فلاش فیکشن یان ساتە چیرۆک

كارەكتەر

(42)

دەچێتە بەردەمی ماڵە دەوڵەمەندەكە: «هەر هەمووتان دەكوژم، هەر هەمووتان نێر و مێ، چۆلەكەبەكوژ لە ماڵتان دەبڕم!!» كابرای خاوەنماڵ یەكەمجاری نییە گوێی لەم قسانەی دەبێت، بۆیە حسابی گیزەی مێشوولەشی بۆ ناكات، بە تەوسەوە پێی دەڵێت: «بەچی؟ مەگەر بە خەفەت!»، دەڵێت: «نا بە تفەنگ!»، «دەبڕۆ داماو، خۆتۆ قەڵەمبڕێكیشت پێ نییە، چەكێ پەیاكە ئەوسا هەڕەشە بكە.»، «وەی خۆ راست دەكات.»
لە بەردەمی لیژنەی خۆشترین ئاوازدا: «بەشداری دەكەم، دەمەوێ ببم بە یەكەم گۆرانیبێژ، دەمێكە كورد یەكەم گۆرانیبێژی نییە.» سەرۆكی لیژنە: «بڕۆ بە رێی خۆتەوە، مەگەر بە خەون!»، «بۆچی بە خەون؟ ئەوەتا هاتووم و بەشداری دەكەم!»، «رۆڵە تۆ دەمت نییە، بەچی گۆرانی دەڵێی؟»، «ئەها خۆ راست دەكەی.»

دەقیژێنێ بە گوێی راهێنەرەكەدا: «رادەكەم، رادەكەم، دڵنیابە یەكەم دەبم،» «قیژە قیژ مێشكمان مەبە، ئەمەیە دەڵێن فیكە بە برای بێ لێو دەكات، بەچی رادەكەی رۆڵە؟ خۆتۆ قاچت نییە!»، « ئەها وایە، دەمم نەبێ هاكەم، قاچم نەبێ راكەم، ئەی خوایە قوڕی كوێ بەسەرماكەم.»

وەك ئەوەی راویان نابێت، بەپرتاو خۆی دەكات بە سەرتاشخانەكەدا، رێك لەسەر كورسییەكە دادەنیشێت و دەڵێت: «هەڵسە، خێراكە دەچم بۆ ئاهەنگی بووكگواستنەوە، خێرا سەرم بۆ چاكە، زۆر كورتی نەكەیتەوە سەرم بكەی بە گوێز!» كابرای سەرتاش دانیشتووە، بە مووكێش مووی لاجانگی هەڵدەكەنێت، وەك ئەوەی گورگی دیبێت بە سەرسوڕمانەوە سەیری دەكات، «ماشەڵڵا، ماشەڵڵا لەم مشتەرییە، چۆن بەپرتاو هاتیتە ژوورەوە ئاوا بچۆرە دەرەوە، جامخانەكەش داخە، ئەگینا هەڵدەسم وەكو خڕەبەردێكی ناقۆڵا فڕێت دەدەمە سەرشەقامەكە، لە بەیانییەوە سەرێكم چاك كردووە، دەماخم تیا نەماوە، یەكێكم پێ مەكوژە!»، «ئێ بۆ ئێ بۆ؟»، «هەتیو تۆ سەرت نییە، سەری چی دەتاشی؟» «…»

بەخێر نەیەمەوە بۆ خۆم و كارەكتەرم، دەمەوێ كێ بكەمە پاڵەوانی ئەم چیرۆكە؟ هەی لەم پاڵەوانە! بریا هەر ئەوەندە بوایە. لووت و گوێ و چاو و گەدە و ریخۆڵە و … هەر هیچی نییە. نەدەبوو حیكایەتەكەی بگێڕمەوە؟ بەڵام ئەی كێ چیرۆكی ئەم كارەكتەرە بگێڕێتەوە؟

 360 جار بینراوە