سەرەکی » هەواڵ » ئەزموون ‌و رۆڵی مێژووییانەی سەرۆك مام جەلال بكەنە پێشینە‌و بنەمای کارەکانتان

شۆڕش ئیسماعیل بۆ پەرلەمانتاران:

ئەزموون ‌و رۆڵی مێژووییانەی سەرۆك مام جەلال بكەنە پێشینە‌و بنەمای کارەکانتان

بەبۆنەی مەراسیمی سوێندخواردنی کاندیدە سەرکەوتووەکان بۆ خولی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، شۆڕش ئیسماعیل ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێک بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیەنێت: دەبێت هەموو لایەنە کوردستانییەکان لە بەغداد، بۆ بە دەستهێنانەوەی مافە دەستووریە زەوتکراوەکانمان، ئەزموون ‌و رۆڵی مێژووییانەی «سەرۆك مام جەلال» بكەنە پێشینە‌ و بنەمای کارەکانیان.
دەقی پەیامەکەی…
كاندیدە سەركەوتووەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەشدارییان كرد لە مەراسیمی سوێندخواردنی خولی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ ساڵی (٢٠١٨ – ٢٠٢٢)، لەو سۆنگەیەشەوە، نوێنەرانی یەكێتیی لە بەغداد، هەل دەڕەخسێننەوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، بە ئامانجی بەدیهێنانی داخوازییەكانی گەلی كورد لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا.
فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، لە خولی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، جەخت لەسەر هەڵوێستەكانی پێشووی دەكاتەوە، لەپێناوی پاراستنی هەڵوێستی یەكڕیزیی كورد لە بەغداد و خۆئامادەكردنەوە بۆ بەرگریكردن لە دیموكراسییەت و مافی گشتی و پاراستنی شوناسی گەلی كورد و تەواوی مافە دەستوورییەكانی.
ئەوەی پەیوەندی بە چوار ساڵی كاركردنەوە هەیە لە ناوەند، جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور و چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان و چارەسەركردنی كێشەی بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان و یاسای نەوت و گاز و بودجەی پێشمەرگەیە.
بەسازانی نیشتمانی ‌و لەسەر بنەمای دەستوور ئامانجە نەتەوایەتییەكانمان دەپێكین، بۆ وەرگرتنەوەی مافەكانیشمان لە بەغداد پشت بە بەند بە بەندی دەستووری هەمیشەیی عێراق دەبەستین.
پێداگری دەكەین لەسەر ئەوەی حكومەت بەشێوەیەك پێكبهێنرێت، كە هیچ لایەك نەتوانێت خۆی لە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكان و بڕگەكانی دەستوور بدزێتەوە و داواكارییەكانی كورد لە بەغداد فەرامۆش بكات، دەبێت هەموو دەرفەتەكان بۆ ئەوەبێت ئەمجارە حكومەتێكی شەراكەتی راستەقینە لە عێراق بێتە ئاراوە، كە بیپەرژێتە سەر بە ئاكامگەیاندنی هەموو ویست ‌و خواستەكانی هەموو پێكهاتەكانی عێراق، بێ‌ جیاوازی بۆ دابینكردنی ئۆقرەیی سیاسی و ئابووری و دەستەبەركردنی خزمەتگوزارییەكان.
هاوكات جیاواز لە چوارساڵی رابردوو، رەوشی سیاسی ناوچەكە بۆ ئەمجارە وا دەخوازێت، کورد زۆر بە هەستیارییەوە لەو پێگەیەی خۆی بڕوانێت، ئامادەكاری تەواوی هەبێت بۆ هەموو گۆڕانكارییە كاتییەكان و بیكاتە دەرفەتێك بۆ سەندنەوەی بەشێك لە مافە زەوتكراوەكانی.
هەر بۆیە دەبێت كورد بە هەموو لایەنەكانەوە لە بەغداد، ئەزموون ‌و رۆڵی مێژووییانەی «سەرۆك مام جەلال» لەماوەی سەرۆكایەتیكردنی عێراق‌ و سەنگ‌ و پێگەی سیاسی‌ و مێژوویی ‌و پەیوەندیی بەرفراوانی یەكێتی لەگەڵ پێكهاتە‌ و هێزە سیاسییەكانی عیراقدا، بكاتە پێشینە ‌و بنەمایەكی گرنگ، بۆ بەدیهێنانی مافەكانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.

شۆڕش ئیسماعیل
ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*