سەرەکی » هەمەڕەنگ » کیت بلانشێت لە فیلمێکی نوێدا رۆڵ…

کیت بلانشێت لە فیلمێکی نوێدا رۆڵ…

کیت بلانشێت لە فیلمێکی نوێدا رۆڵ دەبینێت

ئومێد محەمەد

رۆژنامەی «Variety» بڵاویکردۆتەوە کە «کیت بلانشێت» ئەستێرەی دیاری سینەمای جیهان رۆڵی سەرەکی دەبینێت لە فیلمێکی نوێدا کە پیدرۆ ئەلمۆدوڤار دەرهێنەری جیهانیی و خاوەنی ژمارەیەک فیلمی ناودار فیلمەکە دەردەهێنێ، ئەم کارەش دەبێتە یەکەم فیلمی درێژی ئەم دەرهێنەرە کە بە زمانی ئینگلیزیی بێت.

وەک ئەوەی رۆژنامەکە بڵاویکردۆتەوە «A Manual For Cleaning Women» ناوی فیلمەکەیە و چیرۆکەکەی بەهەمان ناوەوە لە کتێبێکەوە وەرگیراوە کە پێکهاتووە لە 43 چیرۆک و هەریەکێک لەو چیرۆکانە تیشک دەخاتە سەر هەوڵ و ماندووبوونەکانی چەندین ژنی جیاواز کە لە شوێنە گرنگەکاندا کاریانکردووە و کاردەکەن، کارەکانی فیلمەکە لە سەرەتایدایە و کۆمپانیای «Dirty Films» کە سەر بە کۆمپانیاکانی «Blanchett»ە لەگەڵ دەرهێنەری فیلمەکەدا سەرقاڵی ئامادەکردنن بۆ دەستپێکردنی هەنگاوەکانی تری فیلمەکە.

پیدرۆ ئەلمۆدوڤار یەکێکە لە دەرهێنەرە ناودارەکانی جیهان، دوایین کاری دەرهێنانی کۆتاییەکانی ساڵی 2021 بۆ فیلمی «Parallel Mothers» بوو کە بەزمانی ئیسپانی بڵاوکرایەوە و خانمە ئەکتەر «پینۆلۆپی کروز» رۆڵی سەرەکی تێدا بینی و فیلەکەش پاڵێورا بۆ بەدەستهێنانی دوو خەڵاتی گۆڵدن گڵۆپ، هەروەها فیلمەکە یەکێک بوو لە فیلمە دیارەکانی فێستیڤاڵی ڤینیسیای سینەمایی.

شایەنی باسە «کیت بلانشێت» یەکێکە لە روخسارە دیارەکانی سینەمای جیهان، لە ژیانی هونەریدا بەشداریی لە زیاتر لە 30 فیلمدا کردووە، لە بەرامبەر ئەو بەشدارییانەشیدا چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە کە دیارترینیان بەدەستهێنانی دوو خەڵاتی ئۆسکار و سێ خەڵاتی گۆڵدن گڵۆپ و سێ خەڵاتی ئەکادیمیای بەریتانی و سێ خەڵاتی سەندیکای هونەرمەندانی شاشە، هەروەها ساڵی 2007 گۆڤاری تایم ناوی ئەم ئەکتەرەی خستە ناو لیستی 100 کەسی کاریگەری ساڵەوە.

 80 جار بینراوە