سەرەکی » دۆسێ » ئاوێنەی عیراق » پێداچوونەوە بە سیستمی حوكمڕانیدا

پێداچوونەوە بە سیستمی حوكمڕانیدا

ئاوێنەی عیراق

ماوەیەكە گەڕی وتوێژ و دانوستانی نوێ‌ بە مەبەستی لێكنزیكبوونەوە بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی یان لێكگەیشتنی تایبەت بە مەبەستی پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ دەستپێكردووە، لەدوای چەقبەستنێك كە چەندان هەفتە بەردەوام بوو، ئەمەش لەكاتێكدایە كە هەموان چاوەڕێی كۆتایی هاتنی تەنگژەی ئاكامی هەڵبژاردن و راگەیاندنی دادگای فیدراڵین سەبارەت بە تەواوكردنی چاوخشانەوە بە تانەكانی تایبەت بە هەڵبژاردنەكەی 10ی تشرینی یەكەمی رابردوو.

پێداچوونەوە بە حوكمڕانیدا
لەنێوەندی ئەم ململانێیە، داوا دەكرێت پێداچوونەوە بە سیستمی حوكمڕانیدا بكرێت لە عیراق و چاوبخشێنرێتەوە بە پرەنسیپەكانی شەراكەت و هاوسەنگی لەنێوان هەموو لایەنە بەشداربووەكانی پرۆسەی سیاسی.

كورد ململانێكان یەكلایی دەكاتەوە
هەر لەو چوارچێوەیەدا، پێشتر دكتۆر حەسەن جەنانی ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە ماڵپەڕی (المسری)ی راگەیاندبوو»بۆ ماوەی دوو مانگە سەردانی بەردەوامی حزب و فراكسیۆنە سیاسییەكان بۆ لای یەكتر، لەپێناو دامەزراندنی هاوپەیمانی و لێكگەیشتن، بۆ مەبەستی دروستكردنی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی بەردەوامە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا رەوتی سەدر دەستی باڵای هەیە، كوردیش لەم نێوەندەدا دەتوانێت پارسەنگییەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت یەكلایی بكاتەوە، هەروەها كورد هاوپەیمانی گەورەی هەیە لەگەڵ حزبە شیعەكانی وەك ئەنجومەنی باڵا و حزبی دەعوە و حزبەكانی تر، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا پێویستە سەروەریی نێودەوڵەتی لەیادنەكەین كە خۆی وەك واقیعێك بەسەر گۆڕەپانی سیاسی عیراقیدا دەسەپێنێت لە قۆناغی داهاتوو لەدوای پەسەندنەكردنی ئاكامی هەڵبژاردن»، ئەمەش لەكاتێكدایە كە لەدوای سازدانی یەكەم دانیشتنی پەرلەمان لە 9ی كانوونی دووەمی 2022، محەمەد حەلبوسی بە سەرۆكی پەرلەمان و حاكم زاملی بە جێگری یەكەم و شاخەوان عەبدوڵڵا بە جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێردران.

رەوشی ئەمنی
دكتۆر حەسەن جەنابی پێیوایە»لەدوای پەسەنكردنی ئاكامی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای فیدراڵی، گۆڕەپانی سیاسی عیراقی بێ‌ كێشە نابێت، ئەمەش زیاتر كاریگەریی لەسەر رەوشی ئەمنی ناجێگری وڵات دروست دەكات و دووركەوتنەوەیەكی گشتی روودەدات لەلایەن هێزە سیاسییەكانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی و حەشدی شەعبی،كازمیش لەسەركردایەتی حكومەتی كاتی كاربەڕێكەردا دەمێنێتەوە و دەسەڵاتەكانی راپەڕاندن و یاسادانان و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی لەدەستدا دەبێت، حكومەتی ئەمریكاییش ئەمەی دەوێت، بەپێی ئەو سیناریۆیانەی دیاریكراون بۆ دەستوەردانی نوێ‌ و دانانی نەخشەی عیراقی نوێ‌«.

پێوەری خەباتگێڕی
لای خۆیەوە عەباس سوحبەت شرۆڤەكاری سیاسی بە (المسری)ی راگەیاند»پێوەری خەباتێگڕی كە لەنێوان كورد و شیعەدا هەبوو لەماوەی ساڵانی رابردوو، پێدەچێت رووی لە نەمان كردبێت لە دوای كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال، چونكە ئەو بەرگریكار و پارێزەری گەورەی ئەو پێوەرانە بوو، هەڵكشان و هاتنەپێشەوەی حزب و كەسێتی نوێی شیعە بۆ دەسەڵات و پەرلەمان، بۆتە مایەی پاشەكشەكردنی ئەو پەیوەندییەی لەنێواندا هەبوو، سەردانەكەی نوری مالیكیش بۆ هەرێم و چاوپێكەوتنی لەگەڵ سەركردە كوردستانییەكان، جگە لە مانۆڕێكی سیاسی چوارچێوەی هاوئاهەنگی چی دی نییە بۆ گوشارخستنە سەر رەوتی سەدر و ناچاركردنی بە سازشكردن لەسەر داواكارییەكانی و بەشدارپێكرنیان لە حكومەت و وەرگرتنی پشك و پۆستەكان كە هەموو چوار ساڵ جارێك دابەش دەكرێن».

بەشداریی نەك هاوبەشی
بە وتەی سوحبەت»حزبە سیاسییەكان پرنسیپی بەشدارییان هەیە نەك هاوبەشی، چونكە لەدوای پێكهێنانی حكومەت دەبینین دەستدرێژی دەكرێتە سەر پشكی زۆرێك لە حزب و هێزە سیاسییەكان و پێكهاتەكان، لەوانەش بەدڵنیاییەوە كوردە، لەگەڵ ئەمەشدا كەمتەرخەمی و دركنەكردن بە راستییەكانی رەوشی عیراق لەلایەن حزبە سیاسییەكانی كوردستانییەكانەوە بەدی دەكرێت، بەتایبەت لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان».

عەباس سوحبەت دەڵێت»پارتی هەوڵ نادات ببێتە هاوبەشێكی راستەقینە، بەڵكو بەوپەڕی تواناوە هەوڵ دەدات ببێتە بەشدار، چونكە بڕوای وایە سەركەوتنی عیراق و بەهێزبوونی، دەبێتە مایەی لاوازبوونی هەرێمی كوردستان».

ئاكامی هەڵبژاردن
بەپێی بەیاننامەیەكی كورت كە لەلایەن دادگای فیدراڵەوە بڵاوكرایەوە”دادگای باڵای فیدراڵ،ئاكامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی پەسەند كرد”.

سەرلەئێوارەی 27ی كانوونی یەكەمی 2021 دادگای فیدراڵی عیراق، لە پاش تاوتوێكردنی ئەو تانانەی لەسەر پرۆسەكە پێشكەشكرابوون، بەشێوەیەكی رەسمی ئاكامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییە پێشوەختەكەی 10ی تشرینی یەكەمی رابردووی پەسەندكرد.

پێشتر دادگای فیدراڵ، بڕیاری یەكلاكەرەوەی دەركرد سەبارەت بەو سكاڵایەی لەلایەن هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتحەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئاكامی هەڵبژاردن پێشكەشكرابوو.

بەپێی زانیارییەكانیش، دادگای فیدراڵی وەڵامی سكاڵای هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنی دایەوە و رایگەیاند كە هەموو حزبێكی سیاسی بۆی هەیە لەماوەی سێ‌ رۆژ لەدوای راگەیاندنی رەسمی تانە لە بڕیاری ئەنجومەنەكە بدات.

دادگای فیدراڵ، تاكە لایەنە كە دەسەڵاتی هەیە چارەسەری ئەو كێشانە بكات كە سەبارەت بەئاكامی هەڵبژاردن دروستدەبن.

كۆتایی خۆپیشاندانەكان
سەركردەكانی شیعەكان كە دژی ئاكامی هەڵبژاردن بوون و لایەنگرانی خۆیان رژاندبووە سەر شەقامەكانی بەردەم ناوچەی سەوزی بەغدا، داوایان لە خۆپیشاندەران كرد بكشێنەوە و كۆتایی بە خۆپیشاندان بهێنن.

سەرچاوەیەك لە چوارچێوەی هەوئاهەنگی، كە لەلایەن (مالكی و عامری و خەزعەلی و فەیاز)ەوە سەركردایەتی دەكرێت بۆ میدیا عیراقییەكان رایگەیاندبوو، سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی نامەیەكی سوپاسگوزارییان ئاراستەی خۆپیشاندەرانی بەردەم ناوچەی سەوز كردووە سەبارەت بەوەی خۆپیشاندانەكانیان بە ئاشتیانە ئەنجامداوە و دەنگی ناڕەزاییان گەیاندۆتە جیهان سەبارەت بە ساختەكاری هەڵبژاردنەكان.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، لە نامەكەدا داوا لە خۆپیشاندەران كراوە لە بەردەم ناوچەی سەوز بكشێنەوە و مافی خۆشیان لە خۆپیشاندانی هێمنانە لە رۆژانی داهاتوودا بپارێزن، بەڵام لە ئێستادا كۆتایی پێ‌ بهێنن.
لای خۆیەوە، هاشم ركابی، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لە تویتەر پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، چوارچێوەی هاوئاهەنگی سوپاسی خۆپیشاندەران دەكات و داوایان لێدەكات كۆتایی بە خۆپیشاندان بهێنن لە ئێستادا.

موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدریش لای خۆیەوە لە پەیامێكدا بۆ سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوایكرد، لەگەڵ سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە ماڵی خۆی لە حەنانە كۆببنەوە و لەسەر چۆنیەتی پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو رێبكەون.

ئەمەش لەكاتێكدایە كە دادگای فیدراڵی لە 27ی كانوونی یەكەمی 2021 ئاكامی هەڵبژاردنەكەی 10ی تشرینی یەكەمی رابردووی پەسەند كرد، دواتر كۆمسیۆن ئاكامەكەی رەوانەی سەرۆكایەتی كۆماری كرد بۆ راسپاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی نوێ‌، تا لە ماوەی 15 ڕۆژدا كۆببێتەوە.

دوایین پێشهات
بەپێی دوایین پێشهاتی رووداوەكان، لە دانیشتنی یەكەمی پەرلەمانی عیراق كە لە 9ی كانوونی دووەمی 2022 سازكرا، محەمەد حەلبوسی بە سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێردرایەوە و هەریەك لە حاكم زاملی بە جێگری یەكەم و شاخەوان عەبدوڵڵا بە جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێردران، ئەوەی دەمێنێتەوە، كێشمەكێشی نێوان سەدرییەكان و چوارچێوەی هاوئاهەنگییە كە ماوەیەكی دەوێت یەكلایی ببێتەوە، بۆ دیاریكردنی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی و پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو.

 86 جار بینراوە