سەرەکی » ساڵۆنی کوردستانی نوێ » ساڵۆنی کوردستانی نوێ یاران و شەیدایانی شەیداهۆ کۆدەکاتەوەپەڕە 2

ساڵۆنی کوردستانی نوێ یاران و شەیدایانی شەیداهۆ کۆدەکاتەوە

مەریوان مەسعود:
بەخێربێن میوانە بەڕێزەكان بۆ كۆڕی هاوڕێی جوانەمەرگ ئیدریس شەیداهۆ بە ناوی كوردستانی نوێ-وە بەخیرهاتنتان دەكەین.
ستران عەبدوڵڵا:
بەخێربێن میوانانی ئازیز، بەخێرهاتنی بەڕێز كاك قادر عەزیز و هەڤاڵان و دۆستانی شاعیر و نووسەر و رۆژنامەنووس كاك ئیدریس شەیداهۆی جوانەمەرگ دەکەین و هەموولایەكتان بەخێربێن.
لەم رۆژانەدا لەگەڵ دوو برادەر وتووێژمان بوو لەسەر دۆخی سیاسی كوردستان، گفتوگۆكەش زیاتر لەسەر وتاری برادەریك بوو كە لەسەر وەزعی ناوخۆی یەكێتی شتێكی نووسیبوو، برادەرێك لەو برادەرانە وتی وتارەکەت زۆر توندە، هەلومەرجێكی ناخۆشە بۆ یەكێتی و بۆ كورد.. ئیتر كەمێك روونكردنەوەی دا لەسەر ئەو بابەتە و وتی تۆ دەڵێ چی؟ وتم وەكو تێڕوانینەکەت لەجێی خۆیدایە.
ئەم شتەتان بۆیە بۆ دەگێڕمەوە رەحمەتی ئیدریس شەیداهۆ كاتی خۆی لە رۆژنامەی ئاسۆی هەفتانە شتێكی دەنووسی، جارێكیان وتارێکی هێنا زۆر توند بوو، وەكو پیشەی بەردەوامی سەرنووسەرەكان، وتم كاكە ئەمە زۆر توندە، بارو‌دۆخەكە نالەبارەو كوردستان حاڵی ناخۆشەو وەرزێكە ئەم ئەزموونە خوێنی ئەو هەموو شەهیدە رژاوەو ئیتر هەندێك پاساوم هێنایەوە، من لەبیرمە كاك ئیدریس شەیداهۆ قسەیەكی وت زۆر سەرنجی راكێشام وتی: (لەبەر ئەو خوێنە زۆرەی كە رژاوەو لەبەر ئەو تێكۆشانەی خەڵك بۆ ئازادیی كوردستان كردویانە، وەكو ریزێك بۆ ئەو هەموو خوێنەی كە رژاوە، دەبێت حیبر زۆر بڕێژم و دەبێت زۆر توندبم بۆئەوەی بەقەدەر ئەو تێكۆشانە بێت كە كورد كردوێتی).


ئەم قسەیەم بیرناچێتەوە كە كاك ئیدریش شەیداهۆ بەڕێگەی تەنزی خۆی وتویەتی، لەبەر ئەو خوێنە دەبێت حیبر زۆر بڕێژێ.
لەگەڵ كاك مەلا ئاریان كە هەفتەی رابردوو بۆنەی ساڵیادی سەركردەو تێكۆشەری گەلەكەمان كاك سەعدی گچكە بوو، پێشنیازم كرد کە باشە بۆچی لەگەڵ دوای یادی كاك سەعدیدا، یادی كەسێك نەكەینەوە لە ئەهلی رۆژنامەنووسان؟ وتی دوای ئەوەی ئەم وەزیفە نیشتیمانییە تەواودەكەین، ئەم یادەشم پێ خۆشە.
من ئەوە دەڵیم با هەمیشە ئەومان لەبیربێت و ئەو قسەیەمان لەبیربێت بەقەدەر ئەو خوێنەی رژاوە، پێویستە ئێمەی رۆژنامەنووس و نووسەر حیبر بڕێژین و قسەبكەین.
قادر عەزیز:
زۆر سوپاس بۆ ئامادەبووانی ئازیز زۆر سوپاس بۆ ئامادەكردنی ئەم كۆڕە خنجیلانەیە، سوپاس بۆ كاك ستران، بەراستی بۆ شاعیرێكی روحسوك و خۆشەویستی هەموومان من قسە لەدوای مردوان ناكەم، دڵنیابن خۆشەیستی هەموومان بوو، پیاوێكی كۆمەڵایەتی رۆح سوك، بیگومان تێكەڵاوی من لەگەڵ بنەماڵەی ئیدریس شەیداهۆ بۆ شەستەكان دەگەڕێتەوە كە ئەوكاتە ئەو 3 یان 4 ساڵان بوو، جیران بووین لە گەڕەكی سەیداوا، سەیداوا گەڕەكی هەژارەكان بوو، تازە دروستببوو.
برا گەورەكەی رەحمەتیش مامۆستا عەلی بەیەكەوە بووین لە تاكە خوێندنگای نموونەیی لە هەولێر. زۆر جار ئێمە لە مەكتەب دەهاتینەوە لە ماڵی ئەوان سەعیمان دەكرد. حەوشەیەكی گەورەیان هەبوو، دایكێكی زۆر میهرەبانی هەبوو، هەمیشە نەخۆش بوو، بەڵام هەمیشە خۆی بەقوربان دەكردین و میوانداریی دەكردین.
ئەو كاتە شەیداهۆ بچووك بوو، كە ئەو بنەماڵەیە خۆیان زۆر كورد پەروەربوون. باوكی و مامەكانی و ئامۆزاكانی لە كاك فاروقەوە تا بەتایبەتی دوو ئامۆزای لەگەڵ ئێمە پێشمەرگەبوون، ساڵانێكی زۆر لە شاخ كاك غازی و كاك هەڵمەت لەگەڵماندا بوون.
دوای راپەڕین ئێمە كە چووینەوە ئاڵای ئازادی کە لە هەولێر دەردەچوو، شەیداهۆ هاتە لای ئێمە، لەوێ دەستبەكاربوو، هەر بەیەكەوە بووین، لە 31 ی ئاب شەیداهۆ بەتەنیا بەبێ بنەماڵە لەگەڵ ئێمە هەڵوێستی وەرگرت.


لە هەولێر دەرچووین، ئەوكاتە لە قاسمە ڕەشیش هەر لەگەڵ ئێمەبوو بەتەنها. دوای ئەوە كە گەڕاینەوە دیسان لێرە ئاڵای ئازادی لە سلێمانی دەردەچۆوە ئەو دەستبەكاربۆوە. جگە لەوەی شاعیرێكی هەست ناسك بوو، نووسەریش بوو، گۆشە نووسیش بوو، توانایەكی باشی هەبوو.
واتە هەمیشە بە هەڵوێست بوو، ئەو ماوەیە بڕوا دەكەم ئەوەندەی لەگەڵ ئێمە ژیاوە، لەگەڵ بنەماڵەكەی خۆی نەژیاوە، بە تایبەتی ئەو چەند ساڵەی كۆتایی بە منی دەوت: وەكو ئەلەندم بۆت، بەراستیش وابوو، بەتەوای تێكەڵ ببووین، سوعبەت و گاڵتەو هەموو شتێكمان هەبوو.
بەو دواییەی گلەیی ئەوەی هەبوو دەیوت: «ئەنگۆ لەبەرئەوەی حزبی نیم، من ناكەنە سەرنووسەر»، هەموو جارێک دەموت: «شەیداهۆ بەسەری تۆ بەزۆر حزبیانت ناگۆڕینەوە، بەڵام ئەو ئیلتیزامەی ئێمە لەسەر حزبیی دەیسەپێنین، ناتوانین بەسەر تۆدا بیسەپێنین. تۆ شاعیرێكیت و نووسەرێكی حزبی نیت.
یەكێك لە گلەییەكانی كە بە نامە بۆی دەناردم لەسەر سەرنووسەرەكانە. بۆ دووساڵ بوو سەرنووسەرێكی نوێمان دانابوو، وابزانم كاك عەدنان عوسمان بوو، نێوانیان زۆر تەواو نەبوو، لەنامەکەدا دەڵێت: كاك قادر، دوو ساڵ بەرگەی غازی حەسەنم گرت، دوو ساڵ لەگەڵ كەلە رەقییەكەی گۆران جەلال لێم خوڕی، دوو ساڵ خۆم بە ریباتە نارنجییەكەی شازاد ئەنوەرەوە شۆڕكردەوە، خوا فرسەتم بدات 10 ساڵیشە لەگەڵ كاك نەهرۆ هەینی دەژیم، هەروام دەزانی حزب لە مەحمود عوسمان گەورەترە کە مەبەستی «مەحمود سوڵتان» بوو، ئەوكاتە مەلا ئاریان نەهاتبوو، لەوانەیە پێناسەیەكی باشی بۆ ئەویش بكردایە، ئەمە بۆ خۆشی بوو من یەكێك بووم لەوانەی زۆر هاوكاریم دەكرد.


بەداخەوە خۆی یارمەتی خۆی نەدا زۆر ئاگای لە تەندروستی خۆی نەبوو زوو بەجێی هێشتین، بەڵام ئەوەی جێی خۆشحاڵییە بۆ ئیمە جوانە خان مامۆستا جوانە هاوسەری شەیداهۆ بەراستی شوێنی دایك و باوكی بۆ منداڵەكان گرتۆتەوە، كە ئەوە بۆ ئێمە گرنگە بۆ هەموومان. منداڵەكانی گەورە كردووە ئەركی هەموومانی سووكکردووە، زۆر سوپاسی دەكەین، دووبارە سڵاو بۆ گیانی پاكی شەیداهۆ و شەهیدانی رێگەی كوردستان.
جوانە خان:
سوپاس بۆ رێكخستنی ئەم كۆڕەو بەخێرهاتنی هەمووتان دەكەم.
شێرزاد حەسەن:
شتێكی تایبەتم نییە، بەڵام ئەوەی كە لە یادی من مابێت، چ لە هەولێر و چ لە سلێمانی، زۆر راگوزەریی بەر یەكتریی دەكەوتین، من یەكێكم لەو كەسانەی بەردەوام شتی پیرو لاو دەخوێنمەوە، بۆیە بڕوادەكەم من لەسەرەتاوە ئاگام لە زۆربەی كارەكانی ئەو بوو، هیچ كاتێكیش كەم و سوك سەیری بەرهەمی هیچ كەسێكم نەكردووە لە ژیانمدا، بۆ من زۆر گرنگه ئیدریس یەكێك لەو لاوانە بوو كە زۆر هانم دەدا، دەیوت بۆ هانم دەدەیت وەكو حاجی قادر دەڵێ بەدبەختی كورد ئەوەیە كە تۆماری نییە، واتە كورد یەكێك لەو میللەتانەیە. وتم شەیداهۆ حەزدەكەم هەموو هەولێر وەكو تۆ ئیش بكات، لەبەرئەوەی بۆ من زۆر گرنگە كەسێك بە كوردی دەنووسێت. هەمیشە دەیوت لەكوێوە دەست پێبكەم؟ وەكو هەر لاوێكی دیكه من ئەوەی دەرەقەت دەهاتم ئەو رۆژگارە باس لەوە بكەم ئەو كتێبانەی كە لە هەرزەیی منی گۆڕی لە هەولێر، منیش خەڵكی گەڕەكی كورانم، زۆر هاوڕێی عەلی یەعقوبم براكەی شەیداهۆ، ئەویش وەكو شەیداهۆ لەكارو نووسین چالاك بوو، ئەوەی كە سەرنجی رادەكێشام كە زێدە ماندوبوو، یەكێك بوو لە كوڕە هەرە ماندووەكان، من وام بیردەكردەوە كە دەبێت چ شتێكی تایبەتی ژیانی هەبێت یان چ شتێك گشتگیر هەبێت كە خەمە.
كاك قادر وتی یارمەتی خۆی نەدا، من ئەوەندەی ئاگام لە ئەدەبیاتی دنیا بێت، چ بە جگەرە چ بە كحول بە هەزاران كەس تیاچووە، لەبەرئەوەی هەیە خۆی هەر نەیتوانیووە بەبێ جگەرەو كحول بژی. ئەوەی ئەو كارە دەكات لە دنیای پێشكەتوو، هەرگیزاو هەرگیز خراپ سەیر ناكرێت، بەڵكو لەباوەش دەگیرێت، لەفینلەندا بووم، نیو ملیۆن بەشەر ئەمانە خۆشەویسترین بەشەربوون لای حكومەتی فینلەندی، بەشەو بە رۆژ چاودێریی تایبەتیان هەبوو كە دەچن بۆ كوێ؟ كەی دەبورێنەوە؟ بۆیە بڕوادەكەم جۆرێك لە خۆكوژی هەیە لە مرۆڤدا، دیارە ئەو خەمە زاتی بێت، ئەگەر خودگەرایی بێت، ئەگەر گشتگیر بێت، ئەگەر دنیایی بێت، قەومی بێت، بەڕاستی یەكێك بوو لەو پیاوە تووڕانەی كە من قەت لەبیرم ناچێ. زۆر ناڕازی بوو لە هەموو شتێك، واتە پیاوێكی رافزی بوو، بەراستی من خەڵكی رافزیم زۆر خۆشدەوێت، كە گومان و پرسیاری هەبێ.


ئەوەی لەبیرم ماوە زۆر جار فرمێسكم بینیوە لە چاوی پیاوێك پڕ لە هەڵچوون و داچوون. بڕوادەكەم من پێم سەیرە ئازاد سوبحیش یەكێكە لەو پیاوە گەورانەی ئێمە كە ماوەیەكیش دانیشت، وازی لە كحول هێنا، بەڵام من هەستم كرد ئازادو شەیداهۆ زۆر لەیەك دەچن لەو خەمە قووڵە.
رەنگە خەمێكی منداڵی یان تراژیدی، گەنجێتی، وجودی، خەمێك ناتوانێ ئەو پانتاییە بدۆزیتەوە كە ئەوان تیایدان، بڕوادەكەم ژمارەیەكی زۆر وەكو ئەوان هەن، كە بەڕاستی دەڵێن ژیان كوشتمی مەرگ تۆ لە كوێی.
من كە لە فینلەندابووم، ئەو هەستەم هەبوو، لە دیدارێكدا وتم: «من لەمردن رامكرد بەس ژیان خەریكە لێرە دەمكوژێت». بۆیە زۆرجاران ژیان هێندە ناشرین و كوشندەو مەرگ ئامێزە، ئینسان باوەش بە مەرگدا دەكات، ئەگینا كەس نییە مەرگدۆست بێت، بچووكرتن زیندەوەر ژیان دۆستە، حەزی لە ژیانە، دەیەوێت بژی.
من یادی شەیداهۆ-م لەبیرناچێ زۆریشم پێ خۆش بوو ئەو كۆڕبەندە كرا بەیادی ئەو، چونكە بەراستی یەكێك بوو لەو كەسانەی لەیاد ناكرێت.
د.كاروان عەلی:
دەست خۆشیتان لێدەكەم، من كاتێك پۆستەرەكەم بە فەیس بووك بۆهات، تووشی شاگەشكە بووم لەخۆشیدا، وتم جارێكی تر ئیدریس هاتەوە ناومان، من خۆم بەخۆشحاڵ دەزانم لەوەی ئەو بەڕێزانەی دانیشتوون زیاتر هاوڕێی ئیدریسن، بەریەکكەوتنی من و ئیدریس لە سێ شوێن بووە، یەكێکیان لە كوردستانی نوی بوو لەوێ زوو زوو یەكمان دەبینی، شوێنێكی تر جادەی سەهۆڵەكە بوو، ئەو كاتانەی هیلاك دەبووین لەكاركردن، لەوێ یەكمان دەبینی، جێگایەكی تر رۆژنامەی ئاسۆ بوو. لەهەموو ئەو شوێنانە بەردەوام گلەیمان كردووە، لەخۆمان لەدەوروبەر، قسەخۆشەكانی ئیدریس، هاوڕێیان بیریانە بەردەوام وێستگەیەك بووە كە ئێمە دڵمان پێی بكرێتەوە، لەبارودۆخێكدا بووین لە رووی نەفسی‌و بەدەنیشەوە هیلاك بووین، هەرچەند جارێ ئیدریسم بینیبێت، كەسێكی بەجەستە ماندوو بوو، بەبیركردنەوە ماندو بوو، لە قسەكانی هەستت پێدەكرد، نوكتەكانیشی خەماوی بوون. من لەبەرئەوە چەندم پێناخۆشە كەسێك مودمین بێت لەسەر كحول، بەڵام بۆ ئیدریس پێم ناخۆش نەبوو، چونكە لێی دەهات، من شەوێك لە ئاسۆ بووم، هەرگیز ئەو یادگارییەم بیرناچێتەوە، خەریكی كاركردن بووین لە دەرگای دا لە رووی تەندروستییەوە تەواو نەبوو، چەند جاریش پێم دەوت كە واز بێنێت، دەیگوت «مامە كاروان مادەم خەم بەبادەدەم قەینا وازبێنە، ئینسان یەكجار دەمرێت».
یادگاریی تر زۆرە دووبارە خۆم بەخۆشحاڵ دەزانم منداڵەكانی لێرەن، ئەوەی زۆر ناخۆش بوو، كاتی مردنەكەی من لەخوێندن بووم لە بەریتانیا، ئیدریس دڵپاك بوو، هاوڕێ دۆست بوو، خۆشەویستی هەموو لایەك بوو، كارێكی باشتان كردووە، دەبێت رێز لەنووسەر‌و رۆژنامەنووسان بگرین، چ ئەوانەی مردوون چ ئەوانەش کە زیندوون.
سەرتیپ جەوهەر:
دەست خۆشی لە كوردستانی نوێ دەكەم بۆ یادی كاك ئیدریس، هەموومان كاك ئیدریسمان دوور ‌و نزیك ناسیووە، ئێمە كە هاتینە سلێمانی، هەولێرییەكان سروشتی یەكترمان دەناسی، كە یەكمان دەبینی، وامان دەزانی خزمی یەكترین، ئاوارە بووین، من لەگەڵ كاك ئیدریس لە رۆژنامەی هەرێم‌ و ئاڵای ئازادی یەكمان دەبینی، مەكتەبی راگەیاندنی زەحمەتكێشان كۆمەڵێک خەڵك كاریان لێ دەكرد، حزبی نەبوون، من یەكێک بووم لەوانە، ئیدریس یەكێک بوو لەوانەی تەنزی دەنووسی، لە مێژووی رۆژنامەگەریی كوردیدا، ئەوانەی بە تەنز دەیاننووسی كەمبوون، لە هەولێر ئیسماعیل بەرزنجی هەبوو، كاك شێرزاد شێخانی دەینووسی، كاك شێركۆ بەردەوامە، وەك چۆن بە تەنز دەینووسی، بەسروشت و هەڵسوكەوتیش تەنز ئامێز بوو، واتە حەزت دەكرد بیدوێنیت، هەمیشە نوكتە‌و قسەی جوانی هەبوو، بەداخەوە خۆزگە ئێستا خۆی لێرە بووایە.
كاك ئیدریس یادەوەریی لەگەڵماندا هەبوو، سەفەرمان هەبوو، ئیشمان پێكەوە دەكرد، لەگەڵ ئەوەشدا كوڕێكی زۆر بوێربوو لە قسەكردندا، تەحەفوزی نەبوو لەقسەكردندا لەگەڵ هەموو كەسێكدا، كوڕێك بوو ئەو شتەی دەیویست بیگەێنیێت، زووتر دەیگەیاند، ئێمە شەرممان دەكرد، ئەو لە ئێمە ئازاتر بوو، بەداخەوە زوو جێی هێشتین، ئەو واقیعیتر دەینووسی، وەك شیعر، ئەوكاتەی وەفاتی كرد من لە هەولێربووم، لەوێ پێشوازیمان لێكرد.


حەسەن یاسین:
سوپاسی كوردستانی نوێ دەكەم بۆ یادكردنەوەی ئیدریس شەیداهۆ ، هاوڕێی زۆربەمان بوو، ماوەیەكی زۆر من لەگەڵیدا كارم كردووە، لە ئاڵای ئازادی بوو ، كۆڵەكەیەكی سەرەكیی بوو، تایپپێست بوو، دەستەی نووسەران بوو، گۆشەنووس بوو، كەلێنی زۆر گەورەی پڕكردبۆوە، جەوی رۆژنامەكەی خۆش دەكرد، لەشوقەش هەر پێکەوەبووین.
من دەمەوێ هەندێک قسەی خۆشی باس بكەم، تازە جوانە خانی ناسیبوو، داخوازیی كردبوو، چاوەڕێی وەڵام بوو، خزمێكی لە ئاكرێ گیرابوو، پێشمەرگە بوو، دەعوەتی كردبوو لە شوقەكە مەشروبی بۆ هەردووكیان كڕیبوو، زوو زوو دەچووە خوارەوە چاوەڕێی كوڕێكی دەكرد، زوو زوو پێكێكی هەڵدەداو دەچووە خوارەوە و دەگەڕایەوە، وتی: «هاوڕێ حەسەن، وەڵا جوانە وتویەتی ئەو ماوەیە كەم بخۆرەوە، باوكم چاودێرێت دەكات»، لەو رۆشتن‌و چوونە بۆ خوارەوە مەشروبەكە تەواو بوو، وتی: «هاوڕی حەسەن بەریدام، وتم بۆ؟ وتی: «یەكێک دەستی لەسەر شانم دانا وام زانی ئەو كوڕەی خزممانە، كاك عەلی بوو ، وتی كاك ئیدریس چۆنی وەڵا ئیتر بەریدام.
ئیدریس زیانێکی گەورەبوو، جوانە خان ئاگادارە هەوڵم بۆ دەدا بۆ عیلاجكردن، یادی بەخێر، شتی زۆرە ئینشاڵڵا بە نووسین ئەو شتانە تۆمار دەكەم.
كاروان ئەنوەر:
وەفایەكی زۆر جوانە، كەسێك هاوڕێكانی بەجێدەهێڵێت ئاوها ناوبەناو ناوی كوێر نەكرێـتەوەو لەكۆڕێكدا باسبكرێت. شەیداهۆ یەكێك بوو لەو كەسانە ئاسان نەبوو، تەنها یەك جاریش لەگەڵیدا دابنیشتیتایە، یادگارییەكی لا بەجێ دەهێشتیت، هەمیشە لەخەیاڵتدا بووبێـت، بەداخەوە كە وەفاتی كرد، وتمان گۆڕەپانێک، باخچەیەك بەناوییەوە بكرێت، كۆمەڵێک بیانوویان هێنایەوەو نەیانكرد، بۆیە من لێرەوە داوا لە هاوڕێیانی دەكەم وەك سەندیكا ئەوە دكتۆر تەها لێرەیە ئەو شتانەی كە هەیەتی، سەرگوزەشتەكانی سەرە مقەستەكانی، شتی هەیە كۆبكرێتەوە چاپ بكرێت، ئەوە وەفایەكە‌و پێموابێ هەمومان دەتوانیین ئەو كارە بكەین تا ئیدریس لەناوماندا بمێنێتەوەو سوپاس.


رەفعەت مورادی:
بەخێربێن زۆر خۆشحاڵبووم ئەمڕۆ رێز لە قەڵەمێكی بەبڕشت و داهێنەر‌و دڵێكی پڕ لە ئەشق‌و خۆشەویستی دەگیرێت، یادەوەریی من و كاك ئیدریس دەگەڕێتەوە بۆ خانەی وەرگیڕان، رەنگە كەمتر ئاماژەی پێكرابێت، من شارەزابووم لەوێ، كاك ئیدریس پێداچوونەوەی دەكردو تایپپێست بوو، زۆربەی ئیشەكان لەسەر شانی كاك ئیدریس بوو، كتێبێكی مێژووییمان بۆ هاتبوو، پێداچوونەوەمان دەكرد زۆر ماندوبووین، دواتر كتێبەكەی لاداو خستییە ئەولاوە، وتی بەخوا كاك رەفعەت من نایكەم، وتم بۆ كاك ئیدریس؟ وتی: كاكە هەرچی سەیری دەكەم مێژووی كوردی خۆمانە، هیچی جوانی تێدا نییە، هەمووی پڕە لە شەڕو خۆخۆری، وتم كاكە با بیكەین تەواوی بكەین، وتی: بەخوا نایكەم بەهەرحاڵ كاك ئیدریس پیاوێكی چاك و خونەویست و قسە خۆش بوو، من سوودم لێبینی، رۆحی شادو یادی بەخێر.
عەدنان كۆچەر:
هەر چەندە من زۆر بە منداڵی تێكەڵی کەشی هەولێر بووم، من لە یاریگا ئاوم دەفرۆشت، باری ئابووریمان زۆر خراپ بوو، دەهاتمە مەچكۆ حەزمدەكرد تێكەڵ بە کەشی شیعر ببم، تەڵعەت‌و زانا‌و ئەسكەندەر‌و خەڵكێكی جوان دروست ببوون، شیعریان دەنووسی، ئیدریسیش یەكێك بوو لەو كەسانە، تەلعەت‌و مامۆستا هاشم سەراج دەچوونە نادی ئیعلام دادەنیشتن، رەحمەتیش مەحمود زامدار وەزعی باش بوو لەگەڵ پارتی ئیشی دەكرد، یەك بوتڵ «ڤۆدگا یان جن»ی دەهێنا، تەلعەت لێرەیە زۆر فێلزان بوو، هەموو جارێک دەچووە لای مەحمود زامدار دادەنیشت، دەیوت با حەیران بڵێین، كاك مەحمود پێكی یەكەمی دەخواردەوە‌و تەلعەتیش بەرداخێك ئاوی لای خۆی دانابوو، ئیتر دەیگۆڕییەوە، كەسمان هیچمان پێنەبوو بە پێ دەهاتینە بازاڕو دەگەڕاینەوە، لەبیرمە فەلافلێكمان لە بەینی خۆماندا دابەش دەكرد، یادی بەخێر پیاوێكی جوانی هەولێر بوو، بەتایبەتی لە حزوری كاك شێرزاد ناتوانم قسە بكەم، خەڵكی سەیداوا رۆحێكی مقاومە‌و ئازایەتی تایبەتی تێدابوو لە نووسین‌و هەموو شتێکدا، سەرچاوەی دەگرتەوە نموونەشیان تەڵعەت‌و كاك شیرزاد بوو زۆر سوپاس.
تەڵعەت تاهیر:
ئەم كاتەتان باش، دەستخۆشیتان لێدەكەم، سوپاس بۆ كوردستانی نوێ، من‌و كاك ئیدریس منداڵی یەك كۆڵانیین، خەڵكی یەك گەڕەكین، ئەو هەندێك لەمن گەورەتر بوو، بەڵام هەر پێكەوە دەمانخوێندەوە، ئەوكات ئەم نەوەیە لە ژێر داهێنانی مامۆستا شیرزاد حەسەن بووین كە زۆر هاوكارمان بوو، پارەی دەداینێ سەموونی بۆ دەكڕین، كتێبی پێدەداین، جار هەبووە تا بەرەبەیانی لە جادەی مەخمور من و مامۆستا شێرزاد‌و كاك ئیدریس پیاسەمان كردووە، ئێمە ئەو كات خێزاندار نەبووین، كاك شیرزاد ئەو كاتە زۆرەی دەدا بەئێمە لەسەر حسابی منداڵانەكانی.
لە راستیدا كاك ئیدریس لە رووی شیعریشەوە هەنگاوێك لە پێش ئێمەوە بوو، هێنانی تەنز ئەو گاڵتە ئامێزییە بۆ ناو ئەدەب ئەوكاتە شتێكی ئاسان نەبوو، ئەوكاتە ئەدەبیاتی شۆڕشگێڕیی ‌و كەشكۆڵ‌و جدیات‌و تۆزێك نیفاقێك هەبوو لە نێوان كەسایەتی‌و بەرهەمەكەیدا، هەمیشە بەرهەمەكەی پەمەیی بوو فریشتەیی‌و ئازادیخوازانە بوو، ئەم لێكدژییە لە كەسایەتی ئیدریسدا نەبوو، ئیدریس رێک خۆی بوو، لەناو تێكستەكاندا بەبێ بەكارهێنانی یان بە بێ تەوزیفكردنی فێڵەكانی زمان‌و بیركردنەوە.
هێنانی ئەو تەنزە بۆ ناو ئەدەبیات من بیرمە كتێبی «اللامنتمی» ی كولن وڵسۆنمان دەخوێندەوە، ئەو بەشێکی دەخوێندەوە، من بەشێکی، عەرەبییەكەی باش بوو، باسی ئەو دیدگایەی دەكرد، جیاوازیی نیوان كرم‌و باڵندە، كرم لەسەر ئەرز دەخشێ و سانتی مەترێكەو بەدعەیەك دەبینی، وادەزانێ هەموو گەردوونە، زۆر جیاوازە لەو باڵندەیەی كە بەرزی دەكەیتەوە گاڵتەی بەو ملیارەها سانتی مەترە دێت، هەمیشە بیرمان لەوە دەكردەوە، ئینسانێكی كرمی نەبین بەو ماناییەی شارچێتی نەكەین، خشۆك نەبین، چۆن خەمی نیشتمانی بكەوێتە سەر خەمی حزب، بكەوێـتە سەر خەمی ئینتمای ئایدۆلۆجی، ئەمە دیدگای كاك ئیدریس بوو.
بۆ مێژوو دەبێ بوتری ئەو دوو هەنگاو لە پێش ئێمە بوو، بیرمە زۆر سەسام بوو بە حسێن مەردانی شاعیری عیراقی، کە بەداخەوە هەمان چارەنووسی ئەوی هەبوو، هەمیشە دیوانەكانی حسێن مەردانی لەلابوو، هانیدەداین، چەند شیعرێكیم كرد بە كوردی.
من یادگاریم لەگەڵ كاك ئیدریس زۆرە، پیاوێكی بەدەست‌و پەل بوو، باوكێكی ئیجگار باشبوو، خۆشحاڵبووم، گەورەبووم زۆر سوپاسی برادەران دەكەم یادگاری خۆشیان گێڕایەوە.
من بیرمە مەحمود زامدار كەللەیەكی لە ئیدریس دا، كاك مەحمود كەللەی دەوەشاند بەتایبەتی كە مەقامی بووتایە، بتووتایە نەشازە، من و ئیدریس فێرببووین هەر مەقامێكی بوتایە دەمانوت حیجازە، مەحمود زامدار كاتی خۆی «كتێبی ویرانە خاك» من ‌و ئیدریس زۆر بەجدی خوێندمانەوە كەلەكەی محمود زامدار لەوەوە هات لەسەر موناقەشەیەك بوو وتی تەڵعەت نابێ قسە بكات، نازی ئەوەی هەبوو، لە مەخمورەوە ماستی دەهێنا ئێستا ئەلبان دامەزراوە تۆش بۆت نییە رەخنە لە من بگریت لەسەر ئەو كتێبە، ئەو یادگارییە خۆشەی بیرهێنامەوە دووبارە سوپاس بۆ كوردستانی نوێ و كاك ستران و كاك مەریوان، ئێمە رۆحە جوانەكەی لە منداڵەكانیدا دەبینین‌و خوا منداڵەكانی سەركەوتوو بكات.
د. شێركۆ عەبدوڵڵا:
بەداخەوە من لە نزیكەوە كاك ئیدریسم نەدەناسی، بەڵام هەموو بەرهەمەكانیم خوێندۆتەوە، ئەو هەر لەسەرەتاوە خاوەنی ستایلی خۆی بوو، ئەگەر مەرگ مەودای بدایە، ئێستا رێبازێكی جیاوازی لە ئەدەبی تەنز لە نووسینی كوردیدا دادەهێنا. هەر بەمانای وشە یاخی بوو، یاخی بوو لە هەموو ئەو وشانەی ئێمە خۆمان بۆ خۆمانی دادەنێین.
زۆر نووسەر هەیە خۆی سانسۆر بۆ خۆی دروست دەكات لە روانگەی كۆمەڵایەتی‌و دینی سێكسی‌و هەندێک پێوەری ترەوەو هەیە تەجاوزی ناكات، بەبێ ئەوەی كەسیش پێی بڵێ، كاك ئیدریس لەوانە نەبوو، كاك ئیدریس ئەو سنوورانەی تێپەڕدەكرد، ئێوە باسی ئەوەتان دەكرد كەسێك بووە خەمێكی قووڵی هەبووە، ئەوە خەسڵەتێكی رەسەنی نووسەری تەنزە، بەڕاستی ئەوانەی تەنز دەنووسن، بە پێچەوانەی بەرهەمەكانیانەوە خەمێكی قووڵیان هەیە، رێك ژیانی تایبەتی خۆیان عەكسی نووسینەكەیانە، كاك ئیدریس لەوەشدا راستگۆ بوو، خەمێكی قووڵی هەبوو، من هەموو جارێک باسی كاك ئیدریس دەكرێت نووسەرێكی ئێرانیم بیردەكەوێـتەوە حسێنی پەناهی، ئەویش وابوو، بەو شێوەیەی ئەویش كۆچی دوایی كرد یادیان بەخێربێ. سوپاس.
شێرزاد حەسەن:
لەسەرەتا كەسایەتی كاك ئیدریس كەسێك پێویستی بەوە نەبوو شتێكی بخوێنێتەوە ئەو دەموچاوەی لە شانۆ هەیە، دوو بەشە، بەشێكی دەگری، بەشێكی پێدەكەنێت، هەموو ئەو دروشم‌و لۆگۆیەی لە هەموو دونیاوە لە یۆنان و هەتا ئێستا، رێك ئیدریس كە پێدەكەنی هەستت دەكرد لەناوەوە قوڵپێك دەدا ، من چارلی چاپلنم بیردێتەوە، كە رستەیەكی هەیە دەڵێت: لە پشت هەر خەندەیەكەوە، فرمێسكێكی شاراوە خۆی حەشارداوە، من سێ‌ چوار ئەكتەری هۆلیۆدی ژن و پیاو پاڵەوانی فلیمی كۆڕبەندی شاعیرە مردووەكان، ئەمانە كۆمێدی دونیا بوون، بەڵام خۆیان كوشت کە زۆر سەیرە، هەموو دونیان خستە سەر خەندە، بەڵام خۆیان بەكحول مردن.
ئەگەر بێتەوە یادم سەدان كەس بەو شێوەیە مردن، ئەو كەسانەی تەنز دەنووسن یان قۆشمە چین، هەمیشە ویرانە ماڵن، بۆیە ئەمە هێزێكی زۆر سەیرە، كۆمێدیا قورسترە لە تراژیدیا، ئەو كەسانەی دەتوانن كۆمیك بنووسن زۆر تراژیدترن، چونكە تراژید رۆحی ژیانە، مرۆڤ ئاسانە بە تراژید مەرگەسات بدوێی، بەڵام هەرگیز ئاسان نیە مرۆڤ لەناو ئەو هەموو مەرگەساتە بە كۆمیدیا دەرببڕێت، بۆیە پێی دەوترێت تەنزی رەش، بۆیە ئیدریس ئەو شتەی بیرهێنامەوە، هەمیشە سەیری دەموچاویم دەكرد وەك ئەو دەمامكەی لە یۆنان هەیە نیوەی دەگری و ئەو دیوی پێدەكەنی زۆر سوپاس.
دكتۆر تەها رەسوڵ:
من دەمەوێ لەم یادگارییە بەشداربم، لە ژیانی مرۆڤدا كۆمەڵێك شت هەیە زۆر خۆشحاڵی دەكات، لە ژیانی تایبەتی خۆم‌و زۆربەی ژیانم لەگەڵ برادەرە هەولێرییەكان بووە، یەكێك لە یادگارییەكانی گەنجیم ئەوە بوو مامۆستا پێ بەخیشیم، مامۆستا ئەوكاتە چەند ئازیز‌و خۆشەویست بوو، بەڵام لای ئێمەی سلێمانی بەقەدەر هەولێر گەورە بوو، ئێستا بەختیارم بەو عەشقەوە خۆشمدەوێ، جارێكیان بیرمە چوینە شاخ لە شوشان بووین، یادی بەخێر كاك رەسول دەیوت: من سەیرم لەیەك شت دێت، ئەم تەهایە خەڵكی سلێمانییە، چیدەكات لەگەڵ ئەو هەولێریانە، بۆ من فەخرێكی زۆر گەورە بوو لەگەڵ هەولێریەكان، لەگەڵ برا شۆڕشگێرەكان، شتێكی پیرۆزمان سەركردایەتی دەكرد، كە هیوایەكی گەورەی تیا بوو، ژیانێكی یەكسان‌و سوسیالیست‌و بەختیاری، ئەو حزبەی كە ئەو ئینسانە شۆڕشگیڕانە قیادەیان دەكرد، 41 سەركردایەتیمان لێ شەهید بوو، ئێستا بەختیارم كە خۆم دەبینم لەناو ئەو هەموو ئەدیب‌و نووسەر‌و شاعیرانە، هەموو جاری كە شەیداهۆ-م دەبینی، خەمێكی قووڵ ئاشقێكی نوێم دەبینی، شیعرێكی دیلانم بیردێتەوە لە سیمای ئەو، كە دەیوت «نەك شوشە شكا، وا رەز دەسووتێ» زۆر سوپاسی كوردستانی نوێ دەكەم كە ئەو یادەیان كردەوە، هیوادارم ئەو نووسەرانەشی شایەنی ئەو یادەن قەت لە بیرتان نەچێ.
ستران عەبدوڵڵا:
باسی بەرهەمەكانی ئیدریس شەیداهۆ-مان كرد، هەرچی بە ئێمە بكرێـت لە كوردستانی نوێ كاك دكتۆر تەها رەسوڵ لێرەیە هەرچیمان پێ بكرێ كە كۆی بەرهەمەكانی شەیداهۆ چاپ بكەین، هیوادارم لەساڵی داهاتوو لەیادێكی تر بەسەربەرزییەوە بەرهەمەكانی بەچاپكراوی پێكەشی ئەو كەسانە بكەین كە لێرە ئامادەن‌و حەزیان لە شیعر‌و وشەی جوانەو دەستان خۆشبێت.

print

 137 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*