سەرەکی » ئابووری » هاتنی‌ فەرمانبەرانی‌ عیراق بۆ مەرزەكانی هەرێم رەتدەكرێتەوە ‌ ‌

دەبێت بەڕێكەوتنی‌ هەردوولا بێت

هاتنی‌ فەرمانبەرانی‌ عیراق بۆ مەرزەكانی هەرێم رەتدەكرێتەوە ‌ ‌

حكومەتی هەرێم هاتن و دەستبەكاربوونی فەرمانبەرانی عیراق لە دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان رەتدەكاتەوە و بەرپرسێكی حكومەتی هەرێمیش رایدەگەیەنێت، «ئەو بڕیارەی عیراق تاكلایەنەیەو هیچ زانیارییەكیش نییە بۆ كردنەوەی مەرزەكان». هاوكات جێگری‌ سەرپەرشتیاری‌ دەروازەی‌ نێودەوڵەتیی‌ ئیبراهیم خەلیل-یش رایدەگەیەنێت، هاتنی‌ فەرمانبەر دەبێت بەڕێكەوتنی‌ هەردوو حكومەتی‌ عیراق و هەرێم بێت.
تائێستا مەرزەكان نەكراونەتەوە
سەبارەت بە هەواڵی دەستبەكاربوونی فەرمانبەرانی عیراق لە مەرزەكانی هەرێم، ساماڵ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێم بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاند: تائێستا هیچ فەرمانبەرێكی حكومەتی عیراق لە مەرزەكانی هەرێم دەستبەكارنەبوون وەك ئەوەی بەشێك لەمێدیا عەرەبیەكان ئاماژەی بۆ دەكەن و هیچ زانیارییەكیشمان نییە سەبارەت بەهاتنی ئەو فەرمانبەرانە.
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێم وتیشی: «تائێستا بەڕەسمی بەغدا ئەو بابەتەی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم تاوتوێنەكردوە، تەنها بڕیارێكە تاكلایەنە خۆیان دەریانكردوەو تەنانەت وێنەیەكی بڕیارەكەشیان بۆ نەناردوین».
سەبارەت بەكردنەوەی مەرزەكانیش لەلایەن ئێرانەوە، ساماڵ عەبدولڕەحمان روونیكردەوە، «تائێستا هیچ ئاماژەیەك نییە بۆ كردنەوەی مەرزەكانی (باشماخ، پەروێزخان و حاجی ئۆمەران)، بەكردەیی هیچ پەیوەندییەك بەعیراق نەكراوە و تەنها چاوڕێی چونی وەفدی هەرێم بۆ بەغدا و ئەنجامەكان دەكەین».
هاتنی 41 فەرمانبەر رەتدەكرێتەوە
لەلایەكی‌ دیكەوە و سەبارەت بەچونی‌ 41 فەرمانبەری‌ عیراق بۆ دەروازەی‌ نێودەوڵەتیی‌ ئیبراهیم خەلیل، محەمەد تاهیر جێگری‌ سەرپەرشتیاری‌ ئەو دەروازەیە ڕایگەیاند: تائێستا هیچ فەرمانبەرێكی‌ حكومەتی‌ عیراق نەهێنراوەتە ئیبراهیم خەلیل، ئەو دەنگۆیانەش نا دروستن كە لەوبارەیەوە بڵاوكراونەتەوە.
لەلێدوانەكانیاندا بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێم و جێگری‌ سەرپەرشتیاری‌ دەروازەی ئیبراهیم خەلیل جەختیانكردەوە لەسەرئەوەی‌، «دەبێت هەماهەنگی و جۆرێك لەڕێكەوتن هەبێت لەنێوان هەرێم و بەغدا، ئەگەر ئەوەنەبێت چۆن ئەو فەرمانبەرانە دەتوانن دەستبەكاربن لەخاڵە سنوورییەكانی‌ هەرێمدا».
دەروازە لاوەكییەكان کراوەن
لەلایەكی دیكەوە، سیروان محەمەد سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی،  رایگەیاندوە: هەرچەندە ماوەی نزیكەی 10رۆژە كۆماری ئیسلامی ئێران دەروازە سنوورییەكانی بەڕووی هەرێم داخستووە، بەڵام تائێستا جموجۆڵی بازرگانی لەدەروازە لاوەكییەكان (ناڕەسمیەكان)ی نێوان هەرێم و ئێران بەردەوامە و رۆژانە چەندین بارهەڵگر سەوزە و میوە و پێداویستی تر دەهێنرێتە هەرێم.
وتیشی»چەند دەروازەیەكی لاوەكی لەنێوان هەرێم و ئێران كراوەن وەك (سەیرانبەن و تەوێڵە)، كە رۆژانە سەوزە و میوە چەند پێدوایستییەكی تری لێ هاوردە دەكرێت و هیچ كێشەیەكی نییە».
print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*