سەرەکی » وتار » مه‌حمود سه‌نگاوی‌ » شه‌هید وریای شێخ ره‌شید..

شه‌هید وریای شێخ ره‌شید..

شه‌هید وریای شێخ ره‌شید.. دیرۆكێك له‌ ملنه‌دان و شكۆمه‌ندیی

زۆرن ئه‌و كه‌ڵه‌مێردانه‌ی له‌پێناوی ئازادی و مافی گه‌له‌كه‌ماندا له‌ كۆڕی خه‌بات و تێكۆشاندا گیانیان به‌خشیووه‌ته‌ كوردستانه‌كه‌یان، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌میشه‌ خانه‌خوێی مرۆڤی مه‌زن و پێشمه‌رگه‌ی بوێر‌ و شه‌هیدی نه‌مر بووه‌، شه‌هید وریا یه‌ك له‌ هه‌زاران شه‌هیدی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و یه‌ك له‌ سه‌دان شه‌هیدی فه‌رمانده‌ و سه‌ركرده‌ی شۆڕشی نوێیه‌، به‌ڵام شه‌هید وریا خاوه‌ن خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندییه‌كی خۆی بوو، كۆمه‌ڵێك هه‌ڵوێست و خوڕه‌وشتی هه‌بوو هه‌م له‌ ئێمه‌ی پێشمه‌رگه‌ و هه‌م له‌ هاوڕێ شه‌هیده‌كانیشی جیای ده‌كرده‌وه‌، كار و كرده‌وه‌كانی و هه‌ڵوێست و نه‌به‌ردییه‌كانی، شه‌هید وریایان كردبووه‌ پیاوێكی مه‌زن.
شه‌هید وریا كوڕی شێخ ره‌شیدی شێخ عه‌بدولكه‌ریمی شێخ عه‌بدولقادری گوله‌نه‌بڕه‌، مێژووی ژیانی بنه‌ماڵه‌ی شه‌هید وریای قه‌ڵا، باس و لێكۆڵینه‌وه‌ی دوور و درێژی ده‌وێت و بۆ خۆی پڕه‌ له‌ وانه‌ی ئازایه‌تی و فیداكاری، هه‌ر له‌ جوامێری و قاره‌مانییه‌كانی شێخ عه‌بدولقادری گوله‌نه‌بڕی باپیری شه‌هید وریاوه‌ له‌سه‌رده‌می شۆڕشه‌كانی شێخ مه‌حمودی نه‌مره‌وه‌، تا ده‌گاته‌ ئازایه‌تی و بوێری و خۆڕاگری بنه‌ماڵه‌كه‌یان له‌ سه‌رده‌می شۆڕشی نوێ و ئه‌نفالدا.

خولیای خه‌بات و تێكۆشان
شه‌هید وریای شێخ ره‌شید رۆڵه‌ی گۆشكراوی ده‌ستی بنه‌ماڵه‌ شۆڕشگێڕه‌كه‌ی بوو، بۆیه‌ له‌ سه‌ره‌تای لاوێتییه‌وه‌ خولیای خه‌بات و تێكۆشان، سه‌راپای ژیانی گرتبووه‌وه‌، هه‌رگیز ئۆقره‌ی نه‌ده‌هات له‌ژێر ساباتی سته‌مدا هه‌ڵبكات، هه‌میشه‌ جۆره‌ یاخیبوونێك ده‌ڤه‌ری هه‌ستی ته‌نیبوو، فێرنه‌بووبوو له‌به‌رده‌م رووداوه‌كاندا بچه‌مێته‌وه‌، سه‌ر بۆ شكسته‌كان دابنه‌وێنێ‌، هه‌ر زوو تێكه‌ڵ به‌ رووباری گیانبه‌خشین و شۆڕه‌سواریی بوو. ئه‌و له‌گه‌ڵ هاوڕێكانیدا له‌به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكی ناڕه‌وادا ده‌نگیان هه‌ڵبڕی.
شێخه‌كه‌ی گوندی قه‌ڵا، پاش چه‌ندین ساڵ له‌ خه‌باتی كارامه‌ی نهێنی له‌ ناو شارۆچكه‌ی سه‌نگاودا، به‌ په‌رۆشییه‌وه‌ ده‌یویست به‌ردێكی بناغه‌ی كاروانی نوێی خه‌بات دابنێ، بۆیه‌ شه‌هید وریا بۆ ساڕێژی زامه‌ قووڵه‌كانی گه‌له‌كه‌ی، بڕیاری هه‌ڵگرتنی ده‌رمانی تفه‌نگ و فیشه‌كی دا و ئاڵای به‌گژداچوونه‌وه‌ی دژ به‌ سته‌م و زوڵم و زۆری داگیركه‌ران، هه‌ڵكرد.
شه‌هید وریا كه‌ بوو به‌ پێشمه‌رگه‌، پێشمه‌رگه‌یه‌كی ساده‌، به‌ڵام گه‌وره‌، گه‌وره‌ له‌ هه‌ڵوێست و وره‌نه‌به‌زیندا، له‌ شێلگیریی و سووربوون له‌گیانبازیدا. ئه‌و بوو به‌ پێشمه‌رگه‌ تا به‌ دوژمن بڵێ‌ تۆ ناتوانی میلله‌تێكی زیندوو، زینده‌به‌چاڵ بكه‌یت، ناتوانی نه‌خشه‌ی ویستی گه‌لێك تێكبده‌یت كه‌ ئاماده‌یه‌ له‌پێناوی چاره‌نووسدا ئۆقیانووسێك له‌ خوێن بدا. دڵه‌ زیندووه‌كه‌ی هه‌میشه‌ پڕبوو له‌ ئاواتی سه‌وز بۆ گه‌له‌كه‌ی، تێكۆشه‌رێكی سه‌ر راست و دڵسۆزێكی راسته‌قینه‌ی گه‌ل و شۆڕش بوو.
شه‌هید وریا له‌ ناو هه‌مووماندا دیار بوو، زیته‌ڵه‌یه‌كی ئێسك سووك بوو، هێمنی و سه‌لارییه‌كه‌ی سه‌رنجی هه‌موو ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی راده‌كێشا، لاوێكی باڵا كه‌ڵه‌گه‌تی گه‌نم ره‌نگ بوو، تفه‌نگ و تاقم و جامانه‌ و كوڵه‌باڵ هه‌ر له‌ خۆی ده‌هات. مرۆڤێكی پڕاوپڕ له‌ سۆزی نیشتمانپه‌روه‌ری و په‌رۆشیی بۆ سته‌ملێكراوانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی بوو، دڵسۆز تاڕاده‌ی خۆبه‌ختكردن، وه‌ك عاشقێك كوردستانی خۆشده‌ویست، هه‌رگیز له‌ رێڕه‌وی كوردپه‌روه‌ری و خاك ویستیدا لاینه‌ده‌دا و لوله‌ی تفه‌نگه‌كه‌ی ته‌نها ئاراسته‌ی دوژمنانی داگیركه‌ر ده‌كرد.
شه‌هید وریا پیاوێكی جوامێر و تفه‌نگچییه‌كی به‌ده‌ست و برد بوو، له‌ ده‌ستكردنه‌وه‌دا له‌ وێنه‌ی نه‌بوو، له‌ چاوتروكانێكدا داخی دڵی خۆی به‌ هێزی دوژمن ده‌ڕشت و له‌ چاو ون ده‌بوو، له‌پڕ له‌ شوێنێكی تره‌وه‌ ده‌ستێكی تری ده‌وه‌شاند و قووتی ئه‌خوارده‌وه‌ و له‌ جێگایه‌كی تره‌وه‌ سه‌ری هه‌ڵئه‌دایه‌وه‌ و ده‌نگی ده‌ستی ده‌هات.
شه‌هید وریا پارتیزانانه‌ ده‌جووڵایه‌وه‌ و دوژمنی به‌ هیلاك ده‌برد و به‌ ئاسان ده‌ستنه‌ده‌كه‌وت، ئه‌ركه‌ نه‌خشه‌ بۆكێشراوه‌كانی به‌خه‌مخۆرییه‌وه‌ به‌جێده‌گه‌یاند، بێترس رووبه‌ڕووی دێوه‌زمه‌ی به‌عس ده‌بووه‌وه‌.

فه‌رمانده‌یه‌كی قاڵبووی مه‌یدانی خه‌بات
شه‌هید وریا ده‌رفه‌ت دروستی نه‌كردبوو، به‌ڵكو ئه‌و خۆی ده‌رفه‌تی دروستكردبوو، بیروبۆچوونه‌ كاریگه‌ره‌كانی، ئاسۆی بیره‌ فراوانه‌كه‌ی، حه‌ز و ئاواتی زۆری بۆ ئازادی، بوێری و جه‌ربه‌زه‌ییه‌كه‌ی، نه‌سڵه‌مینه‌وه‌ له‌ هێزی زه‌به‌لاحی دوژمن و ملنه‌دان بۆی وایكرد له‌ زه‌مه‌نێكی بێ ده‌ره‌تان‌ و هه‌لومه‌رجێكی ئێجگار دژوار و پڕ مه‌ترسیدا و له‌ ته‌مه‌نێكی كه‌می پێشمه‌رگایه‌تیدا شه‌هید وریا ببێته‌ فه‌رمانده‌یه‌كی قاڵبووی مه‌یدانی خه‌بات و ببێته‌ ناوێكی گه‌وره‌ له‌ شۆڕشی نوێدا و جێده‌ستی دیار بێت.
ئه‌و سه‌رده‌مانه‌ پاش شه‌هیدبوونی مامه‌ڕیشه‌، كه‌رتی چواری جه‌باری، تیپی ٥٧ی سه‌گرمه‌ بێ فه‌رمانده‌ مایه‌وه‌، كه‌رتی چواری جه‌باری به‌هۆی ئازایه‌تی و قاره‌مانێتی مامه‌ڕیشه‌وه‌ ناوێكی گه‌وره‌ی په‌یدا كردبوو له‌ ناو خه‌ڵكیدا، به‌ كه‌رتی چالاكییه‌ قورس و گه‌وره‌كان ناسرابوو، پاش شه‌هیدبوونی مامه‌ڕیشه‌ براده‌ران بیریان له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌ كه‌ كێ له‌ شوێنه‌كه‌ی دابنێن تاكو كه‌رته‌كه‌ له‌ پێشه‌نگی و چالاكی خۆی نه‌كه‌وێت. هه‌موو براده‌ران ره‌ئیان وابوو كه‌ ته‌نها شه‌هید وریا ده‌توانێت جێگای مامه‌ڕیشه‌ پڕ بكاته‌وه‌، هه‌ر واشبوو وریا مامه‌ڕیشه‌كه‌ی تر بوو. پێده‌شته‌كانی گه‌رمیان و ده‌ربه‌نده‌كانی سه‌گرمه‌ و قه‌ره‌داغ و كوچه‌ و كۆڵانه‌كانی سه‌نگاو، شاهێدی بۆ گه‌وره‌یی و قاره‌مانییه‌كانی شه‌هید وریا ده‌ده‌ن.

ماڵئاواییه‌كی به‌سوێ و پڕ له‌ داخ و كه‌سه‌ر
شه‌هید وریا له‌ ناو هاوه‌ڵه‌كانیدا خۆشه‌ویست و له‌ ناو خه‌ڵكیشدا خاوه‌ن پێگه‌یه‌كی تایبه‌تی بوو، له‌ جه‌وله‌كانیدا خه‌ڵكی هانده‌دا و پێیده‌وتن ئازیزان.. دڵ له‌دڵ مه‌ده‌ن، هه‌تا دوژمنێك مابێ‌، ده‌رگای خۆبه‌ختكردن هه‌ر له‌سه‌رپشته‌، هه‌تا نه‌توانین هه‌تاوی دواڕۆژ بخه‌ینه‌ ناوله‌پی ئایینده‌وه‌، رێبواره‌ ماندوونه‌ناسه‌كان هه‌ر به‌ڕێوه‌ن.. تا به‌ربه‌رۆچكه‌ی ماڵه‌ هه‌ژارێك مابێ‌ كوكوختی ئازادی تیا بحه‌سێته‌وه‌، رێچكه‌كه‌ی ئێوه‌ش كوێرنابێته‌وه‌.
به‌داخ و په‌ژاره‌یه‌كی زۆره‌وه‌، ئه‌م قاره‌مانه‌ كه‌موێنه‌یه‌ی گه‌له‌كه‌مان، پاش به‌شداریكردنێكی قاره‌مانانه‌ی خۆی و كه‌رته‌كه‌ی له‌ شه‌ڕی به‌ره‌یی به‌ربڵاوی سێ مانگه‌ی قه‌یوان-ماوه‌ت-دا له‌شه‌وی ٢١/١١/١٩٨٦ دا و له‌ شاخی حه‌سه‌ن به‌گدا و له‌ ناو ناڵه‌ و گرمه‌ی هه‌زاران گوله‌ تۆپ و راجیمه‌دا، پاش به‌رگرییه‌كی قاره‌مانانه‌ له‌ حه‌سه‌ن به‌گ گیانی پاكی به‌ كورد و كوردستان به‌خشی و حه‌سه‌ن به‌گی كوێستانی دووره‌ گه‌رمیانی كرده‌ دوا مه‌نزڵگه‌ی خۆی و ماڵئاواییه‌كی به‌سوێ و پڕ له‌ داخ و كه‌سه‌ری لێكردین.

هه‌زاران سڵاو له‌ رۆحی پاكی شه‌هید وریا و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی كوردستان
رێگه‌تان روون و پڕ رێبوار بێت.

print

 55 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*