سەرەکی » وتار » هیوا محەمەد » رۆژنامە، یەکێکە لە خۆراکە گرنگەکان

لە یادی کوردستانی نوێ دا

رۆژنامە، یەکێکە لە خۆراکە گرنگەکان

ئەوروپییەکان ئێستاش لەدوای لەخەو هەستان، بەرەو دەرگای ماڵەکەیان دەڕۆن و ئەو رۆژنامەیە هەڵدەگرنەوە کە لە درزی سندوقی پۆستەکەوە بۆی خراوەتە ژوورەوە، لەسەر مێزی نان خواردنەکە لاپەڕەی یەکەم دەکاتەوە و بەدەم تەماشاکردنی مانشێتەکانەوە قاوەیەکیش ئامادە دەکات و دادەنیشێت دەست دەکات بە خوێندنەوە، ئەوان پێیان وایە خوێندنەوە خۆراکی مێشکە و مێشکیش وەک گەدە پێویستی پێیەتی، بۆیە دەبێت ئەو هاوسەنگییەی نێوان گەدەی و مێشکی رابگرێت، جگە لەمە ئەوان لە جانتاکەی دەست و شانیشیاندا کتێبێک هەیە و لەکاتی دانیشتنیان لە پارکێک یان لە شوێنی چاوەڕێکردنی پاس و میترۆ یان لەناو شەمەندەفەردا، دەریدەهێنن و دەیخوێننەوە، جوانترین شتێکیش کە دەیکەنە دیاریی بەتایبەت بۆ هەرزەکاران کتێبێکی هەڵبژێردراوە تا بیخەنە سەر رێی خوێندنەوە.

تەکنۆلۆژیا و ئامێرەکانی ئینتەرنێت و سوشیال میدیا لەوێ زیاتر لە برەودان تا لەوەی لای ئێمەو جیهانی سێیەم هەیە، کەچی هێشتا ئەوان شاشەی مۆبایلەکانیان بە سەرچاوەی سەرەکی پەیداکردنی خۆراکی مێشکیان نازانن.

ئەوان رێز لەو لاپەڕانە دەگرن کە پێێ دەوترێت نامەی رۆژانە (رۆژنامە)، پێیان وایە نیشانەی شارستانیی بوونیانە، دەڵێن ئەگەر ئەم رۆژنامانە نەمێنن دیمەنی کتێبخانەیەک وەک داری بێگەڵا وایە.

جاران خوێندکارێک کە دەچوو بۆ سەر خوێندن، چەندین کتێبی لەگەڵ خۆیدا دەهێنا و دەبرد، بەڵام ئێستا هەرچەندە هەمان ئەو کتێبانە لەناو مەنهەجی خوێندنەکەدا هەیە، کەچی زیاتر پشت بە مۆبایلەکەی دەبەستێت، ئەمەش وادەکات دوور بکەوێتەوە لە نووسراوی بەردەست لەسەر لاپەڕەی کاغەز.

کوردستانی نوێ، مێژوویەکی دێرینی هەیە لە ناو رۆژنامەگەریی کوردیی سەردەمدا، لە هەموو قۆناغێکدا لە ماوەی 30 ساڵدا توانیویەتی رۆڵێکی خاوێنی رۆژنامەگەریی ببینێت نەک وەک میدیایەکی کۆمپانیایی مەزاجی، ئەویش بەو هۆکارەی کە لەلایەن حزبێکی دێرینی کوردستانەوە کە یەکێتیی نیشتنمانیی کوردستانە خاوەندارێتی دەکرێت، زۆر هاتن و خۆیان دەرخست و توانایان نەماو کوژانەوە، بەڵام کوردستانی نوێ ساڵ لە دوای ساڵ جوانتر و پڕ بابەتی تر و گرنگ و بە پێزتر دەبێت، هەمیشە نووسەر و خوێنەری خۆی هەیە و شانازیی بەوەوە دەکەن وتارێکیان لە یەکێک لە لاپەڕەکانیدا بڵاو بکرێتەوە، وێڕای دەست خۆشی لە نووسەر و خوێنەرانی کوردستانی نوێ، لەم رۆژەدا گەرمترین پیرۆزبایی لە هەموو ستافی سەرپەرشتیارانی دەکەم و بەو هیوایەم ئەم خۆراکی مێشکە هەموو بەیانییەک بەر لەهەر شتێک بە سوودتر و بە بڕشت تر بخرێتە بەردەم خوێنەران.

 105 جار بینراوە