سەرەکی » راپۆرت » ئاماده‌کردنی : ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا » چین چاوی لە وڵاتانی عەرەبییە

چین چاوی لە وڵاتانی عەرەبییە

هەمیشە وڵاتانی عەرەبی لەناو سیاسەتی دەرەوەی چیندا مایەی گرنگی پێدان بوون ، دیارە ئەوەش لەبەر چەند هۆکارێکی سیاسی و ئابووری و فەرهەنگی. لەماوەی چەند ساڵی پێشووشدا بەتایبەتی لەرووی ئابورویەوە، پەیوەندیی نێوانیان زۆر بەهێز بووە، بۆ نموونە لەگەڵ سعودیە کۆی گشتی بازرگانی نێوانیان گەیشتۆتە نزیکەی 80 ملیار دۆلار. هەندێک لەچاودێری سیاسیش پێیان وایە، پێدەچێت لەچەند ساڵی داهاتوودا ، چین جێگەی ئەمریکا لەناوچەکە بگرێتەوە.

پەیوەندییەکی کۆن
دیارە پەیوەندی چین لەگەڵ گێتی عەرەبیدا زۆر کۆنە، لەمەشدا دەتوانین پشت فەرمودەیەکی حەزرەتی محەمەدی پێخەمبەر بددەین کاتێک دەڵێت» داوای زانست بکەن تەنانەت گەر لە چینیش بێت» واتە هەر لەو زەمانەوە چین لەلای عەرەبەکان ناسراوە.

سێ هۆکاری سەرەکی
لەئێستاشدا دەتوانم بڵێم سێ هۆکاری سەرەکی بوونەتە هۆی ئەم پەیوەندییە بەهێزە. لەرووی سیاسییەوە، وڵاتانی عەرەبی شوێنێکی ستراتیژی گرنگ لەسەر نەخشەی سیاسی جیهان پێکدەهێنن، لەرووی ئابووریشەوە، نەوت و گازی سروشتی و بازاڕی عەرەبی ، مایەی گرنگی چین بووە. هەر لەدێر زەمانەوە، بازاڕەکانی وڵاتانی عەرەبی، پڕبووە لەشمەکی چینی لەپێش هەمووشیانەوە قووماشی حەریری چین. لەڕووی فەرهەنگیشەوە، کەمینەیەکی موسڵمان لە چین هەیە، کە واپێویست دەکات تاڕادەیەک پەیوەندی باشی لەگەڵ گێتی عەرەبی هەبێت.

رێکخراوی وڵاتانی پشتوێن و رێگای ئاوریشمی نێودەوڵەتی
لەساڵی 2013 دا لەسەر پێشنیازی شی جین پینگ سەرۆکی چین رێکخراوی « ولاتانی پشتوێن ورێگای ئاوریشـمی نوێ» دروست بوو. ئەم رێکخراوەش کە نزیکەی 71 دەوڵەتی جیهان لەخۆ دەگرێت و ئەمانەش بە سەر کیشوەری ئاسیا وئەفریقا و ئەوروپا دابەشبوون . لەو کاتەوە ئەم رێکخراوە بۆتە خاڵێکی گرنگی سیاسەتی دەرەکی چین و حکومەتیش بڕی 127 ملیار دۆلاری تەرخانکردووە بۆ گەشەپێدانی ژێرخانی ئەو وڵاتانەی ، کەئەندامی ئەم رێکخراوەن .
رێژەیەکی زۆری بازرگانی دەرەکی پێکدەهێنن.
بەپێی راپۆرتێکی سەنتەری لێکۆڵینەوەی نیشتمانی بۆ بارزگانی دەرەکی بێت ، لە ساڵی 2017 کۆی گشتی بارزگانی چین لەگەڵ وڵاتانی پشتوێن و رێگای ئاوریشم، کە 71 دەوڵەت لەخۆ دەگرێت، کۆی گشتی بازرگانی چین و ئەم وڵاتانە گەیشتۆتە 1.44 ترلیۆن دۆلار. ئەمەش لەچاو ساڵی 2016 دا، بەرێژەی 13.4% زیادیکردووە. لەو 71 دەوڵەتەش کەبەشداری ئەم رێکخراوەن، 14 یان دەوڵەتی عەرەبین.
بەپێی ئەو راپۆرتە بێت، ئەم رێکخراوە، رێژەیەکی زۆری بارزگانی دەرەکی چین پێکدەهێنێت و دەگاتە 36.2% بارزگانی دەرەکی چین. لەداهاتووشدا ئەم رێکخراوە ، دەبێتە سەنتەری ستراتیژی بارزگانی دەرەکی چین .

سعودیە لەریزی پێشەوەیە
بەپێی ئەو راپۆرتە بێت، عەرەبستانی سعودیە لەریزی پێشەوەی وڵاتانی عەرەبییە لەبارزگانیکردن لەگەڵ چین، ساڵی 2017 بڕی هەناردەکانی چین بۆ سعودیە گەیشتە 50،4 ملیار دۆلار، لەرووی هاوردەیەشەوە رێژەی هاوردەکردنی شـمەکی سعودیە بۆ چین گەیشتە 31.74 ملیار دۆلار. لەپاش سعودیەش هەر یەکە لە ئیمارات و قەتەر دێن. هەتادێتیش ئەم پەیوەندییە بارزگانییە بەهێزتر دەبێت.

چین جێگەی ئەمریکا دەگرێتەوە
بەپێی بۆچوونی زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی و ئابووری بێت، لەماوەی چەند ساڵی پێشوودا چین خەریکە شوێنی ئەمریکا دەگرێتەوە بۆ وڵاتانی عەرەبی، هەرئەمەش بۆتە مایەی نیگەرانی گەورە بۆ ئەمریکا. بەڵام ئەوە راستە لە رووی بارزگانی و ئابووریەوە پەیوەندی چین لەگەڵ گێتی عەرەبی بەهێزە، بەڵام لەرووی سیاسیی و سەربازییەوە، بەو شێوەیە نییە. لێ بمانەوێت یان نا، لەمڕۆدا وڵاتانی عەرەبی، گرنگیی زۆریان بۆ چین هەیە بەتایبەتی لەرووی بازاڕ و سامانی سروشتییەوە، هەربۆیە وا چاوەڕوان دەکرێت، لەچەند ساڵی داهاتوودا پەیوەندیی نێوانیان بەهێزتر بێت.

سەرچاوە: سایتی . رۆژنامەی گەلی چین

 700 جار بینراوە