سەرەکی » هەواڵ » پەیامی بافڵ جەلال تاڵەبانی بە بۆنەی شەهیدبوونی پێنج پێشمەرگەوە لە بەرپەرچدانەوەی داعشدا

پەیامی بافڵ جەلال تاڵەبانی بە بۆنەی شەهیدبوونی پێنج پێشمەرگەوە لە بەرپەرچدانەوەی داعشدا

شەوی رابردوو لە ھەوڵێکی ترسنۆکانەی دیکەی تیرۆریستاندا، په‌لاماری سەنگەرەکانی پێشەوەی پێشمەرگە لە سنووری کوڵەجۆی گەرمیان درا.

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە له‌ ئه‌نجامی ئه‌و كرده‌وه‌ تیرۆریستییه،‌ پێنج پێشمەرگەی قارەمان شەھید بوون و چوار پێشمەرگەی دیکەش برینداربوون.
وێڕای سەرکۆنەی ئه‌م پەلامارە تیرۆریستییە، پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی قووڵی خۆمان ئاراستەی كەسوكار و خانەوادەی سەربەرزی ئەو شەهیدانەمان دەکەین، هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین.

بە نیگه‌رانییەکی زۆرەوە له‌ چه‌ندبارەبوونه‌وه‌ی ئەم پەلامارە تیرۆریستییانە بۆ سەر سەنگەرەکانی ھێزی پێشمەرگە، لە ناوچە کێشەلەسەر و دابڕێندراوەکانی ھەرێم دەڕوانم. بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم پەلامارانە، پێویستی زیاترمان بە پلان، بەرنامەی ھاوبەش و ھەماھەنگی ھەیە، بەتایبەت چڕکردنەوەی کارکردنی پێکەوەیی زیاتر لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عیراقدا، بۆ رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی داعش و رێگری لە جموجۆڵەکانیان کە مایەی ھەڕەشەی جددین بۆ ئەو سنوورانە. لێرەوە جارێکی تر داوادەکەین دۆسێی ئەمنی ئەو ناوچانە بە ھاوبەشی، بە سیاسەت و تێڕوانینێکی ترەوە لەپێناوی سەقامگیریی، ئاسایش و ئارامی زیاتر بەڕێوەببرێن.

دووبارە سەربەرزی بۆ رۆحی شەھیدەکانمان و خودای گەورە ئارامی بە كه‌سوكاری شه‌هیدان ببەخشێت. ھیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکانمان دەخوازین و بۆ ھەر ھاوکاری و چارەسەرێکی خێرا ئامادەی خۆمان دەردەبڕین و لەگەڵتانین.

بافڵ جەلال تاڵەبانی

 137 جار بینراوە