵ ده‌بێت، ئه‌گه‌ر كورد و یه‌كێتییه‌كان، وه‌ك چۆن پێشتر به ‌ده‌نگه‌كانیان شكستیان به‌و پیلانانە هێنا کە هەندێک لایەنی شۆڤێنی نەخشەیان بۆ دانابوو، ئه‌مجاره‌ش له‌سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان شكست به‌خه‌ونی ئه‌وان بهێنن بۆ سڕینه‌وه‌ی‌ كورد له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان.

 191 جار بینراوە