سەرەکی » زانست » ئامێرەكانی ناوماڵ، هۆكاری بەفیڕۆدانی كارەبان

ئامێرەكانی ناوماڵ، هۆكاری بەفیڕۆدانی كارەبان

كەشتیی نوح

زۆربەی ئامێرە كارەباییەكان وزەیەكی زۆری كارەبایان دەوێت و هەندێكیشیان كەمترین وزەیان دەوێت، ئەمەش كاردەكاتە سەر رادەی بەفیرۆدان و پاشەكەوتكردنی كارەبا لێرەدا باس لە هەردوو جۆری ئامێرەكان دەكەین لەوانەش:

بەفرگرە ( سەلاجە)
بەفرگرە یەكێكە لە ئامێرە كارەباییەكانی ناو ماڵ زۆرترین وزەی كارەبای دەوێت، چونكە شەو و رۆژ كاردەكات، بۆ ئەوەی كەمترین كارەبای بوێت پێویستە تا دەتوانرێت دەرگاكەی كەم بكرێتەوە و خواردنی بە گەرمی تێنەكرێت و پلەی گەرمییەكەی لەسەر 7 دابنرێت.

جلشۆر
هەرچی ئامێری جلشۆرە كارەبای كەمتر دەوێت، بە تایبەت گەر پلەی گەرمای جلشتنەكەی لەسەر( 30) بێت، هەرچەندە دەبێت ئەوانەی جلشۆر بەكار دەهێنن ئەوە رەچاو بكەن كەپێویستە بۆ پۆشاكەكانی ناوەوە هەمیشە ئاوی گەرم بەكار بهێنن،چونكە بەو جۆرە لە هەموو جۆرە میكرۆب و ڤایرۆسێك پارێزراو دەبن.

ئامێری قاپشۆر
ئامێری قاپشۆری كارەبایی نەك هەر وزەیەكی كەمی دەوێت، بەڵكو ئاوی كەمیشی دەوێت، لەكاتی كڕینی قاپشۆریشدا پێویستە ئەو جۆرانە بكڕدرێن كە بەرنامەی هەیە بۆ پاككردنەوەی قاپە ئاساییەكان كە زۆر چەور نین، بۆئەوەی بە بڕێكی كەمتری ئاو و بەكارهێنانی وزەیەكی كەمتری كارەبا بیانشوات.

تەباخی كارەبایی
جۆرە نوێیەكانی تەباخی كارەبایی كە بۆ چێشتلێنان بەكاردێن، بە جۆرێك دروستكراون كە پێویستیان بە وزەیەكی كەمترە، بەڵام دەبێت ئەو مەنجەڵانەی لەسەری دادەنرێن، زۆر ئەستوور نەبن بۆ ئەوەی بە كەمترین كات چێشتەكەی ناوی بكوڵێت.

گڵۆپ
زۆربەی وڵاتانی جیهان بەرەو خۆ رزگاركردن لە گلۆپە نەریتییەكان دەڕۆن و پشتدەبەستن بە گڵۆپی پاشەكەوتكەری وزە كە بە (لید) ناسراوە ، هەرچەندە ئەو جۆرە گڵۆپانە زۆر هەرزان نین، بەڵام وزەیەكی كەمتری كارەبایان دەوێت.

تەلەفزیۆن و كۆمپیوتەر
هەرچی تەلەفزیۆن و كۆمپیوتەری پێشكەوتووشە، ئەوانیش بڕێكی زۆری كارەبایان دەوێت، بۆیە پێویستە لەو كاتانەی كار بەو ئامێرانە ناكرێت بكوژێنرێنەوە، چونكە بە داگیرساوی مانەوەیان جگە لەوەی كارەبا بە فیرۆ دەدەن، ئەو تیشكانەی لێیانەوە دەردەچێت زیانبەخشە و كاردەكەنە سەر سەعاتی بایۆلۆژی مرۆڤ، بە تایبەت لەشەودا و دەبنە هۆی خەوزڕاندن.

سەرچاوە: Ghadinwes

 51 جار بینراوە