سەرەکی » مانشێت » بیرەوەریی ژنە پێشمەرگەیەک

بیرەوەریی ژنە پێشمەرگەیەک

زوبێدە سەعدون

من سـاڵی ١٩٦١ لە گوندی ســێکانیان-ی شـەھیدان لەدایکبووم. زۆر مناڵ بووم کە ماڵمان چووە بۆ شاری کەرکووک.
خاوەنی دوو برا و پێنج خوشک بـووم. باوکم و برا گەورەکەم بە کرێکاری ئێمەیان بەخێودەکرد.
لە کۆتایی ساڵی ١٩٧٧دا شووم کرد بە خاڵۆزایەکی خۆم کە ماڵیان لە گوندی ســێکانیان بوو. ئەو کاتە تازە پێشـمەرگەی شۆڕشی نوێ پەیداببوونەوە، بەھۆی ئەوەی کە شەھید(سەلام)ی مامم و چەند خزمێکمان پێشـمەرگە بوون، زوو زوو پێشمەرگە دەھاتنە ماڵمان.
یەکێک لەو پێشمەرگانە کادرێک بوو بەناوی (دڵشـادی حاجی باقی بەنگینە)، کە ساڵی ١٩٨٢ شەھید بوو، (تەها سێکانیانی) ی ھاوسەرەکەم پەیوەندیی ڕکخسـتنی لەگەڵیدا ھەبوو.
ساڵی ١٩٨٠ خۆم و هاوسەرەکەم بەماڵەوە چووینە شاری سلێمانـی، لـەگەڕەکی(مەجیدبەگ) ژوورێکمان بەکرێ گرت. ھاوسەرەکەم بەڕۆژ کرێکاری دەکرد و بەشەو لە (ئامادەیی سـلێمانی ئێواران) دەیخوێند، جار جاریش ھاتوچۆی دەرەوەی دەکرد بۆ کاری رێکخستن. ھەر ساڵی ١٩٨٠ (زرار)ی برام بوو بە پێشـمەرگە، شەھید سەلام-ی مامم تازە شـەھید ببوو، ساڵی١٩٧٩ شەھید بوو.
سـاڵی١٩٨٢ لە شـاری ســلێمانی خۆپیشـاندان دژی رژێمی بەعس دەسـتیپێکرد، ھاوسەرەکەم ھەمیشە خەریکی ڕکخسـتنی خۆپیشاندانەکان بوو. بەیانییەک پێشئەوەی بچێت بۆ ئیش، پێیوتم (لەبری من خەڵک کۆبکەرەوە بۆ خۆپیشـاندان) منیش بەقسـەم کرد و لە گەڕەکدا کۆمەڵێک ژنی زۆرم کۆکردەوە و دەسـتمانکرد بە وتافکێشـان دژی ڕژێم و ھاوارمان دەکرد (کە جام پڕبوو لێیدەڕژێ‌، سەدام خوێنی گەل دەمژێ‌… یەکێتیی نیشتمانیی، ئاواتی ھەموومانی… تانک تۆپ تەیارە، دەرمانناکات لەم شارە… بژی ھێزی پێشمەرگە، سەدام نزیکی مەرگە….ھتد). لەو کاتەدا ژنێکی دراوسـێمان کە ناوی باجی ناســـکە بوو، پێیوتم (ئەوە تۆ عەیب ناکەی دەچیت بۆ موزاھەرە، وەڵڵا مێردەکەت بێتەوە دەبێت پێیبڵێم سەرت بتاشێت و تەڵاقت بدات.. تۆ چۆن شتی وا دەکەیت!) منیش پێموت (بێمننەتبە). ئێوارە کە ھاوسەرم ھاتەوە ئەو ژنە چوو بووە سەر ڕێگای و شـکاتی خۆی لە من کردبوو (تەها) ش پێیوتبوو «بەڕاست چووە بۆ موزاهەرە؟» ئەویش وتبووی: «ئەرەوەڵڵا چوو» ئیتر (تەها) ش وتبووی «وەڵڵا ئەگەر نەچووایە بۆ ئەو موزاھەرەیە تەڵاقم دەدا، مادام چووە کارێکی زۆر باشـی کردووە».
کاتێک (تـەھا) ھاتەوە لەدوورەوە پێدەکەنی و پێشئەوەی من قسـە بکەم ئەو دەسـتخۆشی لێکردم و وتی «دڵنیام شـۆڕشـەکەمان سـەرکەوتن بەدەسـتدەھێنێت مادام ژنان لە خەباتدا دەوری پیاوان دەبینن».
ســاڵی ١٩٨٣ ئەمنی کەرکووک فشـارێکی زۆریان خسـتە سـەر (زوھێر)ی برام بۆیە ئەویش پەیوەندی کرد بە تیپی٢١ ی کەرکووک-ەوەو بوو بە پێشمەرگە، من تەنها ھەر دوو برام ھەبوو کە ھەردووکیان بوون بە پێشمەرگە. زرار لە تیپی ٩٣ی کـۆیەو زوھێریش لە تیپی ٢١ی کـەرکـووک. رۆژی (٦/٢/١٩٨٥) تیپی٢١ی کـەرکـووک لە تۆڵەی شـەھیدبوونی مـامە ڕیشـەدا چالاکییەکی گـەورەیان ئەنجامدا و پاشان پێشــمەرگەکان گەڕانەوە گوندی گۆپتەپە، بۆ ڕۆژی دووایی واتە ڕۆژی (٧\٢\١٩٨٥) ڕژێم بە سوپا و جاش و کۆپتەر و دەبابەوە ھێرشـێکی گەورەی کردە سـەر گـوندی گـۆپتەپە و شەڕێکی گەورە لەو گوندەدا بەرپا بوو، (زوھێر)ی برام لەو شـەڕەدا شـەھید بوو، لەگەڵ دوو پێشــمەرگەی تردا کە یەکێکیان شــەھید حـاکم کمال بوو، ئەوی تریشان شـەھید ئیبراھیم بوو.
ئەو سەردەمە (تەها) لەگەڵ ھاوڕێیەکیدا بە ناوی (ساڵح بێچار)ەوە پێکەوە لە شەقامی مەولەوی کتێبیان دەفرۆشت، ھەر بۆیە چوو بۆ گوندی سـەرگـەڵوو بۆ ســەردانی دەزگـای ڕاگـەیاندن و ھێنانی بڵاوکراوەکانی شۆڕش بۆ سلێمانی، لە گـەڕانەوەیدا، لە بازگەی سـارداو بە کۆمەڵێک بڵاوکراوەوە گیرا. ئێوارەی ٦-٤-١٩٨٥ کاک(سـاڵح بێچار) ھاتە ماڵەوە و پێیوتم کە تـەھـا گیراوە ھەر زوو من و کاک ساڵح ھەرچی کاغەز و بڵاوکراوەیەکمان ھەبوو خێرا کۆمان کردنەوە و کاک سـاڵح لەگەڵ خۆیدا بردنی.
ئیتر من ماوەی شـەش مانگ زیاتر ھیچ ھەواڵێکی تەھام نەزانی، ھەرچەند بیرم دەکردەوە نەمدەزانی بەتەنها چیبکەم. نەمدەوێرا بچم بۆ کەرکووک بۆ ماڵی باوکم چونکە ئەوانیش لەژێر چاودێری ئەمن-دا بوون. بۆیە دواجار بڕیاڕمدا بەماڵەوە بچمەوە بۆ ســێکانیان. لە پاش نزیکەی شەش مانگ ھەواڵی (تـەھـا)م زانی کە (٢٠) سـاڵ حوکمدراوە و لە زیندانی ئەبوغرێبە. ئیتر ھەموو مانگێک دەچووم بۆ سـەردانی. ساڵی ١٩٨٦ لێبووردنی گشتیی دەرچوو (تەھا) ئازادکرا، ھەر ھەمان کات بوو بە پێشمەرگە، لە تیپی مەڵبەندی دوو.
ماڵمان لە سێکانیان درووستکرد، تا ساڵی ١٩٨٨ ھەر لە سـێکانیان بووین، ھەمیشـە لەژێر ڕەحمەتی تۆپ و تـەیارەی بەعس دا بووین.
(تەها)ش زۆر بەکەمی دەکەوتە ماڵەوە، بەتایبەت کە لە ساڵی ١٩٨٦ بەدواوە شـێوازی شەڕەکان گۆڕدرا بۆ شــەڕی جـەبهـەیی، شـەڕی سێ مـانگەی (قەیوان- ماوەت ) ڕوویدا و پاشان (داستانی ڕزگاری) لە ساڵی١٩٨٧ و ھـێرشـەکانی ئەنفالی یـەک بۆ سەر سەرکردایەتی و مەڵبەندی دوو لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٨دا. لە ئەنفالدا سەرمان لێشێوابوو، نەماندەزانی چیبکەین، پاشـان بڕیارماندا کە من و (ڕەوکـان)ی کوڕم بە نهێنی بچینە سلێمانی و (تەها)ش لەگەڵ ھێزی پێشمەرگەدا بەرەو ئێران بڕوات.
بە ھەزار زەحمەت و دەردەسەری بە شاخی سورداش دا ھاتینە خوارەوە و ڕووەو گوندی تیمار، پاشان بۆ سەرجادەی کۆتەڵ-سلێمانی-دوکان). چـووینە ناو پڕۆژەی ئاوەکە، چەند کرێکارێکی لێبوو، کرێکارەکان ئوتومبێلێکیان بۆ ڕاگرتم و سوار بووین بەرەو سـلێمانی، لەوێوە چووم بۆ کەرکووک بۆ لای دایکم و خوشکەکانم، دیارە نەمدەوێرا لە کەرکووک زۆر بمێنمەوە بۆیە بە ناچاری گەڕامەوە سـلێمانی.
ئیتر ھەواڵ بڵاو بۆوە کە سەرکردایەتی و مەڵبەندی دوو دەستی بەسەردا گیراوە و ھێزی پێشمەرگەش پاشەکشەی کردووە بەرەو ئێران. بەڕاستی سەرم لێشێوابوو، نەمدەزانی چیبکەم، لەلایەک خۆم و (ڕەوکان) بێ ماڵ و حاڵ مابووینە و ھەر ڕۆژەی لە ماڵێک و لەلایەک بووین، ھیچ ھەواڵێکی تــەھا و براکەم و خزمەکانیشم نەدەزانی و دڵنیانەبووم لە مان و نەمانیان.
لە کۆتایی مانگی ٤ ی ١٩٨٨ لە ڕێگای ناسیاوێکمانەوە ھەواڵم بۆ ھات کە (تەها) لە ڕێگای مەڵبەندی سـێ وە گەڕاوەتەوە بۆ دەشـتی کۆیە و قەڵاسێوکە و پەیوەندیکردووە بە تیپی٢٩ ی کەڵکەسـماقەوە، کە شـەھید سەعیدی حمە شـوان جێگری فەرماندەی تیپ بوو لەو تیپەدا، ناوبراو مامی من و خاڵی تـەها بوو. لەو کاتەشدا ئەنفالی گەرمیان و قەرەداخ دەستیپێکردبوو. ڕۆژێک بەنیازی سەردانی تەها بەڕێکەوتم بەرەو قەزای دوکان و لەوێ زانیم کە ڕژێم ھێرشـی ئەنفالی دەسـتپێکردووە بۆ ناوچەی قەڵاســێوکە و دەشتی کۆیە و بە کیمیایی لە گوندی گۆپتەپەی داوە و چەندین کەس شەھید بوون، دڵناشبووم ماڵی مامم و تەها لە گوندی گۆپتەن، ئیتر من بەجارێک ئارامم لەبەربڕا، ھەرچەندە زۆر بێ پارەش بووم، بۆیە وەک شـێت دەسوڕامەوە، دەچوومە کۆیە-تەقتەق-ڕانیە- چەمچەماڵ. تا دوا ھەواڵم دەستکەوت ماڵی مامم ھەموویان شەھید بوون، کە سەرجەم ھەشت سەرخێزان بوون، لەگەڵ ئامۆزایەکی ترم کە کوڕی شەھید سەلام بوو باوکی ساڵی ١٩٧٩ شەھیدکرا بوو.
پێیانوتم کە تـەهایان بینیوە بەهۆی بەخەستی بەرکەوتنی کیمیاییەوە شێت بووە و ھەردوو چاویشیی کوێر بووە و بە ڕووتی ڕۆیشـتووە.
منیش لەتاواندا خەو و خۆراکم نەمابوو کاری شـەو و ڕۆژم ھەر گریان بوو.
بێ ھیوا ببووم نەمدەزانی چیبکەم، ھەر ڕۆژەی ھەواڵێکم بۆ دەھات، یەکێک دەیوت گیراوە و بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتووە، یەکێکی تر دەیوت مردووە، زیاتر لە مانگێک ھیچ ھەواڵێکی ڕاســتم دەسـتنەکەوت. تا لە سەرەتای مانگی شــەش دا ھەواڵیان پێدام کە (تـەها) لە ڕێگای ڕێکخستنەوە گـەیەنراوەتە ڕانیە. ناونیشــانی ماڵێکیان دامێ، منیش بە زوویی ڕۆیشتم پاش پرسیارکردنێکی زۆر ماڵەکەم دۆزییەوە، کە چوومە ژوورەوە بینیم تەها لەوێیە، ھەر چەندم دەکرد باوەڕم بە چاوی خۆم نەدەکرد وامدەزانی خەون دەبینم.
چەند ڕۆژێک لەو ماڵە ماینەوە، زۆر زۆر خزمەتیان کردین، خاوەن ماڵەکە ناوی (بابەکر) بوو کە خەڵکی گوندی (پەڵکۆ)ی لای دوکان بوون. تەژا مێشــکی زۆر لەسەر خۆی نەبوو ھێشتا پاشـماوەی کیمیایی پێوە دیاربوو.
پێموت بەرنامەت چییە و ئێمە چیبکەین، وتی: لێرە ئیدارە ناکەم و بە ھیچ شێوەیەک جاشایەتشیم پێناکرێت و لێرەوە دەڕۆین بۆ بناری قەندیل کە ئێستا بەدەســت پێـشـمەرگەوەیە و لەوێوە دەچین بۆ ئێران. وتم: جا لە ئێران چیبکەین؟ وتی دەچینە گوندێک و من دەبم بە شــوان و تۆش بەماڵانەوە بگەڕێ نانی شــەرتە شــوانی کۆبکەرەوە. بەڵام ئێمە پێویستمان بە پارە ھەبوو بۆ بەکرێگرتنی وڵاخ چونکە تـەها بریندار بوو، توانای ڕۆیشتنی نەبوو، بـۆیە چووم بۆلای خاڵم (خەزورم) پێموت خاڵە پارەمان نییە کەمێک پارەمان بدەرێ، وتی: بڕۆ دەرەوە یەک دینارتان نادەمێ، من پارەم لەکوێ بوو؟ منیش دەسـتمکرد بەگریان و گەڕامەوە. پێشینان وتویانە (ماڵی سپی بۆ ڕۆژی ڕەش)، منیش جوتێک گوارە و ملوانکەیەکی ئاڵتوونم ھەبوو، چووم فرۆشـتم بە (٣٠٠) دینار، ھاتمەوە بۆلای تەها و بەسـەرھاتەکەم بۆ گێڕایەوە.
ئەویش چاوی پڕبوو لە ئاو، ئیتر بڕیارماندا لە بری دوو وڵاخ یەک وڵاخ بەکرێ بگرین.
لە ڕێگای ناسـیاوێکەوە وڵاخێکمان بەکرێگرت و سـەعات دووی شـەو بە شـاخی کێوەڕەش دا بەرە و بناری قەندیل، بەڕێکەوتین بۆ ئێوارە گەیشـتینە گوندی (ســوورە دێ)ی بناری قەندیل. شەو لەوێ ماینەوە، دووبارە وڵاخێکی ترمان بەکرێگرت و بەیانی زوو بەناو بەفری چیای قەندیل دا بەڕێکەوتین بەرەو خاکی ئێران، ھەرچەندە مانگی حوزەیران بوو، بەڵام بەردەوام ئەو ڕۆژە ئێمە بەناو بەفردا ڕۆیشــتین و شـەو لەناو ئەو بەفرەدا ماینەوە بەبێ پێخەف و بەبێ ئاگر، ئیتر نازانم چۆن ئەوشــەوەمان لێ ڕۆیشــت و چۆن لە سـەرمادا ڕەقنەبووینەوە. بەھەرحاڵ ڕۆژبۆوە و بەیانی کەوتینەوەڕێ بۆ نیوەڕۆ گەیشـتینە (گوێزێ) و لەوێ سواری ئوتومبێلی ئێران بووین و چووینە گوندی ( ئاڵوەتان).
بە گەیشـتنمان بۆ ئاڵوەتان زۆر دڵمان خۆشبوو بەڵام کێشەمان بێ پارەیی بوو.
لەوێ عیلاقاتی یەکێتیی لێبوو، سـەدان کەس چاوەڕوانی ئەوە بوون کە وەرەقەیان بۆ بکرێت، ھەر لەوێ بارەگایەک کرابۆوە و دوو ژنیان بەکرێگرتبوو چێشـــتیان بۆ خەڵک لێدەنا، دەبووایە قاپ و پیاڵە و کەوچکمان پێبووایە بۆ وەرگرتنی خواردن و چــایی، ھەر خێرا تەها ڕۆیشت دوو قتوی بەتاڵی دۆشاوی تەماتەی هێنا، قتووەکانی شۆری یەکێکیان شـلەی فاسۆلیای تێدا وەرگرت و ئەوی تریشیان چـای تێکرد و کەمێک برنجیشی لەسەر پارچـە موقەبایەک وەرگرتبوو. دەســتمانکرد بەخواردن زۆرمان برسـی بوو. ئاڵوەتان زۆر کـوێستانە بۆیە زۆر سـەرمامان بوو، ژوورێک، خێمەیەک نەبوو بچینە نێوی ھیچ شتێکیشمان پێنەبوو بیدەین بە خۆماندا، لەوێ چیلکە و داریش نەبوو تا ئـاگر بکەینەوە بەڕاستی نەماندەزانی چیبکەین، تـەها ڕۆیشت بۆ ناو ماڵەکان بەڵکو بەتانییەک وەربگرێت، بەڵام کە ھاتەوە باوەشێک موقەبای ھێنا بوو، تومەس ماڵەکان گەڕابوو کەس بەتانی پێنەدابوو، بۆیە بەناچاری موقەبای کۆکردبۆوە تا شـەو پێی بخەوین. بە ناچاری موقەبامان ڕاخسـت و موقەبامان دا بەخۆماندا.
ماوەیەک بەم شـێوەیە ماینەوە ڕۆژێک تووشـی ناسیاوێک بووین ئەو ناسـیاوە وتی: تەها بۆچی تۆ ماویـت؟ تۆ ھەواڵت بە مردوو ھاتبوو. پێمانوت کە بەزوویی سـتاری برای تەها -کە ١٩٩٤ شەھید بوو- ئاگادار بکاتەوە بێت بۆ لامان.
پاش دوو ڕۆژ ستار گەیشتە لامان پێیڕاگەیاندین کە ماڵی مامە عبدوڵڵام و ماڵی زراری برام لە شاری (بانە)ن.
وتی ھەرکاتێک وەرەقەتان بۆ کرا ئێوەش وەرن بـۆ بانە، پاش دوو ڕۆژ زراری براشم ھات بۆ لامان پێیوتین کە مقەڕیان داناوەتەوە لە شاناخسێ، و دەبێ تەها بەزوویی بچێت ناوی خۆی بنووسـێت و یارمەتیش وەربگرێت.
ھـەرچۆنێک بوو وەرەقەیەکیان بۆ تەها کرد و ڕۆیشـت بەرەو بانە، لەوێوە بـۆ شاناخسێ، تەها سێ ڕۆژی پێچوو، چـاکەتە کـۆنێکی پاسدارانم دۆزییەوە کە فڕێدرابـوو، منیش پاک شۆردم و چووم بەماڵانەوە گـەڕام تا دەرزییەکی دروومان و داوێک بەکرەم پەیداکرد و چاکەتەکەم کرد بە دۆشـەکەڵە بۆ (ڕەوکـان)، ئەو دۆشـەکەڵەیە بوو بە یەکەم ئەساسی ماڵی نوێمان، زۆر زۆر دڵم پێیخـۆش بوو. کـاتێک تەها هاتەوە کە چاوی بە دۆشـەکەڵەکە کەوت ئەویش زۆر دڵی پێیخۆش بوو، وتی: (دایکی ڕەوکــان، من نەموت بگەینە ئێران لە برسـا نامرین، ئەوەتا من شــەش ھەزار تمەن یارمەتیم وەرگرتووە و تۆش ئەم دۆشەکەڵە جـوانەت دروسـتکردووە).
هەر چۆنێک بوو وەرەقەیەکمان بۆ کرا و ڕۆیشـتین بەرەو بانــە لەوێ کاکم خانوویەکی بەکرێگرتبوو، سێ ماڵی تێدابوو ماڵی کاکم، ماڵی مامە عەبدوڵڵام، ماڵی ڕووناکی خوشکم ئێمەش چووینە لایان و بووین بە چوار ماڵ.
تەنها دە ڕۆژ لەوێ ماینەوە بارمانکرد بۆ ناوچەی سـەردەشـت، لەوێ چووینە سەر گۆڕسـتانێک کە پێیاندەوت (نێژاوە) لە نزیک نەڵاس بوو. لەوێ خێمەمان وەرگرت و بووین بەخاوەنی خێمەی خۆمان، پاشان چوار بـەتانی کۆن و سێ چوار قاپ و کـەوچک و کەمێک برنج و پەتاتەمان وەرگرت. ئەو ھاوینە لەوێ ماینەوە و پاییز ھـات، ئیتر لە خێمەدا نەدەژیاین، خەڵکەکە ڕویانکردە دێهاتەکان بۆئەوەی خانوو پەیدا بکەن.
ئێمە چووینە شــارۆچکەی ڕەبەت بەرامبەر سەردەشـت لەسـەر ڕێگای مەهاباد، پیرێژنێک ژوورێکی داینێ بەبێ کرێ، زسـتانەکەی زۆر سـارد بوو ئێمەش بێ نەوت و بێ پارە بووین، بەهار هات، کە تەها لە مقەڕ دەهاتەوە کرێکاریی دەکرد ئەو کاتە مقەڕیان لەگوندی بلەکێ بوو. ئیتر دۆخمان بەرە و باشـی دەڕۆیشـت.
دەوڵەتی ئێران لە نزیک گوندی بێزیلەی خوار سـەردەشـت ژمارەیەک خانووی دروسـتکرد و ناوینا (ئۆروگای بێزیلە)، ئێمەش لەوێ خانوویەکمان بەرکەوت و چووینە ئۆردوگای بێزیلە، واتە زستانی١٩٩٠ چووینە خانووی خۆمانەوە.
ھاوینی ھەمان سـاڵ شــەھید غەریـب هەڵەدنی داوای لە تەها کرد کە وەک پـارتیزانێک بچێتە خوارەوە بۆ شاخی پیرەمەگروون و ناوچەی سـورداش و چەمی ڕەزان، تەهاش بەزوویی قبوڵیکرد و ڕۆیشـتە خوارەوە.
پاش پێنج مانگ تەها گەڕایەوە کە هاتەوە زۆر نیگەران و بێتاقەت بوو، شـەو میوانمان زۆر ھەبوو ھیچ قسـەی نەکرد، وتم توخوا بۆ وا بێتاقەتیـت؟ وتی هاشـم-ی برام شـەھید بووە. تـومەس کە تەها چۆتە شاخی پیرەمەگروون، ھەواڵی بۆ ماڵی باوکی ناردووە کە حەزدەکات بیانبینێت، بەڵکو براکانی ھاوکاریی پارتیزانەکان بکەن.
هاشم یش کە تەمەنی چواردە ساڵ بوو، لەگەڵ باوکی دا بە شاخی سورداش دا سـەردەکەون بۆئەوەی چاویان بە تەها بکەوێت بەڵام (مین)ێک لە ژێرپێی هاشم دا دەتەقێتەوە و ھەر لەوێ شەھید دەبێت، تەرمەکەی دەبەنەوە شـارۆچکەی پیرەمەگروون.
ئەمنی پیرەمەگروون لێیاندەپرسـێت: بۆچی چوون بۆ ئەو شـاخە؟ ئەوانیش ناوێرن راستیی بڵێن، دەڵێن چووین بۆ ھێنانی ترێ، بەڵام بەداخەوە ئێسـتا لە دەزگای شـەھیدان لە فایلەکەی ھاشـم نووسـراوە ئەمە جـاش بووە.
کۆتایی ساڵی١٩٩٠دروسـتکردنی بەتالیۆنەکان بوو لەسـەر داوای شەھید غەریب هەڵەدنی، تەها بوو بە لێپرسراوی ئیدارەی بەتالیۆنی ١٥ ی چەمی ڕەزان.
پێش ڕاپەڕینە مەزنەکەی بەھاری ١٩٩١ بەچەند ڕۆژێک پێشمەرگەکان خۆیان ئامادەکرد بۆ هاتنەخوارەوە، ئۆردوگای بێزیلە کەسی تێدا نەما و ھەموو پێشمەرگەکان پەیوەندیانکرد بە بارەگاکانیانەوە. تـەها خواحافیزیی کرد و ڕۆیشــت، پاش سـێ ڕۆژ هەواڵیان بۆ هێنام، کە تـەها بریندارە و گەڕاندویانەتەوە بۆ سـەردەشت، منیش بەپەلە مناڵەکانم جێهـێشـت و چـووم بۆ سەردەشـت و خۆم گەیاندە نەخۆشـخانە پێیانوتم: ئێسـتا ڕەوانەکراوە بـۆ رەزاییە، منیش دەگریام و نەمدەزانی چیبکەم، لەو کاتەدا تووشـی مامە ئەحمەدی گەناوی بووم وتی: ئەوە چییە؟ بـۆ دەگریت؟ وتم: تەها بریندارە و بردوویانە بۆ رەزایییە. مامە ئەحمەد وتی: بابڕۆین من دێم لەگەڵتا.
دەوروبەری عەسر بوو گەیشـتینە نەخۆشـخانە و بەهەزار پاڕانەوە تا ڕێگایان کردین بچینە ژوورەوە کە چوومە لای تـەها سەیرمکرد ھیچ ھـۆشـی نییە و قاچێکی بڕدرابووە و قاچەکەی تریشی لە بەری پێوە تا ڕانی پێچرابوو.
زوو کردیانمە دەرەوە و بەغەم و پەژارەوە گەڕاینەوە.
ڕاپەڕین دەســتیپێکرد و شــاری کرکووک-یش ئازادکرا خەمێکم لای تەها و خەمێکم لای تاقە براکەم بوو کە ئەو کاتە فەرماندەی تیپ بوو لە بەتالیۆنی حەوتی سلێمانی ڕۆژێک چەند کەسێک ھاتن و وتیان: کاک زرار لە کرکووک شـەھید بووە! ئیتر ئەوەندەی تر ماڵ وێران بووم. کـوردستان ئازادکرا و ئێمەش ماڵمان ھێنایەوە بۆ کوردستانی ئازاد. لە پیرەمەگروون خانوویەکمان بەکرێگرت و چەند ساڵێک لەوێ ماینەوە بەڵام بەداخەوە شـەڕی ناوخۆ دروستبوو لەو شەڕە نەگریسەدا (ستار)ی خاڵۆزا و شوبرام شەھید بوو.
لە٣١ی ئابی ١٩٩٦ دا شاری هەولێر داگیرکرا و ئێمەش دووبارە ئاوارە بووینەوە و ڕوومانکردە ســنووری ئێران و لە ئۆردوگای (ئەشکان) گیرساینەوە. بەڵام باش بوو پاش دوو مانگ گەڕاینەوە سلێمانی.

print

 73 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*