سەرەکی » ئابووری » ״99 %ی بودجەی ئەمساڵ جێبەجێكراوە״

״99 %ی بودجەی ئەمساڵ جێبەجێكراوە״

خالد بەتال نەجم، وەزیری پلاندانانی عیراق دەڵێت: لەسەدا 99ی بودجەی ئەمساڵ جێبەجێكراوە و تەئكید دەكاتەوە، كە بەراورد بەساڵانی رابردوو، بەرزترین رێژەی تۆماركردووە.

جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان
وەزیری پلاندانانی عیراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە: بەرزبوونەوەی رێژەی جێبەجێكردنی بودجەی ساڵی 2021 بۆ زیادبوونی جووڵەی جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان دەگەڕێتەوە، لەگەڵ دابینكردنی شایستە داراییەكانیان.

ئاماژەی بەوەشكردووە: بەهۆی خراپی دۆخی وڵاتەكەمانەوە چوار ساڵی رابردوو ماوەیەكی دابڕاو بووە لە ئابووریی عیراق، ساڵانی داهاتووشمان قۆناغەكانی رێككردنەوەی رێڕەوەی ئابووری دەبێت، تا دەگاتە باشترین ئاستەكان لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیان لەسەرجەم بوارەكانی ژیاندا.

هۆكاری دەرەكی و ناوخۆیی پاڵنەربوون
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی پلاندانانی عیراق رایگەیاندووە: رێژەی بێكاری لەسەرانسەری وڵات گەیشتۆتە لەسەدا 14 و تەئكید دەكاتەوە، دابەزینی بەهای دینار و هاوردەكردن، دوو هۆكاری سەرەكی بوون بۆ بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵئاوسان.

عەبدولزەهرە هنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عیراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە: هۆكاری دەرەكی و ناوخۆیی پاڵنەربوون بۆ بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵئاوسان، هۆكاری دەرەكی ئەوەیە كە وڵاتەكەمان بە تەواوی پشتی بە هاوردەكردن بەستووە و لەسەر ئاستی جیهانیش نرخەكان زیادیانكردووە، ئەوەش وایكردووە لە ناوخۆشدا نرخەكان بەرزببنەوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە: هۆكاری دووەم گۆڕینی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار بووە، كە بەشێوەیەكی بەرچاو كاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخەكان دروستكردووە.

سەبارەت بە رێژەی بێكاریش، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عیراق رونیكردۆتەوە، بەپێی ئامارەكان ئێستا رێژەی بێكاری لەسەدا 14یە و وەزارەتەكەمان پلانێكی پێنج ساڵەی هەیە بۆ پەرەپێدانی كەرتی تایبەت و رەخساندنی هەلی كاری نوێ‌، بەشێوەیەك كە لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتواندا بگونجێت.

 

 115 جار بینراوە