سەرەکی » وتار » هیوا محەمەد » سەرکردەبوون پلەیە نەک پیشە

سەرکردەبوون پلەیە نەک پیشە

هیوا محەمەد 

1-2

مامۆستا لە قوتابخانە لە خوێندکارەکانی پرسی کێ دەیەوێت ببێت بە چی لە داهاتوودا؟ هەریەکە و پیشەیەکی وت، خوێندکارێکیش پەنجەی هەڵبڕی وتی: مامۆستا دەمەوێت ببم بە مەسئول. دیارە ئەو منداڵە کوڕە مەسئولێک یان خودی مەسئولەکەی بینیووە کە هەڵسوکەوتی لەگەڵ خەڵکی ئاسایی جیاواز بووە، بۆیە ئەوەی بەخەیاڵدا هاتووە.

سەرکردە کێیە؟
بەواتای عەرەبی سەرکردە دەبێتە قائید، بە ئینگلیزیش لیدەر، بەڵام لای ئێمە لەبری ئەوە بە سەرکردەکانی حزبێک دەووترێت مەسئول، جا بۆ ئاسانکاریی لەم باسەدا مەسئول بە سەرکردە ناو دەبەین و مەبەستمان تەنها یەک کەس نییە، بەڵکو هەموو ئەو کۆمەڵە کەسانەن کە لە دەستەی باڵای حزبێک یان حکومەتدان.
سەرکردە چەند جۆر و پلەی هەیە، سەرکردەی سیاسیی بەو کەسە یان چەند کەسە دەوترێت کە لە دەستەی باڵای هەیکەلی حزبدان و لەلایەن کۆنگرەوە یان کۆبوونەوەیەکی فراوانی حزبەوە ئەو متمانەیەیان پێدراوە تا ئەرکەکان رابپەڕێنن، مەرج نییە لەوان بەتوانا تر نەبێت لەو حزبەدا، بەڵام دەبێت بڵێین ئەندامی ئەو دەستەیە(سەرکردایەتی یان باڵا تر) گرنگە کە کەسانی بەتوانا بن و چالاک و دڵسۆزی رێبازی حزبەکەیان بن.
سەرکردەی سەربازیی لە سوپا و هێزی چەکداردا هەیە، ئەمانە لە رێگەی خزمەتی سەربازییەوە یان خوێندنی ئەکادیمیا سەربازییەکانەوە دەبنە خاوەنی ئەو پلانە و بەپێی یاسای سەربازییش لەناو خۆیاندا لە سەربازێکی ئاساییەوە تا دوا پلەی سەربازیی ملکەچی یەکتر دەبن و کەس ناتوانێت لە فەرمانەکانی سەرووتر دەربچێت، ئەگەر ئەمە رووبدات، ئەوا سزاکەی خێرا و سەخت دەبێت.
لە دەرەوەی ئەمەش هەندێک کەسی تر وەک رابەڕ و مەرجەعی ئایینی و میللی هەن و دوا بڕیار دەگەڕێننەوە بۆ لایان و لەسەرووی هەموو دەسەڵاتەکانی وڵاتەوەن، تیاشیاندا هەیە وەک پاشاکانی ئێستای ئەوروپا تەنها وەک رەمزی وڵات و پیرۆزیی و باوکایەتی وڵات تەماشا دەکرێن و هەندێک بڕیار لای ئەوان دەبێت، ئەویش پاش شەنوکەوکردنی لەلایەن حکومەتەوە، لەوانەش پێدانی رەگەزنامەی ئەو وڵاتەیە بە کەسێکی بیانی، یان ئیمزاکردن لەسەر دروستبوونی حکومەت و متمانە پێدانی.
سەرکردەی سیاسیی و سەربازیی رۆڵ و ئەرکەکانیان لە یەک نزیک دەبێتەوە ئەگەر حزبەکە لە قۆناغی شۆڕشدا بێت، یان بە نهێنی کاری رێکخستن بکات، بەڵام لە ئیدارەدان و حکومڕانیدا هەریەکە و رۆڵی جیایە و پێکەوە گرێدراون لە رێگەی بەشێکی دیارییکراوی حزبەکەوە یان ناو دەستەی سەرکردایەتییەکەوە بۆ هاوکارییکردن.
سەرکردە هەموومانین لە حزبێکدا، بەڵام بە پلە جیاوازەکان، ئەندامەکان لە ئاست بەجێگەیاندنی ئەرکە حزبییەکاندا لەو شوێنەی نوێنەرایەتی حزبەکە دەکەن، خۆیان دەبنە جێبەجێکاری بڕیارەکانی حزب، بەڵام وەک ئەرکەکان دابەشکراوە بەسەر چەندین بەش و هەر بەشەش لێپرسراوێتی بۆ دیارییکراوە و بەمەش هەڕەمی حزبەکە دروست دەبێت لە لووتکەوە بۆ خوارەوە تا نزمترین پلەی حزبی.

سەرکردە دەبێت چی بکات و چۆن بێت؟
سەرکردە پێش هەموو شتێک ئەگەر سەربازیی بوو، ئەوا دەبێت هەموو پلەکانی ئەو بوارەی بە مافی خۆی بڕیبێت و شارەزایی لە تەکتیکی جەنگ و تەکنیکی سەربازیی و سیاسەتی سەربازیشدا هەبێت بۆ گرتنەبەری بڕیارە سەربازییەکان بە هاوکاریی لەگەڵ هەیئەتە باڵاکەی حزب.
ئەوانەش کە سیاسین، دەبێت بە مافی خۆیان و لە دەرەوەی مەحسوبیەت و پاڵپێوەنان، گەیشتبنە ئەو ئۆرگانەی سەرەوە و سیفەتەکانی سەرکردەیان تێدابێت، وەک توانای بەرزی سیاسیی بۆ شیکاری پێشهاتە سیاسییەکان، چۆنێتی مامەڵە لەگەڵیان، پشوو درێژی لەبەرامبەر دۆخە سەختەکان، پەلە نەکردن لە بڕیاردان، بوێریی لە روبەڕوبوونەوەی رووداوەکان، دڵسۆزیی و دەستپاکی بۆ حزبەکەی و دروشم و ئامانجەکانی، ملکەچ بوون بۆ یاسا لە پێش هەر کەسێکی ترەوە چونکە ئەو خۆی سەرکردەی ئەو حزبەیە کە لە رێگەی پەرلەمانەوە یاسا دادەنێت و هەوڵی پابەندبوونی هەموان دەدات پێیەوە.
سەرکردە نابێت لەسەر کورسیی پۆستەکەی خۆی لەبیر بچێتەوە، دەبێت ئەو هەستەی لا کاڵ نەبێتەوە کە خۆشی پێشتر لەو پلەیەدا نەبووە و چاوەڕوانیی زۆری لە سەرکردەکانی دیکە هەبووە، دەبێت خۆی بگەڕێنێتەوە بۆ ئەو کاتەی کە هاونیشتمانییەکی ئاسایی بووە، کە ئەمەی کرد، ئەوکات لە خواستەکانی خەڵک تێدەگات، ئەوکات دەزانێت خەڵک لە ماڵی خۆیەوە چۆن ستایشی دەکات و چەپڵەی بۆ لێدەدات لە بەرامبەر کارە باشەکانی و بۆ خراپەکانیشی چۆن خەڵکی لێ دەبێتەوە.
سەرکردە و خێزانەکەی نابێت جیاواز بن
یەکێک لە سیفەتە باشەکانی سەرکردەیەکی حزبی، ئەوەیە هەوڵی پێگەیاندنی تاک بە تاکی کۆمەڵگەکەی و حزبەکەی بدات نەک ئەندامانی خێزانەکەی بخاتە پێش ئەوانی دیکەوە، نابێت تاکێک بە ناونیشانی ئەوەی کوڕ و کچ و کەسی مەسئولە، پێش کەسێکی تر بخرێت، ئەو خۆی وەک سەرکردە دەبینرێت نەک ئەندامانی خێزانەکەی، چونکە ئەمە پلەیە نەک پیشە.
تەنانەت لە پیشەشدا کەسی وا هەیە پزیشکێک یان ئەندازیارێکی شارەزا و لێهاتووە، بەڵام منداڵەکانی هیچیان خوێندنیان بۆ تەواونەکراوە یان نەگەیشتوون بەو پیشانە. هەیە خۆی باخەوان و شارەزایەکی بواری کشتوکاڵ یان ئاژەڵدارییە، بەڵام کوڕەکەی یان کچەکەی پیشەیەکی دیکەیان هەڵبژاردووە و لەوەی باوکیان نازانن.
ناکرێت هەرچی منداڵی سەرکردەیە، وەک باوکیان یان دایکیان تەماشا بکرێن، خۆ ئەگەر رێزیان لێبگیرێت لەوەی لە خێزانێکی کەسێکی کادری دیار و ماندوو و لێهاتوون، ئەوە ئاساییە بەڵام بێ هیچ پێوانەیەک تەنها بە سیفەتی ئەوەی کوڕ و کچی مەسئولن، بۆیان نییە لە سەرووی تاکەکانی دیکەی کۆمەڵگەوە بن.
لە هەموو شوێنێکدا یاسا هەیە و بۆ هەموان وەک یەکە، کەوابوو سەرکردە و تاکێکی دیکەی کۆمەڵگەش لەناو ئەو هەموانەدایە، ئیتر چۆن منداڵەکانی ئەو ناگرێتەوە؟
لە خێزانێکدا هێندەی کەسی یەکەمی خێزان باوک یان دایک ماندوو دەبێت، منداڵەکان ماندوو نابن، هەموو ئەو رەنجەش کە ئەو دووانە دەیکێشن، بەرهەمەکەی بۆ منداڵەکانە. کەوابوو مەسئولێکی حکومی یان حزبیش دەبێت بەهەمانشێوە کار بکات و بۆ تاکەکانی کۆمەڵگە و بۆ هەموویان وەک یەک بڕوانێت و سوودی هەموویانی بوێت، ناکرێت بۆ ماڵەکەی ئەو موەلیدەی تایبەتی کارەبای بەردەوام هەبێت، بەڵام ماڵەکەی ئەوبەریانەوە نەتوانێت پارەی سێ ئەمپێڕ کارەبای مانگانەی موەلیدەیەک بدات و منداڵەکانیشیان لە یەک خوێندنگە بن و یەک ئەرکی خوێندنیشیان لەسەر بێت.
سەرکردە بە چیدا جیادەکرێتەوە؟
لەم کۆمەڵگەیەی ئێمە و کۆمەڵگە ئیسلامییەکاندا، زۆربەی کەسە مەسئولەکان بە توانا مادییەکانیاندا جیادەکرێنەوە، نەک توانا سیاسییەکانیان، ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز و جام رەش، بەتایبەتی ئەگەر لە دووان و سیان و زیاتر بوون بەدوای یەکدا، باخی گەورەی پەرژیندار لە خۆشترین شوێن، ئاهەنگی شەخسی هۆڵە پێنج ئەستێرەکان، قەرەباڵغی بەردەم شوێنە گشتییەکان و تەندراو بە هێزی چەکدار، ئەمانە و زۆر دیاردەی دیکە نیشانەی بوونی سەرکردە» مەسئولە» لەو شوێنەدا.
لە کۆمەڵگەی ئێمەدا دەیان ساڵە رێکخستنی سیاسیی(حزبی) دروستبووە، لەم ماوەیەدا هەزاران کەس وەک رابەر و کادر و سەرکردە دەرکەوتوون، ئەگەر ژیانیشیان زۆر جیاوازی نەبووبێت، بەڵام هەمیشە قسەی ئەوەڵ و ئەخیر لای ئەوان بووە.
لە شاخ و دێهاتەکان مەسئول لای خەڵک رێزی زیاتر بووە لە کەسانی تر، تەنانەت لە دیارییکردنی ئەو ماڵەش کە بۆی چووە و ژەمە نانێکی لێ خواردووە، جیاواز بووە و هەمیشە لە ماڵی ئاغای دێ و موختار و کوێخا و شێخ و بەگ بووە.
دەڵێن هەندێک سەرکردە یان منداڵەکانیشی ملکەچی یاسا نابن، بۆ نموونە منداڵی خێزانێکی ئاسایی بە بچووکترین تاوان ئەگەر سکاڵای لەسەر بێت دەگیرێت، بەڵام منداڵی سەرکردەکە ناگیرێت و حاڵەتی وەها بووە دەرباز دەکرێت بۆ دەرەوەی وڵات، یان دەشاردرێتەوە تا رووداوەکە لە بیر دەچێتەوە» ئەمە بۆ هەموو سەرکردەیەک وەک یەک نییە، بەڵکو هەبووە و هەیە» زۆر جار ئەوە روویداوە کوڕە سەرکردەیەک کە چەند هاوەڵی خۆی لەگەڵدا بووە و بەهۆی زۆریی پارەی گیرفانییەوە، پارەی چوونە ژوورەوەی بۆ هاوەڵەکانی داوە لە مەلەوانگەیەک یان یانەیەکی شەوانە، ئەوانیش لەوێ پانتاییەکی مەلەوانگەکەیان بۆ حیجز کردووە و وتویانە ئەوە کوڕی فڵانە، یان شوێنی تایبەتیان لە یانە شەوانەکەدا هەیە و کەسی تر نابێت لەوێ دابنیشێت.
رادەی رۆشنبیریی سەرکردەیەک پێوەری هەڵسوکەوتیێتی
ئەو سەرکردەیەی کە دڵسۆزی حزبەکەی بووە و لە رێگەی ئەم دڵسۆزییەشەوە خزمەتی دۆزی گەل و خاکەکەی کردووە، ئەگەر کەسێکی بە مانای وشە رۆشنبیر بێت ئەوە هیچ کات ئەو دیاردە خراپانەی کە باسمانکرد نەیانگرێتەوە، چونکە خۆیان رێگە نادەن نە خۆیان وەک سەرکردە ببینرێن و نە خێزانەکانیان یاریی بە پلەکەی باوکیان یان دایکیانەوە بکەن.
کەواتە لەم روانگەیەوە رەنگە ئەو سەرکردانەی کە ناوی ئەو پلەیەش ناشیرین دەکەن، تەنها چەند کەسێک بن لەو حزبەدا، هەر وەک ئەوەی لە حکومەتێکدا چەندین کەس لە بەڕێوەبەر و وەزیر هەن، دەست لە کوپەی گەندەڵییەوە وەردەدەن.
سەرکردەی رۆشنبیر ئەو کەسەیە کە بە پلەکەی خۆیەوە نانازێت، بەڵکو پلەکەی نیشانەی ماندوێتیی رێگەی خەباتەکەیەتی، رۆشنبیر بوونی وای لێدەکات بگەڕێتەوە بۆ ئەزموونی سەرکردە باشەکانی جیهان و لەوانەوە فێر ببێت و رەفتار بکات.
ئەو لەم حاڵەتەدا وەک باوکێک یان دایکێکی باش و دادپەروەر خۆی دەنوێنێت. سەرکردەی رۆشنبیر لە سۆزی خۆیەوە دەڕوانێت بۆ هەست و سۆزی خەڵکانی تر، ئەو کوڕەکەی خۆی تەقدیس ناکات تا جەرگی باوک و دایکی تر بسووتێنێت، ئەو پێیوایە هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە سەربە خێزانێکن، باوک و دایک و خوشک و برایان هەیە و هەمووشیان پێکەوە گرێدراون و یەکتریان خۆش دەوێت، هەر وەک ئەوەی خۆی لە خێزانێکدا دەژی و هەمان سیفەتیان تێدایە.
تەنها پلەی رۆشنبیرییە وا لە سەرکردە دەکات دادپەروەرانە بیر بکاتەوە، چونکە کەسی رۆشنبیر هەمیشە پێوەرە کارپێکراوەکانی کۆمەڵگە دەخاتەکار لەکاتی چارەسەری کێشەیەک یان روانینی بۆ هەموو دۆزەکان، هەربۆیەش خێرا بەڵگە یاساییەکان یان ئەزموونی کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان بۆ قسەکانی دێنێتەوە.
هەرکات سەرکردەیەک دادپەروەر بوو، ئەوا خۆی حوکمی زیادەڕۆییەکانی ژیانی خۆی دەدات، ئەگەر تێیدا سەری هەڵدا، خۆی رێگە بەخۆی نادات. تا دوێنێ بوو لەگەڵ هاوەڵەکەیدا لە یەک سەنگەردا بوو، لە یەک ژووری پڕ لە مشک و ماردا بوو، لە یەک رووبار دەپەڕینەوە و دەستی یەکتریان دەگرت، منداڵەکانیان لەلایەن رژێمی بەعسەوە لە یەک زینداندا شەو و رۆژیان دەبژارد، بێ ئەوەی وەک منداڵ تاوانیان هەبێت، ئازار دەدران، کەچی ئەمڕۆ ئەو سەرکردەیەکی ژیان داخراوە و لە فەنتازیادا دەژی و ئەویش دەستگێڕێکی فرۆشیارە و رۆژ تا ئێوارە ماندوو دەبێت، بەڵام نەتوانێت بە جوانی خێزانەکەی بەڕێوە بەرێت. ئەمە تەنها لای سەرکردە رۆشنبیرەکانە کە هەمیشە تەرازووی ویژدانیان بەکار دەهێنن و دەزانن کە لە کوێوە ئەو پلەیەیان بەدەست هێناوە و بۆچی لەوێن و دەبێت چی بکەن؟ سەرکردەی لەم جۆرە هەمیشە سوژنێک دەکات بە خۆیدا پاشان دەرزییەک بەکەسێکی تردا.
سەرکردە و بوێریی لە بڕیارە گشتییەکاندا کە لە خزمەتی خەڵکدان
سەرکردە دەبێت بەو سیفەتە سەرکردە بێت کە هەمیشە لە ریزی پێشەوەی بڕیارداندا بێت و لە خزمەتی حزب و خەڵکدا بێت، نابێت بەرژەوەندیی تەسکی خۆی و پانتایی دەوڵەمەندبوون و خاوەندارێتی موڵکەکانی و دەسەڵاتی خێزانەکەی بکاتە هۆکار بۆ پاشەکشە لە بڕیارە بوێرانەکان کە بۆ بواری گشتیی پێویستن.
بۆ بڕیاردان سەرکردەی بوێر، بیر لە زیانە تایبەتییەکانی خۆی ناکاتەوە، بە پێچەوانەوە بیر لە ئاکامی بڕیارەکە لە بەرژەوەندیی گشتی دەکاتەوە، سەرکردە ئەگەر بوێر و چاونەترس بوو، ئەوا خەڵکی و ئەندامانی حزبەکەی هیوای لەسەر هەڵدەچنن، لەوە ناترسن لە رووداوێکدا بێ بەرەنگاریی پاشەکشە بکات و تووشی کارەساتیان بکات.
سەرکردەی بوێر لەگەڵ هاوەڵە بوێرەکانی دیکەیدا هاودەنگ دەبێت بۆ گرتنەبەری یەک هەڵوێست، کە لە خزمەتی حزب و خەڵکدا بێت، لە دەرگای عینادی نادات لەبەرئەوەی خۆی باوەڕی وانییە، هەمیشە ملکەچی بڕیاری زۆرینە دەبێت لەناو دەستەی سەرکردایەتی حزب یان حکومەتەکەیدا.
لە کۆنگرە و کۆنفرانسە گشتییەکاندا سەرکردە لێهاتووەکان لە رێگەی ژیانی رۆژانەی رابردوویانەوە سەرهەڵدەدەن لەبەرئەوە دەکرێت هەموو ئەو سەرکردانە هێندە بە وردی و دڵسۆزیی و پاکی درێژە بە کارەکانیان بدەن و پلەکەیان بپارێزن لە لەکەدار بوون، تا لە خولێکی دیکەشدا ئەو متمانەیە بەدەستبهێننەوە.
ئەوانەش کە لەهەمان ئۆرگانەکانی حزبدا کاردەکەن، وەک سەرکردەیەکی خاوەن ئەو خەسڵەتە باشانە هەڵسوکەوت بکەن تا خۆیان ئامادەبکەن بۆ خولەکانی داهاتوو ئەو پلەی سەرکردایەتییانەیان پێ بدرێت، لە ئێستاوە پابەندی دادپەروەریی بن، ئەوەی بۆ خۆیانیان دەوێت بۆ هاوەڵەکانیشیان بوێت، پاشقول لە هاوەڵەکانیان نەگرن تا خۆیان بچنە پێشەوە.

 181 جار بینراوە