سەرەکی » راپۆرت » عیراق روبەڕوی مەترسیی کەمئاویی دەبێتەوە؟

عیراق روبەڕوی مەترسیی کەمئاویی دەبێتەوە؟

بەهۆی گرتنەوەی ئاوی زێی بچووك‌و دروستكردنی چەندین بەربەست لەبەردەم رووباری دیجلەو فورات، هەرێمی كوردستان‌و ناوەڕاست‌و خوارووی عیراق روبەڕوی كەمئاوی بوونەتەوە.

گرتنەوەی ئاوی زێی بچووك
بەهۆی گرتنەوەی ئاوی زێی بچووك لەچەند رۆژی رابردوودا كێشەی ئاوی خواردنەوە بۆ شاری قەڵادزێ دروستبووە. هەروەها ساڵی رابردووش ئێران لەڕێگەی دروستكردنی بەنداوێك لەشاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی كوردستان رێگریی لەئاوی زێی بچووك كردو دواتر بەهەوڵی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم گرفتەكە چارەسەركرا، بەڵام لەچەند رۆژی رابردوودا جارێكی تر ئێران سەرچاوەی ئاوی زێی بچووكی بەتەواوی گرتەوەو بەوەش نەتوانرا ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتوانی قەڵادزێ دابینبكرێت.

ناتوانرێت ئاوی پێویست بۆ پڕۆژەی ئاوی خاس دابینبكرێت
لەڕاگەیەنراوێكیشدا فەرمانگەی ئاوی قەڵادزێ داوای لەهاووڵاتیان كردووە بۆ كاری زۆر پێویست نەبێت ئاو بەكارنەهێنن، چونكە بەهۆی گرتنەوەی ئاوی زێی بچووكەوە ناتوانرێت ئاوی پێویست بۆ پڕۆژەی ئاوی خاس دابینبكرێت، كە تاكە سەرچاوەی دابینكردنی ئاوی خواردنەوەیە بۆ قەڵادزێ.
هەروەها، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەنداوو كۆگاكانی ئاو لەوەزارەتی كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمیش لەڕوونكردنەوەیەكدا ئەوەی خستۆتەڕوو كە گرتنەوەی ئاوی زێی بچووك لەكاتێكدایە كە 1/6 كاتی بەردانەوەی ئاوە نەك گرتنەوەی، هەرێمی كوردستانیش لەو بەروارە ئاو بۆ خواروو و ناوەڕاستی عیراق بەردەداتەوە.
لەگەڵ دروستبوونی كێشەكەدا رێباز حەملان وەزیری كشتوكاڵ بەوەكالەت لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، پەیوەندییان بە سەركونسوڵی ئێران لەهەولێرو لایەنە پەیوەندارەكان، كردووە بۆ چارەسەركردنی كێشەكە. وەك بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكانی هەرێمیش لەپەیوەندیدایە لەگەڵ وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو لەحكومەتی عیراق، بەمەبەستی كۆتاییهێنان بەكێشە.

كەمبوونەوەی ئاستی ئاوی رووباری دیجلە گەیشتۆتە ئاستێكی مەترسیدار
هەر تایبەت بەگرتنەوەی ئاوی عیراق، ئاماژە بەوە دەكرێت كەمبوونەوەی ئاستی ئاوی رووباری دیجلە گەیشتۆتە ئاستێكی مەترسیدارو هۆكارەكەشی وڵاتی توركیایە بەهۆی گلدانەوەی ئاوی رووبارەكە بۆ بەنداوی ئەلیسۆ.
ئاژانسی ناسای ئەمریكی لەتوێژینەوەیەكی نوێیدا ئەوەی ئاماژەپێكردووە كە ئاوی خواردنەوەی نۆزدە ناوچەی جیهان بەشێوەیەكی بەرچاو كەمدەكات، كە یەكێك لەو ناوچانەش عیراق‌و سوریان.

قەدەغەکردنی کشتوکاڵ
لای خۆیشییەوە وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو لەعیراق لەنووسراوێكی رەسمیدا قەدەغەی چەند جۆرێك لەكشتوكاڵكردنی لەوڵات راگەیاندووە كە بەپێی نووسراوەكەی وەزارەت ئەو جۆرە كشتوكاڵانە كاریگەریی نەرێنی دەكاتەسەر كەمبوونەوەی ئاوی خواردنەوە بەشێوەیەكی مەترسیدارتر.
هەر تایبەت بەو كێشەیە، بەشێك لەپەرلەمانتارانی عیراق هۆكاری كەمبوونەوەی ئاوی دیجلەو فوڕات دەگەڕێننەوە بۆ بڕینی بەشە ئاوی عیراق لەو دوو رووبارە لەلایەن توركیاوە، داواش دەكەن بەغدا هەڵوێستی جددی هەبێت بۆ فشار خستنە سەر توركیا تا بەشە ئاوی عیراق لەو دوو رووبارە زیاتر بكات.

print

 33 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*