سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » پرۆسەی دەنگدان لە ئەڵمانیا بێ کێشە کۆتایی هات

پرۆسەی دەنگدان لە ئەڵمانیا بێ کێشە کۆتایی هات

ڕۆژانی ١٠ و١١/ ٥ لەهەر حەوت بنکەی هەڵبژاردن لەئەڵمانیا لە کاتژمێر حەوتی بەیانیەوە تا حەوتی ئێوارە، کوردستانیانی دانیشتوی ئەو وڵاتە بە جۆش وخرۆشێکی زۆرەوە چونە سەر سەندوقەکانی دەنگدان و ئەرکی نیشتیمانی و کوردایەتی خۆیان جێبەجێکردو ڕۆحی شەهیدانی کوردستانیان بە دەنگەکانیان ئاسودە کرد، هەموو بنکەکانی ئەڵمانیا (بەرلین، میونشن،کییل، هانۆڤەر،مانهایم، شتوتگارد، کۆڵن) کوردستانیان ئەو ڕۆژانەیان کردە کەڕنەڤاڵی خۆشی و شادی و بەبێ کێشە و گرفت و بە شێوەیەکی مۆدێرانەی هاوتای ئەوروپیەکان بە هێمنی و ئازادی دەنگیاندا و دیمەنێکی جوان و شارستانیان بۆ وڵات و نەتەوەکەیان پێشکەشکرد.

پارتە کوردییەکان بە پەرۆشتربوون
لە بەردەم بنکەکانی دەنگدانیش پارت و لایەنە سیاسیەکان لە پانتاییەکی دیاریکراودا چادریان هەڵدابوو پێشوازیان لە میوان و دۆست و لایەنگرانی خۆیان دەکرد، ئەوەی دەبیندرا پارتە کوردستانیەکان لە عەرەبی و عیراقیەکانی تر، بە جموجۆڵتر و چالاکتر بوون بۆ پاراستنی هێمنی و بە باش بەڕێوەچونی پرۆسەکە.

ماوەکە درێژکرایەوە
ڕۆژی یەکەمی هەڵبژاردن بەهۆی ئەوەی پشووی فەرمی بو لە ئەڵمانیا کوردستانیان زیاتر چونە سەر سەندوقەکانی دەنگدان،بەڵام ڕۆژی دووەم کە ڕۆژی ئاسایی بوو بنکەکان قەرەباڵغیان پێوە دیار نەبو، بۆیە بازنەی ئەڵمانیای کۆمسیۆن بڕیاریدا بەدرێژکردنەوەی بۆ ماوەی سێ کاتژمێری تر بۆ ئەوەی دوای دەستهەڵگرتن لە کار، خەڵکی بتوانن بەشداری بکەن و مافیان نەفەوتێت.

بەشداری کوردی ئەڵمانیا
لەسەر ڕێژەی بەشداریکردنی کوردانی هەندەران لەو هەڵبژاردنە « بایز ڕەحمان سیتەکی» بەڕێوەبەری بنکەی بەرلین بە کوردستانی نوێی ڕاگەیاند: ئەم هەڵبژاردنە لەچاو هەڵبژاردنی خولی ڕابردوو ٢٠١٤ ڕێژەکەی باشتر دیارە و لە بەرلین لە ڕۆژی یەکەم زیاتر لە ٧٠٠ کەس دەنگیان داوە، لەخولی ڕابردوو تەنها سێ بنکە هەبوە، کەچی ئەمجارە حەوت بنکە هەیە و خەڵکێکی زۆریش بەهۆی نەبونی نفوس و ڕەگەزنامە گەڕاونەتەوەو نەیانتوانیوە دەنگ بدەن. سیتەکی وتیشی: بە گشتی پرۆسەکە سەرکەوتوبوە،چونکە بەهێمنی بێ گرفت کۆتایی هات و ستافی کۆمسیۆنیش توانیان هاوکاری تەواوی دەنگدەران بکەن وسوپای روەندی کوردیشی کرد.
لەچاو ساڵانی تردا کەمتر بەشداربوون
« دلاوەر ڕەواندوزی» چاودێر لەبنکەی کییل خۆشحالی خۆی راگەیاند، کە لەو بنکە هیچ کێشەو پیشێلکاریەک ڕوینەداوەو پارت و قەوارە سیاسیەکان هەریەکەیان بە تایبەتی کوردیەکان، چاودێریان هەبوەو بە بەردەوامی چاودێری پرۆسەی دەنگدانیان کرد. ڕەواندوزی وەک نوێنەری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەو بنکەیە گلەیی لەڕەوەندی کوردی هەبوو، کە لەچاو خولەکانی تری هەڵبژاردن ڕێژەی بەشداریەکە کەمتر دیارە، بەڵام ئەو وەک نوێنەری یەکێتی هیچ ناڕەزایی و گلەییەکی نیشدان نەدا لە بنکلەی کیل.

چالاکی رێکخستنەکانی یەکێتی لە ئەڵمانیا
هەڤاڵانی ڕێکخستنەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەبەردەمی ئەو بنکانە چەند سەکۆ و چادرو شتاندێکیان بۆ یەکێتی نیشتیمانی هەڵدابوو بۆ پێشوازیکردن و بەڕێکردنی دەنگدەران و دۆست و هەوادارانی خۆیان ، لەوێ یەکێتیەکان لەدوای دەنگدان بە لیستی ١٦٢ ،لیستی شەهیدانی ڕێگای سەرفرازی کوردو کوردستان لەو بنکەو شتاندانە کۆبونەوەو شیرینیان پێشکەش بە هاموشۆکەران و دۆستو لایەنگرانیان کرد.

رۆژی نوێکردنەوەی پەیمان بوو
ئەو دوو ڕۆژە بۆ یەکێتیەکان بوونە ڕۆژی نوێکردنەوە و پەیمان بۆ خوێنی شەهیدان و رێبازی سەرۆک و مامجەلال و بەگژداچونەوەی هەر هەوڵێک بۆ لاوازکردن و پەرتەوازەکردنی گیانی تەبایی لەنێو ڕیزەکانی ڕێکخستن و خۆ رێکخستنەوەو دروستکردنەوەی متمانە و ئاشتەواویی لەنێوان هەڤاڵان و هەنگاونان بو بۆ ڕۆژێکی پڕشنگدار و داڕشتنەوەی سەرلەنوێی ئۆرگانەکان بەشێوازێک کە دوور بێت لە تەکەتول ولێکترازاندنی تەبایی نێوان هەڤاڵان.
لەسەر ئەمە هەریەک لە «سدیق کرژەیی» کارگێڕی کۆمیتەی ڕێکخستنی ئەڵمانیا و « بەرپرسی ڕێکخستنی شاری کییل لە لێدوانێکیاندا بۆ کوردستانی نوێ ئاماژەی بە هەوڵی هەڤاڵانی باکووری ئەڵمانیا کرد بۆ زێتر کۆکردنەوەی خەڵک و ئاسانکاری دۆست و لایەنگرانی یەکێتی ، کە بێ کێشە بگەنە سەر سەندوقەکانی دەنگدان و لەپاڵ ئەمەشدا ئەو دیدارەی نێوان هەڤاڵانیان بە دەرفەتێکی باش زانی بۆ نوێکردنەوەی مەیل ومتمانەی نێوانیان و دروستکردنەوەی پردی تەبایی و پتەوکردنی ڕێزەکانی رێکخستن.

 520 جار بینراوە