سەرەکی » کەلتوور » تەوارى ئاسۆ

تەوارى ئاسۆ

گوڵزار حەمە فەرەج

نووسەر لەم کتێبەدا تازەترین فکر و ، شەپۆلى هۆش و مەوجى خەیاڵ و، گەمەى فەنتازیا و، بەھێمنی خوڵقاندنى رووداوی بەیان كردووە، منیش بەو ھێمنی و بێدەنگیانە مەستم کاتێک کتێبێك، وشەکانى دەبن بە پردێک بۆ بونیادنانى ئاسۆیەکى واڵا بە رووى ناسینى خود و لەھەمان كاتدا ناسینی بەرامبەریشە، کە بە نیگایەکى جدى لێى دەڕوانم و رۆدەچم بە نێو دێڕەکانیدا، دارێک لە ناخمدا گەشە دەکات و سەرەتا چرۆ دەکات پاشان رەگەکانى بە ناخمدا دێن، ئەو کات چاوەکانم وەک دیمەنى دوو مەل بە ئاسمانى بەریندا بەرز دەفڕن و بیر لە نیشتنەوە ناکەنەوە، دەزوو بۆ فەنتازیای خەیاڵ شل دەکەن و بێ ئەوەى خۆم بمەوێ تەواوى جەستەم ئەبێت بە چاو، لە تەنیاییەکى قوڵدا دەمێنمەوە و هەست دەکەم سەر زەوى تەنیا منى تێدام، نورێک لە ڕۆحمەوە دەردەچێت، کە لەگەڵ دێڕەکانى کتێبەکەدا ئاوێزان دەبێت. کتێبى تەوارى ئاسۆ لە نووسینى شاعیر کاوە شێخ سەلام ئەو پەرتووکەى چەند وێستگەیەکن لە ژیانى تایبەتى و گشتى ئەو، تاراى شیعرى داوە بەسەر ئەو هەستانەیدا کە شایەنى دەربڕینن، شاعیر پێى وایە شیعر ئاسانتر دەتوانێت دیمەنەکانى بەرچاوى لە تابلۆیەکدا بە رەنگەکانى ژیان بکێشێت و باشتر مەبەستەکانى بپکێت، ئەم دێڕانە کۆکراوەى بەرى خەرمانى بێناز و کوردانەى ناو دنیایەک لە جەنجاڵى داب و نەریت و ئایدیاى سەردەمى نووسەرە، بەشێکى ترى ئەم شیعرانەى هەستى شاعیرە لە چوار چێوەى خەمى ڕۆژانەى ژیانیداو کاتێک، کەسێک لە خۆى هەژارترى بەر دیدە کەوتبێت، توانیویەتى سەرنجى کەساسیەکەى بۆلاى خۆى ڕابکێشێت و پشتى تێنەکردوە و چرکەیەکى ژیانى نووسیوەتەوە، وشە و شیعرى بۆ ئەوین و جوانى سروشت و خۆشەویستى عیشقى بۆ پەروەڕینى و تەواریکى بەرزە فڕو، نیشتمانێکى سوتماک چڕیوە، شاعیر ویستوویەتى لە رێى جگەر گۆشەکانیەوە بارییکە ڕێیەکى هیوا بەخش پیشانى هەموو گەنجان بدات و ئەزمونى تەمەنى لەگەڵ خەمەکاندا لە دێڕى کتێبەکەیدا بەرجەستە بکات، لە نمونەى جوانى شیعرەکانیدا دەڵێ : ونبون گوایە ونبوم زۆرلام سەیرە من شارەزاى تاڵ بە تاڵى کۆڵانەکانى زوڵفى تۆم من دێوانەى هەمیشەیى کێوەکانى گەردنى تۆم من کوا ونم هەموو رۆژێ بە گۆناتدا دێمە خوارێ بەرى هەرمێ و قۆخ و هەنار بەدارى فیردەوسى تۆوە تام دەکەم و لە کانیاوى لێوەکانت دەخۆمەوە من کوا ونم؟!

 189 جار بینراوە