سەرەکی » دۆسێ » سودانی نوێ و ئاسایشی ئەوروپا و ئاشتیی جیهان

شۆڕشی دیسەمبەر بووە دەرفەتێک بۆ دووبارە پێناسەکردنەوەی هۆشیاریی تاکی سودانی

سودانی نوێ و ئاسایشی ئەوروپا و ئاشتیی جیهان

عەبدوڵڵا فەکی ئەلبەشیر

فاکتەری ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانی زۆر هەن کە رێگرن و چانسی کودەتای سەربازی لە سودان بەرتەسک دەکەنەوە.

شۆڕشە شکۆدارەکەی دیسەبمەری 2019 و پێناسەی نوێی سودان لە ئاسایشی نەتەوەیی ئەوروپا و ئاشتیی جیهانیدا ئەو شتانەن کە رۆڵی بریکارەکانی ناوچەییەکانی داگیرکەرە زلهێزەکانی سودان بچوک دەکەنەوە.

بیرۆکە بنەڕەتییەکان
پێشتر باسمان لە بیرۆکە بنەڕەتییەکانی سودانی نوێ کردووە و تیشکمان خستۆتە سەر فاکتەری ناوخۆیی. ئەمڕۆش بەکورتی بە ناونیشانی «پێناسەی نوێی سودان و رۆڵی لە ئاسایشی نەتەوەیی ئەوروپا و ئاشتیی جیهانیدا»، باسی فاکتەری ناوچەیی و جیهانی دەکەین.

پێشهات و داتاکان و تەنانەت هەستی سیاسی تەئکید لەوە دەکەنەوە کە بوار بۆ سەرکەوتنی هیچ کودەتایەکی سەربازی لە سوداندا نەماوە، بە تایبەتی دوای شۆڕشە شکۆدارەکەی «دیسەمبەر».

ئەگەر هەر ئەفسەرێکی سەرکەش لە نەزانی و نەفامییەوە بڕوا بەخۆی بکات و کودەتا بکات، ئەوا مەسەلەکە تێناپەڕێت و پێش تەواوبوونی هەفتەی یەکەم، خەڵک بەشانازییەوە ئازادی و کەرامەتی خۆی لێدەسەنێتەوە، چونکە شۆڕش و پەرۆشی بۆ گۆڕانکاری و ئازادی وەک ئۆکسجین بە ئاسمانی سوداندا بڵاوبوونەتەوە و وەک خوێن بە ناو دەمارەکانی جەستەیدا دەڕوات.

گۆڕانکاری و رزگاری
ئێستا لە سودان هەموو کەس بەدوای گۆڕانکاری و رزگاریدا دەگەڕێت، چ لە چیاکانی نوبا بێت یان دارفور، یان ویلایەتی نیلی شین یاخود لە خۆرهەڵات و تەنانەت باکوور و ناوەڕاستی سودانیش، هەموو کەس بووە بە پاسەوان و کرێکاری شۆڕش و چاوەڕوانە.

بۆیە هیچ دەرفەتێک نەماوە بۆ سەرکەوتنی کودەتای هێزە چەکدارەکان یان بریکارە ناوچەییەکانی داگیرکارە نێودەوڵەتییەکان تا یاری بە بەرژەوەندی و پەرۆشی خەڵکی سودان بۆ سەربەخۆیی و ئازادی و گۆڕانکاری بکەن.

لە سەرووی هەموو شتێکەوە، ژنانی سودان ئایکۆنی شکۆداری شۆڕشی «دیسەمبەر» بوون، کاتێک ژنان لە پێناوی شۆڕش و گۆڕانکاریدا هاتنە دەرەوە، دەنگی «کنداکە»ش لە ناخی زەوییەوە هاتە دەرێ و بە زمان و گوزارشتی ئەمڕۆ داوای شۆڕش و گۆڕانکاریی کرد، ئیتر بوارێک بۆ پاشەکشە نەماوە.

خاوەنی هەق و بەرژەوەندی
وەک بیرمەندی سودانی، مەحمود محەمەد تەها دەڵێت، ژنان خاوەنی هەق و بەرژەوەندین لە هەر گۆڕانکارییەکدا، هەر ئەوانیشن کە نرخەکەی دەدەن. لە شۆڕشی شکۆداری «دیسەمبەر»دا ماڵ و منداڵ و هاوسەرەکانیان لە دەست دا. بۆیە ئیتر بواری پاشەکشە و ترس نەماوە بە تایبەتی لە ئەفسەرە سەرکێشەکانی سوپا.

گەنجان و کەنداکەکان بە خوێنی خۆیان ئازادیان سەند، رووبەڕووی لێدان و بڕین و کوشتن بوونەوە، بەڵام نە پاشەکشێیان کرد و نە شکستیان هێنا، سەرکەوتن و جیهانیش شایەتحاڵی داستانەکەیان بوو، ئیتر ئەرکی ئێمە چییە؟ بێگومان ئەرکەکەمان ئەوەیە کە وەفاداری شەهیدان و خوێنەکانیان بین، کار بکەین، جارێکی تریش کار بکەین بۆ شۆڕش و گۆڕانکاری.

خەڵکی مەزنی سودان بە دروشمی «ئازادی و ئاشتی و دادپەروەری» گەورەترین تابلۆی مێژوویی شۆڕشگێڕانەی گەلانیان لە تۆماری شۆڕشەکانی مرۆڤایەتیدا جێگیر کرد، کە هێزیان لە ئاشتی و یەکدەنگی و بەهێزیی ئیرادەوە وەرگرت.

ئاشتی و رووبەڕووبوونەوە
شۆڕشەکە لە 19ی کانوونی یەکەمی 2018دا دەستیپێکرد و 142 رۆژە بەردەوام بوو، ئەویش بە پابەندبوون بە ئاشتی و سووربوون لەسەر رووبەڕووبوونەوە.

ئەوکاتە گەلی سودان لە رێپێوانی جەماوەریی گەورە و ئاشتیخوازانەدا بەشداریان دەکرد، هەندێک لە میدیا نێودەوڵەتییەکانیش بە گەورە و ئاشتیخواز وەسفیان کرد کە گوایە شتێکی نوێیە لە مێژووی شۆڕشەکاندا.

ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە ئەوەندە سوور و زیندوو و بەهێز مایەوە کە دواجار رژێمی ستەمکار لە 11ی نیسانی 2019دا رووخا، بەڵام بێگومان قوربانییەکان گەورە بوون، جا بۆ گەورە نەبێت؟ قوربانیدان لە پێناوی وڵاتدا مانای چییە؟

لە شۆڕشی جەماوەریی 19ی کانوونی یەکەمدا، گەنجانی سودان قوربانییەکیان دا کە پێشتر نەبینرا بوو، کە بەشێک بوو لەو قوربانیدانە گەورە و بە کۆمەڵەی چین و توێژەکانی تری گەلی سودان. جیانەبوو لە قوربانییەکانی داکۆکیکارانی گۆڕانکاری و سەربەخۆیی سودان، گەنجان بە سنگی بێ گوللە بەندەوە رووبەڕووی ئاگر و ئاسن و سەرکوتکاری و دڵڕەقیی رژێم بوونەوە و ئامادەبوون رووبەڕووی مەرگ ببنەوە، دڵسۆزییەکە هەستێکی دەگمەنی دیاریکردنی چارەنووس بوو.

تەواوکردنی سەربەخۆیی سودان
شۆڕشی شکۆداری «دیسەمبەر» بە ئاگاییەکی نوێوە بەدوای تەواوکردنی سەربەخۆیی سودانەوەیە، شۆڕشەکە بووە شۆڕشێکی هزری، بووە دەرفەتێک بۆ هۆشیارییەکی نوێ و دووبارە پێناسەکردنەوەی هۆشیاریی تاکی سودانی. دەرکەوت شۆڕشگێڕی لە سوداندا ماوە. ئیتر ئێمە پێویستمان بە هیچ شتێک نییە جگە لە کارکردن لەسەر عەقڵانیکردنی شۆڕش.

وەک مەحمود محەممەد تەها ئاماژەی پێدا و روونیکردەوە، ئەوە شۆڕشێکە لە مێشکی جەماوەردا دەژی. دەبێت ئیدارەی سودان لەسەر بنەمای فرەکەلتووریی و بەهاکانی دیموکراسی و ئازادی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و کەرامەتی مرۆڤ بێت، لە ئەلفوبێی سیاسی و فکرییەوە دەست پێبکات و هەموو هەرێم و ناوچەکان بگرێتەوە بە باشووریشەوە کە ئێستا بۆتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ.

جێگەی گومان نییە کە نائارامیی سودان کاریگەریی دەبێت لەسەر دەوروبەری ئەفریقی، بەتایبەتی ئەو ناوچانەت پشتی پێدەبەستن بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراکی خۆیان. ئەم پشتبەستنە بە سودان درێژ دەبێتەوە بۆ بەشێکی زۆری ئەفریقیا و هەروەها دەوروبەری زەریای عەرەبیش، تەنانەت ئەو وڵاتانەش کە جارێکی تر بەرهەمی سودانی هەناردە دەکەنەوە.

ئەوروپا و ئاسایشەکەی
ئەمەش لە کاتێکدایە ئیتر ناسەقامگیریی سودان راستەوخۆ کاریگەری کردۆتە سەر ئەوروپا و ئاسایشەکەی، تەنانەت بەلای ئەوروپاوە نائارامیی سودان مانای ئەوەیە کە بەشێکی زۆری ئەفریقیا ناجێگیرە. واتە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ئەوروپا.

چارەنووسی هاوبەشی مرۆڤایەتی هەلومەرجێکی نوێی لە بنیاتنانی پەیوەندییە هەرێمی و نێونەتەوەییەکاندا دروستکردووە، بە تایبەتی ئەو تەحەدایانەی ئەمڕۆ رووبەڕووی مرۆڤایەتی دەبنەوە، چ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا (COVID-19) بێت کە ئەمڕۆ جیهان پێیدا تێپەڕی دەبێت، یان بەرەنگاریی تیرۆر، ئیتر ئەوانە تەنها رووبەڕووی ئەفریقیا نابنەوە، لە سنوورێکی جوگرافی تەسک، مەودایەکی کەلتووری نامێننەوە بەڵکو ئیتر سنوورەکان دەبڕن، بەربەستە کەلتوورییەکان تێکدەشکێنن. لە جاران زیاتر هەموو لایەک تێدەگەن کە ئیتر هەموو مرۆڤایەتی یەک چارەنووسیان هەیە.

هەڵگیرسانی شەڕ لە ئەفریقیا و چڕکردنەوەی ناکۆکییەکان، هەروەها نائارامی کۆمەڵگاکانی، چ بەهۆی ناکۆکی و چ بەهۆی قات وقڕییەوە، ئیتر تەنیا پرسێکی ناوخۆیی یان ئەفریقی نییە، بەڵکو بۆتە پرسێکی ئەوروپی.

نەبوونی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و نائارامی لە ئەفریقیا —بە نموونەی ناوەڕاست یان خۆرئاوای ئەفریقا— واتە زیادبوونی ژمارەی ئەو گەنجانەی ئەفریقیا کە لە دەریای ناوەڕاستەوە بەرەو ئەوروپا کۆچ دەکەن،

کۆچ و مافی مرۆڤ
ئەم پرسە بۆتە هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی ئەوروپا و تەحەدایەک بۆ بەهاکانی مافی مرۆڤ، هەروەک بۆتە مایەی گەڵاڵەبوونی رایەکی گشتی دژی کۆچ و سیاسەتی کۆچ نەک تەنها لە ئەوروپا بەڵکو بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش، تەنانەت مەترسی لەسەر ئاشتیی جیهانی دروست دەکات کە ئەمەش لە سەردەمی دۆناڵد ترامپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکادا بە روونی دەرکەوت.

بۆیە ئیتر ئەفریقیا ئەو ئەفریقایە نییە کە ئەوروپا لە سەردەمی داگیرکاریدا دەیناسی و وەک سەرچاوەی سامان و داهات مامەڵەی لەگەڵ کردووە، بەڵکو ئەفریقیا پێناسەیەکی نوێی هەیە بۆ ئەوروپا و هەروەها بۆ جیهانیش.

پێناسە نوێیەکە بە هۆی گەشەی هەستی ئەخلاقیی ئەوروپای داگیرکەرەوە نییە، بەڵکو بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ پێشکەوتنی هۆشیاری خەڵک لە ئەفریقیای ئەمڕۆ کە بۆتە زامنی ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەیی ئەوروپا و لایەنێکی بەهێز لە بنیاتنانی ئاشتی هەرێمایەتی و جیهانیدا.

ئیتر پەیوەندییەکانی نێوان ئەوروپا و ئەفریقا بەدەرە لە شێوازە کۆنەکانی هاوبەشی و هاوکاری، چونکە ئیتر راستەوخۆ کاریگەریان لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەوروپا هەیە.

بۆیە، پێویستمان بە شێوازێکی نوێی هاوکاری هەیە، کە لە پەیوەندییە هاوبەشە کۆنەکانەوە وەرچەرخێت بۆ دروستکردنی هاوبەشی بۆ گەشەکردن و پەرەپێدان لە پێناوی سەقامگیری لە ئەفریقیا کە بەو هۆیەوە ئاسایشی ئەوروپا پارێزراو دەبێت.

ئەمەش ئەرکی ئەخلاقی ئەوروپایە بەرامبەر ئەفریقیا؛ مەیدان و کۆگای میراتی داگیرکاریی ئەوروپا.

 59 جار بینراوە