سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » پوتین: روسیا رێگە نادات سەقامگیریی کازاخستان بشێوێنرێت

پوتین: روسیا رێگە نادات سەقامگیریی کازاخستان بشێوێنرێت

لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەرۆك ‌و سەركردەكانی هاوپەیمانەكانی وڵاتەكەیدا لە نێویشیاندا قاسم جومارت تۆكایێڤ سەرۆكی كازاخستان، كە بە ڤیدیۆلاین بەڕێوەچوو، ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی روسیا رایگەیاند: پشێوییەكانی كازاخستان لەلایەن هێزی ناوخۆ ‌و دەرەكییەوە بەكارهێنرا ‌و هاوپەیمانیی سەربازیی رێكخراوی پەیماننامەی ئاسایشی گشتی بە سەركردایەتیی روسیا، رێگە نادات بە هیچ هێزێكی دیكە كە سەقامگیریی وڵاتانی ئەندام بشێوێنێت.

دەستوەردان لە كاروباری ناوچەكە
روونیشیكردەوە: بە بڵاوەپێكردنی هێزەكانی رێكخراوی پەیماننامەی ئاسایشی گشتی، رێگەیان نەدا دەسەڵاتی كازاخستان لەق بێت ‌و بە كۆتایی ئەركەكانیشیان، دەستبەجێ لەو وڵاتە دەكشێنەوە. وتیشی: كازاخستانی دراوسێ ‌و هاوپەیمانمان قوربانیی دەستی تیرۆری نێودەوڵەتی بوو، ئەو گروپە چەكدارانە ئەزموونی جەنگیان هەیە ‌و لە دەرەوەی ئەو وڵاتە مەشقیان پێكراوە. ئەو جۆرە رووداوانە یەكەم جار نین ‌و دواهەمیش نابن بۆ دەستوەردان لە كاروباری ناوچەكە.

بە ئاماژەیەكیش بۆ چەند شۆڕشێك لە وڵاتانی یەكێتیی سۆڤێتی جاران لە دوو دەیەی رابردوودا، سەرۆكی روسیا وتی: رێكخراوی پەیماننامەی ئاسایشی گشتی رێگە بە روودانی شۆڕشی رەنگاوڕەنگ نادات.

سەرۆكی كازاخستان: وڵاتەكەی لە هەوڵی كودەتا رزگاری بوو
لای خۆشیەوە، سەرۆكی كازاخستان رایگەیاند: وڵاتەكەی لە هەوڵی كودەتا رزگاری بوو، كە گروپێكی بچووك پیلانیان بۆ داڕشتبوو. وتیشی: توانمیان سیستمی كازاخستان بگەڕێنینەوە، بەڵام راوەدوونانی تیرۆریستان بەردەوامە. بەم نزیكانەش بەڵگەی رووداوەكان بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاشكرا دەكەین.

سەرۆكی كازاخستان جەختیشیكردەوە: هێزی تیرۆریستیی رێكخراو كە توندڕەو و تاوانبار ‌و گێرەشێوێن لەخۆدەگرێت، خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە دژی گرانبوونی نرخی سووتەمەنی قۆستەوە بۆ هەوڵی رووخاندنی دەسەڵات، بەڵام ئێمە لە كۆنترۆڵكردنی دۆخەكەدا سەركەوتوو بووین.

هێزی ئاشتیپارێز لە كازاخستان بڵاوەیان پێكراوە
دوای چەند رۆژێك لە خۆپیشاندانەكانی كازاخستان، قاسم جومارت تۆكایێڤ لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆكی روسیا، داوای لێكرد هێزی سەربازی رەوانەی وڵاتەكەی بكات، لە چوارچێوەی رێكخراوی پەیماننامەی ئاسایشی گشتیدا، كە لە 15ی ئایاری 1992، هەریەك لە روسیا، ئەرمینیا، كازاخستان، قیرغیزستان، بێلاڕوسیا، تاجیكستان ‌و ئۆزبەكستان ئیمزایانكردووە، چونكە سەقامگیریی كازاخستان لە مەترسیدایە.

زیاتر لە 2000 سەربازی روسی وەك هێزی ئاشتیپارێز لە كازاخستان بڵاوەیان پێكراوە ‌و بەپێی بەیاننامەی نووسینگەی سەرۆكایەتیی كازاخستان، ئەو هێزانە ژمارەیەك لە دامەزراوە ستراتیژییەكانی وڵات دەپارێزن.

چین: ئامادەین هاوئاهەنگییەكانمان لەگەڵ كازاخستان زیاد بكەین
لەلایەكی دیكەوە، وەزیری دەرەوەی چین رایگەیاند: بە مەبەستی جیبەجێكردنی یاسا ‌و پاراستنی دۆخی ئاسایش، وڵاتەكەی ئامادەیە هاوئاهەنگییەكانی لەگەڵ كازاخستان زیاد بكات بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر دەستوەردانێكی دەرەكی. وتیشی: پشێوییەكانی كازاخستان دەریانخست كە تائێستاش دۆخی ئاسیای ناوەڕاست رووبەڕووی چەندین ئاستەنگ دەبێتەوە، ئەوەش بەڵگەی ئەوەیە كە هەندێك لە هێزە دەرەكییەكان، ئاشتی ‌و سەقامگیرییان بۆ ناوچەكەمان ناوێت.

بەهۆی گرانبوونی نرخی سووتەمەنییەوە، زیاتر لە هەفتەیەكە خۆپیشاندان چەندین ناوچەی كازاخستانی گرتۆتەوە، بە شاری ئاڵماتی پایتەختی ئابووریی ئەو وڵاتەشەوە، بەوهۆیەشەوە زیاتر لە 160 كەس كوژراون ‌و هەزاران كەسی تریش لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركران. ئەو رووداوەش لە دوای 30 ساڵ لە سەربەخۆیی كازاخستان لە یەكێتیی سۆڤێتی جاران، بە توندترین خۆپیشاندان دادەنرێت.

سەرچاوە/ ئاژانسەكان

 74 جار بینراوە