سەرەکی » وتار » لەتیف فاتیح فەرەج‌ » كورد بوون و ناشیرینیپەڕە 27

خورجە

كورد بوون و ناشیرینی

1
گۆرانی شاعیر بەو هەموو جوانیەوە ، نەیارەكانی ئەوانەی كەكەس نازانێ‌ گۆڕەكەشیان لەكوێیە ، لەبەر جیاوازی بیرو ڕا كەوتبووە بەر تانەو تەشەرو سوكایەتی پێكردنی ئەوان ، گۆرانی خاوەنی گەشتی هەورامان و گەشتی قەرەداخ و سەدان شیعری بەرزو جوان ئەوەندە دڵی پڕ دەبێت دەنووسێت :
ئەی تریفەی مانگە شەوی دەركی دەلاقە
باپیس نەبی خۆت مەدە لەم كوردی عێراقە
من لام وایە ئەو كاریگەریە نەك هەر لەسەر خودی گۆران تەنانەت لە سەر خانەوادەكەشی نەخشی خۆی جێهێشت ، بۆیە هەندێكیان بە هەرجۆرێك بێت لە دنیای كوردی دابڕان ، دنیای كوردی دنیای پاشقول و فێڵ و ساختە كردن لە یەكتر ، دنیایەك تا ئێستا لە دەرەوەی مێژوو دایە .
دواجار گەورەی بۆ گۆران بوو نەك بۆ دژەكانی ، ئەو دژانەی هیچیان لە دووی خۆیان جێنەهێشتووە ناشرینی نەبێت .
2
هەژاری شاعیر بەو توانا زمانەوانیەوە ، بە هەنبانە بۆرینەو دەیان كاری دانسقەوە ، ئەگەر لە دیوانی بۆ كوردستانەكەیدا شیعری بەو مانایە تێكەڵی ناشرینی نەكردبا ، ئێستا پایەی زۆر مەزن تر بوو لەوەی ئەوڕۆی كە تەنانەت كوڕیشی لێی رازی نیە ، موكریان كەوشەن و واری شەنگە ژن و كەڵە پیاوان هی هەژارو هێمنیشە ، لە هەموو دیوانی هێمندا بە تەنێ‌ یەك شیعر هەیە بۆنی هەجوی لێدێت كە بۆ شایەی نووسیوە « دەبڕۆ ئەی شاهی خائین بە غدا نیوەی ڕێیەت بێ‌ « كەس بەو شیعرە لە مامۆستا هێمن قەڵس نیە ، كەچی بۆ كوردستانەكەی هەژارهەندێك شتی تیایە سوكایەتی و ناشرینین ، نەك شیعری هەجوو ، نازانم بۆ كەس ئەو دەم بە مامۆستا هەژاری نەگوت» ئەوە مەكە «.
3
لە نێوان رەخنە ، هەجوو ، سوكایەتی و جوێندا جیاوازی زۆر هەیە ، كەمن ئەوانەی دەبنە شێخ رەزاو ئەحمەدی ناڵبەندو حاجی قادری كۆیە ، ئەوان هەجووی شیعرییان نووسیوەو نووسینەكانیان لیپە لە جوانی ، دنیای ئێستامان لە بری دنیای رەخنەو خۆ چاككردن و بەرەو پێش چوون بێت ، لەبری ئەوەی خەمخواردن بێت لەوەی سبەینێ‌ لە ئەمڕۆ باشتر بێت ، دنیای بوختان و سوكایەتیە بە یەكتر ، بۆئەمە مرۆڤ دەتوانێت سەیری كتێبی واڵا كەسیەكان بكات ، هەندێ‌ جار هەن لاپەڕەیەكی واڵا دەكەنەوە بۆ چەند جنێوێك و خێرا دایدەخەنەوە ، تۆ بڵێی رۆژێك بێت كورد لەو ناشرینی و یەك سوك كردنە دەربازی بێت و ببێتە خاوەنی خۆی، تا ئەو ڕۆژە :
رەبی موی لێبێ‌ زبانی پەنجەكانی هەڵوەرێ‌
هەركەسێ‌ گوڵشەن بە دەردی گوڵخەنی دۆزەخ بەرێ‌

 898 جار بینراوە