سەرەکی » وتار » لەتیف فاتیح فەرەج‌ » كه‌ركوك كێ‌ دڵسوتاوێتی‌

خورجە

كه‌ركوك كێ‌ دڵسوتاوێتی‌

1
كه‌ركوك ئه‌لزاسه‌ كفری‌ لۆره‌نه‌
دڵسوتاویانه‌ هه‌رچی‌ كورد هه‌نه‌
چه‌ندین جارو له‌ چه‌ندین بۆنه‌دا ئه‌م شیعره‌ی‌ ئه‌سیریم باس كردووه‌ ، ئه‌سیری‌ كه‌ركوك و كغری‌ بۆ كورد به‌ ئه‌لزاس و لۆره‌ن ده‌چوێنێ‌ و ده‌ڵێت هه‌موو كورد دڵسوتاوی‌ ئه‌وانه‌ ، به‌ڵام ئایه‌ وایه‌ ،ساڵی‌ 2003 كه‌ كه‌ركوك له‌ چنگی‌ به‌عس رزگاری‌ بوو مخانه‌واده‌یه‌كی‌ سنه‌ی‌ دوای‌ چه‌ند رۆژێكی‌ كه‌م خۆیان گه‌یانده‌ كه‌ركوك و له‌ ده‌روازه‌ی‌ كه‌ركوك سوپاسی‌ خودایان كردو نوێژی‌ سوپاسیان دابه‌ستاو خاكی‌ ئه‌و شاره‌یان ماچ كرد ، ئه‌و خانه‌واده‌یه‌ دڵسوتاوی‌ راستی‌ كه‌ركوك بوون ، ئه‌وان نه‌بۆ نه‌وت و نه‌بۆڤێلاو ته‌لارو باخ و مۆڵ بۆ كه‌ركوك نه‌هاتبوون ، ئه‌وان بۆ پیرۆزی‌ كه‌ركوك هاتبوون ، ئه‌و كه‌ هاتنه‌كه‌ی‌ بۆ باسده‌كرد چاوه‌كانی‌ فرمێسكیان تێده‌زاو دڵی‌ پڕ ده‌بوو .
2
ئه‌وه‌ هه‌ر سۆرانی‌ كورده‌واری‌ و خانه‌واده‌كه‌ی‌ نین كه‌ دڵسوتاوی‌ كه‌ركوكن له‌و دوره‌وه‌ ، من كه‌ دوای‌ بومه‌له‌رزه‌كه‌ی‌ سه‌ر پێلی‌ زه‌هاو چوومه‌ سه‌ردانی‌ خزم و كه‌سه‌كانمان له‌وێ‌ هه‌مو داخداری‌ كه‌ركوك بوون ، ئه‌وان له‌ سه‌ر ئه‌و نه‌هامه‌تیه‌ی‌ خۆیشیانه‌وه‌ به‌ ئه‌وكی‌ پڕ گریانه‌وه‌ باسی‌ له‌ ده‌ستچوونی‌ كه‌ركوكیان ده‌كرد ، به‌ڵام خۆ كه‌ركوك له‌ ده‌ست نه‌چوه‌و كه‌ركوك پێویستی‌ به‌ خه‌ڵكانێكی‌ دڵسۆزو دڵسوتاوه‌ ، خه‌ڵكانێك له‌ ناخۆشی‌ و نه‌هامه‌تیدا به‌ جێینه‌هێڵن و پشتی‌ تێنه‌كه‌ن ، ئه‌م ڕۆژانه‌ ئه‌لزاسه‌كه‌ی‌ ئه‌سیری‌ شاعیر به‌ ناخۆشترین بارو دۆخدا تێده‌په‌ڕێت و عه‌ره‌بی‌ سونه‌ی‌ كه‌ركوك كه‌ خۆی‌ له‌ پارێزگاری‌ ئێستای‌ به‌ وه‌كاله‌تی‌ كه‌ركوكا ده‌بینێته‌وه‌ هیچ په‌ندێكی‌ له‌ مێژوو وه‌رنه‌گرتووه‌ ده‌ستی‌ داوه‌ته‌وه‌ ئاكاره‌كۆنه‌كه‌ « وعادت حلیمه‌ –الی‌ عاداتها القدیمه‌ «.
3
لێره‌دا مه‌به‌ستی‌ ئێمه‌ زیاتر قسه‌ كردن نیه‌ له‌ سه‌ر هه‌ست و كه‌وتی‌ پارێزگاره‌ به‌ وه‌كاله‌ته‌كه‌ی‌ كه‌ركوك ، قسه‌ی‌ ئێمه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ ئایه‌ واز له‌ كه‌ركوك بێنین چی‌ ده‌بێت ببێت و ئێمه‌ له‌ دوره‌وه‌ ته‌ماشاكار بین ، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ئێستا به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك و سه‌رۆكه‌كه‌ی‌ به‌ بیانوی‌ زۆر لاواز ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن ، هه‌موو ئه‌وه‌ی‌ له‌ كه‌ركوك ده‌گوزه‌رێت ئه‌م رۆژانه‌ ئۆباڵه‌كه‌ی‌ له‌ ئه‌ستۆی‌ ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ بۆ ڤێلاو مۆڵ و نه‌وت كه‌ركوكیان ده‌ویست و ئێستا نا .
سۆرانی‌ كورده‌واری‌ كه‌له‌سنه‌وه‌ به‌ خۆو خێزانه‌وه‌ بۆ نوێژی‌ شوكر گه‌یشته‌ كه‌ركوك له‌وێ‌ ژه‌مه‌ نانه‌كه‌شی‌ به‌ پاره‌ی‌ خۆی‌ خوارد ، به‌ڵام لێره‌ هه‌یه‌ له‌ سای‌ كه‌ركوكا بووه‌ خاوه‌ن سه‌دان ده‌فته‌ر دۆلارو ئێستا بیانوه‌كه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ركوك داگیر كراوه‌و نایه‌ته‌وه‌ ، ما ئه‌ركی‌ تۆ لابردنی‌ سته‌م و داگیركاری‌ نیه‌ وه‌ك ده‌توت یان ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ درۆیه‌ك هیچی‌ تر نه‌بوو.

 311 جار بینراوە