سەرەکی » زانست » كه‌شتی نوح » قەترە لە بری چاویلكەی خوێندنەوە

قەترە لە بری چاویلكەی خوێندنەوە

تارا شێخ عوسمان

پێشتر كەسێك كە دەچووە تەمەنەوە گرفتی بینینی بۆ دروست دەبوو، بەڵام ئێستا بەكارهێنانی ئامێرە ئەلكترۆنییەكان و شاشە زیرەكەكان ئەو گرفتەی پێش خستووە.

پزیشك و پسپۆڕانی چاو ئاماژە بەوە دەدەن كە مرۆڤ لەگەڵ هەڵكشانی تەمەنی و بەهۆی هەندێك نەخۆشییەوە توانای بینینی لاواز دەبێت، چونكە لەو تەمەنەدا هاوێنەی چاو وشك دەبێت و ماسولكەكانی چاو دەبێت هەوڵی زۆرتر بدەن بۆ سەرنجدان لە شتە نزیكەكان و بەم حاڵەتەش دەوترێت كورت بینی پیریی و ئەمەش كەسەكە ناچار دەكات لە كاتی خوێندنەوە و هەندێك كاری وردەكارییدا چاویلكە بەكار بهێنێت، بەڵام ئێستا ئەم گرفتە تەنها بەتەمەنەكان بە دەستییەوە ناناڵێنن، بەڵكو كەسانی گەنج و تەنانەت مناڵیش ئەو كێشەیەیان هەیە، ئەویش بە هۆی بەكارهێنانی لە رادەبەدەری ئامێرە ئەلكترۆنییەكان و شاشە زیرەكەكانەوەیە لە شوێنی داخراو و كەم ڕووناكییدا، هەروەها هەندێك نەخۆشیی بۆ ماوەیی و زگماكیش ڕۆڵی خۆیان هەیە.

هەر بۆیە ماوەیەك پێش ئێستا پزیشكەكانی ئەمریكا پێشنیازیان كردووە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە قەترەیەكی تایبەت بەكاربهێنرێت لە بری چاویلكە بە مەبەستی گۆڕینی مەودای بیلبیلەی چاو.

دەرئەنجامە كلینیكییەكانی ئەو قەترەیەش بە بەشداریی (750) خۆبەخش سەلمێندرا كە تەمەنیان لە نێوان (40-55) ساڵدا بوو، ئەو خۆبەخشانە دوای بەكارهێنانی قەترەكە توانیان سێ هێڵی ورد و زیاتری تابلۆی پشكنینی چاو ببینن و دوای بەكارهێنانی قەترەكەش تەنها (15%)ی خۆبەخشەكان تووشی پاشهات بوون لەوانە هەندێكیان تووشی سەرئێشەیەكی سووك بوون هۆكارەكەشی باشتر بوونی بینینان بوو مێشك پێویستی بەوەیە كە بڕێكی زۆرتری زانیاریی بینراو پرۆسیس بكات، هەروەها (5%)یشیان چاویان سوور بووەتەوە و ئاوی كردووە و باش نەیانبینیووە.

پێویستە بوترێت ئەو قەترەیە لە رۆژێكدا یەكجار بەكار دەهێنرێت، چونكە توخمی كارای بیلۆكاربینی تێدایە و مەودای بیلبیلەی چاو گرژ دەكات و گرژ بوونی بیلبیلەكانیش بینین باشتر دەكەن و كەسەكە وێنەی شتەكان رونتر دەبینێت و ئەمەش هەموو رۆژەكە بەردەوام دەبێت.

بەپێی ئەنجامە كلینیكییەكانیش خۆبەخشەكان توانیان باشتر شتەكان ببینن، تەنانەت لەكاتی روناكییەكی خراپیشدا، چونكە چاوخۆی دەگونجێنێت لەگەڵ دەوروبەردا.

پسپۆڕان هۆشداری دەدەن لە بەكارهێنانی ئەم جۆرە قەترەیە بۆ شۆفێرییكردن لە شەودا و یان بۆ كاركردن لە شوێنێكدا كە روناكیی پێویستی لێ نەبێت، هەروەها نابێت ئەوانە بەكاری بهێنن كە تەمەنیان 60-65 ساڵە، چونكە قەترەكە گرفتی دووربینی چارەسەر ناكات، جگە لەوانەش، لەگەڵ ئەوەی ئەو قەترەیە دەتوانرێت لەگەڵ قەترەی دیكە بەكار بهێنرێت، بەڵام دەبێت جیاوازی ماوەی بەكارهێنانەكانیان لە پێنج خوولەك كەمتر نەبێت.

شیاوی باسە دامەزراوەی پزیشكیی ئەمریكی (FDA) رەزامەندیی لەسەر بەكارهێنانی قەترەكە پیشانداوە بەو مەرجەی لە لایەن پزیشكی پسپۆڕەوە بنووسرێت و تەنها دەرمانخانەكان بۆیان هەبێت بیفرۆشن.

سەرچاوە: akhbarelyom

 126 جار بینراوە