سەرەکی » کەلتوور » ئیستاتیکای شێوە لە شیعرەکانی سۆران محەمەد دا

ئیستاتیکای شێوە لە شیعرەکانی سۆران محەمەد دا

هەژار بەكر

شیعرەکانی سۆران محەمەد لە فەزای داهێناندا بەرەو ئاراستەی چینی نوخبەی شیعر مەلە دەجوڵین، کەمتر رەخنەگران خۆیان لە قەرەی ئەمجۆرە دەقانە داوە، بە تایبەتی کە ئەم ستایڵە لە شیعردا زیاتر گرنگی بە تەکنیك و هونەرکاریی جیاواز دەدات وەك لە گوتاری عاتیفی، هەروەها فرە رەهەندیی و قووڵی مانا تێیاندا لە سیما ئەرێنییە دیارەکانییەتی، هەندێك لە ڕەخنەگران بیروبۆچوون و لێكدانەوەی خۆیان سەبارەت ئەم ستایڵە لە شیعردا خستووەتەڕوو ، وەك رەخنەگر/ نەجات حەمید ئەحمەد وای دەبینێت کە:

« ئەوەی لەم شیعرانەدا گرنگییەکی زۆری هەیە گەڕانەکانی شاعیرە بە دنیای جوانکاریی زمان و مانادا، ئەمەش مانای ئەوە نییە کە ئێستا شاعیر لەسەر یەك ڕێچکەی داڕستنی شێوەو مانادا جێگیر بووە. چونکە ئەو لە گەڕانێکی بەردەوام و لەسەرخۆدایە بۆ دۆزینەوەی شێوەیەك لە داڕشتنی جیاواز بۆ مانا، بەڵام ئەو سیفەتە زمانەوانییەی کە زاڵە لە نێو شیعرەکانیدا جوانکاریی زمانەوانییە، لە چوارچێوەی شێوەیەکی جیاواز لە شیعردا، کە ئەمەش خەسڵەتێکی دیاری ناو شیعرەکانییەتی.»(1)

لەکاتێکدا شاعیرو ڕەخنەگر/ د. ئەحمەدی مەلا سەبارەت دنیابینی و ستایڵی شاعیر دەنووسێت: «سۆران تەنها نییە، لەگەڵ کۆنسێرتی دەنگە شیعرییە جیهانییەکاندا لە ئاڵووێردایە، ئەوان لەسەر ژێی دەنگی خۆی زیندوو دەکاتەوە بۆ ئەوەی بڵێ: دنیا هێشتا سەلامەتە.»(2)

لەگەڵ سەرەتای ساڵی نوێی زاینیدا و لە لایەن (ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی 49 کتێب) لە وڵاتی سوید چاپێکی قەشەنگی کتێبە شیعریی (پیاوێك لە شەختە) ی شاعیر سۆران محمەمەد دەکەوێتە بەردیدی خوێنەرانی شیعرو كتێبخانەکانی پێ دەوڵەمەدند دەکرێت. ئەم هەوڵە شیعریانە دەشێت روویەکی رەسەن و گەش بدەنە شیعری سەردەم و وەك نموونە وەربگیرێن بۆ گێرانەوەی متمانە بە بەهاو چەمکە جیاوازەکانی شیعری هاوچەرخی کوردی، بە هۆی ڕەچاوکردنی بنەما هونەریەکانی زمان و تەکنیکە جیاوازە شیعرییەکانی ناویانەوە کە مانا لە ئاستێکی باڵادا جوانکاری بە شێوە دەبەخشێت، ئەمەش زەمینەیەکی بە پیت دەڕەخسێنێت بۆ چێژوەرگرتن لە لایەن چینی نوخبەی خوێنەرانی شیعرەوە.

6-30-89439-91-978 ژمارەی سپاردنی جیهانی ئەم کتێبەیەو ناوەڕۆکی کتێبەکە لە 40 شیعری کوردی و 40 شیعری ئینگلیزی پێکهاتووە، لەگەڵ دوو پێشەکی وردو بایەخداردا، شیعرەکان چەند نموونەیەکن لە هەوڵەکانی شاعیر لە سێ دەیەی ڕابردوودا نووسیونی.

شایانی باسە ئەم هەوڵانەی شاعیر لە ستایڵدا ناچنەوە سەر ڕچەی هیچ شاعیرێکی تر، ئەمەشە ئیعتیبارو ڕەسەنایەتی بەدەقەکان دەبەخشێت.

بۆ هەموو ئەوانەی شەیدای خوێندنەوەی ئەم هەوڵە شیعرییەن ئەوا لەم پێگەیەدا خوێنەران دەتوانن لەسەرانسەری جیهاندا داوای نوسخە بکەن و کتێبخانەکانیانی پێ بڕازێننەوە:

1 – ئەزموونێکی جیاوازی شیعر، سۆران محەمەد، لاپەڕە 180، چاپی یەکەم، 2018.
2 – هەمان سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە 184 .

 564 جار بینراوە