سەرەکی » راپۆرت » پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە رێگەی سۆشیال میدیاوە

پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە رێگەی سۆشیال میدیاوە

راپۆرتی/ نیاز ئەبوبەكر

بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووەتە خوویەکی رۆژانەی هاووڵاتیان بە هەموو چین و توێژەکانەوە، هەرکەسە و بۆ ئامانج و مەبەستێک بەکاری دەهێنێت.

بەپێی توێژینەوەکان گەنجان زۆرترین بەکارهێنەری تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانن و بەشێکیان لەو رێگەیەوە پەیوەندی خۆشەویستیان دروستکردووە لەگەڵ رەگەزی بەرامبەر و هەندێکجار پەیوەندییەکە بووەتە هاوسەری و هەندێکجاری تریش بۆ هەڵخەڵەتاندن بووە و بێ ئەنجام کۆتایی هاتووە.

لە رێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە یەکیان ناسیوە
تارا و عەلی ئێستا خاوەنی منداڵێکی چاوگەشن، پێشتر هەر یەکەیان لە شارێكی جیاواز ژیاون و لە رێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکەوە یەکیان ناسیوە عەلی دەڵێت، رۆژێک بە رێکەوت پرۆفایلی تارام بەرچاو کەوت و ئادم بۆ نارد دوای هەفتەیەک قبوڵیکردم کەوتمە قسەکردن لەگەڵی وەک هاوڕێیەک سەرەتا زۆر ئاڵۆز بوو و درەنگ جوابی نامەکانمی دەدایەوە، بەڵام وردە وردە پەیوەندییەکەمان لە هاوڕێیەتییەوە گۆڕا بۆ خۆشەویستی و کرد.

تارا لەبارەی دروستکردنی پەیوەندییەکەیانەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی وتی، سەرەتا زۆر دەترسام، بەڵام دوای چەند جارێک قسەکردن بۆم دەرکەوت کە کەسێکی باشە و شەش مانگ وەک هاوڕێ بووین و دواتر هاتە داخوازیم و زەماوەندمان کرد.

وتیشی، سەرەتا لای ماڵەوەمان نەموت کە لە رێگەی فەیسبووکەوە ناسیومە، چونکە رازی نەدەبوون، بەڵام ئەوە بوو بە خێر بۆ ئێمە زۆر گونجا و و بێ کێشەین.

راستی ببێتەبنەمای پەیوەندییەکان
محەمەد حەسەن توێژەری كۆمەڵایەتی لەسەر دروستکردنی پەیوەندی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وتی، ئەگەر پەیوەندی نێوان تاکەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بنەمای راستی و هۆشمەندی بێت ئەنجامێکی باشی دەبێت، بە تایبەت بۆ ژنهێنان و شووکردن، بەڵام ئەگەر پەیوەندییەکە لەسەر بنەمای روخسار بێت ئەوە هەرزوو دەپوکێتەوە و بێ ئەنجام دەبێت.

سارا کەمال کچێکی تەمەن 27 ساڵە و لە رێگەی سۆشیال میدیاوە کوڕێکی ناسیوە پاش ماوەیەک لە پەیوەندی هاوڕێیەتی ویستویانە زەماوەند بکەن، بەڵام دواتر بێ ئەنجام بووە و سارا وتی، جیا لە سۆشیال میدیا کە روبەڕوو کوڕەکەم بینی و پاش قسەکردن لەگەڵی دەرکەوت زۆربەی ئەو شتانەی وتبووی راست نەبوو بۆیە کۆتاییم بە پەیوەندییەکە هێنا لەگەڵی و بڕیارمداوە هەرگیز شتی لەو شێوەیە دووبارە نەکەمەوە.

ئاشتی کاروان هاووڵاتییەکە هەموو جۆرە پەیوەندییەکی نەناسراو رەتدەکاتەوە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە و تۆڕی کۆمەڵایەتی تەنها بۆ قسەکردن و ئاگابوون لە خزم و ناسیاوەکانی خۆی بەکاردەهێنێت و هەرگیز کەسی نەناسراو وەرناگرێت و دەڵێت، چەندینجار بیستومانە بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ناسینی کەسی نەناسراوە و کێشەی کۆمەڵایەتی دروستبووە.

هەندێک لە پەیوەندی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ خەڵەتاندنە
پەیوەندییەکان لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروست دەبن مەرج نییە تەنها بۆ ژنهێنان و شووکردن بێت بەڵکو هەندێک لە تاکەکان لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هاوڕێیەتییەکی پتەو لە نێوانیان دروستبووە یان ئاسانکاری کردووە بۆ دۆزینەوەی هاوڕێی منداڵی و خزم و کەسوکار کە چەندین ساڵ بووە یەکیان نەبینیووە.

کارزان عەبدوڵڵا دوای 16 ساڵ لە رێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرامەوە هاوڕێیەکی منداڵی دۆزیوەتەوە لە ئەمریکا و وتی، هاوڕێکەم دوای ئەوەی بە خێزانی رۆشتن بۆ ئەمریکا هیچ هەواڵیم نەدەزانی رۆژێک بە رێکەوت وێنەکەیم بینی لە ئینستاگرام یەکسەر فڵۆوم کردو و بە یەکتر شادبووینەوە و باسی یادگارییەکانی منداڵیمان کرد، بڕیارە ئەمساڵ بێتەوە و لە نزیکەوە یەک ببینین ئەوە بۆ هەردووکمان زۆر دڵخۆشکەر بوو.

هەندێک کەسیش هەن کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان بە مەبەستی خراپ بەکارهێناوە وەک ئەوەی لە ماوەی رابردوودا چەندینجار لە راگەیەندراوی پۆلیسی شارە جیاوازەکاندا بینومانە کە تۆمەتباریان دەستگیرکردووە کە لە ژێر ناوی خۆشەویستیدا پەیوەندی لەگەڵ چەند کەسێكدا هەبووە لە رەگەزی بەرامبەر و هەڵیخەڵەتاندوون و دواتر داوای پارە و شتی دیکەی لێکردووە.

بەکارهێنانی هۆکارەکانی پەیوەندیکردن بە مەبەستی خراپ سزای هەیە و ساڵی 2008 پەرلەمانی هەرێمی کوردستان یاسای ژمارە 6 ی قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنی دەکرد، بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوە و کەمکردنەوەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان، ئەو کەسەی لە رێگەی هۆکارەکانی پەیوەندیکردنەوە تاوانێک ئەنجام دەدات بەپێی بڕیاری دادوەر سزا دەدرێت بە شێوەیەک کە بەندکردن لە شەش مانگ کەمتر نەبێت و لە پێنج ساڵیش زیاتر نەبێت یان پێبژاردن بەشێوەیەک بڕەکەی لە یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت.

 105 جار بینراوە