سەرەکی » ئەدەب و هونەر » به‌هه‌ر رێگایه‌ك بێت، خۆشه‌ویستی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌پەڕە 27

به‌هه‌ر رێگایه‌ك بێت، خۆشه‌ویستی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌

ئا/جه‌مال نوری

له‌ ته‌مه‌نی چل ساڵیدا فرانز كافكا نووسه‌ری چیكی به‌ ناوبانگ (1883– 1924) له‌ باخچه‌یه‌ك له‌ به‌رلینی پایته‌ختی ئه‌ڵمانیا پیاسه‌ی ده‌كرد، به‌ڕێكه‌وت كیژۆڵه‌یه‌كی بینی ده‌گریا، لێی چووه‌ پێش و له‌ كیژۆڵه‌كه‌ی پرسی: بۆ ده‌گریت؟

كۆڵیژۆڵه‌كه‌ وتی: ئاخر بووكه‌ڵه‌كه‌م ون كردووه‌.

كافكا له‌گه‌ڵ كیژۆڵه‌كه‌ تاوێك به‌ باخچه‌كه‌دا به‌ دوای بووكه‌ڵه‌كه‌دا گه‌ڕان و نه‌یاندۆزییه‌وه‌، بۆیه‌ كافكا به‌ كیژۆڵه‌كه‌ی وت: خه‌مت نه‌بێت به‌یانی دیسان وه‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌م باخچه‌یه‌ و له‌م كاته‌دا منیش دێم و ده‌تبینم و دووباره‌ و به‌ دوایدا ده‌گه‌ڕێین.

به‌ڵام كافكا ده‌یزانی كه‌ به‌یانیش بووكه‌ڵه‌كه‌ نادۆزنه‌وه‌ بۆیه‌ هه‌ر شه‌وێ نامه‌یه‌كی نووسی و خستییه‌ گیرفانی پاڵتۆكه‌یه‌وه‌!

بۆ به‌یانی كه‌ یه‌كیان بینیه‌وه‌ دیسان گه‌ڕان و نه‌یاندۆزییه‌وه‌ كافكا نامه‌كه‌ی دا به‌كیژۆڵه‌كه‌ وتی: هانێ ئه‌مه‌ بووكه‌ڵه‌كه‌ت بۆی ناردوویت.

كیژۆڵه‌كه‌ نامه‌كه‌ی كرده‌وه‌ تیایدا نووسرابوو: نیگه‌ران مه‌به‌ هاوڕێ جوانه‌كه‌م، تكایه‌ مه‌گری من چووم بۆ سه‌فه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی دنیا ببینم و باسی ئه‌و شتانه‌ت بۆ بكه‌م كه‌ ده‌یانبینم.

ئیدی به‌م جۆره‌ چاوپێكه‌وتنی كافكا و كیژۆڵه‌كه‌ تا نزیكه‌ی كۆتایی ژیانی كافكا به‌رده‌وام بوو.

هه‌موو جارێك كافكا نامه‌یه‌كی بووكه‌ڵه‌كه‌ی بۆ كیژۆڵه‌كه‌ ده‌خوێنده‌وه‌ و تیایدا باسی چیرۆك و سه‌ركێشییه‌كانی بووكه‌ڵه‌كه‌ی بۆ ده‌كرد كێژۆڵه‌كه‌ش چیرۆكه‌كانی زۆر به‌لاوه‌ خۆشبوو.

دواجار كافكا بووكه‌ڵه‌یه‌كی نوێی كڕی و دای به‌ كیژۆڵه‌كه‌ و پێیوت: ئه‌وه‌تا بووكه‌ڵه‌كه‌ت گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ له‌ سه‌فه‌ر!.

كیژۆڵه‌كه‌ وتی: به‌ڵام ئه‌مه‌یان هیچ له‌وه‌ی خۆم ناچێت!.

كافكا نامه‌یه‌كی تری دایه‌ و بۆی خوێنده‌وه‌ تیایدا نووسیبووی: نیگه‌ران مه‌به‌ هاوڕێ جوانه‌كه‌م ئه‌وه‌ منم، به‌هۆی سه‌فه‌ره‌كه‌وه‌ شێوه‌م گۆڕاوه‌!

كیژۆڵه‌كه‌ زۆر دڵ خۆشبوو باوه‌شی به‌ بووكه‌ڵه‌كه‌دا كرد و رۆیشته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌.

دوای ساڵێك له‌م به‌سه‌رهاته‌ كافكا كۆچی دوایی كرد.

به‌ڵام دوای چه‌ند ساڵێكی تر كیژۆڵه‌كه‌ گه‌وره‌بوو جارێك به‌ڕێكه‌وت نامه‌یه‌كی بچووك له‌ ناو سكی بووكه‌ڵه‌كه‌دا دۆزێیه‌وه‌ و تیایدا كافكا نووسیویه‌تی: «ده‌شێت هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه‌ خۆشمان ده‌وێن له‌ ده‌ستیان بده‌ین، به‌ڵام هه‌میشه‌ خۆشه‌ویستی به‌هه‌ر رێگایه‌ك بێت دێته‌وه‌ بۆ لامان.»

وه‌رگێڕانی له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌/ په‌رستڕراو
له‌ كتێبی/ گه‌مژه‌ییه‌كانی بڕۆكلین نوسینی پۆل ئۆسته‌ر

 174 جار بینراوە