سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » گەندەڵیەکەیان سەری خواردن

گەندەڵیەکەیان سەری خواردن

بەدرێژایی مێژوو هەندێک لەسەرۆک وبەرپرسەباڵادەستی وڵاتان ،ئەوانەی بە پرۆسەی دیموکراسی وغەیرەدیموکراسیش هاتونەتەسەرحکوم هەوڵیانداوە سود لە پۆست ودەسەڵاتەکانیان وەرگرن بۆبەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بەکاری بێنن ودەست بۆ بەرهەمی ژیان وخەباتی خەڵک ببەن ، خۆئەوانەش کە خەمی خەڵک وکێشەو ئاریشەی کۆمەڵگاکانیان دەکەنە هەگبەی کاری خەبات ولەئیدارەکردندا دەییکەنە ئەجێندای تایبەتی خۆیان ئەوا دوای ڕۆیشتن یان مردنیان دەبنە سومبول وتائەبەد لە ویژدانی مرۆڤایەتی ومێژووی گەلەکەیان دەمێننەوە، نمونەی ئەوانەش گەلی زۆرن.

تاسەر لێی ناخۆن
لەو وڵاتانەی یاسا سەروەرەو دیموکراسی پیادەدەکرێت ئەو جۆرە بەرپرسانە زوو ئاشکرادەکرێن وبەسزای عادیلانەی گەل و وڵات دەسپیردرێن، خۆ لە وڵاتە دواکەوتوەکان ولەژێر حوکمی دیکتاتۆریەت ودەسەڵاتی داپڵۆسینیاندا تا ماوەیەکی درێژ دەمێننەوە،بەڵام سەرەنجام ئەوانیش دەچنە بەر داداگای گەل وئەو سامانەی بەدزی وگەندەڵی کۆیانکردۆتەوە دەبێتە مۆتەکە دەست دەنیتە خنخنۆکەیان، لەسەر ئاستی هەموو جیهان بەرپرسی گەندەڵ ئەوەندە زۆرن لەهەژمارکردن نایەن، لەم راپۆرتەدا هەوڵ دەدەین ناوی چەندێکیان بێنین کەلە لوتکەی دەسەڵات بون ودواتر بەسزای خۆیان گەیشتوون.

کۆریای باشوور
لەمڕۆژانە دادگای کۆریای باشوور بەتۆمەتی گەندەڵی سزای ٢٤ ساڵ زیندانی بەسەر «باک جون ھای» سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتەدا سەپاند،دادگاكه ڕایگەیاند، ئەوژنە گەندەڵیەوە تێوەگلاوەو لە کۆمپانیای گەورەی وەک سامسۆنگ بەرتیلێکی زۆری وەرگرتوە.،لەسەر ئەو تۆمەتە داواکاری گشتی کۆریای باشوور بە تۆمەتی بەرتیل و خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات، داوای ٣٠ ساڵ زیندانی و بڕی ١١٢ ملیۆن دۆلار و سزای دارایی بۆ باک جون ھای کردبو.

بەرازیل
هەر لەو ماوەیە» لویس ئیناسۆ»ی سەرۆکی پێشووی بەرزایل بەتۆمەتی گەندەڵی ودزینی پارەی دەوڵەت بە ١٢ ساڵ زیندانی کراو بوە عیبرەت بەهەموو سەرەکۆکەکانی داهاتوی وڵاتەکەی، بوو بە یەکێک لە گەندەڵترین سەرۆکی وڵاتانی جیهان لە دەیەی ڕابردودا.

کرواتیا
لەساڵانی نێوان ٢٠٠٣ تا ٢٠٠٩ ئەو وڵاتە سەرەک وەزیرانێکی هەبوو بەناوی» ئیڤۆسانادیر» ،لەماوەی حوکمەکەیدا گەندەڵیەکی زۆری لە سامانی میللەت کردوە، بۆیە لە ٢٠١٠ تۆمەتەکانی بەسەردا سەپێندراو لەوساوە دوو سێ جار خراوەتەوەو زیندانەوەو ئازادکراوە، تاکو ئێستاش کەیسەکەی دانەخراوەو ناوە ناوە داداگا بانگهێشتی دەکاتەوە، لەوساڵانەدا دیمەن وگرتە ڤیدیۆییەکانی هەڵسوکەوتی خەڵکی ئەو وڵاتە لەگەڵ بەرپرسە گەندەڵکارەکان سەرنجی هەموو دونیای ڕاکێشابو بەوەی دەیانخستنە ناو حاویەوزبڵدانەکان وڕیسوایان دەکردن.

پورتوگال
بەتۆمەتی بەرتیل وبردنی پارەی دەوڵەت بەبێ تۆمارکردن وخۆ دزینەوەی لە باج سەرۆکی» جۆزیە سوکراتس» پێشووتری ئەو وڵاتەلەساڵی ٢٠٠٥ ەوە بۆ نزیکەی ساڵیک خرایە زیندانەوە،لە ٢٠١٥ داداگا بڕیاری دەستبەسەرکردنیداو ساڵی پاریش ٣١ تۆمەتی جۆراجۆری بەسەردا ساغ بۆوە کەهەموویان بریتی بون لەدزینی پارە.

ڕۆمانیا
لەکاتێکدا خەڵکی ئەو وڵاتە بەناو سۆسیالیستیە کێشەی نەبونی وبرسیەتیان هەیەو پەنا بۆ وڵاتانی تردەبەن بۆ کاسبی وپەیداکردنی بژێوی ڕۆژانەیان کەچی « ئەردیان ناتسە» ی سەرۆک لە ماوەی دەسەڵاتی لە ٢٠٠٠ تا ٢٠٠٤ ڕەحمی بەکەس نەکردوەو بەئارەزووی خۆی پارەی وڵاتەکەی بۆخۆی بردوە، بۆیە لە ٢٠١٢ داواکاری گشتی بانگی کردو داداگا زیندانی چوار ساڵی بەسەردا سەپاند دوای ئازادکردنی دیسان لەسەر سەرهەڵدانی دۆسیەی تر لە ٢٠١٤ چەند مانگێکی تر زیندانی کرایەوە.

سربیا
«سیفوتوزار مارۆفیتش» لەساڵانی نێوان ٢٠٠٣ و ٢٠٠٦ سەرۆکی ئەو وڵاتەبو، سێ ساڵ دوای ئەوە دەزگا یاساییەکان تۆمەتی گەندەڵی و دروستکردنی خانوی بێ تاپۆ وکرینی زەوی زاری تۆزوبای درایەپاڵ، لەسەر ئەمە چوارسال زیندانی کرا.

مولدافیا
« فیلات فیلات»ی سەرەک وەزیرانی ساڵانی ٢٠٠٩ تا ٢٠١٣ ی ئەو وڵاتە بچوکەی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپالە ٢٠١٥ بە وەرگرتنی بەرتیلێک بەبری ٢٦٠ ملیۆن دۆلار خرایە بەردەم داداگاو نۆ ساڵ لەسەری زیندانی کرا.

ئیسرائیل
لە٢٠٠٦ەوە بۆماوەی سێ سال « ئیهۆد ئۆلمەرت» سەرەک وەزیرانی ئیسرائیل بوە، لەوکاتە گەندەڵی زۆر لە بواری جۆراوجۆر کردوەو تەگەرەی خستۆتە بەردەم ئیشوکاری دادگاکان بۆیەلە ٢٠١٦ سزای ٢٧ مانگ زیندانی بسەردادراو ساڵی پار بە چەند مەرجێک داداگا ئازادی کرد.

میسر
میسر تاکە وڵاتی عەرەبیە کە بەهۆی گەندەڵیەوە سەرۆکی خۆی بداتە دادگا، «حوسنی موبارەک» لە ساڵی ١٩٨١ ەوە بۆماوەی سی ساڵ حوکمی ئەو وڵاتەی کرد، لە پرۆسەی بەهاری عەرەبی لەبەردەم خۆپیشاندەران خۆی نەگرت وڕوخا، دوای ئەوەی دۆسیەی گەندەڵیەکانی لە داداگاکان کرایەوەولەهەندێکیان لێ بوردرابەڵام لە کەیسێک کە تایبەت بو بە بردنی ١٠ ملیۆن دۆلارو خەرجکردنی لە کۆشکی تایبەتی خۆی بۆماوەی سێ ساڵ زیندانی کرا.

گوانتیمالا
لە ٢٠٠٠ تا ٢٠٠٤ « ئەکلفۆنسۆ بۆرتیۆ» سەرۆکی ئەو وڵاتەبو،لەسەر دزی وگەندەڵی وبەهەدەردانی سامانی وڵاتەکەی لە ٢٠١٠ ڕادەستی ئەمریکا کراو شەش ساڵ زیندانی کرا،هەروەها «ئۆتۆ بیریزی» کەلەساڵی ٢٠١٢ سەرۆکی ئەو وڵاتە بوو،بەتۆمەتی وەرگرتنی بەرتیلێکی ٨٠٠ ملیۆن دۆلار دەستی پێ لەکار کێشرایەوەو لەساڵی پارەوە دۆسیەکەی لە داداگاکان دێ ودەچێ ولەماوەی داهاتودا سزای خۆی وەردەگرێت.

بیرۆ
«ئەلبێرتۆ فۆجینێری» لەلە ١٩٩٠ ەوە بۆماوەی ١٠ ساڵ سەرۆکی وڵات بو،لەوماوەیەدا گەندەڵی وکوشتو کوشتارێکی زۆری لە وڵاتەکەی کردبو ، بۆیە جارێک لە ٢٠٠٩ هەموو تۆمەتەکانی بەسەردا ساغ بۆوەو ٢٥ ساڵ زیندانی وساڵی پاریش دیسان بە هەشت ساڵی تر مەحکومکراو پاش ماوەیەک کەوتە بەر لێبوردنی گشتی وئازادکرا بەلام ئەمساڵ سەرلەنوێ بەهۆی تۆمەتی تر داگایی کراوەتەوەو جارێ دیار نیە سزاکەی چی دەبێت، هەروەها «ئۆیانتا هومالا» لە ساڵی ٢٠١١ بۆماوەی پێنج ساڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە بوە بەهۆی وەرگرتنی بەرتیلێکی ٣ ملیۆن دۆلاری دادگا ساڵ ونیوێک سزدای بەسەردا سەپاند، ئێستا لە زیندایەو ماوەکەی تەواونەبوە.

لای خۆشمان هەن
شایانی باسە زۆربەی وڵاتە عەرەبیەکان لەلایەن سەرۆک وبەرپرسەباڵاکانەوە گەندەڵی گەورە دەکری ولەناو لیستی وڵاتە گەندەڵکارەکانەوە عێراق لە ڕیزی پێشەوەیەو هەرچەندە پروپاگەندەی بنبڕکردنی ئەودیاردەیەلەناو بەرپرسان کراوە بەلام تائێستا هەنگاوی جدی بۆ نەهاوێژراوەو ئەو وڵاتە بەهەرێمی کوردستانیشەوە گیرۆدەی دیاردەی گەندەڵی وبێسەروبەری و بەکارهێنانی سامانی گشتیەوەن، بەپێی ستاندارتی بەڕێوەبردن وبەرپرسیارێتی ومێژووی ئەو دیاردەیەو بەرنامەی دەستەی نەزاهەو دەستپاکی بێت ، ئەوانەی دەستیان هەیە لە خەراپ بەکارهێنانی دەسەڵات وبەپرسیارێتیدا بەتایبەتیش لە ڕووی داراییەوە دەبێ لە داهاتو سزابدرێن.

سەرچاوە: تلیکس پرێس،بێلد زایتۆنگ، عەرەبی پۆست، ویکیپیدیا

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*