سەرەکی » کەلتوور » کوردستانی نوێ یەکەمینە لە سینەمادا

لە ماوەی (124) ساڵەی رۆژنامەڤانی کوردیدا

کوردستانی نوێ یەکەمینە لە سینەمادا

هاوار مستەفا خان

1-2

لە مانگی نیسانی 2022دا، تەمەنی رۆژنامەڤانیی کوردی دەگاتە (124) ساڵ، کوردستانی نوێش مۆمی (30) ساڵەی کوژاندۆتەوە و لەناو(31)ساڵی تەمەنیدا کایە دەکات. دەمەوێت بڵێم: بێجگە لەوەی لە ژمارەی (0)یەوە کە لە(12-1-1992)وەك یەکەمین رۆژنامەی رۆژانەی کوردی خۆکردیی دەرکەوت، خوێنەرێکی سەرسەختی بووم، لە ساڵی سێیەمیشیەوە نووسەرێکی سەرسەختی بواری سینەما بووم و لەو سی ساڵەدا زۆرترین بابەتی سینەماییم تێیدا بڵاوکردۆتەوە. وەك چۆن «کوردستانی نوێ» بە دریژایی مێژووی رۆژنامەڤانیی کوردیی ریکۆردی یەکەمی بڵاوکردنەوەی بابەتی سینەمایی شکاندووە،»بەندە»ش یەکەمی ئەو نووسەرانە بووم کە تا بە ئەمڕۆ دەگات کۆڵم نەداوە.

بەر لە من نووسەر و هونەرمەندی تر هەبوون لەو رۆژنامەیەدا بابەتی سینەمایان بڵاوکردۆتەوە و سینەمایان بە کوردی ناساندووە، وەلێ بەندە یەکەم کەسم کە زۆرترین بابەتم» لە ماوەی (30)ساڵ»دا لە کوردستانی نوێ بڵاوکردۆتەوە و لە مێژووی (124)ساڵەی رۆژنامەڤانی کوردیشدا هەر یەکەم کەسم کە زۆرترین گۆشەی سینەماییم بڵاوکردبێتەوە؟!

لەگەڵ کوردستانی نوێدا بەمجۆرە دەستم پێکرد
دوای ئەوەی لە ساڵی 1994، یەکەمین بابەتم لەسەر مێژووی سینەما لە رۆژنامەی «ئەمڕۆ»کە رۆژنامەیەکی مانگانە بوو بڵاوکردەوە، پاش چەندین بابەتی تر لەو رۆژنامەیەدا، ئیدی لە رۆژنامەی (کوردستانی نوێ)خۆم بینییەوەو متمانەی گەورەم بە خۆم و بە سینەما، لەگەڵ کوردستانی نوێدا گەشەی کرد و گەورە بوو.

یەکەم بابەتم لە کوردستانی نوێ
لە ژمارە(1010)ی رۆژی(15-6-1995) یەکەمین بابەتی «ئامادەکردن و وەرگێڕان»م بەناوی (هیچکۆك.. پێشەوا و داهێنەری سینەمای جیهانی) بڵاوبۆوە. لاپەڕەیەکی تەواوی کوردستانی نوێی گرتبوو. زۆر دڵخۆش بووم!.
بە بڵاوبوونەوەی ئەو بابەتم، ئیدی لە رۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستاندا دەستی نووسینم کرایەوە و لە هەموانیش زیاتر بابەتم بۆ رۆژنامەی کوردستانی نوێ دەنارد و بە زوویی بڵاو دەکرایەوە.

یەکەمین بابەتی رەخنەی سینەماییم هەر لە کوردستانی نوێدا بڵاوکردەوە و ئەویش لاپەڕەیەکی تەواوی گرتبوو، بۆیە سەرنج دەدەمە سەر ئەوەی لاپەڕەی تەواوی گرتبوو، چوون ئەو کات رۆژنامەکە لۆدێکی زۆری لەسەر بوو، ئەوە جگە لەوەی (8 تا 12)لاپەڕە زیاتر نەبوو، هێشتا پاشکۆی «ئەدەب و هونەر»سەربەخۆیی لەناو رۆژنامەکە وەرنەگرتبوو، بەڵکو هەفتانە یەك لاپەڕەی هەبوو، ئەویش لەنێوان داهێنانی ئەدەبی و هونەریی ئەو هەموو ئەدیب و هونەرمەندەدا زۆر سەخت بوو نۆرەی بابەتەکانت بەزوویی بەر بکەوێت و بڵاوبکرێتەوە.

یەکەم بابەتی رەخنەی سینەماییم
یەکەم بابەتی رەخنەییم لەسەر فیلمی «گەڕانەوە»بوو کە لە نووسین و سیناریۆی عەباس عەبدولڕەزاق و دەرهێنانی هونەرمەندی لاو عەتا عوسمان بوو.

دوای ئەوەی سێجار ئەو فیلمەم لە سینەمای حەمڕا و ناوەندی رۆشنبیری سەردەم لە هەولێر بینی، دواتر لە ژمارە(1071)ی رۆژی یەکشەمە (27-8-1995) یەکەمین بابەتی رەخنەییم بە پشتبەستن بە (11) سەرچاوەی گرنگی سینەما، لەسەر ئەو فیلمە بە ناونیشانی (فیلمی گەڕانەوە و ئاسۆیەکی گەش بەرەو بنیاتنانی سینەمای کوردی) بڵاوکردەوە. ئەگەرچی هەفتەیەك دوای ئەوە رەخنەیەکی توند لە هەمان لاپەڕە لەلایەن هاوڕێم «ئالان رەئوف» لەسەر ئەو رەخنەیە بڵاوکرایەوە و بەندەش هەفتەیەك دوای ئەوە وەك مافێکی رەوای خۆم بەرانبەر ئەو رەخنەیە، وەڵامم دایەوە و باسەکە و رەخنەکان دەنگیاندایەوە و پاداشتی نووسینەکەشم بۆ هاوڕێی ئەزیزم «هاوار مستەفا» رۆیشت. ئەوکات زوو زوو تێکەڵاوی لەنێوان بابەتی نووسینی بەندە و دۆبلاژکردنی فیلم کارتۆن و بەشداری کاریگەری هونەری ئەو رویدەداو لە هەولێر بەرانبەر کارەکانی ئەو، بەمنیان دەگووت؛ کارەکانت دەبینین و شتی باش دەکەن. بەهاواری سلێمانیشیان دەگووت؛ نووسینەکانت بەپێز و تایبەتن!.

ئەوکات نووسین رۆڵێکی زۆر گەورەی هەبوو، کوردستانی نوێ خوێنەرێکی یەکجار زۆری بە دەوری خۆیدا کۆدەکردەوە، خەڵکی بۆ دەستخستنی رۆژنامە نۆرەیان دەگرت و زۆرجار قەرەباڵغی بە دەستهێنانی رۆژنامەی کوردستانی نوێ هەرای دەنایەوە، تیراژی ئەوسا بەراورد بە تیراژی ئێستا دە قات زیاتر بوو؟!.

جموجۆڵی سینەماییمان بە دامەزراندنی (گروپی سینەمای کوردستان) لەگەڵ هاوڕێیان (پشتیوان عەبدوڵا، کامەران محەمەد، شاخەوان ئیدریس، عەبدولخاڵق جەودەت، دڵشاد محەمەد، دەشتی عومەر) و راگەیاندنی ئەو گروپە لە (13-12-1995) بەجۆرێکی دیکە دەستی پێکرد و سنوری پایتەختی هەولێری بڕی و لە سلێمانیدا بە جیاوازی هەموو شارەکانی دیکە، دەنگیدایەوە. بەوەش نەوەستاین پانزە رۆژ دوای راگەیاندنی گروپەکەمان، بۆ یەکەمجار لە کوردستاندا یادی (100) ساڵەی رۆژی سینەمای جیهانیمان لە 28-12-1995 کردەوە و فێستیڤاڵێکمان بۆ ماوەی چوار رۆژ بەڕێوەبرد.

کوردستانی نوێ و یەکەمین پاشکۆی تایبەت بە سینەما
کوردستانی نوێ رەچەشکێن بوو لە بایەخدانی بە بڵاوکردنەوەی رۆشنبیریی سینەمایی، ئەگەرچی بارودۆخی شەڕی ناوەخۆ وردە وردە پشێووی لە کوردستانی ئازاددا دروست کرد، بەڵام ئێمەی گەنج لەو سەردەمەدا هەر بەدوای خەون و خولیاکانی خۆمانەوە بووین و هەر بە هەوڵی «گروپی سینەمای کوردستان» توانیمان نووسەر و شاعیری رەوانشاد سەعدوڵا پەرۆش سەرپەرشتیار و ستافی پاشکۆی ئەدەب و هونەر رازی بکەین و ژمارەیەکی تایبەتی پاشکۆ لە 14-4- 1996 بۆ سینەما تەرخان کرا، ئەم دەستپێشخەرییەش یەکەمین جار بوو لە مێژووی رۆژنامەڤانی کوردییدا رووبدات کە رۆژنامەیەكی سیاسیی گشتیی، ژمارەیەکی تایبەتی پاشکۆی ئەدەب و هونەر بۆ ئەو بوارە تەرخان بکات و لە چوار لاپەڕەدا چاپ وبڵاوی بکاتەوە، بەمجۆرەی خوارە:

لاپەڕەی یەکەم (5)ی رۆژنامەکە، سێ بابەتی تێدابوو، گۆشەیەك بەناوی «تیرۆژ»کە ئاماژە بوو بۆ هۆکاری دەرچواندنی ئەو ژمارەیە، لەلایەن سەڵاح شوان نووسرا، نووسینێکی دکتۆر فەرهاد پیرباڵ بەناوی؛ سینەمای کوردی کام رێگا؟ لەگەڵ بابەتێکی دیکە بە ناوی؛ سینەمای ژێرزەمینی کە لەلایەن شاخەوان ئیدریس ئەندامی گروپی سینەمای کوردستان نووسرابوو لەو لاپەڕەیەدا بڵاوکرایەوە.

لاپەڕەی دووەم (6)ی رۆژنامەکە، دوو بابەت بوو، یەکێکیان تەوەرەیەك لەسەر سینەمای کوردی لە لایەن گروپی سینەمای کوردستان ئامادە کرابوو. بابەتی دووەم، بەناوی ؛ تیلی سینەما، لەلایەن دیاری ئەحمەد باقی نووسرابوو، بڵاوکرایەوە.

لاپەڕەی سێیەم (7)ی رۆژنامەکە بابەتێکی بەندە بوو بەناوی: سینەمای پەناهەندەی کوردی.

لاپەڕەی چوارەم (8)ی رۆژنامەکە، بابەتێکی هاوڕێمان ئالان رەئوف بوو بەناوی «جەنگ .. و بەڵگە زیندووەکانی فیلمی تۆماری».

ژمارەی تایبەتی ئەو پاشکۆیەش کە (7) بابەتی لەخۆگرتبوو، باوەڕی سەرپەشتی و دەستەی نووسەرانی پاشکۆی ئەدەب و هونەری کوردستانی نوێ و هەوڵی بێوچانی گەنجیی ئێمەومانان بوو لەناو گروپی سینەمای کوردستان و بەهەمووان خەونێکی جوانی بایەخی بڵاوکردنەوەی رۆشنبیریی سینەماییمان لەو سەردەمەدا گەیاندەجێ کە پێشتر مێژووی (98) ساڵەی رۆژنامەڤانیی کوردیی بایەخ و گرنگیدانی لەو جۆرەی بە خۆیەوە نەبینی بوو.

کوردستانی نوێ، لە ساڵی سێیەمی دەرچوونییەوە، یەکەمین پاشکۆی سینەمایی بە چوار لاپەڕە چاپ و بڵاوکردەوە. لە ساڵی بیست و نۆیەمیدا و لە ژمارە (8079) رۆژی سێشەممە، رێکەوتی4-2-2020 پاشکۆیەکی چوار لاپەڕەیی لەسەر پڕۆژەی «کۆماری یڵماز گونەی ژیاندۆستی» کە پڕۆژەی موتربەکراوی «سینەما و گەشتیاری»ی بەندەیە، چاپ و بڵاوکردەوە.

گۆشەکانی سینەما و کوردستانی نوێ

گۆشەی یەکەم «سیناراما»
یەکەمین گۆشەی تایبەت بە سینەما، ئی بەندە بوو لە رۆژنامەڤانی کوردیدا و لە دوا لاپەڕە جوانەکەی کوردستانی نوێ بەناوی (سینەمارا، هەر جارەی فیلمێکی سینەمایی کوردی) لە گەرمەی شەڕی ناوخۆدا بڵاوم کردەوە.

یەکەم زنجیرەی ئەو گۆشەیە لە ژمارە(1340)ی رۆژی دووشەممە رێکەوتی (22-6-1996)بە ناوی فیلمی (کوردێن ئێزدیا) کە لە دەرهێنانی «هامۆ بێك نزاریان»بوو، بڵاوکرایەوە.

زنجیرەی (1) تاوەکو (9) لە هەولێر بڵاوبووەوە ئەو کاتەی ئۆفیسی سەرەکی رۆژنامەکە لە هەولێر بوو، دوای رووداوەکانی 31ی ئاب، لە زنجیرەی(10)وە جارێکی تر تێهەڵچوومەوە و بە فیلمی (مەم و زین) گۆشەکەم بەردەوام بوو تاوەکو (21)فیلمم بڵاوکردەوە.

لەو گۆشەیەدا (21)فیلمی سینەمایی کوردیی (16و35)ملمم تێیدا بڵاوکردنەوەی و لەژێر ناوی خۆمدا دەمنووسی»گروپی سینەمای کوردستان».

چیرۆکی ئەو گۆشەیە زۆر تایبەت و جیاوازە، چەند رۆژێك پێش روداوەکانی 31ی ئاب، سەردانی هاورێی ئەزیز کەژاڵ ئەحمەد-م لە کوردستانی نوێ کرد کە سەرپەرشتی دوا لاپەڕەی دەکرد، لەو رۆژەدا زنجیرەی (9)م بەجێهێشت و (9)زنجیرەی نووسراویشم لەلای ئەو دانابوو بردمەوە، وتم: هەندێك دەستکاریان دەکەم و وێنەی تازەتریشیان بۆ دادەنێم.

 106 جار بینراوە